کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل شکستی هێنا؟

13:48 - 30 خەزەڵوەر 2724

چۆن هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل شکستی هێنا و بووە هۆی قووڵترکردنەوەی کێشەی ناوچەیی

(دژە هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران گرەوە بەرزەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پشتڕاست دەکاتەوە)

ئورشەلیم پۆست – نەڤیڵ تەڵەر

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

سەرەڕای ڕێژنەی تاوانبارکردنەکان بە شەڕئەنگێزی، کۆمەڵکوژی و لەویش خراپتر کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئاراستەی ئیسڕائیل دەکرێ، ئەو ڕاستییە شاراوە نییە کە ئەوە ئێرانە بە تەمای لەنێو بردنی ئیسڕائیلە، نەوەکوو بەپێچەوانە.

لە ١٣ی ئاپریلی ٢٠٢٤، ئێران، کە لە بنەڕەتدا بە مانای ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەییە، هەڵەیەکی ستراتێژیکی زۆر گەورەی کرد. هێرشی بوێرانەی ئیسڕائیل بۆ بینای دیپلۆماتیکی ئێران لە دیمەشق لە ١ی ئاپریلی ٢٠٢٤، بووە هۆی کوژرانی حەوت ڕاوێژکاری سەربازیی ئێران، لە نێویاندا محەممەدڕەزا زاهیدی، فەرماندەیەکی پلەبەرزی سوپای قودس.

ئۆپەراسیۆنێکی ئەوتۆ، بە شێوەی ئاسایی دبێتە هۆی تووڕەیی و بەرپەچدانەوەیەکی سەربازیی ئێران بە هێرشی هاژەکی بۆ سەر باکووری ئیسڕائیل لەلایەن حیزبوڵڵا. بەڵام ئەوجار وا نەبوو. لە جیاتان، ڕووداوەکە بووە هۆی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئێراندا کە کاردانەوەی نەرێنی بۆ ئێرانی لێ کەوتەوە، بە شێوەیەک کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە. لە لێکۆڵینەوەیەکی کۆتاییدا، ڕەنگبێ ئەوە هەڕەشەی مان و نەمان بێ.

بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ، واتە لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی لە ١٩٧٩ دامەزرا، بە پشتگیریی دارایی و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ئەو ڕێکخراو، تاقم و میلیشیایانە کە خوزیاری هێرش بۆ سەر وڵاتی جوولەکانن، ڕێژیمی ئێران بەدوای ئەرکی خۆسەپێنراوی لەنێوبردنی ئیسڕائیل و خەڵکەکەیەتی.

لە هەلێکی ئەو مەودایەی ڕووداوی ١٣ی ئاپریلی لێ کەوتەوە، خامنەیی بڕیاری دا کە کاتی گۆڕینی تاکتیکەکان هاتوە. دەبێ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی چڕ لەلایەن ڕاوێژکارەکانیەوە کرابێ کە بووە هۆی ئەو بنەمایانەی کە ڕێنوێنیکەری ستراتێژیی  سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ماوەیەکی وەها دوور و درێژدا بووە و لە کۆتاییدا ئێران یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی کردە سەر ئیسڕائیل.

ئیسڕائیل قەت ئاوا لاواز نەبووە

فاکتەرەکانی ئەو لێکدانەوە کامانە بوون؟ "ئیسڕائیل قەت ئاوا لاواز نەبووە". ئەو لە شەڕی غەززەدا گیری کردوە. نەیتوانیوە حەماس لەنێو ببات یان بارمتەکان بدۆزێتەوە. ئەو لە هەموو لاوە لەبەر ڕێژەی بەرزی کوژراوانی مەدەنی لە ژێر ڕەخنەدایە. حیزبوڵڵا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر سنووری باکووری ئیسڕائیل. هاژەکەکانی حوسییەکان لە هێڵی بەرگرییەکەیان تێ‌دەپەڕن. لە لایەن دادگای دادی نێونەتەوەیی بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بیر لە هێرشێکی ڕاستەخۆی ئێران بکەوە. بیر بکەوە بۆمب بەسەر شارەکانی ئیسڕائیلدا ببارێن. بیر بکەوە ئیسڕائیلی بە سەدان و هەزاران بکوژرێن و بریندار بن. ئیسڕائیل خاکەڕا دەبێ. ڕێککەوتنی ئیبراهیم لێک هەڵدەوەشێ و، هەموو هیواکان بە بەربەرین بوونەوەی لەنێو دەچن." ڕاوێژکارە سەربازییەکانی خامنەیی دەبێ قەناعەتیان پێ هێنابێ کە  ڕێژەیەکی زۆر درۆنی خۆتەقێنەوە دەبێتە هۆی نقومبوونی بەرگریی ئیسڕائیل و لانی کەم ٪٥٠ هاژەکەکان دەگەنە نێو خاکی ئەو وڵاتە. هێرشە ئاسمانییەکە سەدان درۆن، هاژەکی دەریایی و هاژەکی بالیستیکی لە خۆ دەگرت.

لەجیات سەرکەوتنی پێشبینیکراوی سەربازیی و بانگەشەیی، هێرشەکە بووە مایەی شەرمەزاری. ئەوەی ستراتێژیستە سەربازییەکانی ئێران لە ئەژمارکردنی شکستیان هێنا ئەو پشتگیرییە یەکگرتووانە بوو کە هاوپەیمانانی ئیسڕائیل لێیان کرد و هەروەها و ناخۆشەویستیی ئێران لە دنیا عەڕەب دا (ئێرانییەکان ڕەنگبێ موسڵمان بن بەڵام عەڕەب نین).

ئەوان بێگومان نە حیسابیان لەسەر ئەوە کردبوو کە ئۆردون و عەڕەبستانی سعودی یارمەتی دەکەن تا درۆنەکانی ئێران نەگەنە ئیسڕائیل و نە چاوەڕوانی ئەوە بوون کە فەڕانسە و بریتانیا لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان یاریدەی گومبەزی ئاسنین دەکەن تا هاژەکەکانی ئێرانی بخەنە خوارەوە. شکستە چاوەڕوانکراوەکەیان ئاکامی لەبەرچاو نەگرتنی بڕوابەخۆیی و کاریگەریی هێزەکانی ئاسایشی و سەربازیی ئیسڕائیل بوو. دوای هێرشی ئاسمانیی ١٣ی ئاپریل، ئێرانییەکان جار لە دوای جار غافڵگیر کران.

لە ماوەی حەوتوویەکدا، ئیسڕائیل بە هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئێرانی لە سووریە و ئێران، وەڵامی دایەوە. لە پاشخانی پێکدادانەکانی تۆڵە بە تۆڵەدا، ئیسڕائیل بڕیاری دا ڕاوی ئەو ڕێبەرانەی حەماس بێ کە بەرپرسی هێرشە دڕندانەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسڕائیل و ڕێبەرانی حیزبوڵڵا کە پشتیوانییان لێ کردن.

لەنێوبردنی محەممەد زەیف، سەرۆکی باسکی سەربازیی حەماس، لە ١٣ی جولای، تۆڵەئەستاندنەوەیەکی واتادارتر لە ئیسماعیل هانیە، سەرۆکی باسکی سیاسیی حەماسی بەدوادا هات. لە سەرشۆڕییەکی تایبەتیدا بۆ ڕێژیم، ئەو لە نێوەڕاستی پێتەختی ئێران، تاران، بە تەقینەوەیەک لە شوێنی حاوانەوەکەی دا، لە ٣١ی جولای تێدا چوو.

پاشان ١٧ و ١٨ی سێپتەمبەر هات، کاتێک ئامێرەکانی پەیوەندیگرتنی دەستی، وەکوو پەیجەر و واکی تاکی، کە بە تایبەتی بۆ حیزبوڵڵا دروست کرابوون و بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو بریکارە نهێنییەکانیدا بڵاو کرابوونەوە، لە دووورەوە تەقێندرانەوە. لە ئاکامدا لانی کەم ٤٢ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس بریندار بوون، کە زۆرینەیان بریکارە نهێنییەکانی حیزبوڵڵا بوون. ئەگەرچی ئیسڕائیل خۆی لی بەخاوەن نەکرد، بەڵام دنیا گریمانەی کرد کە دەبێ ئەو بەرپرس بێ.  

دەگێڕنەوە ئالبەرت ئاینشتاین گوتوویەتی: "شێتیی ئەوەیە جار لە دوای جار هەمان کار بکەی و چاوەڕوانی ئاکامی جیاوازی لێ بکەی." خامنەیی هەر جۆرێک بیری کردبێتەوە، ڕەنگبێ لەو بڕوایە دابووبێ کە یەکەم هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئیسڕائیل هێندە بەهێز نەبووە، بۆیە بڕیاری هێرشی دووهەم، مەزنتر و جەختکراوتر بوو. ئەو بڕیاری دا کەڵک لە ٢٠٠ هاژەکی فەتتاح ١ و خەیبەر شکێن وەرگیرێت و هێرش بکرێتە سەر شوێنە سەربازیی و هەواڵگرییەکان.

بەڵام، دووهەم هیرشی ئێران لە ١ی ئۆکتۆبەر، تەنیا کەمێک زەرەری لە یەکەمیان زۆرتر بوو. جارێکی دیکە، زۆربەی هاژەکەکان لە لایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، لە ناویاندا پاپۆڕە جەنگییەکانی هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکانی جێگیر کراو لە نزیکی ئیسڕائیل، ڕێگرییان لێ کرا.

چۆن و لە چ ئاستێکدا ئیسڕائیل تۆڵە دەکاتەوە، بوو بابەتی گریمانەی گەرمی مێدیاکان. یەکەم تێۆرییەکان کاتێک هاریکاری فرە نزیکی ئێران، یەحیا سینوار، لە لایەن هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کوژرا، دامرکانەوە. لە کاتێکدا سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، جۆ بایدن، پێشوازیی لە هەواڵەکە کرد و وەک "هەواڵێکی خۆش بۆ ئیسڕائیل و بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان" وەسفی کرد، ڕوونی کردەوە کە، لە ترسی جەنگێکی هەمەلایەنە، ئەو نایهەوێ ئیسڕائیل دامەزراوە ناوکی و نەفتییەکانی ئێران بە ئامانج بگرێ.

لە وەڵامی ئیسڕائیل لە ٢٥ی ئۆکتۆبەر، ڕێز لە داخوازیی بایدن گیرا و تۆڵەکە لە هێرشی قورسی ئاسمانیی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانی لە سووریە و ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا پێکهاتبوو.

کە وا بوو ئیسڕائیل و ئێران بێگومان کێشەیانە، ئەگەرچی بە فەرمی لە جەنگدا نین. هەموو کەس دەتوانێ ببینێ کە هیچ ئاگربڕێک ناتوانێ قازانجێکی هەبێ.

ئامانجی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کاتی دامەزرانیەوە لە ١٩٧٩، کۆکردنەوەی هێز و دەستڕۆیشتوویی تا ئەو جێیەی بکرێ بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجەکانی ڕێژیمە کە لە سەرەتاوە لەلایەن یەکەم ڕێبەری گەورەی ڕێژیم، ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی،  دیاری کران.

خومەینی بەردەوام دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی شۆڕشەکەی لەنێوبردنی دێموکراسیی شێوە ڕۆژاوایی و شێوەی ژیانی ڕۆژاوایی و سەپاندنی ئیسلامی شیعە بە سەر دنیای ڕۆژاوادایە. ئەو وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیلی وەکوو ئامانجە سەرەکییەکان دیاری کرد، بەڵام یەکیەتیی سۆڤیەتی ئەو کاتیشی پێوە زیاد کرد.

خومەینی گوتی، "ئێمە دەخوازین ڕیشەی گەندەڵی زایۆنیزم، کەپیتالیزم و کۆمۆنیزم لە سەرانسەری دنیادا ویشک بکەین. ئێمە دەخوازین خودای دەسەڵاتدار بەسەر هەموو شتێکدا، ئەو سیستەمانە لەنێو بەرێ کە ئەو سێیانە لەسەریان دامەزراون و پەرگالی ئیسلامیی پێغەمبەر زاڵ بکات."

مەبەستی نابراو لەوە، لێکدانەوە بەرتەسکەکەی شیعە لە ئیسلام، بۆ شوێنی دیکە بوو و نابراو گوتبووی شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە، کە لەنێو جەرگەی عەڕەبستانی سعوودی هەڵکەوتوون، لە دەست "تاقمێکی کافری خراپ دان." ئەو ئامانجانە لەو کاتیەوە ڕێژیمیان هان داوە و هێشتا هۆی بوونی ئەوانن.

خومەینی گوتبووی، "ئێمە شۆڕشەکەمان بۆ هەموو دنیا هەناردە دەکەین. تا بانگی ئەڵڵاهو ئەکبەڕ، لە هەموو دنیادا دەنگ دەداتەوە، خەبات درێژەی دەبێ."

بە کورتی، ڕێبەرانی ئێران دەیانهەوێ ئەو دنیایەی ئێمە دەیناسین لەنێو بەرن. ئەوان دەیانهەوەی باڵادەستیی سیاسیی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیان بەدەتەوە بێ، دێموکراسییە ڕۆژاواییەکان کە ئەمریکا نموونەیەکی ئاشکرایەتی، لە نێو بەرن، وڵاتی ئسیڕائیل لەنێو بەرن و ئیسڵامی شیعە بە سەر دنیادا زاڵ بکەن.

دنیا دان بەوەدا بنێ یان نا، لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران، ئیسڕائیل بۆ دنیای ئازاد بە گشتی دەجەنگێ.