شەڕەنگێزێکی بەژنکورت
ئەیووب شەهابیڕاد
هۆکار و سەرچاوەی زۆرێک لە قەیران و گرژییە ناوچەیی و جیهانییەکان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لەسەر بەستێنی "هیلالی شێعە – هێڵی مقاومەت" دوکتورینی سیاسی و ستراتیژیی خۆی داڕشتبوو. ئێستا ئەم ستراتیژییە نەک هەر تووشی پاشەکشەیەکی بێگەڕانەوە بووە، بەڵکوو لە بازنەی سنووری چارەڕەشیی خۆیدا دەخولێتەوە. ئەوەی کە ئێستا ناوچەکە و هەموو جیهان گیرۆدەی کۆماری ئیسلامی بوون، دەگەڕێتەوە دوو هۆکار:
یەکەم: لاوازیی لانیکەم دژکردەوەیی دەوڵەتانی ناوچەکە .
دووهەم: سیاسەتی سازان و بەرژەوەندخوازانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە بەرانبەر ئەم ڕێژیمەدا.
پوتانسێلەکانی هێز (ڕەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی – ئابووری و نیزامی)ی ئەم ڕێژیمە هیچ کات لە ئاستی ئەم گشتە لە لاوازیی ناوچەیی و سازانی وڵاتانی رۆژاواییدا نەبووە و نییە. هەنووکە و دوای زیاتر لە چوار دەیە ئامریکا تێگەیشتوە کە ڕێژیمی ئێران چلۆن سووکایەتی بە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران کرد و داگیری کرد.
ڕێژیم کە بناغەی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتدارەتیی خۆی نە لەسەر خواست و مەیلی گشتی بەڵکوو لەسەر دەسبەسەرداگرتنی دەسکەوتەکانی شۆڕشێکی ڕاستەقینە دامەزراندووە، چۆن دەیتوانی بەبێ ڕەوایی نێوخۆیی، لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی خۆی دەربخات و ڕەوایی نێودەوڵەتی بۆ خۆی دەستەبەر بکات. بەڵام دوالیزمی سیاسیی شەرماویی و بەرژەوەندخوازانەی ئەم وڵاتانە بوو ڕێژیمی بردە نێو کۆمەڵگەی باوی جیهانی.
ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی ئەم ڕێژیمە، نموونەگەلێکی بەرچاومان لە پاڵپشتیی ئەم وڵاتانە لە کۆماری ئیسلامی و، لە قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەکانی خەباتی نەتەوەکانی ئێراندا بۆ وێنا دەکا. پشتیوانیگەلێک بە ڕواڵەتێکی ڕێئاڵپۆلەتیکی کۆنەپەرەستانە و بەتاڵ لە هەر چەشنە نێوەرۆکێکی ماف و بەها مرۆڤایەتییەکان.
دوای شەڕی ٧ی ئۆکتۆبر، گەرچی هێشتاش جیهان سیاسەتی تا ڕادەیەک سازانتەوەر لە بەرانبەر ئەم ڕێژیمەدا ڕەچاو دەکا، بەڵام بە ڕووتبوونەوەی زیاتری ڕووی ڕاستەقینەی تێرۆریستیی ڕێژیم، ئیتر لانیکەم بۆ ڕای گشتیی جیهان چیتر جێی پەسند نییە. هەر ئەو تێڕوانینەی کە کاریگەری بەرچاوی لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی فرەڕەهەند لە ئامریکادا هەبوو. ئەم تێڕوانینە نوێیە هەڵگری دوو پەیامی سەرەکییە:
یەکەم: زۆرترین گوشار بۆ دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانیان، بە مەبەستی گۆڕینی سیاسەتیان لە بەرامبەر ڕێژیم.
دووهەم: دەستپێکی خستنە پەراوێز، گەمارۆ، دەرکردنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و شەڕێکی چاوەڕوان کراو بۆ ڕێژیم.
گوتنەوەی دروشمگەلێکی فریودەرانە و مانۆڕی هێز لەسەر بنەماگەلێکی ئیدئۆلۆژیی وەهمینەی وەک: "وەلایەتمەداری"، "جەهادگەرایی" و "مێحوەری مقاومەت"، بەر لەوەی دەرخەری هێزێکی ڕاستەقینە بن، وێنایەکی گەورەترن لە ترسێکی گەورەی مەرگهێنەر بۆ ڕێژیم.
کۆی پازڵی قەیرانە ڕووخێنەر و کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە ئەم وڵاتەیان گەیاندۆتە ئاستی داڕمانێکی ترسناک، ئیتر هیچ دەرفەتێکیان بۆ بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانی شۆوێنیست و سیاسەتی سازشکارانە و شەرمێونانەی ڕۆژئاوا و ناوچەکە نەهێشتۆتەوە.
هێرشی ڕۆژانەی ترسە کەڵەکەبووەکان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە کورتە باڵایە، ئیتر دەرفەتی هەرجۆرە ڕیزبەندی و دژکردەوەیەکی عەقڵانی لێ وەرگرتۆتەوە. ئاماژە بە قسە بێ بنەماکانی خامنەیی پێوەندیدار بە بەڕێوەبەریی فەزای سایبەری، حیجابی ژنان و بەرەی مقاومەتی دۆڕاوە.
شەڕی ڕەوانی و بڵاوکردنەوەی وەهمی وەرگیراو لە تاکتیکی دوژمنی خەیاڵی، بەردەوام بەشێکی جیانەکراوە بوون لە بەرنامە و ڕەفتاری ناوەندە میدیایی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەپێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێران و بە تایبەتی بزووتنەوە مافخوازانەکەی. واتە سیاسەتی دوورخستنەوەی ترس لە خۆی و گرێدانی هەر چەشنە گرفتێک ڕوو بە دەرەوەی وڵات، بەردەوام پیشەی ڕێژیم بووە. بەڵام دەبێ ڕیشەی سەرەکیی ترسی ڕێژیم لە ئیرادەی پۆڵایین و کۆڵنەدەرانەی خەباتکارانی کورد، نەتەوەکانی تری ئێران و هاواری ڕۆژانەی سەر شەقام کە درێژەدەری شۆڕشی ژینان، ببینین و بدۆزینەوە. ئەوکاتەی "وەعدەی سادقی ١ و ٢"، هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو، ئەمجارە هەڕەشە و هوتاڤ کێشانەکانی ئەنجامدانی "وەعدەی سادقی ٣"ی گۆڕاوە بۆ ئەگەری هێرشی مووشەکی بۆ سەر شوێن و لایەنی دیکەی پەیوەست بە خەڵک.
ئەوە لە حاڵێکدایە وڵامدانەوە بەم هێرشانە بۆسەر ئەو لایەنانەی کە ڕیشەیان لە دڵی خەڵک و کۆمەڵگەدا هەیە موشەکەکانی ئیسرائیلی نین کە تەنیا ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم تێکبشکێنن، بەڵکوو شەپۆلی خرۆشاوی بزووتنەوەیەکی جەماوەرین کە "نیشتمان" لە ئاسەواری ئەم ڕێژیمە تێرۆریستە پاک دەکاتەوە.