ئێمە ناژین، هەوڵ دەدەین نەمرین!
شەماڵ تەرغیبی
مانگی خەزەڵوەر بۆ خەڵکی ئێران مانگێکی کارەساتبارە؛ ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی خەڵکانی ئێران لە ڕۆژەکانی ٢٤ هەتا ٣٠ خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران و کوردستان، وەکوو بریسکەیەک بوو بە سەر ئاسمانی تەمگرتووی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ، کە بووە هۆی ئەوەی شەپۆلی خرۆشانی خەڵک وێڕای ڕق و بێزارییەکی کەڵەکەبوو لە ماوەی ٤٠ ساڵ ستەم، هەڵاواردن، بێ مافی، کوشتار، بەتاڵان بردن و ...دا لە ناخی کۆمەڵگەوە سەر هەڵبدات و خەڵکی زۆربەی شارەکان بێنێتە سەرشەقام.
چەخماخەی ئەم خرۆشانە گرانکردنی کوتوپڕی سێ هیندەی جارانی نرخی بێنزین بوو کە ژیانی ٨٠ لەسەدی خەڵکی لەگەڵ تەنگەژەیەکی جیددی ڕووبەروو کرد؛ پرسێک کە پاش ٥ ساڵ هێشتا یەکێکە لەو دەیان هۆکارەیە ئەگەری سەرهەڵدانی دیکەی لە ئێراندا لێ چاوەڕوان دەکرێ.
تەوژم و خێرایی خرۆشانی خەڵک بە ڕادەیەک لەناکاو بوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە کۆکردنەوەی فەرماندەکانی سپای پاسداران و بەسیج پەشۆکاوانە و لە ترسی ڕووخانی ڕێژیمەیان، فەرمانی دا بە هەرشێوەیەک بۆیان دەلوێ خەڵکی ئازادیخواز سەرکوت بکەن و شەقامەکانیان پێ چۆڵ بکەن. بەپێی ئەو فەرمانە هێزە سەرکوتکەرەکان پێکهاتوو لە سپای پاسداران، بەسیج و هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسییەکان کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندان ڕێک خرابوون بە چەکوچۆڵێک کە بەکارهێنانیان لەلایەن کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانەوە قەدەغە کرابوون، کەوتنە گیانی خەڵکی بێ دیفاع و لە نێوان ۵ ڕۆژدا هەزاران کەسیان لە شەقامەکان، زیندانەکان، چۆم و بەنداوەکان و قامیشەڵانەکاندا کوشتوبڕ کرد کە لە نێوانیاندا منداڵیش وەبەرچاو دەکەوت.
بەکارهێنانی تیربار، بەکارهێنانی قەناسە بۆ سیلەگرتنی سەر و دڵی لاوەکان، تفەنگی ساچمەیی، تیکەڵ بوون لە نێو خەڵک و کوشتنی چالاکانی نێو خۆپیشاندانەکان، کوشتنی دەستبەسەرکراوان لە زیندانەکان لە ڕێگای ئەشکەنجە و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە زیندانەکان، خنکاندنی ناڕازییان لە بەنداو و ڕووبارەکان، هێرش بۆ سەر دوکانەکان و شکاندنی دەرک و پەنجەرەکان، زیان گەیاندن بە ماشینی خەڵک، ئاگرتێبەردانی بانکەکان و بەگشتی دەستبردن بۆ هەر چەشنە جینایەت و کاری ناڕەوا بۆ کپکردنی دەنگی مافخوازانەی خەڵک ڕێگەپێدراو بوو.
ئەوان لەو ڕۆژانەدا نیشانیان دا کە لە هەر هەستێکی مرۆڤانە بەدوورن؛ بەو پێیە توانیان دەنگی بەرحەقی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بۆ ماوەیەک کپ بکەن، بەڵام بە یارمەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەزاران فیلم و وێنە لە خۆپیشاندانی ڕەوای خەڵک، ئازادیخوازان دیمەنی دڵتەزێنی ئەو سەرکوتە دڕندانەیان تۆمار کرد و پرۆپاگەندە و تەبلیغاتی فریودەرانەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانیان کردە بڵقی سەر ئاو و ناوەڕۆکی زۆرێک لەو کەسانەی کە بە دەمامکی ڕێفۆرمخوازی کە ئەمڕۆ ڕانتخۆری ڕێژیمن بۆ خەڵک ئاشکرا بوو.
لە خرۆشانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا توێژی خوارەوی کۆمەڵگە کە ئێستا لەگەڵ هەژاری و چارەڕەشی دەستەویەخەن، هەروەها توێژەکانی دیکەی وەکوو مامۆستایان، بازاڕییان و خوێندکاران و شۆفیرەکان و... کە ئێستا وەزاڵە هاتوون بەشدارییان هەبوو، دروشمەکانی ئەو خۆپیشاندانانە دەری خست کە خەڵک وێڕای ئەوەیکە بە چەخماخەی گرانبوونی نرخی بێنزین هاتنە نێو گۆڕەپانەوە بەڵام دەسبەجێ تەواویەتی ڕێژیم، کە هۆکاری چارەڕەشی و تێکشکاندنی کەرامەتی مرۆڤە، نیشانە گرتووە و نەمانی ڕێژیمیان دەویست.
پێوەندیدار بە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ ناکرێ ئاماژە بە دادخوازی و وەرێکەوتنی دادگای نێونەتەوەیی ئابان نەکەین. لە دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی ئابان کە ئەزموونێکی نوێ لە دادخوازی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوو و لە لەندەن بەڕێوە چوو، پاش نزیک بە دوو ساڵ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە سەر بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی زیاتر لە ٢٥٠ شایەتحاڵ و، لە درێژەی دوو دانیشتنی دادڕەسی، شەش مافناسی دیاری نێودەوڵەتی ڕاگەیەندرا کە دەوڵەت و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران (پێکهاتوو لە وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم، شوڕای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی، شوڕای تەئمینی پارێزگاکان، هێزی ئینتیزامی، سپای پاسداران، بەسیج، وەزارەتی ئیتلاعات، هێزە لیباس شەخسییەکان و هێزی دادوەری) بە مەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و دیزەبەدەرخۆنەکردنی جینایەتەکان، بە داڕشتنی گەلاڵە و بەڕێوەبردنی پیلان جینایەت دژ بە مرۆڤایەتییان خوڵقاندوە. ئەم جینایەتانەش بریتین لە کوشتن، شوێنبزرکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە لەوانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەستدرێژی و دەسبەسەرکردنی نایاسایی لە درێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨. لە بریاریدا دادگادا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتیزامیی کۆماری ئیسلامیی بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی مەحکووم کران.
خۆپیشاندانی سەرتاسەری خەزەڵوەری ٩٨ بە پەنابردن بە خوێناویترین هەڵسوکەوت و بە هێنانە مەیدانی هەموو ئیمکانات و هێزی سەرکوتکەر بە شێوەی کاتی سەرکوت کرا؛ بەڵام چەندین ئەزمون و وانەی بۆ خەڵک بەدواوە بوو کە دواتر ئێمە لە سەرهەڵدانەکانی وەک بزووتنەوەی ژینادا بینیمان؛ ئەوانیش بریتی بوون لە:
١- زۆرینەی تەواوی خەڵک لەباری زێهنی و عەینییەوە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون و ڕێژیم هیچ مەشروعیەتێکی نییە و تەنیا بە پەنابردن بۆ سەرکوت دەتوانێ خۆی ڕابگرێت.
٢- ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ چەشنە پۆتانسییەلێکی دێموکراتیکی بۆ ڕاگواستنی دەسەڵاتی سیاسی بۆ خەڵک نییە و مانەوەی ڕێژیم تەنیا ڕێژەی قوربانیان و وێرانییەکان زیادتر دەکات.
٣- حزووری خەڵک لە شەقامەکان، دەبێ بە سازماندەهی و ڕێکخستن و لەڕاستای ستراتیژی سیاسیدا بێت و لەگەڵ حیزبەکان هاوئاهەنگ بن.
٤- دەبێ بۆ کەموکورییەکانی نێوان دوو بابەتی فەزای مەجازی و فەزای ڕاستەقینە چارەیەک بدۆزرێتەوە، چوونکە ئەو هەماهەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەکان لە کورتخایەنەوە ببنە درێژخایەن، بەو هۆیەیە کە ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکان خێرا هێڵی ئینتێرنێت دەپچرینێت.
٥- دووفاقی دروست کردن لە نێوان خەڵک و حیزبەکان لە دەرەوەی ئێران، تەنیا بە قازانجی ڕێژیمە و هەر بۆیە ڕێژیم ئێستاش لە هەوڵدایە لە ڕێگای تێرۆری کەسانی چالاک و کاریگەر لە دەرەوەی ئێران ورەی خەڵک دابەزێنێت.
جیاواز لەم پۆلێنکردنە ڕاستییەک کە دەبێ پێی پێمل بین، جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا و بەهۆی پلاندانان بۆ داڕووخاندنی دەروونیی مرۆڤەکان لە ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تووشی چەشنێک لە بێدەرەتانی و بێدەسەڵاتی ئاوێتەبوو بە خەمی تاڵانچییەتی و تاوانکاری! بووە.
لە وڵاتێکدا کە ڕێژە و ئاستی سەرچاوەکانی داهات بێئەژمارە و پۆتانسیەل و وزەی کارکردن و گەشەکردن و پێشکەوتن لە لووتکەی خۆیدایە؛ لە وڵاتێکدا کە ژیان دەبێ مانا پەیدا بکات و ببێتە ئۆلگوو بۆ وڵاتانی تر؛ لە وڵاتێکدا کە سەدان و هەزاران کانزا، سامانی ژێرزەوینی و بانزەوینی بوونی هەیە؛ لە وڵاتێکدا کە هێزی کاری پسپۆڕ بە فرتوفراوانی هەیە دەبینین کە نان دەس ناکەویت، هەژاری و بێدەرەتانی بەربینگی زۆرینەیەکی ڕەهای کۆمەڵگای گرتووە، بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیان، کڵاولەسەریەکنان و شەڕفرۆشی و دوورکەوتنەوە لە ڕەوشت و ئەخلاق بووەتە میکانیزم و مێتۆدێکی باو.
ئەم ڕاستییە تاڵە بۆ ئەو کەسانەی لەو کۆمەڵگە پر لە کێشمەکێش و ئاڵۆزەدا دەژین زۆر ساناتر هەست پێ دەکرێ؛ کاتێک کە منداڵێکی ساوای ٧ ڕۆژە لەگەڵ دایکی لە بێسەرپەناییدا ڕوو لە کەلاوەیەک دەکەن یان ئەو کاتەی کە بنەماڵەیەک ناچار دەبن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە فرۆشتنی گورچیلە، جەرگ، مۆخی ئێسک و لەوانەش خراپتر بەکرێدانی منداڵدانیان بکەن یان منداڵە لەدایکنەبووەکەیان پێشفرۆش بکەن و ئەگەر بۆیان نەکرا منداڵەکەیان بدەن بە کرێ تاکوو سواڵ بکات و کار بۆ باندەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران بکەن تاکوو بتوانن بڕەپارەیەک وەدەست بێنن! ئەو کات بۆمان دەردەکەوێ کە ژیان لەم وڵاتەدا چەندە لە مانای ڕاستەقینەی خۆی دوور کەوتووەتەوە. بۆیە سرووشتی دێتە بەرچاو کاتێ مرۆڤەکانی نیشتەجێ لەم وڵاتە بڵێن: ئێمە ژیان ناکەین بەڵکوو هەوڵ دەدەین نەمرین!
بەڵام بە هەموو ئەو تاڵییانەشەوە ئەزموونی بزووتنەوەی ژینا دەری خست بۆمان کە خەڵک سەرباری هەموو زەخت و گوشارەکان نەک لە پێ نەکەوتوون بەڵکوو هیوادار بە داهاتوو لە مەیداندان و لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن بۆ خۆ دەربازکردن لە دۆخی داسەپاو؛ هەر ئەمەشە کە وا دەکات بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان ببێتە چقڵی چاوی جەماران و لە هەمان کاتیشدا نوختەی هیوا و هومێد بۆ خەڵک.