دوورەدیمەنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل
عومەر باڵەکی
بەدەر لە مێژووی دروستبوونی وڵاتێک بە ناوی ئیسرائیل لەنێو دڵی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرهەڵدانی کێشەی نێوان فەڵەستینیەکان و دەوڵەتانی عەرەبی لەگەڵ ئێسرائیل، ئەوەی لە ئێستادا سەرنجی دەوڵەتان و بیروڕای گشتیی خەڵکی ناوچەکەی بە خۆیەوە خەریک کردوە هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان دوو دەوڵەتی ئێران و ئیسرائیلە. پرسیار ئەوەیە دوژمنایەتیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر چییە؟ ئەو دژایەتیکردنە لەپێناو چ ئامانج و ستراتیژییەکی کۆماری ئیسلامیدایە؟ دەسکەوتی ئیسرائیل لەو شەڕە چ دەبێ؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارانە پێشەکی پێویستە بگەڕێینەوە بۆ هەڵومەرجی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.
ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کاتێک گەلانی ئێران بۆ وەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر و سەردمیانە، پاراستنی بایەخە ئینسانییەکان و، وەدستخستنی ئازادییەکانی تاک و گشتی حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوییان ڕووخاند، قەت بە بیریاندا نەدەهات بەرهەمی ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی چەندین ساڵەیان بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی تەنیا ئەو چەند مانگ ئازادییەی سەرەتای سەرکەوتنی شۆرش بێت. کاتێک حکوومەتی نوێ لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە بە دوو چەمکی دژ بە یەک لەژێر ناوی کۆماری و ئیسلامی ڕاگەیەندرا، هەر زۆر زوو بۆ هەموو لایەک چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی ئێران دەرکەوت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پینەیەکی ناجۆرە بە سیستمی حوکمرانی جیهانییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو لایەک هەوڵیان دەدا بە پارێزەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن. چونکە لە لایەک دەسەڵاتدارانی ئەو سیستمە نوێیە باسیان لە دەسەڵاتی خەڵک لە حوکمڕانیدا دەکرد و لە لایەکی دیکەوە بە قانوونەکانی یەک دین و یەک مەزهەب هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێراندا دەکرد.
زۆری نەخایاند لەنێو کۆمەڵگەی ئێران بە تایبەتی ڕێکخراوە سیاسییەکاندا دەنگی ناڕەزایەتی لەو شێوە حوکمڕانییە بەرز بۆوە. لە هەمان کاتدا دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامییش باش دەیانزانی خەڵكی ئێران لە نێوخۆ و بیروڕای گشتیی جیهانیش بە تێگەیشتن لە ماهییەتی ڕێژیم زوو لێی وەدەنگ دێن و لەدژی دەوستنەوە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی پێش بەو ڕووداوە بگرن هەر لە سەرەتاوە لە نێوخۆی ئێران دەستیان کرد بە سەرکوتی بێڕەحمانەی دژبەر و جیابیران و ماشێنی گرتن و بەندکردن و کوشتار و ئێعدامیان لە سەراسەری ئێران وەرێ خست. مەبەست لەوەش چاوترسێنکردنی کۆمەڵانی خەڵک و لەپێخستنی جووڵە و ناڕەزایەتییەکان بوو.
دامەزرێنەرانی ئەو ڕێژیمە نوێیە ڕوو بە دنیای دەرەوەش بێکار دانەنیشتن و بە داگیرکردنی باڵوێزخانە ئەمریکا (١٣ی خەزڵوەری ١٣٥٨) و هەرەشەی کوشتنی بارمەتەکان ڕوخساری شەرئەنگێزیی خۆیان زیاتر بە دنیای دەرەوە نیشان دا. ئەوە لە حاڵێکدا بوو پاراستن باڵوێزخانەی هەر وڵاتێک لە ئەستۆی خانەخوێیە و بەپێی قانوون و عورفە نێودەوڵەتییەکان هێرشکردن بۆ سەر باڵوێزخانەی هەر وڵاتێک بارتەقای هێرشکردنە سەر خاکی ئەو وڵاتەیە. بەداخەوە کۆمەڵگەی جیهانی بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەوڵیان نەدا بە ڕێگای جۆراوجۆرەوە دژی ئەمجۆرە ڕەفتار و سیاسەتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بوەستەوە. هەر بۆیە دوای ٤٤٤ ڕۆژ لەو یارییەدا دەسەڵاتدارانی تاران سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و ئەوە بوو بە سەرەتای ڕیگاخۆشکەری هەموو ئەو کردەوە تێرۆریستیانەی ئەو ڕێژیمە و پەرەپێدانی تێرۆریزمی دەوڵەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئیڕان.
بە دوای ئەو ڕووداوەدا شەری بێئاکامی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێڕاق بە هۆی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامیی ئێران و ملهوری سەدام حوسێن لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە هەڵگیرسا. بەپێی ئایدۆلۆژیای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی "شەڕ نیعمەتی خوا"یە. چونکە ئەو شەڕە ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبوو لەسەر دڕێژبوونەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و لە هەمان کاتدا شوعاری "هەموو شتێک بۆ بەرەکانی شەڕ" هەلی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران خوڵقاند لە نێوخۆی وڵات زیاتر لە پێشوو دەستیان ئاوەڵە بێ بۆ سەرکوتی هەر ناڕەزایەتییەکی گەلانی ئێران. لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش ئەو شەڕە یارمەتیی دا بە ستراتیژیی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دەستئاوەڵایی زیاتری دا بە دەزگای پروپاگەندەی ڕێژیم کە لە هەستی مەزهەبیی خەڵکی شیعە مەزهەب بە قازانجی پرۆژەکانی ڕێژیم کەڵک وەربگرێ. بەتایبەتی لە گەرماوگەرمی ئەو شەڕەدا بەرزکردنەوەی شوعاری "ڕێگای گەیشتن بە قودس بە کربەلادا تێدەپەرێ" دەرخستنی کیشەی "فەلەستین و ئیسرائیل" بوو کە دەسەڵاتدارانی تاران لەو ڕیگایەوە هەوڵیان دەدا سۆز و پشتیوانیی نەتەوەی عەرەب بە تایبەتی فەلەستینیەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. لە حاڵێکدا ئەو وڵاتە -واتە عیراق کە لەگەڵ ئێران لەشەردا بوون- بەپێی شوعار و کردەوەکانیشی هەڵگری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پشتیوانی سەرەکیی پرسی فەلەستینییەکان بوو.
دوای شەڕی ئێران - عێڕاق و ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حوسین و دیسانەکە نەرمینواندنی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی ئەو هەلە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەخسا لە ڕێگای دروستکردنی گرووپی جۆراوجۆر لە عیراق و یەمەنەوە بگرە هەتا لوبنان و فەلەستین هێزێکی بەهێز لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان دروست بکەن. مەبەست لەوەش پاراستنی بەرژەوەندییە ژێئۆپۆلۆتیکییەکانیان لە ڕێگای ئەم هێزانە و دوورخستنەوەی شەڕ لە سنوورەکانی خۆیان بوو کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕیگای ئەو گرووپە نیابەتییانەوە توانییان هەم زیان بە ئازادیخوازان و ئۆپۆزیسیونی ئێرانی بە تایبەتی جووڵانەوەی مافخوازانەی کوردستان بگەیەنن و هەم ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان لە کاروباری وڵاتانی دراوسیی خۆیان وەردا. بەڵام بە هێرشی بەرنامە بۆدارێژراوی حەماس لە ٧ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل و دژکردەوەی خێرا و توندی ئیسرائیل هەموو ڕیسەکەی حکوومەتی تارانی کە لە ماوەی ٤٥ساڵی ڕابردوودا بە تێچووی زۆری ماددی و ئینسانی لە سامانی گەڵانی ئێران ڕستبووی، لێ بووە بە خوری.
هێرشی ڕێکخراوی حماس بۆ سەر ئیسرائیل بە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک دەسکەوتی سیاسی وئەمنییەتیی بۆ فەلەستینییەکان بەدواوە نەبوو، بەڵکوو ستراتیژی پەلهاویشتن و خۆقایمکردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لەژێر ناوی پشتیوانی لە پرسی فەلەستین و لەنێوبردنی ئیسرائیلی تووشی شکانێکی چاوەڕواننەکراو کرد. لە هەمان کاتدا بیانووی ئەوەی بە دەوڵەتی ئیسرائیل دا لەپێناو پاراستنی ئەمنییەتی خاک و خەڵکی خۆیاندا و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیانێکی گەورەی ماددی و ئینسانی بە خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین لە کەرەتی غەزە بگەیەنن؛ لە هەمان کاتدا بە بیانووی بوونی ڕێکخراوی حیزبوڵڵا زیانێکی زۆریش لە وڵات و خەڵکی لوبنان بدەن.
لە دوای هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە و لوبنان لە لایەک فەلەستینییەکان چاوەڕوان بوون کۆماری ئیسلامی پشتیوانییان لێ بکا و لە لایەکی دیکەوە بیروڕای گشتیی دنیا بەتایبەتی گەڵانی ناوچەکە بە نیگەرانییەوە دەیانڕوانییە دژکردەوەی کۆماری کە نەکا ببێتە هۆکار بۆ دەستپێکی شەرێکی گەورە لە ناوچەکەدا. بەڵام هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت ڕێژیمی تاران نە ئەو توانا نیزامی و ئابوورییەی هەیە و نە وەک سەردەمی شەڕی ئێران-عێڕاق خەڵکی ئێران پشتی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان دەگرن. بۆیە دەسەڵاتدارانی تاران بە هەستکردن بەو ڕاستییانە لە خۆیان ڕانابینن بینە مەیدانی ئەو شەڕە و دەبێ تەنیا شاهیدی ئەوە بن ڕۆژانە هێزی نیزامیی دەوڵەتی ئیسرائیل لقوپۆپی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی داپاچی و بڕستیان لێ ببڕێت.
ئەو شەرە کە لە ٧ی ئوکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ بە هاندان و پشتیوانی سیاسی و چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ڕێکخراوی حماسەوە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاگەیەندرا و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بۆتە هۆکاری نائارامی ناوچەکە، لە ئێستادا ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ بەدی ناکرێ، مەگەر ئەوەی لایەنەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵێک پرس بگەنە ئەنجامێک کە سازان و ڕاگرتنی شەڕی لێ بکەوێتەوە؛ بە چەشنێک کە ئەمنییەتی هەر دوولایەنی شەرەکە دەستەبەر بێ. بەڵام ئەوەی لە ئاسۆی ئەو شەرەوە دیارە چ لایەنەکانی شەڕ بگەنە ئاوربەس و سازان و چ شەڕەکە بەردەوام بێ، ئەوەی دۆڕاوە هەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. چونکە هەم گرووپە نیابەتیەکانی ئێران لە بواری سەربازی و تەنانەت پێگەی سیاسی و خەڵکییەوە لاواز کراون، هەم خەڵک و دەوڵەتەکانی وەك سورییە، لوبنان و عیراق لە قسە و پەیامەکانیاندا بەڕوونی دەردەکەوی دژی ئەوەن کۆماری ئیسلامی دەست لە کاروباریان وەر بدات و ئەمە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهاتنی هێژمونیی کۆماری ئیسلامی بە سەر ناوچە و گەڕاندنەوەی بۆ نێو سنوورەکانی ئێرانە. ئەوەش دەستپێکی قۆناخێکی نوێ دەبێت بۆ تەریککەوتنەوەی زیاتری ئێران لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا.
بەپێی ئەو باردۆخە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ دوو سناریۆ بەرەوڕوویە. یا هەوڵ بدا بە جۆڕیک لە جۆرەکان قەبوولی شکستی ستراتیژی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکان بکا و لەو ڕێگایەوە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر بنەماکانی یاساوڕیسای نێودەوڵەتی ڕێک بخاتەوە؛ یان هەوڵی بدا هەر بە پێودانگی ٤٥ ساڵی ڕابرووی بەرەوڕووی ڕووداوەکان بێتەوە. لە هەردوو ئەو سناریۆیەدا بە ڕوونی ئاسۆی سەرکەوتنی دەنگی ئازدیخوازی گەلانی ئێران دەبیندرێ، بەو مانایە ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاران بۆ ڕزگاریی ڕێژیمەکەیان دەستی تەبایی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی درێژ بکەن، زۆر سروشتییە بەو هەڵسوکەوتەی ئێستایان ناتوانن لەگەڵ پرسەکانی کۆمەڵگەی ئێران بجوڵینەوە و ئەگەر تیکەڵ بە نەزمی جیهانییش نەبن، دەرنگ یا زوو گەلانی ناڕازیی ئێران دێنەوە سەر شەقامی شارەکان و ناڕەزایەتییەکان دەبێتە لافاوێکی بەربەرین و تۆماری کۆماری ئیسلامی تێکەوە دەپێچێ و ئەو ڕێژیمەش دەبێتە بەشێک لە مێژوو.