تیئۆرییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان
(ڕیئالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا)
ئەلبورز ڕوئینتەن
دەستپێک
لە سیاسەتی دەروەی وڵاتاندا بەشێکی گرینگ لە ئاستی ئاکادیمیادا لەژێر ناوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەدەی نۆزدەوە لە چوارچێوەی تێئۆریی جیاوازەوە شرۆڤە دەکرێت و دەخوێندرێ. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە سیاسەتی وڵاتان لە سەردەمی زۆر کەونارەوە جێگای سەرنج بووە و هزرمەندان و سیاسەتوانان بە دوای وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاردا دەگەڕێن، وەک: وەک بۆچی لە نێوان دو وڵات، یا دو دەسەڵات یا پاشایەتی، یا دو ئیمپراتۆری، شەڕ ڕوو دەدات؟ بۆ ئاشتی هەیە؟ بۆ ڕێککەوتن و هاوکاری دەبێ هەبێت؟ بۆچی پەیوەندیی بازرگانی هەیە؟ کاریگەری شەڕ و ئاشتی لە سەر بازرگانی یا بە پێچەوانە چیە؟ ڕۆڵی ئایین لە سەر جۆری پەیوەندییەکان چیە؟ کولتووری هاوبەش و دژ بە یەک چ کاریگەریەکی بە یەک هەیە؟ هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی تێئۆرییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا هەوڵی تێگەیشتن و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەردێت. لێ ورد بوونەوە لەو تێئوریانە دەتوانێ باشتر هۆکاری بڕیاری سیاستوانان لە ئاستی سیاسەتی دەروەدا دەربخات.
تێئۆری لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا
لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان یا بابەتێکی تایبەت یا گشتی کەڵک لە تێئۆری وەردەگیرێ، واتە تیئۆری ئەو کۆمەڵە یا چوارچێوە یا پەرسپێکتیڤەیە کە لەگەڵ خۆی خەملێنراو یا هۆکار بۆ بابەتەکان دەهێنێ و هەوڵ دەدات بە دیاریکردنی چوارچێوەی دیاریکراو وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. لە زانستی کۆمەڵایەتیدا تێئۆری ڕوونکردنەوەیەکی سیستماتیکی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە. کۆمەڵێک بیرۆکە و گەڵاڵەی بەیەکەوە گرێ دراون کە ئامانجیان ڕوونکردنەوەیە کە چۆن یان بۆچی بابەتەکان لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن. تێئۆرییەکان یارمەتیی زانایانی کۆمەڵایەتی دەدەن بۆ مانای ڕەفتار و کارلێک و پێکهاتە ئاڵۆزەکان لەنێو کۆمەڵگەکاندا. بە دابینکردنی چوارچێوەیەک، تێئۆرییەکان ڕێنمایی توێژینەوە دەکەن، گریمانەکان پێشنیار دەکەن و یارمەتیی لێکدانەوەی دۆزینەوەکان دەدەن. بۆ نموونە لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە وەڵامی پرسیاری بۆچی لە نێوان وڵاتاندا شەڕ ڕودەدات یا بۆ کێبەڕکێ لە سەر هێز هەیە، لە چوارچێوەی تێئۆری بەو شێوەی وەڵام دەدرێتەوە کە سەرەتا پێناسەیەک بۆ دونیا و ڕۆڵی وڵاتەکان و سروشتی سیاسەتی دەرەوە دەکرێ، دواتر بە هۆی ئەو پێناسە یا خەمڵاندنانە هەوڵی وەڵامی هۆکاری ڕوودانی شەڕەکان دەکرێ و بە چەسپاندنی ئەو تێئۆریە لەسەر دۆخی نێودەوڵەتی لە ڕابردوو یا ئێستا هەوڵی تێگەیشتن و شیکردنەوەی چۆنیەتی بڕیارەکان دەدرێت. بۆ نمونە ئێمە لە دوای شەڕی جیهانیی دووەم و بە تایبەتی شەڕی سارد ئێمە نەماندیوە یا زۆر بە کەمی دیومانە کە وڵاتە دێموکراتیکەکان شەری یەکتر بکەن. بەڵام بۆ ئەوەی لەو دیاردەیە باشتر تێبگەین کەلک لە تێئۆری Democratic Peace Theory وەردەگرین، ئەو تێئۆرییە شی دەکاتەوە بۆچی یا دەبینین وڵاتەکان شەڕ بکەن و نەکەن ساڵانە بودجەی تایبەتی شەڕ و بەهێزکردنی توانای نیزامییان هەیە. باشە وڵاتێک کە بەتەمای شەڕ نییە و نایکات، بۆچی دەبێ میلیارد میلیارد دۆلار لە بودجەی لەشکریدا خەرج بکات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ڕێگەی تێئۆریی ڕیئالیزمدا دەدریتەوە کە دەڵێت دونیا گوڕەپانی کیبەرکیێ وڵاتانە بۆ ئەوەی زیاتر بەهێز بن و لەو ڕێگەیە ئاسایشی خۆیان دەستەبەر بکەن.
لە بەشی تێئۆرییەکانی پەیوەندیە نێونەتەوەییەکانیش چەندین تێئۆریی باو هەن کە چۆنیەتیی ڕووداو و بڕیارەکانی سیاسەتی دەروەی وڵاتەکان شی دەکەنەوە کە لە خوارەوە بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەین.
ڕیئالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان
یەکێک لە بە ناوبانگترین تێئۆری لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ڕیئالیزمە کە سەرچاوەکەی بۆ نووسینەکانی توسیدوسی خەڵکی ملینیا لە یونانی کەونار دەگەڕێننەوە و دواتر لە نووسینەکانی هابز، ماکیاولی و مورتینۆگۆ لە ئێستادا باسی لێوەکراوە. توسیدوس خەڵکی ملنیا بوو لە سەردەمی شەڕی پلوپێنزی کە لە نێوان سپارتا و ئاتن لە ئارادا بوو. ملنیا دەیهەویست بێلایەنی هەڵبژێرێ، بەڵام سپارتەکان لە ترسی ئەوەی ملنیا و ئاتن یەک نەگرن، ئەوانی بۆ نێو شەڕەکە ڕاکێشا و بیلایەنیی ملنیا ئەوانی لە شەڕ نەپارست و ئەوەش وای کرد توسیدوس ئەو ڕستە بە ناوبانگەکەی بە سەرچاوەی ڕیئالیزمیش دەزانرێ، بنووسێ. توسیدوس دەڵێ: "بەهێز مەحکوومە بە بەکارهێنانی هێز و لاوازیش ناچارە ئازار ببینێ و بچێژێ". بە وردبوونەوە لە ڕستەیە و بەراوردکردنی لەگەڵ زۆربەی ڕووداوەکانی ئێستای دونیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ کە بۆچی ڕیئالیزم تا ئێستاش لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەناوبانگە. بناغەی تێئۆریی ڕیئالیزم لەسەر چەند خەملێنراو دامەزراوە کە یەکەمینیان ئانارشیزم لە دونیادایە. واتە دونیا پێک هاتووە لە کۆمەڵێک یەکە یا ئەکتەر بە ناوی وڵات کە لە ڕووی هیرارشیەوە لە یەک ئاست و یەکسانن و نەبوونی ئەو هێرارشیە و یەکسانی یا وەک یەکییەی وڵاتەکان بە واتای ئانارشیزم دێت. ئەو ئانارشیزمە بە جورێکە هەر وڵاتێک بۆ ئەنجامی هەر کارێک پێویستی بە ئیزنی وڵاتێکی دیکە نییە، ئەوەش دونیایەکی مەترسیدار وێنا دەکات کە سەرچاوەی پاراستن تەنیا بە هێز دەبەستێتەوە. یا بە جورێکی دیکە ئەگەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بازار با، پارەی ئەو بازاڕە هێز دەبوو.
دووهەمین کۆڵەکەی بناغەی ڕیئالیزم دەڵێ ئەکتەری سەرەکی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان وڵاتەکانن. ئەو شێوازە تێڕوانینە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕیئاڵیزمدا ڕۆڵی دامەزراوە یا گرووپ یا ناوەندگەلی دیکە کەم ڕەنگ ببێتەوە و لەسەر ئەوە دەوەستێ کە وڵاتەکان بڕیاردەری سەرەکین. ئەو تێڕوانیە وا دەکات بڕیارەکانی وڵاتان جا بە ئەرێنی یا نەرێنی بە هەند وەربگیرێ و بە سەرچاوەی دیاریکردنی جۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دابندرێن. ئەو کۆڵەکە لە ڕیئاڵیزم وا دەکات هەڵسوکەوتی وڵاتەکان بە عەقڵانی بزانێت، واتە هەر بڕیارێکی کە وڵاتان دەیدەن لە ئاستێکدا و بە نیسبەت خۆیان بە عەقڵانی لێکدەدرێتەوە، تەنانەت بەجۆرێک شرۆڤەی ئەو بڕیارانە بە نیسبەت هەر وڵاتێک دەکرێ کە دەبا وا کرابا. بۆ نموونە لای ڕووسەکان هێرشکردنە سەر ئوکراین عەقڵانییە و بۆ ئوکڕاینیەکیش بەرگریکردن لە بەرانبەر ئەو هێرشە ڕەوا و عەقڵانییە و ئەگەر سبەی پێک بێن و ئاشتیش ببنەوە، هەر بەمجۆرەیە؛ چونکە ڕیئاڵیزم وڵاتەکان بە ئەکتەرێکی عەقڵانی دەزانێ.
بەگوێڕەی ڕئاڵیزمەکانیش ئەمنییەت پرسی سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. واتە هەر بڕیارێکی وڵاتان بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی خۆیەتی کە لە ڕێگەی بەهێزییەوە دەستەبەر دەکرێ و هەر بۆیەش کێبەڕکێیەکی توند لە سەر بەهێزبوون هەیە و تاکە فاکتەری ئاسایش و پاراستن بۆ ئەو بەهێزییە دەگەڕێتەوە. هەر بۆیەش لە ڕیئاڵیزمدا گرینگییەکی زۆر بە فاکتەری هێز دەدرێت و هەروەها بە پێچەوانەکەی. هەر وەک توسیدوس دەڵێ لاواز ناچارە ڕەنج و ئازار بکێشێ و لە بەرانبەردا بەهێزەکان چونکی بەهێزن، ناچارن بە بەکارهێنانی هێز. دەتوانین کێبڕکێ لەسەر بەهێزی هەر لە سەرەتای مێژووەوە تا بە ئەمڕۆ ببینین کە ئێستاش لەنێو وڵاتاندا بە میلیاردها دۆڵار بۆ دابینکردنی چەک و چۆڵ یا کێبەڕکێی هەبوونی چەکی ئەتۆمی تەرخان دەکرێت.
دوایین لایەنی سەرەکیی بناغەی ڕیئاڵیزم ئەوەیە شەڕ و کێبەڕکێی نێوان وڵاتەکان بە سروشتی دادەنرێت. واتە ئەوەی کە شەڕ ڕوو دەدات یا ئاشتی و کێبەڕکێ لەسەر هێز هەیە و ئەم ململانێیانە لە ناخ و سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەوانە هەموو سروشتین. هەر لە بەر ئەو سروشتەی دونیاشە کە بەو شێوەیە لەنێو مرۆڤایەتی یا بە وتەی ڕیئاڵیستەکان لەنێو وڵاتەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی هەیە.
بەگوێرەی چوارچێوەی ڕیئاڵیزم لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بەردەوام کۆمەڵێک چەمک دەکەونە بەر باس و لێکۆلینەوە. یەکێک لەو چەمکانە باڵانسی هێزە. ئەو دۆخە ڕۆژانە لەسەر دۆخی سیاسیی ناوچەکەی خۆمان -ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست- کە گۆڕەپانی کێبەڕکێی زلهێزانی دونیا و هێزە ناوچەییەکانە بەرچاو دەکەوێ و بۆ ئەو مەبەستە بەکار دێت کە پێویستە باڵانسێک لە نێوان هێزەکاندا هەبێ بۆ ئەوەی هەمووی هێز یا بەرژەوەندی بە لای یەک هێزدا نەشکێتەوە. یا باس لە هاوپەیمانی دەکرێ کە وڵاتەکان بۆ ئەوەی بتوانن باڵانسی هێز بە سودی خۆیان بگۆڕنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن. ئەوەی لە شەڕی جیهانیی دووەمدا دیتمان نموونەی بەرچاوی ئەو هاوپەیمانیە بۆ پاراستن و سەرکەوتن بوو. لە دۆخێکی وەهادا چەمکی دووانەی ئەمنییەتی بەردەوام و سەقامگیر دەکەوێتە بەر باس. چونکە ئەمنییەت دوو ڕەهەندی هەیە و زۆر جار هەندێک وڵات بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتەکەی، ڕێک ئەمنییەتی خۆی دەخاتە مەترسی و ئەوەی لە شەڕی ڕووسیە و ئوکڕایندا دەبینین نمونەی ئەو ڕاستییەیە کە بەردەوام لە نێوان وڵاتەکاندا ڕوو دەدات.
لە ڕیئاڵیزمدا سوودی ڕێژەی بۆ ئەوەی پێش بە سوودی ڕەها بگرێ چەمکێکی گرینگە بۆ ئەوەی لە نێوان هێزەکاندا ئاشتی دروست بێت. هەروەها ناسیونالیزم بە یەکێک لە دینامیزمە گرینگەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دادەنرێت. ئەو گرینگیدانەی ڕیئاڵیزم بە ناسیۆنالیزم بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی دەوڵەتەکان یا ئەکتەرە سەرەکییەکانی نێو پەیوەندییە نێونەتەوەییە لەژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمدان هەر بۆیە ناکرێ ئەو دینامیزمە گرینگە وەلا بنرێت.
ڕیئالیزم لە ئێستاشدا زۆر بەهێزە بۆ شرۆڤەی ڕووداوەکان. بۆ نموونە هۆکاری پشتیوانینەکردنی ڕۆژئاوا و وڵاتانی دیکە لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو بناغەی ڕیئالیزمە لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەگەڕێنەوە کە وڵات بە ئەکتەری سەرەکی دەزانرێ و پاراستنی یەکیەتیی خاک و سنووری ئەو وڵاتانە بۆ پاراستنی ئەمنییەت بە گرینگ دادەنرێ؛ هەر بۆیەش تێکدانی ئەو سنوورانە ئەگەر زۆریش بەحەق و تەنانەت لە لایەن دۆستەکانیشەوە بێت، بەئاسانی قەبوڵ ناکرێ.