کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان و دەرکردنی نامیلکەی "ئاوارە"

11:48 - 10 سەرماوەز 2724

دامەزراندنی یەکیەتیی لاوان و دەرکردنی نامیلکەی "ئاوارە"

ئەحمەد حوسێنی

نازانم کامتان سەمفۆنی لوورەی خۆمپارە و شریخەی فانتۆم و ویزەی گوللە و تەقەی وەک برێشکەی قەنناسەتان لە بیرماوە؟ وەچەی ئێمە لە هەرەتی لاوەتیدا، پاش داگیرکرانی کوردستان دەگەلی ژیاین و شەوانە لە ژێرخانی خانووە قوڕینە بە عەرزا ڕۆچووەکانا دەگەڵ خزم و دراوسێکانا خۆمان حاشار دەدا و پادگان و بنکە سەربازییەکانی شار وەک سەرخۆشیکی جەزمبوو بێ‌پسانەوە شاریان دەکوتا.

شەوانی شار و هێرشی بێ‌بەزییانەی سوپای هێرش بۆ سەرکوتی نەتەوەیەکی زولملێکراو و بێدەرەتان و بێکەس، ئێستاش لەزەینمدا ماوە و دەنگ و دیمەنەکانی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.

پوور ئامینی دراوسێمان لە قوژبنێکی ژێرزەمینەکە خۆی مات دابوو و بە عەرەبی ئایەتەلکورسی و چەند دوعای‌تری بە سەر ژوورەکەدا دەخوێند. من نە شارەزای شەڕ بووم و نە لە ئایەتەلکورسی پوورئامین دەگەیشتم، بەڵام گوێم لە لەشکری تاران بوو کە بەدەم " اللەاکبر" وتنەوە شاریان دەکوتا و خەڵکیان دەکوشت. دوعاکان جارجار بە دەنگی تەقەی خەست و تەقینەوە بەهێزەکانی خۆمپارە کپ دەبوون و نەدەبیستران. دیاربوو دەنگی چەک بە سەر دوعادا زاڵە. هەرچەند پوورئامین باوەڕی تەواوی بە کاریگەریی دوعاکانی هەبوو و منیش ئاواتم دەخواست وابێت و دوعاکان بتوانن پێش بەو خۆمپارەبارانە بگرن و لەو ترس و خۆف و دڵەخورپە ڕزگارمان بێت، بەڵام وا نەبوو و شەڕ بەردەوام بوو. ماڵ کاول دەبوون و مرۆڤی کورد دەکوژران.

شەو بەرەو بەیان دەخوشی و تەقە کەم دەبۆوە و من بیرم لە ئێستا و دواڕۆژ دەکردەوە. بە پشتیوانیی پەندی پێشینیان " تەنگانان بەریان کورتە"، دواڕۆژم گەش دەبینی و خۆشم لە قەرەی کات و چۆنیەتی گەیشتن بەو ڕووناکییە نەدەدا و نەشمدەزانی شەڕ چارەنووسمان بۆ کوێ دەبات. ئەو شەوە کۆمەڵێک پرسیار منیان ڕاچڵەکاند. ڕاچڵەکانێکی ئەوتۆ کە تا ئێستاش بەرز و نزمی شەپۆلی لێکەوتەکانی، ڕایەلکەی فکر و سەربردە و بیرەوەرییەکانم دەجووڵینن و وەک سازێکی جارجار ناساز ئاوێتەی چرکەکانی ژیانمن.

لاوێکی ساکار بووم و زانیاریم لە سەر چۆنیەتیی کەین و بەینی سیاسی و ژوورەکانی بریاری هەرێمی و گەردوونی نەبوو و پانتایی دەرئەنجامەکانی "شەڕ"یشم وەک واقع هەڵنەدەسەنگاند. بیستبووم؛ مادام شەڕ دەرگای پێ گرتی، مرۆڤ ناکرێت بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت. بێدەنگبوون شەڕ ناوەستێنێت و تەنیا شەڕ و خۆراگری دەتوانێ کۆتایی بە شەڕ بێنێت. بیستبووم بۆ ئەوەی بتوانی شەڕ بکەی پێویستە " هێز"ت هەبێ و هێزیش لە یەکگرتوویی و ئیرادەدایە.

چێشتەنگاوێکی درەنگ بە پارێزەوە چوومە نێو شار. ئاسەواری تەقەی شەوی ڕابردوو بە ڕوخساری خەڵک و شارەوە دیار بوو. بریندار و کوژراو و ویرانبوونی ماڵ و حەوشە و دووکانی خەڵک بەرهەمی ئەم شەوە بوو. ڕستە و وشەکانی درووشم و تیۆری نێو کتیبەکان لە مێشکمدا دەهاتن و دەچوون. لە هەواری ئەم ئەزموونە وچانم دەدا و فاکتی ئەویتریانم دەکردە پێوەر تا سەر لەو دۆخە دەربێنم. جێگە و شوێن و پێگەی زووربەی ئەو سەردانانەم نەدەزانی.

زوڵمی بەئاشکرا وایکرد بڕیار بدەم بێدەنگ نەبم و بە پێی توانا بە گژدابچمەوە. ئەم بڕیارم شارەزایانە بوو یان نا، بڕیارێکی ڕاست بوو یان نا؟! نازانم. بەڵام دەزانم بڕیارێکی بەجێ و بوێرانە بوو. تەقەی ئەو شەوە بێگوومان خەڵکێکی زۆری هەراسان کردبوو، بەڵام ئەوانەی ڕاچڵەکابوون زۆر نەبوون. دەبوو شتێک بکەین. کەوتمە شوێن دۆزینەوەی ئەم لاوانەی تەمای ڕابوونیان بوو و سەرئەنجام لە شەوێکی سامگرتووی پاییزدا کە بەرقی شاریان چراندبوو و کوێرانە بۆ ئیسپاتی وجوودی خۆیان تەقەیان لە ماڵان دەکرد، کۆبوونەوەی یەکەمی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتمان پێک‌هینا. پاشان کۆبوونەوەکان لە گەرەکەکانی بەردەقووچ و کەمەربەندی و تەربیەت‌بەدەنی بەردەوام بوون.

لاوەکان زوربەیان لە قۆناغی دواناوەندی دەیانخوێند و لە بنەماڵەیەکی هەژار گەورە ببوون. ساکار و کەم ئەزموون و دڵسۆز بوون. دەیانەویست کورد بن، ئازاد بن و لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و مێژووی ناوچەکەدا دەخیل بن. هیواکانیان وەک مرواری بێ غەل و غەش بوو و تەنیا ئومێدیان دەخواست باری گوزەرانی هەژاران باش کەن. وردە وردە خۆمان پتەو و ئامادە دەکرد و شەڕی سێ‌مانگە دوایی هات و ڕەوتی وتووێژ دەستی پێکرد. بنکە و بارەگامان بەئاشکرا لە نێوشار دانا. کەم بووین بەڵام کاریگەربووین و وردە وردە ڕێژەی لایەنگرانمان زیادی کرد. کاری ڕێکخراوەیی بۆ فێربوونی بەیەکەوەبوون و پەروەردە بە گشتی و ڕوشەنگەری بەتایبەتی لە ڕیزی بەرنامەکانمان دابوون. بە هیمەتی پشتیوانی هێندێک خەڵک بە تایبەت بەرێز "ساڵح"(١) کتیبخانەیەکمان دانا و لاوەکان دەیانتوانی کەڵکی لێ‌وەرگرن.

کوردی نووسین و خوێندنەوە زۆر دەگمەن و لاواز و زانیاری سیاسی کەم بوو بۆیە بڕیارمان دا نامیلکەیەک بە کوردی لە سەر مەفهووم و دەستەواژەکانی سیاسی و نەتەوەیی بڵاو بکەینەوە تا ئاستی زانیاری ئەندامان بەرێتەسەر و هاوکات فێری کوردی نووسین بن. بەوشێوە نامیلکەی "ئاوارە" ئورگانی لاوانی سەردەشت لەدایک بوو.

زۆر سەخت و دژوارە کوڕە هەژار بی و لەگەڵ کۆمەڵێک هەژاریتر بە گژ کۆمەڵێک نەریت و لەمپەر و گاشەبەردی بێ‌ڕەزای ناو زەینی کۆمەڵگادا بچیەوە. نە ئەزموونی نووسینمان بوو نە کەرەسە و ئامرازی چاپی بڵاڤۆک و نامیلکە. ئەوانەیشی کە گۆیا لێزان و کارلێهاتوو بوون لە " زکری دەوڵەت نەخۆش دەبێ بەڵام نامرێ"دا، جەزم بوون و قەرەی ئیمە نەدەکەوتن.

نەسرین(٢) دەگەڵ دەستە خوشکەکەی کە خزمیشی بوو جارجار سەردانیان دەکردین و لە لاواندا بوون. کیژێکی نیشتمانپەروەر و ڕێکوپێک و چالاک بوو و لە دانشسەرای مقدماتی بۆ مامۆستایی دەیخوێند. داوام لێ‌کرد بۆ تایپی نامیلکەی "ئاوارە" یارمەتیم بدەن. سەرئەنجام ئێواران بە دزی لە ئامرازی قوتابخانەی "خەدەمات" کەلکمان وەردەگرت و "ئاوارە"مان تایپ و پاشان چاپ و بڵاو دەکردەوە و ئەوەش بوو بە یەکەم نامیلکەی سیاسی و سەرەتای پرۆسەی کوردی نووسین(٣) لەو قۆناغەی میژووی شارەکەمان. دیارە ئەم پرۆسەیە پاشانیش هەر لە لایەن ئەو لاوانەوە بە شێوازی جیاواز و لە قۆناغیتردا بەردەوام و بوو بە بناغەی گەشەی سیاسی و شوناسخوازی و پەرەگرتنی زمانی کوردی.

***

 

١) کاک ساڵح مرۆڤیکی خویندەوار و چەپ بوو و کتێبێکی زۆری پێشکەش کردین.

٢) نەسرین، مەبەست شەهید "نەسرین حەدداد"ە کە هەموو تەمەنی لە ڕیزی حیزبی دێموکراتدا بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد خەباتی کرد و لە هێرشی مووشەکیی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهید بوو

٣)  قۆناغی دوای شار، کردنەوەی قوتابخانەکانی ناوچەکە بە کوردی بوو کە کوردی خویندن بوو بە شتێکی ئاسایی.