ڕەوتی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە، چارەسەری یا مەترسی!
ئەلبورز ڕوویینتەن
ئەو ڕەوتەی بە ناوی کرانەوە یا چارەسەری پرسی کورد لە ساڵەکانی ٢٠١٣ەوە بە دانوستاندن لە گەڵ پەکەکە و عەبدولا ئوجەلان دەستی پێکردبوو، وێڕای هەندێ گۆڕانکاری سەرەتایی ئەرێنی لە تورکیە لە ساڵی ٢٠١٦ دوای ئەوەی کە بەیاننامەی لێکتێگەیشتن لە کۆشکی سەرۆکایەتیی دوڵمە باخچەی ئیستانبول کە لەنێوان نوێنەرانی حیزبی هەدەپە و و حیزبی ڕەجەب تەیب ئەردوغان خوێندرایەوە و هەروەها وتاری سەلاحەدین دەمیرتاش کە گوتی ئەردوغان ناهێڵین ئێوە ببنە سەرۆک، کۆتای پێهات.
بە دوای ئەودا ئەردوغان ئەوجار لەگەڵ حیزبی مەهەپە، حیزبی توندڕەوی ناسیۆنالیستی تورکیە هاوپەیمانی پێکهێنا و ڕەوتێکی گوشارهێنان بۆ سەر هەدەپە و لە زیندانخستنی ئەو کەسانەی دەست پێکرد کە تا دوێنێ دانوستانی لەگەڵ دەکردن. تەنانەت دوایین هەڵبژاردنی نێوان ئەردوغان و کەماڵ کلیچدارئوغڵو کە بەربژێری ئۆپزیسیۆن، پارتی کۆماریی خەڵک بوو لە سەر ئەو بنەمایەی پەکەکە پشتیوانی لە کەماڵ کلیچدارئوغڵو دەکات بردیەوە؛ چونکە زۆرینەی ویلایەتە تورکە نەژادپەرستەکان دەنگیان بە ئەردوغان دا و هەڵبژاردنەکانی بە ڕێژەیەکی کەم بردەوە.
لە دوای ئەو هەڵبژاردنە سەرەتا دەوڵەت باخچەلی حەوتووی ڕابردوو سڵاوی لە نوێنەرانی دەمپارتی کرد و تۆقەی لەگەڵ کردن، ئەوەش بە چەخماغەی ڕەوتێکی نوێی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد داندرا. دواتر ئەردوغان لە وتارێکدا باسی لەوە کرد کە لە تورکیە هەندێک لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەش کراون. بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەکراو و نیشانی دا کە ئەو ڕەوتە هەر بەڕاستی بەشێک لە پلانی دەوڵەت و ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆمارە، ئەو گوتارەی دەوڵەت باخچەلی بوو کە گوتی با عەبدوڵڵا ئوجەلان بێتە پاڕلەمان و داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێ و پرسی تێرور بۆ هەتا هەتا چارەسەر بێت، هەروەها بەردەنگ نابێ ئیدرنە و قەندیل بەڵکوو ئیمراڵێ و دەمپارتی بێت، دواتریش پێداچوونەوەی یاسایی بە دۆسییەی ئوجەلان بە مەبەستی ئازادکردنی بکرێت.
مەبەست لە ئیدرنە سەلاحەددین دەمیرتاش و قەندیل پەکەکەیە. ئەوەی کە دەوڵەت باخچەلی داوای ئەوە دەکات ئەو دووە لە نێو پڕۆسەکەدا نەبن سەرنجڕاکێشە کە کەمتر لەلایەن چاودێرانەوە لێکدرایەوە. لەلایەکی دیکە گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێوخۆییەکانی تورکیە بە جورێک لەگەڵ ئەو ڕووداوە لەناکاوانەی پرسی کورد لە تورکیە کاریگەرییان هەیە، هەر بۆیە پێویستە شرۆڤەی دۆخەکە بکرێت و دواتر بە دوای وەڵامی ئەو ڕەوتە، چارەسەری یا مەترسیدا بگەڕێین.
دۆخی نێوخۆیی تورکیە
بە گوێرەی یاسای بنەڕەتیی تورکیە ئەردوغان ناتوانێ جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆککۆمار، مەگەر بەو مەرجەی پێشوەختە بەرەو هەڵبژاردن بڕوات و پاڕڵمان خۆی هەڵبوەشێنتەوە، ئەوەش وایکردوە ئەردوغان بە دوای گۆڕینی یاسای بنەڕەتیدا بێت. بەڵام بۆ ئەو مەبەستە پێویستیی بە دەنگی یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنە، چونکە ناتوانێ بەبێ دەنگی ئۆپۆزیسیۆن ئەو کارە بکات. بۆیە دەنگەکانی دەمپارتی دەتوانێ لەو بوارەدا زۆر گرینگ بێ و ئەوەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو کرانەوەیە دەزاندرێت.
دۆخی ئابووریی تورکیە بەرەو خراپیی زیاتر دەڕوات و هەڵاوسان لە زیادبوون و بەهای لیرەی تورکی لە دابەزیندایە. هۆکاری ئەو قەیرانە ئابووریە دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیژیی هەڵەی ئەردوغان بۆ ئابووری کە دەیهەویست ڕێژەی قازانجی بانکی بەگوێرەی ئایین نەهێڵێ. تەنانەت بە هێنانی محەمەد شیمشەک وەک وەزیری ئابووری کە پێشتر ببووە هۆی پێشخستنی ئابووریی تورکیە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٥-٢٠١٠ نەکرا چارەسەرییەکی ئەوتو بدۆزرێتەوە و ڕۆژبەڕۆژ ماڵیاتی زیاتر لەسەر خەڵک زیاد کرا. قەیرانی ئابووری ڕێژەی دەنگەکانی ئەردوغانی کەم کردۆتەوە بە جورێک ئێستا بەگوێرەی زۆربەی ڕاپرسییەکان ئیتر حیزبی ئەردوغان یەکەم نییە و ئەوەش وایکردوە بێتوو ئەردوغان کاندیدیش بێت، ناتوانێ هەڵبژاردن بەئاسانی بباتەوە.
لەنێو حیزبی کۆماریی خەڵک چەند ڕەکەبەری سەرەکی بۆ ئەردوغان پەیدا بوون کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیەکانی ئەنکەرە و ئیستانبول بۆ جاری دووەم بردیانەوە و لە ڕاپرسیەکانیشدا لەپێشەوەی ئەردوغانن. کەماڵ کلیچدارئوغلو، ڕکەبەری پێشووی ئەردوغان کە بۆ زیاتر لە دە جار شکستی خواردبوو، کەسانی وەک ئەکرەم ئیمامئوغڵو، شارەداری ئیستانبوول کە بەگوێڕەی ڕاپرسییەکان دەتوانێ بەئاسانی ئەردوغان شکست بدات و سەرکەوتنی گەوەرەی لە ئیستانبول بە دەستهێنابوو. مەترسیی ئەکرەم ئیمامئوغلو بە ڕادەیەکە کە ئەردوغان بە دوای چەسپاندنی سزای قەدەغەکردنی سیاسەتە بە سەر ئەو بە هۆی ئەوەی چەند ساڵ پێش ئێستا وشەی ئەحمەقی بۆ هەندێک بەکار هێناوە.
لەلایەکی دیکە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ئەو ڕەوتە گرێ دەدەن بە مردنی فەتحوڵڵا گولەن، چونکە کاتێک عەبدوڵڵا ئوجەلان بە هاوکاریی سی ئای ئەی لە کنیا گیرا و تەسلیمی تورکیە کرا، فەتحوڵا گولەنیش تورکیەی بە مەبەستی ئەمریکا بەجێ هێشت. دەگوترێ ئێستا کە گولەن مردوە پێویستە ئوجەلانیش ئازاد بکرێت، چونکە ئەو دو ڕووداوە هەر وا بەئاسانی و بەڕێکەوت نەبووە.
بارودوخی ناوچە
لەلایەکی دیکە هێرشی ٧ی ئوکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هەوڵی جیددیی ئیسرائیل بۆ نەهێشتنی کاریگەریی ئێران لەسەر ناوچەکە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ڕۆژەڤە لە تورکیە دەزانرێت. ئۆپوزیسیۆنی تورکیە کە لە حەماس نزیکە و بە جورێک تێڕوانینی ئیسلامی سیاسیی بۆ ناوچە هەیە، و لە نیزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، هەستی بە مەترسەیەکە کردوە و دەیهەوێ خۆی لەو مەترسییە ڕزگار بکات. ڕزگاربوون لەو مەترسییەش لە چارەسەری پرسی کورد و بەهێزبوون لە نێوخۆدا شک دەبات.
هاکان فیدان، وەزیری دەروە و بەرپرسی پێشووی میت لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیونی حەوتوویەک پێش ئێستا، لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی دوای هێرشی ٧ی ئۆکتوبر ئێوە لەگەڵ نەسروڵڵا دیدارتان هەبوو، ئەو دیدارە چۆن بوو و ئێوە چیتان گووت، لە وەڵامدا گوتی ناکرێ باسی هەموو شتێک بکەین بەڵام شتێکی درکاند کە چاودێرانی سیاسی کەمتر بەلایدا چوون. ئەویش ئەوە بوو ئێمە بە نەسروڵڵامان گوت نابێ شەڕەکە بۆ ناوچە بگوازرێتەوە هاوکات ناشبێ بهڵێین هەموو فۆکسی ئیسرائیل لەسەر غەزە بێ. ئەوە بەو مانایە دێت ئێوەش ناوە بە ناوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل. ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو دیتمان هەر ئەو هێرشە ناوە بە ناوەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل بو وکە ئێستا نە نەسروڵڵا ماوە و نە حیزبوڵڵا ئەم هێزەی جارانە. ئێستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا تورکیە بۆ نەهێشتنی کاریگەریی ئێران لە ناوچە وەها تەوسییەیەکی بە حیزبوڵڵا کردوە هەتا تووشی شەڕێکی وا بن؟
هاوکات دەکرێ یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەو کرانەوەیە ئەوە بێ تورکیە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی پێشبینی کردوە و، بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پرسی کورد لەو وڵاتە دێتەوە ئارا و بەو شێوەیە هەر لە ئێستاوە پەکەکەو لقەکانی کە لە ناوچەدا لەژێر کاریگەریی ئێراندان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێ بۆ ئەوەی وێڕای کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نێوخۆی، هێزەکانی دیکەی پەکەکەش لە پارچەکانی دیکەدا بە کار بهێنێ.
سەڕەڕای هەمووی ئەوانە ئەوەی بە ناوی نەزمی نوێ و گۆڕینی نەخشەکان هاتۆتەوە بەر باس، بێگومان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەری لە سەر پرسی کورد ئەویش لە دڵی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنێت، هەر بۆیە نەبوونی پرسی کورد بۆ ئەو وڵاتانەی ئەو پرسە چارەسەر دەکەن وەک خاڵێکی بەهێز دەبیندرێ. بەڵام ئایا تورکیە درکی بەو بابەتە کردوە کە ڕەوتی چارەسەری هێنایەتە ئاراوە یا نا، بابەتێکی دیکەیە.
چارەسەر یا مەترسی!
هاتنە بەر باسی پرسی کورد و بوون بە ڕۆژەڤی وڵاتانی داگیرکەر بابەتێکی ئەرێنییە جا بە هەر هۆکارێک بێت. هەر وەک ئاڵتان تان، پاڕلمانتاری پێشووی کوردی تورکیەش لەو باوەڕەدایە نابێ هەنگاوێکی وەها ڕەت بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێ پێشوازی لێبکرێت. بەڵام بەو شێوە باسکردنی کە نە نەخشە ڕێگایەکە دیارە و نە هۆکارەکانی دەزانین، بە خاڵی نەرێنی دەزانرێ. چونکە چۆن بڕوا بەوانە بکرێ هەتا دوێنێ هەرچی گوشار هەبووە بە سەر کورد هێناویانە و، پێویستە ئەگەر ویستی دەوڵەتی تورکیە چارەسەرییە ڕوون و ئاشکرا باس لە بابەتەکە بکات. چونکە دیار نییە ئەگەر دۆخی ناوچەی یا گۆڕانکاریی دیکە هاتنە ئاراوە دەوڵەتی تورکیە وەک پێشوو پەشیمان نابێتەوە، یا ئەو بابەتە تەنیا بۆ جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەردوغان وەک سەرۆککۆمار کە ئێستا دەنگەکانی کەم بوونەتەوە بەکار دەهێنرێ و دوای بە سەرۆک هەڵبژاردنی جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە سەری دۆخی ئێستا!
خاڵێکی دیکەی نەرێنی ئەو باسە دانوستاندن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئوجەلان لە زینداندایە، دانوستاندن لەگەڵ کەسێک کە لە زینداندایە دۆخی بەرانبەر لاواز دەکات و داواکاریی نەتەوە بۆ داواکاریی تاکی زیندانیکراو کەم دەکاتەوە. کاتێک دەوڵەتی ئەفریقای باشوور داوای دانوستاندن لەگەڵ ماندێلا دەکات، ئەو دەڵێ پێویستە لەگەڵ کۆنگرەی نیشتمانی دانوستاندن بکرێ؛ چونکە من ئازاد نیم هەتا بتوانم ئازادانە دانوستاندن بکەم. لە دیداری نێوان ئوزگور ئوزەل لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش بەر لە سەفەرەکەی بۆ دیاربەکر پۆزیسیونێکی وا لەلایەن سەلاحەددین دەمیرتاش ڕاگەیەندراوە و گووتویەتی ئاگاداری هیچ نیم.
هەر وەکوو لە ئێستادا دەبینین دەمپارتی داواکارییەکانی کورد ناخاتە ڕوو کە بزانین کورد چیی دەوێ، تەنیا بابەتێک باس دەکات کرانەوەی دۆخی ئۆجەلانە. بێگومان پەراوێزخستنی ئوجەلان کارێکی دروست نییە، بەڵام پێویستە نوێنەرانی کورد (دەم پارتی) وەک نوێنەری سەرەکی بڕیار بەدەست بن، بۆیە دەڵێم دەمپارتی چونکە کاریگەریی قەندیل و پەکەکە بە سەر دەمپارتی حاشای لێ ناکرێ و ئەو کاریگەرییەش وای کردوە بڵێین دەمپارتی ئەگەر وا نەبا پێویست بوو پەکەکە وەک نوێنەری کورد لە تورکیە بەردەنگ با. هەروەها نابێ سەلاحەددین دەمیرتاش کە جاری پێشوو لەسەر داواکاری قەندیل زیانی بەو پڕۆسەیەی گەیاند پەراوێز بخرێت، چونکە دەوڵەت باخچەلیش دەیهەوێ ئەو پەراوێز بکەوێت.
ئێستا وێڕای ئەوەی لە سەرەتای ڕەوتێکی دیکەداین و ناتوانین ئاسۆی ڕەوتەکە بەتەواوی دیاری بکەین و پێویستە کورد زۆر وشیارانە لەگەڵ دۆخەکە بجوڵێتەوە. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە چارەسەری پرسی کورد پێویستە پێشتر لەنێو کورددا دەست پێبکات، واتە کورد دەبێ خاوەن ویستی ڕوون و ڕاستی پرسی کورد بێ و بەئاشکرا باسی بکات و گرنگتر لەوەش بەهێز بێت تا بتوانێ خۆی لە پیلانی دوژمنان بپارێزێ. بۆیە ئەگەر مقەس و قوماش هەر دووک لە دەستی دوژمندا بێ، چارەسەری ڕاستەقینە ئەستەم و دوورەدەستە.