
خۆکوژی چییەتی و هۆکار؟
شاهۆ مەتین
یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی دەروونناسی کە لێکەوتەی گرنگی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و کەسیی تاکەکان هەیە، بابەتی خۆکوژییە.
خۆکوژی کردارێکە دەرئەنجامەکەی مردنە، بە مەبەست و لە لایەن خودەوە دەکرێت، لەکاتێکدا کەسەکە دڵنیایە دەرئەنجامەکەی کوشندەیە، واتە کۆتاییهێنانی تاک بە ژیانی خۆی.
خۆکوژی چەند ئاست و پێکهاتەیەکی هەیە ئەوانیش بریتین لە: بیرۆکە و بیرکردنەوە لە خۆکوژی، ویستی خۆکوژی، بوونی پلان بۆ خۆکوژی، هەوڵی خۆکوژی و لە کۆتاییدا خۆکوشتن.
دەتوانین بڵێین ئەوانە قۆناغەکانی خۆکوژین کە مرۆڤ پێیدا تێدەپەڕێت، و بەبیری خۆکوژی دەست پێ دەکات و بە خۆکوشتن تەواو دەبێت.
بەگوێرەی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)ساڵانە ١٣٦ کەد لە ١٠٠ هەزار کەس لە پیاوان و ١٨٦ کەس لە ١٠٠ هەزار کەس لە ژنان هەوڵی خۆکوژی دەدەن. ئەوانەش بە هۆی هەوڵی خۆکوژییەوە دەمرن ساڵانە ٨٠٠ هەزار کەسن. خۆکوژی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن و لە گەوراندا پلەی دەیەمی هەیە و لەنێو هەرزەکارانیش سێیەم هۆکارە بۆ مردن!
هۆکارەکانی خۆکوژی:
بە شێوەیەکى گشتى زۆربەى ئەوانەى بە خۆکوژى دەمرن نەخۆشیى دەرونییان هەیە و بە تایبەت لەو وڵاتانەی سیستمێکی نابەرپرسیار بە نیسبەت تاک و ماف و ویستەکانی لە هەموو سێکتەرەکاندا زاڵە، تاک تووشی کێشەگەلی جۆراوجۆر لە ئاستە جیاوازەکان دەبێت و بێهیوایی گشت لایەنەکانی ژیانی تاک داگیر دەکات. لە ئێراندا و بە تایبەت لە کوردستاندا کە مامەڵەی خەڵک و دەسەڵاتی ناوەندی، مامەڵەیەکی داگیرکراو و داگیرکەرانەیە، هیچ چەشنە بەرپرسیارەتییەکی حکوومی بە نیسبەت تاکەکان نییە، تاک لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش کراوە، دۆخێکی تەواو میلیتاریستی بە سەر کوردستاندا سەپاوە، ژیانێکی پڕ ئاسوودەیی و تەناهیی بۆ کومەڵگە بە گشتی و لاوان بە تایبەتی بۆتە خۆزگە و حەسرەت، ئیتر دیاردەکانی وەک خۆکوژی، کۆچکردن، دزی، تەڵاق، گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان دەبنە سیمای زاڵی ئەم جڤاکە.
بە گشتی ئەو هۆکارانەى کە دەبنە هۆى ئەوەى کە مرۆڤ تووشى خۆکوژى ببێت و پێویستە بیانناسینەوە ئەمانەن:
بوونى نەخۆشیى دەرونى و جەستەیى
- لە سەدا پەنجاى خۆکوشتنەکاندا، تاک نەخۆشىی خەمۆکیی هەیە، لە سەدا پێنجى نەخۆشانى شیزۆفرینیا بە خۆکوژى دەمرن، نەخۆشییەکانى تریش وەکو شڵەژانى کەسیەتى، فشارى دواى زەبر، تێکچوونەکانى خواردن، یەکێکن لە هۆکارەکان.
- بەکارهێنانى مەى و ماددەى هۆشبەر کە ئەویش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانە و بەشێک لەوانەى کە هەوڵى خۆکوژى دەدەن لەژێر کاریگەرىی مادە هۆشبەرەکاندان.
- نەخۆشى جەستەیى بەئازار بۆ نموونە بوونى نەخۆشیی شێرپەنجە کە ئەگەرى ڕوودانى خۆکوژى دوو هێندە دەکات.
کێشەى کۆمەڵایەتى
هەندێک جار تاک وەکوو هۆکارێک بۆ خۆ ڕزگارکردن لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشێکی زۆریان خوڵقاوی نیزامی سیاسی و دەسەڵاتن، سەیرى خۆکوژى دەکات و بەهەڵە پەنای بۆ دەبات. لە گرنگترین ئەو هۆکارانەش کە لە ئاکامی سیاسەتی سیستم بە تایبەت گیرۆدەی تاکەکان دەبیت، دابڕانى تاکە لە کۆمەڵگە و گۆشەگیربوون، لەدەستدانى کەسێکى خۆشەویست، بوونى کێشەیەکى چارەسەرنەکراوى کۆمەڵایەتى و خراپى بارى ئابوورى.
هۆکارە دەرونییەکان
بێهیوایى لە سیسمتێکی وەک ڕێژیمی ئاخوندی لە ترۆپکدایە، گەر چاو لە ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە بکەین، بێهوایی لە پلەی یەکەمدا جێ دەگرێت، هۆکاری بێهیواییش لە ئەساسدا بۆ سیستمی زاڵ دەگەڕێتەوە کە ئاسایشی ژیانی لە مرۆڤەکان ئەستاندوە. دەرەنجام بێهیوایی هۆکارێکى گەورەى خۆکوژییە، بوونى ڕەوشتى هەڵەشەیی، بێتوانایى تاک لە ئەنجامدانى پرۆسەى چارەسەرى کێشە، لاوازى بیرکردنەوە، لە هۆکارە دروونییەکان بە ئەژمار دێن.
هۆکاری ئابووری
ژیان لەژێر سایەی سیستمێکی داڕووخاو و تێکشاوی وەک ڕێژیمی ئاخوندی کە ئابووریی تاک باری سەلبی (منفی) بە خۆی گرتوە و گرانی، بێکاری و هەڵاوسان تەنگی بە ژیانی تاکەکان هەڵچنیوە و هەژاری ڕۆژ بە ڕۆژ لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە پاوانخوازەدا زۆرتر دەبێت و لەلایەکی ترەوە بە هۆی تێکنۆلۆژیا کە تاکەکان ڕۆژانە ژیانی مرۆڤی ژێر دەسەڵاتی سیستمە دێموکرات و سێکۆلارەکان دەبینن؛ لێکدژیی ئەم دوو جیهانە بۆ لاوان بۆتە گرێیەکی هزری و دەروونی، دەرەنجام لاوان بۆ ڕزگاربوون لەو چەقبەستوویییە، یەکێک لە ڕێگاکانی خۆ ڕزگارکردن بە خۆکوژی دەبینن.
هۆکارەکانى تر
چەندین هۆکارى تر هەن کە لێرەدا بە کورتى ئاماژەیان پێدەکەین
- ڕەگەز: ڕەگەزى نێر زیاتر بە خۆکوژى دەمرن، بەڵام هەوڵى خۆکوژى لە ڕەگەزى مێدا زۆرترە.
- تەمەن: لە قۆناغى هەرزەکارى و بەتەمەنەکاندا زۆرترە.
- ئایین: زۆربەى ئایینەکان ڕێگرى لە خۆکوژى دەکەن.
- بارى خێزانى: خۆکوژى زیاتر لە ناو ئەوانەى کە ڕەبەنن یان جیابوونەتەوە لە هاوسەرەکانیان ڕوو دەدات.
- جۆرى پیشە: خۆکوژی لە هەندێک پیشەدا کە فشاری جەستەیی و دەروونی زۆر لەسەر تاک دروست دەکەن زۆرترە وەک لەوانى تر.
ـ کێشەی نێوان نەریتی بوون و مۆدێرن بوون: لاوان کە ئێستا زۆرترین حاڵەتی خۆکوژییان تێدایە، بە هۆی پەروەردە بوون لە ناو جیهانی دەسکرد/مەجازی. بەپێی ئامارەکان لاوان ڕۆژانە نێزیک بە حەوت کاتژمێر سەروکاریان لەگەڵ ئێنتێرنێت و ئەپەکانی دیکەدا هەیە و بنەماڵەکانیان لە قۆناغی نەریتیبوون دەرباز نەبوون. بەرکەوتنی نێوان بنەماڵە زۆر بووە، کە لەم کێشەیەدا هەر دوو توێژ هەوڵی سەپاندن و جێگیرکردنی بەها و پرنسیبەکانی خۆیان دەدەن.
خۆکوشتن یەکێک لەو پرسانەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا وەک پرسێکی گرینگ دەپەڕژێنە سەری و لێکدانەوەی جیاوازی لە ڕوانگە جیاوازە کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونناسی، دەروونشیکاری، ئابووری بۆ ئەم دیاردەیە دەکرێت.
خۆکوشتن دیاردەیەک نییە تایبەت بە جوغرافیا و شوێنێکی دیاریکراو، بەڵام بەپێی ئامارەکان لەو وڵاتانەی کە سیستمێکی دیکتاتۆر (ئێران) تێیاندا زاڵە و ژیان بۆ تاکەکان بۆتە گۆڕستانێک ڕێژەکە زۆرترە بە نیسبەت وڵاتە پێشکەوتووەکان کە کەرامەتی تاک تێیدا پارێزراوە. تەنانەت تایبەت نییە بە سەردەمێکی دیاریکراویش، بەڵام لە قۆناغی گوزەر لە سەردەمەکان کە وەبەریەککەوتنی بەها و بایەخەکان تێیدا دێتە ئاراوە ڕێژەکە بەرزی و نزمی تێیدا ڕوو دەدات.
هۆکاری خۆکوژی ئینسان یان ئاژەڵەکانیش لە ڕوانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ کراوە و دەکرێت و ڕەنگە یەکێک لەو پرسانە بێت کە مشت و مڕی زۆری لەسەرە.
پەروەردەی درووست
هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی ئابووری و ڕۆشنبیرکردنەوەی کۆمەڵگە و خێزان دەتوانن یارمەتی دەر بن بۆ کەمبوونەوەی ئەم دیاردەیە. خۆکوژی وەک دیاردەیەک هیچکات بنەبڕ ناکرێت، بەڵام دەکرێت کارێک بکرێت خەڵک هیوایان بە ژیان زۆرتر بێت و گەشبینانە بۆ ژیان بڕوانن.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی خەمۆکی تێیدا زۆر لە سەرەوەیە و هیوا بە ژیان کەمە. هەموو ئەمانەش هاندەرن بۆ چوونە سەرەوەی ڕێژەی خۆکوژی. سەرەنجام دەسەڵات بە هەموو جومگەکانییەوە بەرپرسیارە بەرامبەر ئەم دۆخە و دۆخە هاوشێوەکانی.
پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی بناغەی ئابووری وڵات و کوردستان باشتر بێت و لەگەڵ ئەمەش گرینگی بە لایەنە پەروەردەیی و خێزانیەکان بدرێت و یاسا پارێزهری تاک بێت لە دژوارترین دۆخەکاندا.
ئامارێک وەک دەرەنجام:
نموونەیەک لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٣، کە هەواڵی خۆکوشتنی ١٩٦ منداڵی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بڵاو کردووەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا ناکۆکی نێوان خێزانەکان، هاوسەرگیری زۆرەملێ، منداڵ هاوسەری، منداڵی دایک، دۆخی گرانی ئابووری، کێشەی نێوان قۆناغی نەریتی ومۆدێرن بوون و،،، هتد، زۆرترین هۆکاری ئەم خۆکوشتنانە بوون. بەڵام توێژەرانی چالاک لە بواری تەندروستی و خۆپاراستن لە خۆکوژی، جارجارە کەڵک لە ئاماری نافەرمی سەبارەت بە خۆکوژی وەردەگرن.
مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ حەمید یەعقووبی، پسپۆڕی دەروونناسی و مامۆستای یاریدەدەری دەروونناسی لە زانکۆی شاهد ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٤٠٢دا نزیکەی حەوت هەزار کەس خۆیان کوشتوە، واتە ئەمساڵ، بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس هەشت کەس خۆیان کوشتوە. بە وتەی ناوبراو ئەمانە ئەو حاڵەتانەن کە پزیشکی یاسایی تۆماری کردوە و بەپشتبەستن بەو ئامارانە، بۆ هەر خۆکوشتنێک ٢٠ هێندەی هەوڵی خۆکوشتن هەبووە؛ واتە بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس ١٣٣ کەس.
هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی خۆکوشتنی منداڵان و خوێندکاران لە ئێراندا نییە، بەڵام لە ساڵی ١٣٩٩ کۆمەڵەی داکۆکی لە مافەکانی منداڵان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوکردەوە کە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆمەڵەیە، زیاتر لە ٢٥٠ منداڵ لە نێوان ساڵانی ٩٠ تاکوو ٩٩ خۆیان کوشتوە. ئەم کۆمەڵەیە لەو کاتەدا ڕایگەیاند، کە ئەم ئامارە تەنها ژمارەی ئەو خۆکوشتنانەیە کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێن و ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە.
بەپێی وردەکارییەکانی ئەم توێژینەوەیە: ٤٨٪ی ئەو خۆکوشتنانەی لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا لە میدیاکانەوە باس کراون، پەیوەندییان بە کوڕانەوە هەبووە و ٥٢٪یان پەیوەندییان بە کچانەوە هەبووە". ٤٠٪یان هەڵواسین و ٣٨٪ خۆفڕێدان لە بەرزاییەوە، ١٢٪یان خواردنی حەب و ١٠٪یان شێوازە نەناسراوەکانی تری خۆکوشتن تۆمار کراون. ٤٥٪ی خۆکوشتنەکان پەیوەندییان بە مەودای تەمەنی ٩ بۆ ١٤ ساڵەوە هەبووە و ٥٥٪ی دیکەش پەیوەندییان بە مەودای تەمەنی ١٥ بۆ ١٨ ساڵەوە هەبووە.
هەروەها هۆکارەکانی ئەم خۆکوشتنانەش بەرچاون. سەتا ٨ هەژاری، سەتا ٢٦ کێشەی پەروەردەیی، سەتا ٢٨ ململانێ لەگەڵ خێزان، سەتا ٥ پەیوەندی سۆزداری، سەتا ٨ دەستدرێژیی سێکسی، سەتا ٥ کاریگەریی فیلم و گرتە ڤیدیۆییەکان، و سەتا ٢٠ی خۆکوشتنەکانیش بەهۆی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بووە.