کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو گێژاوی قەیرانەکاندا

12:29 - 25 سەرماوەز 2724

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو گێژاوی قەیرانەکاندا

فەتاح ڕەسووڵی

هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گە‌یشتنی ئاخوندەکان و دامەزراندنی سیستەمی ئێدئۆلۆژی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهـ نەهامەتییەکانی گەلانی ئێران دەستی پێ کرد، سیاسەتی هەڵاواردن و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان گەلان و سەرکوتی سیستیماتیک، بەشێک بوون لە پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران بوون بە خەون وخەیاڵ و وەیشوومەی جەهل و تاریکی باڵی بەسەر وڵاتی ئێراندا کێشا.

ڕێژیم دوور لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان و بەبێ گوێدان بە پڕەنسیپەکانی مرۆڤایەتی و نێودەوڵەتی بۆ کپکردنی دەنگی ‌جیابیران و ناڕازییان، شمشێری لە ڕوو بەست و کەوتە سەنگەری دژایەتیی گەلانی ئێران. بە هەموو شێوەیەک و ئامرازێک و لە هیچ جینایەتەک دژ بە خەڵکی بێ دیفاع دەستی نەپاراست و کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، قەتڵە زنجیرەییەکان، تێرۆری کەسایەتی و ڕۆشنبیر و ئاکادیمی دیاری نێو کۆمەڵگە، جیاوازیی ڕەگەزی و سەپاندی ڕووپۆشی زۆرەملێ بە سەر ژناندا،  گوشار، تۆقاندن، کوشتن، گرتنی خوێندکارانی زانکۆ، سەرکوتی چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەیی، مافی مرۆڤی و...هتد بەشێکن لە کارنامەی ئەم ڕێژیمەوە. ڕێژیم بەگشتی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی خەڵکی بە چاوی ئەمنیەتی لێی ڕوانیوە و بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکوت کراون.

لە درێژەی سیاسەتی هێژمونخوازی و سەرەڕۆییەکانیدا، کە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیردا دەبینیت، شەڕی بە سەر گەلی کورد دا سەپاند و دوای ئەوەی هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد بۆ چارەسەری پرسی سیاسی چەند جار سەردانی " خومەینییان " کرد و بێ‌ئەنجام  بوو -لە  ڕاستیدا باوەڕیشی بە مافی گەلان نەبوو- ڕاستەوخۆ بە فەرمانی خومەینی وەک ڕێبەری نیزام لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی فتوای جیهاد بە دژی گەلی بێ دیفاع و مافخوازی کورد ڕاگەیاندرا و کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی  لەشکریانی" ئیسلامی " ویلایەتی فەقییە؛ لە ئاسمان و زەوی ئاگر و ئاسنیان بە سەردا باراندن و کەوتنە قەڵاچۆ و کوشتاری بە کۆمەڵی شار و گوندەکانی کوردستان و "مەغوول" ئاسا دەستیان لە هیچ جنایەتیک نەپاراست و تاوانی شەڕیان ئەنجام دا. پاوانخوازی و سەرەڕۆیی و بێ ئەخلاقی  ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و بێ هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی موماشات و ساتوسەودا و بەرژەوەندخوازیی  زلهێزەکان، ڕێژیمی تارانی دەست ئاوڵاتر کردوە؛ بۆ درێژەدان بە سیاسەتی شەڕەنگێزی لە نێوخۆ و دەرەوەی سنورەکان، و بۆ لە نێوبردنی دژبەرانی دەستی دایە  تێرور و ڕفاندن. لە باشووری کوردستان و وڵاتانی ئورووپا سەدان کەس لە ڕێبەران و چالاکانی سیاسی "ئۆپۆزیسیۆن"ی ئێرانی کە زۆربەیان لە هێزە سیاسییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بوون و لە ناویاندا دوو کەسایەتی ناسراو و دیاری گۆڕەپانی خەباتی سیاسی کورد شەهیدان "د. قاسملوو و د.شەڕەفکەندی" بوونە قوربانی سیاستە دژی مرۆڤی و کۆنەپەرستانەی ڕێژیمی ئاخوندی.

پێوەندیدار بە سیاسەتی دەرەکییش بەرزکردنەوەی درووشمی مردن و نەمان بۆ ئەمریکا و سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر ڕووی زەوی، درێژەدانی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ وڵاتی عێراق، کوژران و بریندار بوون و ئاوارە بوونی بە میلیۆنان کەس، وێران بوونی بەشێکی زۆر لە شار و گوندەکان بەرهەمێکی دیکەی سیاسەتەکانی ڕێژیم بوون. لە ماوەی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ باری ئابووریان خراپتر بووە. نەداری، بێدەرەتانی، بێکاری، گرانی و هەڵاوسان بڕستی لە ژیانی خەڵک بڕیوە و دزی و گەندەڵی سەرتاپای ئەم ڕێژیمەی تەنیوە. بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵات لە پێناو پەرەپێدانی سیاسەتی فراوانکردنی دەسەڵات لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و پشتیوانی هەمە لایەنە لە گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیم واتە " بەرەی مقاومەت " لە لوبنان، سووریە، عێراق، حووسیەکانی یەمەن، غەززە...و بەرنامەی ناوکی و سپاندنی سزاکان لە لایەن وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپا، ژیانی خەڵکی زیاتر توشی ڕۆژڕەشی کردووە. بەڵام سەرەڕای بە ئەمنیەتیکردنی ژیانی خەڵک و ئەو نەهامەتییانەی کە ڕێژیم بە سەر گەلانی ئێرانی هێنا، ناڕەزایەتی و بێزاریی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەسەر شەقامەکان بەردەوامە و بێهیوایی خەڵک لە گۆڕانکاری و نەبوونی متمانە بە دەسەڵات بە تەواوی سێبەری بە سەر وڵاتدا کێشاوە.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمساڵدا کە بە کەمترین ڕێژەی بەشداری خەڵک بەڕێوە چوو، بە پشتگیری خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم پزیشکیان بوو بە سەرۆککۆماری ئێران. لێرەدا مەبەستی ڕێبەری نیزام لەسەرخستنی پزیشکیان ئەوە بوو، کە بەڵکوو بتوانێ سەرۆککۆماری نوێ هەندێک لە قەیرانەکانی نێوخۆ و دەرەوە  بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیزام کەم بکاتەوە. بەڵام جەنابی دوکتور پزیشکیانیش دەستەوەستانە لە بەرانبەر چارەسەری ئەو هەمووە قەیرانەی سەرتاپای جەستەی ڕێژیمی داگرتوە. لە بەردەوامیی سیاسەتی دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕیی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی و دنەدانی گرووپە چەکدارە شیعەکان بۆ ئامانجەکانی و خەرجکردنی بە میلیاردها دۆلار لە سەرمایەیی گشتی وڵات بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر سەقامگیری و ئەمنییەتی جیهانی. ئێستا بۆ هەموو کۆمەڵگەی جیهان ڕوون بۆتەوە تەنانەت ئەو لایەن و وڵاتانەی پێشتر باوەڕیان کردبوو کە  ڕێژیمی ئێران یاوەر و فریادڕەسیانە و فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕشتن پێی لە هەر وڵاتێک نابێت، شەڕ و کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی لە دوای خۆی جێ هێشتووە و بۆتە مۆتەکەی سەر ئاسایشی ناوچەکە.

 عەلی خامنەیی و ڕێژیمەکەی کە بە نیگەرانییەوە چاوەدێری ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان دەکرد بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ڕێژیم کۆماریییەکان سەرکەوتن کە ئەمە دڵخوازی ڕێژیم نەبوو. چوون ڕێژیم پێی‌وابوو مەجالی گفتوگۆ و مماشات لەگەڵ دێموکراتەکان بۆ کەمکردنەوی گوشار و گەمارۆکان و بەرنامەی ناوکی زیاترە. ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا کە وەک سەرچاوەی تێرۆر و شەڕ و ئاڵۆزی و فیتنە ناوبانگی دەرکردوە و دەناسرێتەوە، لەنێو کۆمەڵگەی جیهانیدا تەریک کەوتووەتەوە و زیاتر بێ ئیعتیبار بووە و کەوتووەتە لێواری هەڵدێر. ستراتیژی ڕێژیم لەمەڕ هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی وڵات و ڕاکێشانی هیلالی شیعی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە تێوەگلان و پەلکێشکردن و بەگژیەکداکردنی گرووپە چەکدارەکان و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، ئۆباڵی هەموو ئەو شەڕو ئاڵۆزی و ماڵوێرانی و ڕشتنی خوێنی هەزاران کەسی بێ دیفاع دەکەوێتە گەردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕێژیم بەردەوام نەوتی کردوە بە ئاگر بۆفراوانکردنی شەڕ لە ناوچەدا، بەڵام ئاگری ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە داوێنی خۆشی گرتەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەرەوڕووی یەکتر بوونەوە و بە مووشەکی دوورهاوێژ و درۆن هێرشیان کردە سەر یەکتر و شەڕەکەیان بردە قۆناغێکی تر، هەر چەند لە لایەن ڕێژیمەوە چاوەڕوان نەکراو بوو. ئێستا کە بەرەی موقاومەت لە غەززە و لوبنان گورزێکی کوشندەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرکەوتووە و زۆربەی ڕێبەران و فەرماندە پلەباڵاکانی نیزامی و سیاسی و بەشێکی بەرچاو لە سەربازانیان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی هێژموونخوازی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستکەوتی ئەو شەڕە تێچووی گیانیی قورس، برسیکردن و ئاوارەکردنی خەڵک و ماڵ و وڵاتی خاپورکراو بووە کە دیاریی  ڕێبەری " مۆستەعزەفانی " جیهان عەلی خامنەییە. ئێستا دوای  چەندین  ساڵ ئاگری شەڕی دامرکاوی سووریە بۆ جارێکی دیکە تەشەنەی سەندەوە و گرووپە چەکدارەکان و خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەست ڕێژیمی دیکتاتوری بەعس و بنەماڵەی ئەسەد، لە ماوەی چەند ڕۆژدا ڕایان ماڵیون و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم نەچوونە ژێر فەرمانی ئەسەد و لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک خۆیان بوارد و بەناچاری و سەرشۆڕانە ڕای کرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی پەنجاو سێ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد و عەلەوییەکان هات و بوون بە "عیبرەتی مێژوو." بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زۆر تەنگەتاو ببوو، بۆ نەکەوتنی ڕێژیمی ئەسەد کەوتە پەلەقاژە و ڕایەڵکەی وڵاتانی ناوچەکە و لە هەموو دەرگایەکی دا، تا بەڵکوو بتوانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕێژیمەکەی ئەسەد لە ڕووخان ڕزگار بکات، بەڵام ڕیسەکەی بۆوە بە خوری و هەموو هەوڵەکانی مایەپووچ بونەوە. ئێستاش هیچ دوور نییە پڕیشکی ئەم ئاگرە کە بە دەستی ڕێژیمی ئێران هەڵایساوە بە گشتی هەموو ناوچەکە بگرێتەوە و کارەساتی گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنیت.

ئێستا کە کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە بەرەی دژ بە گەلانی ئێران و توشی قەیرانی بێ مەشروعیەتی بۆتەوە و کەوتووەتە بەر نەفرەتی خەڵک و سەدان قەیرانی وەک، کارەبا، گاز، بەنزین، ئاو، نان، شوێنی نیشتەجێبوون و لە هەمووان گرینگتر بەتاڵبونی سندوقی پاشەکەوتی دەوڵەت و کێشەی بەرنامەی "ناوکی" و لاوازبوونی بەرەی موقاومەت لە لوبنان وغەززە و سارد و سڕی وڵاتانی هاوپەیمانی و تێوەگلانی لە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا و سەدان کێشە و ئاستەنگ و کۆسپ و کەڵەکە بووی، دەرئەنجامی ناکارامەی و هەڵەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ولایەتی فەقییە و سپای پاسداران و لە سەرەوەی هەمووان عەلی خامنەیی بڕیار بەدەست و کەسی یەکەم، و ڕۆچوونی ڕێژیم لە ناو قەیرانەکاندا کە خۆی خوڵقێنەری بووە.

 شارەزایان و چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو پڕۆژە ستراتیژییەکانیدا لە نێوخۆ و دەرەوە تووشی بێهیوایی و شکست بۆتەوە.  ئەوەی ئێستا ڕێژیم لەم دۆخە ئاڵۆزە و تەنگژاویەدا پشتی پێ بەستووە و وەک کارتی گوشار بە کاریان دێنێ، تەنیا دوو بژاردەیە، یەکیان بەرنامەی ناوکی و دووهەمیان گرووپە چەکدارەکانی ژێر ڕکێفی خۆی لە ‌‌‌‌‌عێراق و حوسییەکانی یەمەن. ئێستا کە  قۆناغەکە گۆڕانکاری بە سەر داهاتووە و پێشتر سەرکێشانە شەڕی هێژمونخوازی دەکرد، بەڵام هەنووکە بە هەندێک پاشەکشە هەوڵی مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەدات، هەنوکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کەوتووتە نێو گێژاوی قەیرانەکان، ئاخۆ فریادڕەسێک بۆ جارێکی دیکە لە مردن ڕزگاری دەکا! یا ئەم جارەیان نۆبەی عەلی خامنەیە بۆ فڕکردنی جامی "ژەهر" و تەسلیم بوونی بە کۆمەڵگەی جیهانی و ئیرادەی خەڵکی ئێران، و یا سەرئەنجام تووشی چارەنوسی ڕێژیمە دیکتاتورەکان دەبێ؟

وەڵامی ئەم پرسیارە و دەیان سێناریۆی ناڕوونی دیکە لە داهاتوودا وەردەگرینەوە.