کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژئاوا لە پەنجەرەی ڕۆژهەڵاتەوە

22:37 - 4 بەفرانبار 2724

ڕۆژئاوا لە پەنجەرەی ڕۆژهەڵاتەوە

 

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

ئەوەی لە سووریە دەگوزەرێ بەر لەوەی وەک ڕووداوێکی گرینگی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕووخانی یەکێکی دیکە لە دیکتاتۆرەکان و کورتکرانەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی بیبینین، هەڵگری زۆر وانەگەلی دیکەیە کە پێویستە بەباشی بخوێندرێنەوە هەتا لە ڕۆژهەڵات سەرکەوتوو بین. چونکە وێڕای هەموو جیاوازییەکان هەبوونی زۆر توخمی وێکچووش دەبیندرێ کە لێرەدا باسی لێ دەکەین.

زۆربەی چاودێرانی سیاسی بۆچوونیان وایە ئەوەی کە لە سووریە ڕوی دا، پلانێکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو کە لە ڕێگەی تورکیەوە جێبەجێ کرا، بەو شێوەیە ئەمریکا دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی لەژێر هەژموونیی ڕووسیە دەرهێنا و پێگەی ئەوی لاواز کرد. ئیسرائیل بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دوای ئەو زەبرە قورسەی لە حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی دابوو، ئێرانی لاوازتر و لەرزۆکتر لە هەر کاتێک کرد، تورکیەش بە دوای ئەوە بوو بتوانێ ڕۆڵی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ناوچە کەم بکاتەوە هەروەها لە ڕێگای پڕوپاگەندەی نێوخۆیی ئەو بابەتە وەک سەرکەوتنێکی حیزبی دەسەڵاتدار پیشان بدات و بیکاتەوە هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە ئێستا بە هۆی قەیرانی ئابووری و هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر پەنابەری سووری لە تورکیە دەنگەکانی کەم بونەتەوە. لە ئێستادا داهاتووی سووریە پاش بەدەسەڵات‌گەیشتنی ئیسلامییە توندڕەوەکانی دوێنێ -ئەگەرچی ئێستا خۆیان جیاواز نیشان دەدەن- ئاڵۆز و ناڕوونە. ئاماژە بە چەند خاڵی بنەڕەتی بەرچاوڕوونی زیاترمان دەداتێ:

ئیسلامی سیاسی

یەکەم خاڵ کە تیشکی دەخەینە سەر باس لە ڕۆڵ و دەوری لایەنی چەکدار و سیاسیی هەڵگری ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی یا بە گشتی ئیسلامی سیاسییە. پرۆفیسۆر ئەحمەد ئەسلان، فەیلەسوفی تورک لە سەر گرووپە ئیسلامییەکان و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی دەڵێ لە هەر شوێنێک ئیسلامی سیاسی هەبێ، ئەوە شتێک بە ناوی ئایین نیە. ئەو قسەیە کاتێک باشتر وەردەگیرێ کە دەبینین گرووپە ئیسلامییەکان وەک باسکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچە و دونیا دەر دەکەن. گەورەترین لایەنی ئیسلامیی سووریە هەیئەتی تەحریری شام بە ڕێبەرایەتیی محەممەد جولانیە، کە مێژوویەکی ئاڵۆزی لەگەڵ هەموو گرووپە چەکدار و توندڕەوەکاندا بووە و ئێستا وەک ڕێبەرێک دەردەکەوێ کە دەیهەوێ ئاراستەی ڕووداوەکان دیاری بکات. محەممەد جولانی لە ڕیزەکانی ئەلقاعیدە و دواتر لە ڕیزەکانی داعشدا فەرماندەیەکی باڵا بووە و ئێستاش باس لە داڕشتنەوەی دامەزراوەکانی حکوومەتی دەکات. بەوەش جارێکی دیکە مەترسی ئیسلامی سیاسی دەر دەخاتەوە کە چۆن لە سەربڕین و خۆ تەقاندنەوەوە بۆ حکوومەتداری هەنگاو دەنێن، یا چۆن بە ناوی جیهاد دژی ئەمریکا و ئیسرائیل لاوان و هێزی شەڕ لە سەراسەر دونیا کۆ دەکەنەوە دواتر بۆ خزمەت بە ئامانجی دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕۆڵ دەگێڕن. واتە درۆ و فریو و گۆڕانی سەدوهەشتا پلە لە پێناو بەرژەوەندییەکان بۆ ئەوان ئاسانە.

ئەو گروپە ئیسلامییانە کە ئێستا لە تورکیە نزیکن ئەسەدیان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا ڕووخاند، ستراتیژیی محەممەد جولانی و گرووپەکانی دیکەی توندەڕو کە ئێستا لە جەبهەیەکی یەکگرتوودا پێکەوە کار دەکەن. جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیانە؛ ئەویش بە نیشاندانی ڕوویەکی جیاواز لە مێژووی توندڕەویی خۆیان. ئەوەی لە سووریە دیتمان سەرەتا بە چاوپێکەوتن لەگەڵ کاناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکا بە جورێک باسی دامەزراوەی حکوومەتی و دابین ردنی خزمەتگوزارییەکانی دەکرد، دواتر بە هۆی ئابووری داڕووخاوی سووریە باسی گەرمی ئەوان دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان وەکو نان و کارەبا بۆ ئەوەی بەو خزمەتگوزارییانە ڕوویەکی جیاواز نیشان دەدەن هەتا بتوانن زیادتر دەسەڵاتی خۆیان جێگیر بکەن.

 دووهەم هەنگاویان وەک باسی دەکەن چەککردنی گروپە چەکدارەکانن بۆ ئەوەی تەنیا چەک لە دەستی ئەواندا بێت و بۆ ئەو مەبەستەش وێڕای داماڵینی چەک لە کوردەکان و دژەبەرەکانی دیکە هەنگاوێکی گرینگ لە جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەرەو پێش دەبەن. ئەو ستراتیژییە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات خومەینی و تالیبانیش گرتبوویانە بەر. دوو ساڵ بەر لە ئێستا تالیبان دەیگوت مەترسی نییە بۆ مافەکانی مرۆڤ و ژن بە تایبەتی و ئەمڕۆ دەبینین بە تەواوی گەڕاونەتەوە سەر شێوازی حکومەتی پێش ٢٠٠٣.  ئەوەی دەتوانێ کۆسپ بێ بە سەر ڕێگای جولانی و هاوکارانی بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان، کۆمەڵگەی سێکۆلاری سوریەیە و ئەوەش کە ئەو کۆمەڵگەیە چەند دەتوانێ بەرگری بکات، جێگای پرسیارە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ساڵانێکی زۆرە تەیفی جیاوازی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لاوانی کورد بە ناوی ئایینەوە بۆ مەبەستە ئایدۆلۆژییەکانی خۆیان بەکار بێنێن. ئەو گرووپە جیاوازانە بێگومان بۆ ئەوەی ببن بە ئامرازی سیاسەتی داگیرکەران ئامادەییەکی یەکجار زۆریان تێدا هەیە و پێویستە لەلایەن بزاڤی سیاسیی کورد کە بزاڤێکی پێشکەوتنخواز و سێکولار و نەتەوەییە و کۆمەڵگەی وشیاری کوردستان بە هەند وەربگیرێن، هەتا سبەی نەبن بە کۆسپێکی جیدی لە کوردستان.

سەربەخۆیی حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

بزاڤی سیاسیی کورد لە ڕۆژئاوا لەژێر هەژموونی پارچەکانی دیکە و بە تایبەتی پەکەکەیە کە خاوەن دەسەڵات بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. ئەو دەسەڵاتە لە ڕووی هێزی سەربازییەوە بۆ مەبەستی جیاواز بە کارهێنراوە، لێ نەیتوانیوە ئەولەوییەتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکاتە ئەولەویەتی سیاسیی خۆی. ئەوەش وای‌کردوە ئێستا مەترسییەکی جیدی هەبێ بۆ سەر ئەو ئەزموونە. چونکە لایەنی دەسەڵاتدار -هەیئەتی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکەی توندڕەو- لە تورکیە نیزیکن و ئەوانیش بە دوای ئەوەن نەهێڵن ئەزموونێکی وەک هەرێمی کوردستان لەوێ دووبارە ببێتەوە. لەلایەکی دیکە ئەو دۆخە وەک سەرکەوتنێک بۆ حیزبی دەسەڵاتدار و ئەردوغانە کە بۆ جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا کەڵکی لێ‌وەردەگرێ. ئەو هێزە سیاسییانەی ڕۆژئاواش کە لەژێر هەژموونیی لایەنەکانی باشوری کوردستانیش بوون و بە هۆی دەسەڵاتی پەکەکە لە ڕۆژئاوا لاواز بوون، داخوازیی جیاوازیان هەیە و ئێستا لە دیمەشق بە جیا خەریکی دانووستانن.

بەر لە هەموو بابەتێک کورد بە گشتی لە ڕۆژئاوا خاوەن داوای دیار و ڕوون نین کە چیان دەوێ، ئەوەش وای‌کردوە پێگەی ئەوان لاواز بێت، دووهەم نەبوونی سەربەخۆیی سیاسی وای‌کردوە نەتوانن ڕۆژئاوا بکەنە تەوەری سیاسەتی خۆیان. ئەو بابەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای هەبوونی چەندین خاڵی ئەرێنی بێ کەندو کۆسپیش نیە، واتە پارتە سیاسییەکانی کاریگەری ڕۆژهەڵات خاوەن سیاسەتێکی ڕۆژهەڵات تەوەرن، بەڵام هەندێک لایەن کە لەژێر کاریگەریی حیزبەکانی پارچەکانی دیکەن، دەکرێ هەمان کۆسپی ڕۆژئاوا دوبارە بکەنەوە. لە لایەکی دیکە ئێمەش دەبێ لە ڕۆژهەڵات خاوەن سیاسەتێکی ڕوون بین کە چیمان دەوێ و چۆنمان دەوێ، چونکە ناڕوونیی ستراتیژییەکان لە کاتی دانووستاندندا پێگەی ئێمە لاواز دەکات.

 ئێران لاوازتر بووە

لە پێشدا پێویستە ئەو بابەتە بگوترێ ئیتر لاوازبوونی ڕۆژ دوای ڕۆژی ئێران ئیتر بابەتێکی نوێ نیە، بەڵکوو فاکتە. بۆیە لە جیاتی باسکردنی ئەو فاکتە پێویستە پرسیاری ئەوە بکەین چۆن یا بۆچی لە دوای لاوازیی ئێران ئێمە بەهێزتر و بەهێزتر نابین. واتە پێویستە باس لە بەهێزیی خۆمان بکەین نەک لاوازی ئێران. دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لەوانەیە هەرچی لە شەڕ و ئاڵۆزی ڕووی داوە بەپێچەوانەی بەرژەوەندییەکان ئێران بووە. لە ڕابردوو شەڕ و ئاڵۆزییەکان بۆ بەهێزبوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە دانوستاندنەکان بوو، بەڵام شەڕەکانی ئێستا پێگەی ئێرانی زۆر لاواز کردووە و گرنگترین پێگەی خۆی واتە سوریەی لەدەست داوە کە ڕاگرتنەکەی لە ساڵانی ڕابردوودا تێچوویەکی یەکجار زۆری بۆ کۆماری ئیسلامی هەبوو. ئەو لاوازییەی ئێستای ئێران لە ناوچە دەبێ بکرێتە سەکۆی بەهێزی کورد لە نێوخۆ و بەهێزترکردنی خەباتەکەی.

ڕووخانی دیکتاتوری سووریە کە بە ستەم سەرکوت لەسەر حوکم مابۆوە و سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتەی کوشت و بە میلیۆن کەسی ئاوارەی کرد، بەڵام بینیمان نەیتوانی هەتا سەر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و ئەمە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند دیکتاتور هەر دەڕووخێ و دەچێتە زبڵخانەی مێژوو. هاوکات هیوای خەباتی گەلانی ئێرانی بوژاندەوە و پێچەوانە دەسەڵاتدارانی تارانیشیان زیاتر وەلەرزە خستوە. بێگومان ئاسۆی ڕووخانی ئەوانیش دور نابیندرێ و لە دوێنێ نزیکترە.