کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانگەی بیرمەندان لەسەر پەيوەنديى نێوان بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان

00:54 - 6 بەفرانبار 2724

پەيوەنديى نێوان بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان

(ڕوانگەی بیرمەندان)

 

فوئاد خاکی‌بەیگی

تێئۆریی نیل سملسەر (Neil Joseph Smelser)

یەکێک لە ئاراستە گرینگەکانی شیکردنەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئاراستەی تێئۆریی کۆڕەفتارە و "نیل سملسەر" بە یەکێک لە دیارترین ئەو بیرمەندانە دادەنرێت کە گرینگیی بەو بابەتە داوە. نیل سملسەر، کۆمەڵناسی دیاری ئەمریکایی لە توێژینەوەیەکی مەیدانی لە ماوەی شەش ساڵدا توانیویەتی بگاتە ئەنجامی گرینگ دەربارەی کۆڕەفتار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو لە شیکردنەوەی بۆ کۆڕەفتار بە گشتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی "مۆدێلی بەهای زیادە"(Value-Added Model)ی بەکار هێنا.

تێئۆریی بەهای زیادکراو چوارچێوەیەکی شیکاریی ئاڵۆزە کە هەوڵ دەدات ئەو هێزانە ئاشکرا بکات کە کردارە بەکۆمەڵەکان لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا دەجووڵێنن. تێئۆرییەکە ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییانە (کە بە دیاریکەری کردەی بەکۆمەڵ ناو دەبرێن) لەنێو کۆمەڵگەکاندا دەستنیشان دەکات کە یارمەتیدەرە لە ڕوودان و دەرئەنجامی ئەو جۆرە کردارانە. ئەو جۆرە ڕەفتارانە بە شێوەیەکی وردتر و فراوانتر پێناسە کراون و ڕەفتارە بە کۆمەڵەکانی وەک؛ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، میلیشیاکان، کوتلە ئایینییەکان، شۆڕشگێڕان و هاوشێوەکانی لە خۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی تێئۆریی بەهای زیادکراو ئەوەیە کە دەبێت هۆکارێکی دیاریکراو بوونی هەبێت تا کردەیەکی بەکۆمەل ڕووبدات و لە ڕێگەی پڕۆسەی بەهای زیادکراو، هەر دیاردەیەک ئەگەری ڕوودانی کردارێکی بە کۆمەڵ و کاریگەربوونی زیاد دەکات. هۆکاری ناولێنانی ئەم تێئۆرییە -بەهای زیادە- بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چۆن هەوڵێکی بەکۆمەڵ بە شێوەی دووبارە بەهادار دەبێت لە هەر قۆناغێکی گەشەسەندن تا دەرکەوتنی وەکوو کردەیەکی بەکۆمەڵ.

سملسەر هەروەها شەش مەرجی بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیاری کردوە، ئەو شەش مەرجە قۆناغی یەک لە دوای یەکی دروستبوونی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتین و تەواوبوونی هەر قۆناغێک مەرجی دەستپێکی قۆناغێکی دیکەیە، کە بریتین لە:

_ بارودۆخی بونیادی: بارودۆخی گشتی کە هاندەر یا ڕێگرە لە دروستبوونی جۆرە جیاوازەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

_ گوشاری بونیادی: ئاڵۆزی، نیگەرانی سەبارەت بە داهاتوو، ناڕوونی، یان پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئامانجەکان کە دەبێتە هۆی بەرژەوەندیی دژ بە یەک لەنێو کۆمەڵگە.

_ پەرەسەندنی باوەڕە گشتێنراوەکان: بزووتنەوەکان لەژێر کاریگەریی هێندێک ئایدۆلۆژی تایبەت کە هۆکارن بۆ دەرکەوتنی ناڕەزایەتی و ڕێکاری کردەیی بۆ نەهێشتنیان پێشان دەدات، دروست دەبن.

_ هۆکارە خێراکەرەکان: ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە دەبنە هۆکاری ئەوەی ئەو کەسانەی لەنێو بزووتنەوەکە دان ڕاستەوخۆ هەنگاوی کردەیی بنێنن.

_ گروپەکانی ڕێکخستن: کەرەستەکانی پەیوەندیکردن، ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی بزووتنەوەکان.

_ ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی: کە وڵامدانەوەی دەسەڵاتدارانە لە بەرانبەر بزووتنەوەکە، هەروەها چۆنیەتیی ڕێبەریکردن لە لایەن نوخبەکانی کۆمەڵگە یا ڕێکخەرانی بزووتنەوەکە دیاری دەکات ئاخۆ ئەو بزووتنەوەی دەستی پێ کردووە بەردەوام دەبێت و سەرکەوتوو دەبێت یان نا؟

تێئۆرییەکەی سملسەر ڕەخنەی زۆری لێ‌گیرا، بە تایبەتی ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنە بۆوە کە ئەم تێئۆرییە بۆ شرۆڤەکردنی ڕەفتارە کۆمەڵییەکان گونجاوە نەک بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام هێشتا تێئۆرییەکەی هەمەلایەنی و لایەنگری زۆری هەیە و دەکرێت لە سەر بنەمای ئەم تێئۆریە شیکردنەوە بۆ زۆر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە (بارودۆخی بونیادی و گوشاری بونیادی) کە بە هۆکاری دروستبوونی بزووتنەوەکان دادەنرێن ناڕوونیی پێوە دیارە و بە وردی شرۆڤەی نەکردوە.

تیوریی "ئالێن تۆرن"

ئالێن تۆرن (Alain Touraine 1925) کۆمەڵناسی فەرانسی بە یەکێک لە تێئۆریسیەنەکانی نێو مارکسیەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت. بەلای تۆرن بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان ئامانجیان ڕزگارکردنی ئەو خودەیە کە چەمکی "بکەری کۆمەڵایەتی" نوێنەرایەتی دەکات، واتە ئەو چەمکەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات بە ڕەهەندێکی ڕەسەن لە تاکدا. تۆرن جەخت دەکاتە سەر ئەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زادەی ویست و ئاگایی تاکەکانن، ئەوەش بە ڕێگای دروستکردنی سەندیکای سیاسی، لەپێناو داکۆکیکردن لە داخوازییەکانیان. هەروەها دەڵێ؛ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تازەکان لە ڕێگەی کاری سیاسی و پێکدادانەوە دروست نابن بەڵکوو لەژێر کاریگەریی ڕای گشتی دروست دەبن.

تۆرن پێی‌وایە لە جیهانی مۆدێڕن بەبێ گفتوگۆی دێموکراتیک لە ئاستی گشتی و فراواندا، ناکرێ کولتووری دێموکراتیک و ڕەخنەگرانە و ناڕەزایەتی‌دەربڕین دروست ببێت، و پێداگریش دەکات لەسەر ئەوەی کە دەکرێت لە ڕێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرگری لە ناسنامە و سەربەخۆبوونی خود و ئازادیمان بکەین. ئەو پێی‌وایە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەی ڕێزپەر نین، بەڵکوو بە بەردەوامی لە ناخی کۆمەڵگە هەن. بە بڕوای ئەو چوار بنەما یارمەتیدەرە لە ناسینی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا کە بریتین لە:

١. هەبوونی شوناس: بەو مانایەی کە لایەنگرەکانی کێن و چۆن خۆیان پێناسە دەکەن.

٢. هەڵوێست وەرگرتن سەبارەت بە بابەتێک یا دژایەتیکردنی: واتە ئەو بزووتنەوانە لە بەرانبەر چ کەسانێکن، بە واتایەکی دیکە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاتێک بیچم دەگرن کە لە نێوان "ئێمە" و "ئەوان"دا بە تەواوی سنووریان بۆ دیاری کرابێت.

٣. ئامانجی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەکە، واتە لایەنگران و بەشدارانی بزووتنەوەکە بە دوای سەقامگیری چ جۆر نەزم و ئامانجێکی کۆمەڵایەتیدانن.

٤. بواری هاوبەشی کولتووری و گشتگیربوون وەک پەسەندکردنی بەهاکانی مافی مرۆڤ، تەندروستی، ژینگەپارێزی و ئازادی لە لایەن ئەندامانی بزووتنەوەکە.

"تۆرن" بەتایبەتی جەخت لەسەر ناسنامە دەکاتەوە و پێی‌وایە بنەمای کاری گشتی کە لە بزووتنەوەدا دروست دەبێت ئەو ناسنامەیەیە کە لە نێو بەشداربووان هەستی پەیوەست بوون دروست دەکات، و سنووری هەموو دامەزراوەیەک یا گروپێکی تایبەت تێ‌دەپەڕێنێت، لە هەمان کاتدا جیاوازی و تایبەتمەندیی کەسی بکەران دەپارێزێت. لەبەر ئەوەی بزووتنەوەیەک ئەوکاتە لەنێو دەچێت کە ناسنامەکانی ڕێکخراوەیی بەسەریدا زاڵ بن و هەستی گرێدراوی بە کۆمەڵێکی بەرفراوانترەوە بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تۆڕێکن لە هەڵسوکەوتی نێوان بکەرە جیاوازەکان و بەپێی هەلومەرجەکان دەتوانێت ڕێکخراوە فەرمی و نافەرمییەکان بگرێتەوە، لە بەر ئەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەندامیان نییە، بەڵکوو بەشداربوویان هەیە. ئەم بەشداربوونە سەرچاوەکەی هەستی بوونی تاکە لە هەوڵێکی گشتیدا، بێ ئەوەی گرێدراویی فەرمی بە ڕێکخراوێکی تایبەتەوە هەبێت، بەم شێوەیە بەشداری تاک لە سەر بنەمای مەیلی تاک خۆی دەبێت.

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕای "تۆرن" ڕەنگدانەوەی گرینگی ئەو چالاکیانەن کە لە کۆمەڵگەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەکانیان ئەنجام دەدرێن. هەروەها خوازیاری تێگەیشتن لەو ئامانجانە بوو کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە دوایدا دەگەڕێن و ئەو بۆچوون و بیرۆکانەی کە دژی کار دەکەن. ئەو پێی وابوو کە پێویستە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەکردەیی و لە گۆڕەپانی کردار و چالاکی بزووتنەوەکان توێژینەوەیان لە سەر بکرێت. مەبەست لە گۆڕەپانی کردار ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو هێز و فاکتەرانەی کە بزووتنەوەکە ڕووبەڕووی دەبنەوە. "تۆرن" سەبارەت بە داهاتووی بزووتنەوەکان و پێکهاتەی ڕێکخراوەییان جەخت لەسەر شێواز و پەیوەندییەکانی بزووتنەوە و پێکهاتەکانیان دەکاتەوە. پێیوایە پڕۆسەی گفتوگۆی ڕووبەڕوو کە لە مەیدانی کارکردن هەیە، لەوانەیە ببێتە هۆکاری گۆڕانێک لە هەلومەرجەکاندا، کە بزووتنەوەکە هەوڵی بەرنگاوبوونەوەی داوە، بەڵام لەوانەشە ببێتە هۆی تێکەڵبوون و یەکگرتنی دیدی هەردوولا، لە هەر یەکێک لەو بارودۆخانەدا لەوانەیە بزووتنەوەکە لە ناو بچێت یا وەک ڕێکخراوێکی هەمیشەیی بمێنێتەوە.

تیوریی "مانۆیل کاستلیس"

مانۆیل کاستلیس (Manuel Castells 1942) کۆمەڵناسی ئیسپانی لە "هێزی پەیوەندییەکان"دا بۆچوونەکانی خۆی خستووەتە ڕوو، ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای زانیارییەکان و جەخت لەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێڕن لە پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای زانیارییەکان وەکو مۆبایل، ئینتێرنێت و تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و میتۆدۆلۆژییەکی سەربەخۆ و تا ڕادەیەک گشتگیر دەخاتەڕوو. بە جۆرێک کە بەرهەمەکانی هاوکات لەسەر بنەمای ئەو تێبینی و ئامار و داتایانەیە کە خۆی تێیدا بەشدار بووە و ئەزموونی کردوون و نێوەرۆکێکی ڕەخنەگرانەیان هەیە، هەر بۆیە هێندێک کەس "کاستلیس" تا ئێستاش بە دیارترین تێئۆریڤانی جیهانی و تایبەت بە سەردەمی زانیاری دەزانن.

چوارچێوەی هزری "کاستلیس" لە سەر چەمکی (کۆمەڵگەی تۆڕی)ـی وەستاوە. لە ڕوانگەی ئەو کۆمەڵگەی تۆڕی جیهانی، کۆمەڵگەیەکە کە بونیادە کۆمەڵایەتییەکانی لە چوارچێوەی تۆڕە چالاکبووەکان بە ڕێگای تەنکنۆلۆژیای زانیارییەکان، پەیوەندییەکان و ڕێکخستنی داتا بە شێوەی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای مایکرۆئێلکترۆنیک بیچمیان گرتوە. لە وەها کۆمەڵگەیەک تۆڕەکان دەسەڵاتیان هەیە بە سەر ئەو چالاکی و ئەو کەسانەی کە لە ڕوانگەی تۆڕەکان (دەرەوەیی و نێوخۆیی) بە ئەژمار دێن و هەر لەم سۆنگەشەوە تۆڕە جیهانییەکان هۆکارن بۆ لەنێوچوونی تۆڕە خۆجێیەکان.

"کاستلیس" لە کتێبەکەی دیکەی -تۆڕەکانی تووڕەیی و هیوا؛ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی ئینتێرنێتدا- زیاتر دەپڕژێتە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە دەیەی ڕابردوودا. ئەو پێی‌وایە بزووتنەوە بەتۆڕکراوەکانی سەردەمی پەیوەندییەکان شێوازێکی نوێ لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن، ئەو بزووتنەوانەی کەمتر زنجیرەی پلەبەندین و زیاتر لە سەر بنەمای بەشداری کردنن. بزووتنەوە بێ ڕێبەرەکان، زیاتر لە سەر بنەمای تۆڕە ئاسۆییەکان، خۆبەڕێوەبەریی سیاسی تاک و یەکانگیری پلان بۆ دانەڕێژراو ڕاوەستاوە. لە ڕوانگەی "کاستلیس" ئەم جۆرە بزووتنەوانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەست پێ دەکات و لە جیهانی ئەمڕۆی پەیوەندییەکان وەکوو ڤایرۆسێکی گوازراوە، لە ڕێگای مۆبایل و گواستنەوەی نووسین و دەنگ و ڕەنگ پەرە دەستێنێت. ئەو پێی‌وایە کە ئینتەرنێت بارودۆخ و دەرفەتێکی ڕاستەوخۆی بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان و بەشداری پێکردن، هەستەکانی تووڕەیی گشتی و هیوای دروست کردوە. ئەو بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ترس و دۆزینەوەی هیوا، پەلکێشمان دەکات بۆ چەمکێکی گرینگ لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەویش چەمکی "شوناسی گشتی"یە. شوناسی گشتی ئاماژەیە بۆ سیستەمێکی پتەو و تێکەڵاو لە پەیوەندییەکان کە بە هۆیەوە بکەران دەتوانن پێناسەیەکی یەکگرتوو، بێ سنوور و نەگۆڕ لە (ئێمە) لە هەر کاتێکی دیاریکراو بخەنە ڕوو و بە بەشداری کردنیان لە بزووتنەوەکە پێکەوەیان گرێ بدات. لە ڕوانگەی کاستلیس ئەمە بابەتێکی بنەڕەتی و گرینگە بۆ بزووتنەوەکان، لەبەر ئەوەی خەڵک بە هۆی پێکەوەبوون بەسەر ترسیاندا زاڵ دەبن و دەتوانن ئاسۆی هیواکانیان بدۆزنەوە. پێکەوەبوون هەمان چەمکی (کۆمەڵگە) ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە پێویستی بە هەبوونی کۆمەڵێک بەهای هاوبەشە و ئەمەش هێشتا لە بزووتنەوەکە دروست نەبووە بەڵام بەرەو دروستبوون دەچێت، لەبەر ئەوەی زۆرێک لە خەڵکانی بەشداربوو بە خۆزگە و ئامانجی تایبەتی خۆی پەیوەست بە بزووتنەوەکە دەبن و دواتر هەوڵ دەدەن شتە هاوبەشەکانیان لە ڕەوتی بزووتنەوەکەدا بدۆزنەوە؛ هەر بۆیە کۆمەڵگە ئامانجێکە کە دەبێت بەدەست بێت بەڵام پێکەوە بوون خاڵی دەستپێک و سەرچاوەی گەیشتن بە هێزە.

کاستلێس لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە بزووتنەوەکانی دەیەی ڕابردوو دەکات و بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە تۆڕییەکان ناوی دەبات، کە سەرەتا لە جیهانی عەرەب پەرەی سەند و ڕووبەڕووی توندوتیژی تۆقێنەری دیکتاتۆری عەرەبی بوونەوە. ئەم بزووتنەوانە چارەنووسی جیاوازیان هەبووە، هەر لە سەرکەوتن تا دانوستان، ڕەشەکوژیی بەردەوام و تەنانەت شەڕی نێوخۆییان ئەزموون کردوە، دواتر بزووتنەوەکانی دیکە دژی بەڕێوەبەریی ناتەندروستی قەیرانی ئابووری لە ئورووپا و ئەمریکا سەریان هەڵدا.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی و بزووتنەوەی "وال ستریت" لە کتێبی (تۆڕەکانی تووڕەیی و هیوا؛ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی ئینتێرنێتدا) چەند تایبەتمەندییەک بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەیاری دەکات کە بریتین لە:

١. بزووتنەوەکان بە شێوازە جۆراوجۆرەکانیان تۆڕین (Networked)، کە ئینتێرنێت، مۆبایل و ئامرازەکانی دیکەی ئۆنلاین و ئۆفلاین دەوری سەرەکی دەبینن.

٢. لە کاتێکدا ئەو بزووتنەوانە بە گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتێرنێتەوە سەرهەڵدەدەن، تەنها بە داگیرکردنی ژینگەی شار دەبنە بزووتنەوەیەکی گشتگیر، چ بە دەستبەسەرداگرتنی گۆڕەپانە گشتییەکان بێت یا بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان لە شەقامەکان. کەشی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە لە کارلێکیی نێوان کەشی ڕەوتەکانی سەر ئینتێرنێت و کەشی ئەو شوێنانەی کە خۆپێشاندانی لێ دەکرێت پێک دێت، هەربۆیە ئەم تێکەڵابوونەوەی کەشی سەرهێڵ و کەشی شار، سێهەم کەش بە دوای خۆیدا بەناوی کەشی ئۆتۆنۆمی. ئەم کەشیی ئۆتۆنۆمی (خۆدمختاری)ـە شێوازی نوێ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانە.

٣. ئەگەرچی بزووتنەوەکان بە هۆی دەستبەسەرداگرتن و خۆپێشاندان لە شەقامەکان تاڕادەیەک ڕەگیان لە ژینگەی شار داکوتاوە، بەڵام بەردەوام بوونی ئەوان لە کەشی ئازادیی ئینتێرنێت دەستەبەر دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بزووتنەوەکان تۆڕێکن لە تۆڕەکان، دەتوانن بەبێ ئەوەی شوێنێکی دیاریکراویان هەبێت بە ڕێگای کارلێکی نێوان ئەو تۆڕانە یەکگرتوویی و یەکدەنگیی خۆیان دەستەبەر بکەن.

٤. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆی پریشکێکەوە دەست پێ‌دەکات کە دەکرێ بە هۆی ڕووداوێکەوە بێت یا بە هۆی بێزاری زۆر لە کردەوەی دەسەڵاتداران. کە لەم بوارەدا ڕۆڵی گواستنەوەی دیمەنەکان زۆر گرینگن، بەتایبەتی ماڵپەڕی یوتیوب دەورێکی کاریگەری هەبووە لە ڕێکخستنی قۆناغە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەکاندا.

٦. بزووتنەوەکان لە هەمان کاتدا کە لۆکاڵین، جیهانییشن؛ بە هۆکاری تایبەت بەو ژینگە یا کۆمەڵگەیە لە بەستێنێکی تایبەتەوە سەر هەڵدەدەن و کەشێکی گشتی دروست دەکەن لە ڕێگای داگیرکردنی کەشی شار و پەیوەست بوونیان بە ئینتێرنێت، کاردانەوەی دەبێت لە ئاستی جیهانی، لەبەر ئەوەی بە هۆی ئامڕازەکانی تەکنۆلۆژیا و ئینتێرنێت پەیوەندییان بە سەرانسەری جیهان هەیە و بۆ ڕێکخستنی خۆیان سوود لە ئەزموونەکانی دیکە وەردەگرن. و وەکوو ڤایرۆسێکی گوازراوە لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە و لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە وەک ئەزموونی بزووتنەوەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی کە چەندین وڵاتی عەرەبی گرتەوە کە زۆرینەی ئەوانە بە هۆی خراپیی دۆخی گوزەرانی خەڵک و دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتداران بوو.

٦. قۆناغی تێپەڕیین لە تووڕەییەوە بۆ هیوا بە ڕێگای هاوفکری لە کەشی ئۆتۆنۆمی دەستەبەر دەبێت. بڕیارەکان بە گشتی لە کۆبوونەوە و لێژنەکان بە وەرگرتنی ڕای بەشداران دیاری دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم بزووتنەوانە بێ ڕێبەرن، ئەوەش نەک بە هۆی نەبوونی خواست یا نەبوونی کەسی شیاو، بەڵکووو بەهۆی بێ متمانەیی زۆرینەی بەشدرانی بزووتنەوەکە بەرانبەر هەر جۆرە نوێنەرایەتی کردن و پێ سپاردنی دەسەڵاتەکان.

٧. تۆڕە ئاسۆییە فڕە ڕەهەندەکان لە کەشی ئینتێرنێت و کەشی شار، دەبنە هۆی هەستی پێکەوەبوون، بە خاڵێکی سەرەکی بۆ بزووتنەکان دادەنرێت. لەبەر ئەوەی خەڵک بە هۆی پێکەوە بوون بە سەر ترسیان زاڵ دەبن و ئاسۆی هیوایان دەدۆزنەوە. هەر بۆیە ئاسۆیی بوونی تۆڕەکان دەبنە هۆی بەهێزبوونی هاوکاری و یەکانگیری لە نێوان بەشداران و پێویستیی هەبوونی ڕێبەری فەرمی کەم دەکاتەوە.

٨. بزووتنەوەکان بەبەردەوامی خۆیان هەڵدەسەنگێنن و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی ئەوە دەکەن چ جۆرە کۆمەڵگەیەک و دێموکراسییەکیان دەوێت. بزووتنەوەکان لە بنەڕەتدا توندوتیژ نین، پشت بە نافەرمانی مەدەنی دەبەستن، بەڵام ناچار دەکرێن  بە مەبەستی گوشار خستنەسەر دەسەڵاتداران شوێنە گشتییەکان بگرن یا پشت بە تاکتیکی تێکدەرانە ببەستن.