کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرژەوەندییەکانی کورد

01:35 - 8 بەفرانبار 2724

ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرژەوەندییەکانی کورد

خالید بۆکانی

پێش ئەوەی باس لە ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەین و بڵێین، ئەو پلان و ئەگەرانە چین کە وڵاتە زلهێزەکان بە دوایدا دەگەڕێن، پێویستە بابەتێک بیر بێنینەوە، ئەویش ئەوەیە کە لە یەکەم دەسەڵاتی ٤ ساڵەی دۆناڵد تڕامپدا کە پلان و باسی ڕێڕەوی ئیبراهیم، یا ئاشتیی ئیبراهیم لە گۆڕێدابوو، لە بابەتێکدا ئاماژەم بەوە کردبوو کە بۆ ئەوەی ئەو پلانە سەر بگرێت شەرتی یەکەم لە نێوچوونی هەموو بەرەی مقاومەتە، واتە گرووپە توندڕەو و تێڕۆریستەکانی ناوچەکە کە بەشێکن لە بەربەستە سەرەکییەکانی ئەو پلانە، کە ئەو ڕۆژانە بەئاشکرا ئەوە بەدی دەکەین.

بە هەر حاڵ، بیری تێرۆریستی و هێرش و وێرانکاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە سەرچاوەکەی لە ئێرانەوە سەری هەڵدا و زۆر وڵاتی گرتەوە و تا ئەوڕۆش بەردەوامە، پێویست بوو ڕاوەستێت یا کۆتایی پێ بێت، بۆیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە چەند شێواز ویستیان پێشی پێ بگرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. ئەفغانستان و ئێراق نموونەی ئەو وڵاتانەن. دەزگاکانی هەواڵگری وڵاتان بە تایبەتی سی ئای ئەی بە هاوکاریی کۆمەڵناس و شارەزایانی بواری ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەو بڕوایە گەیشتن کە هەوڵدان و داسەپاندنی سیستمی سەردەمیانە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە قبووڵکراو نییە بۆ کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی بۆ موسڵمانەکانی دژ بە بیری رۆژئاوایی، بە پێی ئەو ئەزموون و لێکۆلینەوانە، ڕۆژئاواییەکان بە دوای چارەسەر دەگەڕان بۆ کردنەوەی ئەو گرێ کوێرانە و ئەو خالانەی کە لە لێکۆلەرەکان بۆیان گرینگ بوون بە شێوەیەکی گشتی ئەوانەن:

١- بیر و بیرۆکەی دژە رۆژئاوایی بە تایبەتی ئەمریکایی، سەردەمانێکە بەشێکە لە بەشی پەروەردەی بیری موسڵمانە توندڕەوەکان کە خۆتان دەزانن مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، بەتایبەتی لەوەتی دیندارەکان هاتوونەتە نێو دنیای سیاسەتەوە،بەردەوام هەوڵیان داوە دین بەکار بێنن بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی پلەی سیاسی.

٢- پوچەڵکردنەوەی تێئۆریی ئەوەی کە ڕۆژئاواییەکان بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن و ئەفغانستان، عێراق و سوورییەیان وێران کرد و ئێرانیش بە نەمانی حکومەتی خامنەیی دەبێتە یەکێک لەو وڵاتانە. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە کە تێئۆرییەکی مەبەستداری ئێرانی لەپشتە، پێمان خۆش بێت یانا کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بێ هیواکردنی دژبەرانی ئێران.

٣- لە نێوچوونی هەژموونیی شیعە- هیلالی شیعە بە دەستی سووننەکان. بە واتایەکیتر لە نێوچوونی تێرۆریست بە دەستی تێرۆریست. ململانە لەنێو ئیسلام وەک لایەنی شیعە و سوننە مێژوو و پەروەردەیەکی دوور و درێژی هەیە، ئەو بابەتە زۆرجاران بەکارهاتوە بۆ شەڕی سیاسی و چارەسەری کێشەکانی نێوان لایەنەکان،بێشک چەند لایەنێک تا ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ژێرناوی دین و ئیسلام گرووپی ترۆریستی سازمان دراویان پێک‌هێناوە. 

٤- هەوڵدان بۆ دامەزراندنی  سیستمێکی دەوڵەتی وەکوو وڵاتانی عەڕەبی کە تێکەڵەیەکی دینی و سەردەمیانە بێت بە لە بەرچاوگرتنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لێرەدا مەبەست ئەو وڵاتانەیە لە چوارچێوەی وڵاتانی خۆیان ڕەنگە یاسای ئایین یان شەرع بەشێک بێت لە یاسای دەوڵەتداری بەڵام بەشێک نین لە مەترسی ئاسایشی نێودەوڵەتی. 

ئەوانە بۆیە باس کران کە خوێنەر بەرچاوڕوونیی هەبێت لەو ئامانجانەی ڕۆژئاواییەکان هەیانە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی تازە.

با ئێستا باسەکە بێتە سەر پرسی نەتەوەی کورد و ئاسایشی نەتەوەییمان.

سیاسەتمەدار و شارەزایانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی، پێویستە زۆر ژیر بن لە زانین و ناسینی زانستی ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئاسایشی نەتەوەیی بە بێ لەبەر چاونەگرتنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەک هەڵەیە بگرە پێشگریکردنە لە گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەییمان. ئێستا بە پێی ڕووداوەکانی ناوچەکە، دابینکردنی ئاسایشی ئیسڕائیل، سەرەکیترین بابەتە لە چوارچێوەی ئاسایشی ناوچەیی کە ڕاستەخۆ پێوەندی بە ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەیە. بەپێی بارودۆخی هەنووکەیی، ئیسڕائیلە دیاری دەکات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبێ، چۆن بەڕێوە بچێت و کێ پێویستە خاوەن دەسەڵات و هێز بێت؛ بەتایبەتی پشتیوانی تەواوی ئەمریکای هەیە. بە خۆشییەوە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەپێی پاشخانی سیاسی، خەباتگێڕی و بەڕێوەبەریی پێشووی لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانی و زلهێزەکانەوە نەک بە مەترسی داناندرێ، بەڵکوو تا ڕادەیەک جێی باوەڕە بۆ وەرگرتنی  دەسەڵات، بەتایبەت لە لایەن ئەمریکا و ئورووپاشەوە ترس و نیگەرانییەکی زەق بەدی ناکرێت.

لە بیرمان نەچێت نەتەوەیەک دەتوانێت ببێتە خاوەن هیز و دەسەڵاتی نێودەوڵەتی کە ژێرخانی ناوخۆیی بەهێز بێت و لە ناوخۆیدا باوەڕ بە خۆبوون و یەکبوونی بەهێز کردبێت، بۆیە زۆر پێویستە کورد نێوماڵی خۆی یەک بخات و ویست و داخوازە نەتەوەییەکانی یەک بخات بۆ ئەوەی سەرلێشێواوی نێودەوڵەتی لێ نەکەوێتەوە.

لێرەدا تیشیک دەخەینە سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە دوو تەوەردا:

١-داڕشتن و پەروەردەی ویست و داخوازەکانی نەتەوەیی بە پێی ویست و داخوازییەکانی نێودەوڵەتی.

٢-نیشاندانی یەکگرتوویی یا لێک تێگەیشتن و بەهێزی نەتەوەیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.  

٣-هاوڕابوون و هەنگاو نان لە گەل کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

تێبینی:

ئاسایشی نەتەوەیی بە پێی زانستی سەردەمیانە زۆر لایەن لەخۆ دەگرێت.

باوەڕی  نەتەوەیی بەشێوەیەکی گشتی باوەڕێکە زۆربەی  ئەندامانی کۆمەڵگا بە بێ جیاوازی سیاسی و ئایینی ... بە خاڵی سەرەکی پێکەوەبوونیان دەزانن.

کولتووری قبووڵکردنی یەکتر، لە یەک سەرنگەردابوون لە بەرابەر دوژمنانی نەتەوە نەویست کە ئامانجیان ڕووخانی ژێرخانی پێکەوە بوونی ئەو نەتەوەیە. ئەو خاڵانەی سەرەوە کە باس کران کاتێک ڕوو دەدات و جێی نیگەرانی نابێت کە بابەت و هێڵەکانی نەتەوەیی بە گشتی لە ڕێگای پەروەردەی باشەوە لێک تێگەیشتنەکان ئەگەر وەک یەک نەبن لانی کەم پێویستییان بە لێک نزیکییەکی زۆر هەیە. ویست و داخوازییەکانی نەتەوەیی لە بواری سیاسی،کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی سەردەمیانە بێت بۆ لە ناوبردنی نیگەرانییەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی.