بەرگریی ڕەوا، ناسنامەی خەبات سیاسی لە ڕۆژهەڵات
ڕەزا دانشجوو
دەڵێن دوای دەستگیرکردنی "چێگوارا"، شۆڕشگێڕی بەناوبانگی چەپ، لە شوانێک کە شوێنی چێگوارای ئاشکرا کردبوو پرسیان: بۆچی حەشارگەی چێگوارات ئاشکرا کرد لەکاتێکدا ئەو خەباتی بۆ ئازادیی تۆ دەکرد! شوانەکە وەڵامی دایەوە: شەڕەکانی ئەو مەڕەکانمی دەترساند!
مێژوو پڕە لە چیرۆکی مرۆڤە کاڵفام و بێهەڵوێستەکان کە بە تێڕوانینە هەڵەکانیان هەمیشە گەورەترین بەربەست بوون لە ڕێگای ئازادی بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان. لە مێژووی خەباتی سیاسی لە کوردستانیشدا نموونەی زۆر لەم جۆرە بیرکردنەوە دەبینرێت، هەرچەندە جگە لە بێهەڵوێستی و کاڵفامی، بەداخەوە دەبێت دان بەوەشدا بنرێت کە خیانەت و کۆیلایەتیی دەرەکیش ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە نەگەیشتن بە ئامانجی سیاسیی ڕەوای کورد.
ڕێک لە ڕۆژانێکدا کە پێشەوای مەزن خەریکی وەدیهێنانی خەونی درێژخایەنی گەلی کورد و دانانی بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتنخواز و پێشکەوتوو لە کوردستان بوو، هەندێک کەسی بێهەڵوێست و خیانەتکار خەریکی داڕشتنی پلانی دژ بە پێشەوا و کۆماری کوردستان بوون. ئەو جەماعەتەی لە کۆتاییدا لەوپەڕی سپڵەیی، ئەمەگنەناسی و پێنەزانیندا سوپاسنامەیان ئاراستەی هێزی داگیرکەر کرد و ڕاشکاوانە خوشحاڵیی خۆیان لە سێدارەدانی پێشەوا وهاوڕیانی دەربڕی! بەڵام ئەوانە کێ بوون کە ئەوەندە ترسنۆکانە خیانەتیان لە خواستی مێژوویی نەتەوەیەک کرد؟ دەستەی یەکەم هەر وەک پێشووتر ئاماژەی پێ کرا خەڵکانێک بوون بێهەڵوێست و کاڵفام کە بیرکردنەوەی بەڕواڵەت ئاشتیخوازییان هەمیشە تێکەڵ بە جۆرێک لە خەیاڵ و وەهمێکی بێسنووره، ئەو کەسانەی بەداخەوە لە زۆر ساتەوەختە مێژووییە هەستیارەکاندا بوونە لەمپەر و ڕێگر لە بەرامبەر خواستی ڕەوای کۆمەڵگەدا. دەستەی دووهەم تاقمێک سەڕۆکی هۆز و تایفە بوون که سەقامگیربوونی کۆماری کوردستان بوو بە کۆتاییهێنان بە ڕاووڕووت و دزیکردنیان!
ساڵانێک دوای ئەم خیانەتە مێژووییە، لە ڕۆژانێکی هەستیاری تردا کە دەیتوانێ مێژووی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنووسێتەوە، هەندێک کەس لە بەرگی خیانەت یان بێهەڵوێستی و بیری تێکەڵاویی، بەبێ تێگەیشتن لە هەلومەرج و بارودوخی وڵات و جیهان بوونە گەورەترین بەربەست لە بەرامبەر خواستەکانی گەلەکەیان. لە پۆلێنکردنی ئەو کەسانە و گرووپانە دا دەتوانرێت ئاماژە بە سێ گروپی دیار و جیاواز بکرێت.
گرووپی یەکەم ئەوانە بوون کە بە هۆی تەماحی سامان و ماڵی زیاتر بەئاشکرا بوون بە هاوبەش و هاوکاری داگیرکەران و ڕێگەی خوار و لاری بەکرێگیراویان هەڵبژارد، ڕەنگە وشەی "جاش" باشترین و تاکە وشە بێت بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانەی کە بە ئاگادارییەوە ڕێگای خیانەتیان هەڵبژاردوە.
گرووپی دووەم کەسانی بێهەڵوێست و کاڵفام بوون،کە پێیان وابوو هەر شەڕێک دژی داگیرکەر مەحکوومە بە شکست و هیچ ڕێگەیەکی تر جگە لە تەسلیمبوون و کڕنۆشبردن نییە! ئەمانە ئەو کەسانە بوون کە ژیانێکی ئارام بەڵام ژێرچەپۆک و بێدەسەڵاتیان لە بەرخۆدان و خەباتکردن پێ باشتر بوو! لایەنی سێیەم گروپێک بوون کە قیبلەی هیوا و ئاواتیان نە دڵی کۆمەڵانی خەڵکەکەیان بەڵکوو زۆر دوورتر بەرەو مۆسکۆ و دونیای سۆڤیەت بوو! گروپێکی وەهمی کە لە خواستی خۆیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی جنۆکەی خەیاڵی ئیمپریالیزم، هەموو شتێکیان بە شەرعی دەزانی. سەرلێشێواوە دۆڕاوە سیاسییەکان کە بە هۆی بیرکردنەوەی هەڵەیان بوون بە هۆی بەلاڕێدابردنی ژیانی هەزاران گەنجی شۆڕشگێڕ و بەفیڕۆدانی ساڵیان خەباتی سیاسی لە کوردستان و لەژێر کاریگەریی حیزبی تودەدا بوون به گەورەترین فاکتەری دابەشبوونی کۆمەڵگەی سیاسی لە کوردستاندا.
سەبارەت بە کەسانێك کە ئاشکرا چەکی خەیانەتیان هەڵگرت هەموو شتێک ڕوونە و پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕوونکردنەوە نییە، بەڵام هەندێک جار تاقمێک پرسیار و پڕوپاگەندە لە لایەن گروپی دووەم و سێیەم دێنە ئاراوە کە دەبێت بە ڕوونی وڵام بدرێنەوە. شیکردنەوە و لێکدانەوەی مێژوو و هەڵوێستەکانی ئەم گرووپانە دەتوانێت بەربەستێکی گرنگ بێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەڵە کارەساتبارەکانی ڕابردوو. ئەم کەسانە و گرووپانەی کە تەنانەت دوای داڕمان و لەناوچوونیان، ێشتاش لە هەر دەرفەتێك بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و تێکدانی بیروڕای گشتی کەلک وەردەگرن و بە ورووژاندنی تاقمێک بابەتی بێبنەما یان ساختەکاری مێژووهەوڵ دەدەن گومان بخەنە سەر هەندێک لە ڕاستییە قبوڵکراوەکانی کۆمەڵگای کوردستان. وەک نموونەیەک، زۆرجار لەم گرووپ و خەڵکە دەبیسترێت کە شەڕی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵە بووە و بووە هۆی بەفیڕۆدانی سەرمایەی مرۆیی و ڕێگر بوو لە گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانی!
سەرەتا دەبێ بگوترێت ئەوەی لە کوردستان و لە بەرانبەر ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیدا ڕووی دا، شەڕ نەبوو بەڵکو بەرگرییەکی ڕەوا بوو. پێویستە نەوەی گەنج بزانێت کە سەرکردەکانی کورد بە تایبەت دوکتور قاسملوو زۆر هەوڵیان دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ئێران لە ڕێگەی دیالۆگەوە! گرنگە بزانرێت ئەوە کورد نەبوو شەڕی دەست پێ کرد و خومەینی بوو لە مانگی گەلاوێژی ١٣٥٨دا فەرمانی جیهادی دژ بە کورد دەرکرد و شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر گەلی کورددا سەپاند، و ئاشکرایە کە گەڵی کورد مافی بەرگری دەپارێزێت و شەڕی دەستدرێژکار دەکات!
ئێستا با لە ڕوانگەیەکی ترەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین، ئێمەش وەک ئەم کەسانە گریمانە دەکەین شەڕی دژی داگیرکەر و دەستدرێژکارێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی هەڵەیەکی مێژوویی بووە و هەوڵ دەدەین بە پشتبەستن بە داتا مێژووییەکان و لێکدانەوەی ڕووداوەکانی ئەم سەردەمە، مەسەلەکە زیاتر شیبکەینەوە و بگەینە ئاکامێکی پەسەندکراو.
دوای دەستبەسەراگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ٥٧ و سەقامگیربوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەو هێزانەی کە لە دژی ڕژێمی شا شەڕیان دەکرد، بەسەر دوو گرووپدا دابەش بوون. هەندێک بوون بە هاوڕێ و هاوکاری خومەینی و هەندێکیشیان قبوڵیان نەکرد و دڕێژەیان بە خەبات دا. چەپەکان لە سەردەمی شۆڕشی ٥٧دا گرنگترین گرووپی سیاسی بوون. لە نێو چەپەکاندا" تودە" و"چریک های فدایی خلق" دوو گرووپی سەرەکی بوون. "چریک فدایی خلق" لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بوون بە دوو بەش، لایەنی کەمینە کە خەباتی چەکدارییان هەڵبژارد و لایەنی زۆرینە کە ڕێگەی دیالۆگ و گفتگۆیان گرتەبەر! حیزبی توودە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ خومەینیدا بوو و خومەینیی بە بەربەست دژ بە ئیمپریالیزم دەزانی و بەردەوام بەشداری مشتومڕی سیاسی لە تلویزیۆنی ڕژیمدا بوون! "ملی مذهبی"کان یەکێک لە گرنگترین گرووپە سیاسییەکان بوون کە زۆر خومەینی نزیک بوون و لە پاریسەوە تا تاران هاوڕێ و هاوکاری بوون! بەڵام وەڵامی خۆمەینی بۆ ئەم حیزب و لایەنە سیاسیانەی کە پێیان وا بوو لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن چی بوو؟
"ئیحسان تەبەری" کە بە یەکێک لە گەورەترین تیۆریستەکانی توودە و چەپەکان نەک لە ئێران بەڵکوو لە جیهاندا هەژمار دەکرا، لە زیندان و لەژێر لێپرسینەوەکانی حوسێن شەریعەتمەداریدا مەجبوور کرا کتێبی "کژراهه" وەک "تۆبەنامە" بنوسێت و دواتر بە شێوەیەکی سەیر مرد! کیانووری، سەرۆکی حیزبی توودە چارەنووسی لە تەبەری باشتر نەبوو و دوای چەندین ساڵ زیندانی بوون لە بێکەسیدا لە تاران کۆچی دوایی کرد! دەتوانرێت بگوترێت لەم کەسانە ئاشتیخواز و لایەنگری دیالۆگەوە! کەس لە دەست خومەینی ڕزگاری نەبوو! یان ئێعدام و زیندانی کران یان بە ناچار لە ئێران ڕایان کرد! کۆتایی چیرۆکی "ملی مذهبی" ەکانیش لە چەپەکان باشتر نەبوو، یان بە گشتی گۆشەگیر بوون یان لانیکەم بۆ ماوەیەک زیندانی کران و بە گشتی لە سیاسەت دوورخرانەوە!
بەڵام ئەم هەڵسوکەوتەی کۆماری ئیسلامی تەنیا دژی ئەو حیزب و لایەنانە نەبوو کە لە ڕووی فیکرییەوە لەگەڵ ڕێژیمدا ناکۆک بوون. سەدان پیاوی ئایینی ناسراوی شیعە بە هۆی دژایەتیکردنی بیرۆکەی حوکمڕانی ولایەت فەقیهـ یان زیندانی کران یان لە کار و چالاکییەکانیان دوورخرانەوە. ڕەنگە ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری ناوبانگترینی ئەو کەسانە بووبێت کە بەهۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ خومەینی و بیرۆکەی وەلایەتی فەقیهـ لە کاردانەوەیەکی میژوویی لە لایەن خومەینی و هاوبیرانی لە مەرجەعیەتی شیعە دوورخرایەوە و تەنانەت دوای مردنیشی ڕێژیم ڕێگەی نەدا بنەماڵەکەی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی بەڕێوە ببەن!
بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نایەت. کۆماری ئیسلامی تەنانەت ڕەحمی بە بەرپرسەکانی خۆی نەکردوە و بەشێکی زۆریان سەرەڕای خزمەتکردنی ڕێژیم، یان خانەنشین یان زیندانی کراون و یان بە ناچار هەڵاتوون و هەڵوەدای وەلاتانی بیانی بوون! ئەبولحەسەن بەنی سەدر، یەکەم سەرۆک کۆماری مێژووی کۆماری ئیسلامییە کە بە گڵۆپی سەوزی خومەینی و میلیۆنان دەنگ هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام هەر زوو وادەی بەسەرچوونی تەواو بوو و بەشێوەیەکی زەلیلانە ناچار بوو ئێران بەجێ بێڵێت! لەکاردوورخسنەوەی مونتەزیری، جێگری خۆمەینی و خانەنشینکردنی لەلایەن خومەینییەوە؛ بەندکرانی مووسەوی و کەڕووبی لە لایەن خامنەیی لە ماڵە خۆیاندا، قەدەغەکردنی دەرکەوتنی خاتەمی سەرۆککۆماری هەشت ساڵەی ڕێژیم لە میدیای فەرمی ڕژیمدا، پەسەندنەکردنی سەلاحییەتی هاشمی ڕەفسەنجانی بۆ بەشداری لە پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پاشان خنکاندن و کوشتنی، چارەنووسی ئەحمەدی نژاد دەست پەروەردەی خامنەیی و...هتد نموونەی بێشوماری هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو کەسانەدایە کە جگە لە کۆیلایەتی و خزمەتکردن بەم دەسەڵاتە و بێگومان خیانەت لە میللەتەکەیان هیچی تریان لە کارنامەی ژیانی سیاسیاندا نییە!
ئێستا پرسیار ئەوەیە، بەم پێشینە دوورودرێژەی کۆماری ئیسلامی لە نەهێشتن و پەراوێزخستنی نەیارەکانی و تەنانەت لایەنگران و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی خۆی، ئایا هیچ ڕێگەیەکی تر جگە لە خەبات و بەرخۆدان بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکانی کورد دەمێنێتەوە!
ڕاستییەکە ئەوەیە کە گەورەکردنەوەی ئەو جۆرە بابەتە بێبنەمایانە ئەگەر هەڵقوڵاوی مێشکی کەسانی بێهەڵوێست و کاڵفام نەبێت بێشک جگە لە خیانەت هیچی تر نییە! گومانی تێدا نییە کە ئامانجی هەندێک کەس لە ورووژاندنی ئەو جۆرە بابەتانە تەنها تێکوشانێکە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەڵە سیاسییەکانی ڕابردوویان و لە ڕاستیدا لە واقیع هەڵاتن!
خاڵی کۆتایی و گرنگ کە هەرگیز نابێت لەبیر بکرێت ئەوەیە کە ئەگەر ئەو بەرگرییە ڕەوا و قارەمانانەی پێشمەرگە نەبوایە، ئێستا هیچ شتێک لە ڕۆحی خۆڕاگری و بەرخۆدان لە کوردستان نەمابوو. ئەو خۆڕاگری ئازا و بوێرانەی ژنان و پیاوانی کورد لە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەدا بوو کە خەونی کۆماری ئیسلامی بۆ بەچۆکداهێنانی ئیرادەی کوردستان شێواند. ئەوەی لە شۆڕشی ژینا لە کوردستان ڕوویدا، درێژەی هەر ئەو بەرگرییەکی ڕەوایە بوو، ئەمجارەیان لە شەقام و بە کەرەستەیەکی جیاواز! بزووتنەوەیەکی زەبەلاح کە نیشانی دا کە ڕەنگە کۆماری ئیسلامی خاکی کوردستانی داگیر کردبێت، بەڵام ڕۆحی خۆڕاگری و ئازادیی گەلی کورد زیندووە!
کوردستان لەسەر پێیە و لە هەموو کاتێک بەئاگاترە و ئەم بەئاگاهاتنەوەش بەرهەمی ئەو نەمامەیە کە پێشەوای گەورە لە کوردستان چاندی و ئیستا بە کەرامەتی خوێنی هەزاران شەهید لەم خەباتە درێژخایەنەدا بۆتە دارێکی پان و بڵیند، دارێکی پتەو کە ئێستا بە پانتایی ئەم جوغرافیایە زیندانیکراوە لە ئاگری هەتا داڵاهۆ ڕیشەی داکوتاوە و لق و شاخەکانی سێبەری سەری هەر شۆڕشگێڕێکی ئەم کوردستانەن. ئیتر نە تەور و بیوری دەستی داگیرکەر، نە بیرۆکەی هەڵە و ناڕاستی خەڵکانی بێهەڵوێست و کاڵفام، نە پەلەقاژەی تاقمێک سەرلێشێواو و دۆڕاوی سیاسی و نە خەنجەری دەستی بەکرێگیراو، ناتوانێت پێش بە گەورەبوون و بەرزبوونەوەی بگرێت.