کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژی فاشیزم!

18:15 - 19 بەفرانبار 2724

دژی فاشیزم!

ڕەزا دانشجوو

چەند ڕۆژێک دوای هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بازاڕێکی کاتیی کریسمس لە شاری ماگدێبۆرگ لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمان لەلایەن کەسێکی بە ڕەچەڵەک سعوودییەوە، کاتێک پێش دەست‌پێکردنی یەکێک لە یارییەکانی بۆندسلیگا لەنێوان یانەکانی شتوتگارت و ئیسن، هاندەران و یاریزانانی هەردوولا بە یادی قوربانیان و بریندارانی ئەم ڕووداوە خۆڵەکێک بێدەنگییان ڕاگەیاند. لەم نێوەندەدا توندڕەوێکی ڕاستڕەو لە ئامادەبووان بە هاواری: "ئەڵمان بۆ ئەڵمانییەکان!" ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بەم کردەوە تیرۆریستییە دەربڕی، کە هەر زوو ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی هاندەران و ئامادەبووان بووە کە وێرای فیتوولیدان بۆ بێدەنگ‌کردنی،داواکارییەکەی بە دروشمی "نازی، برۆ دەرێ!" وڵام درایەوە.

ئەم هەڵسوکەوتە جێی سەرنجەی هاندەران وخەڵکی ئەڵمان دەتوانێت وانەیەکی گەورە بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیرۆکە توندڕەوەکان لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. پرسیارەکە ئەوەیە، بەڕاستی چ شتێکی دروشمی "ئاڵمان بۆ ئاڵمانییەکان" خراپ و نائاساییە کە ڕووبەڕووی کاردانەوەی وا دەبێتەوە؟ تۆ بڵێی ئەم کەسانەی کە بەم شێوەیە وەڵامی ئەم داواکارییە دەدەنەوە وڵاتی خۆیان خۆش ناوێت؟! لە بنەڕەتدا ئەم دروشمە چ پەیوەندییەکی بە نازیزم و بیرۆکەی ڕاستڕەوانەوە هەیە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە دواوە. ناسینی ئەو هەلومەرجەیی کۆمەڵگەی ئاڵمان لە کاتی هاتنەسەرکاری نازییەکان و ئاگاداربوون لە چونیەتیی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن هیتلێر و حیزبی نازی دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆرڕاستییەکان ئاشکرا بکات.

هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نێوان دوو جەنگی جیهانی زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی نازیزم لە ئاڵمان خۆش کرد. زۆرێک لە ئاڵمانییەکان هەرگیز شکستی ئاڵمانیان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا قبوڵ نەکرد و لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە هۆکاری سەرەکیی ئەم شکستە خیانەت‌کردنی هەندێک لە بریکارەکانی دوژمن، بەتایبەتی جولەکەکان و هاوکاریکردنیان لەگەڵ دوژمن وهەروەها پیلانێکی نێودەوڵەتی بۆلەنێوبردنی ئالمان بوو. ئاڵمانییەکان ئەوەی لە پەیمانی "ڤێرسای"دا بەسەریاندا سەپێندرا و ئەو قەرەبووکردنەوە قورسانەی کە پێویست بوو بیدەن زۆر نادادپەروەرانە و وەک پیلانی تاقمێک دەوڵەتی دیار بۆ لەنێوبردنی ئاڵمان دەزانی. شانازیی لەدەستچووی ئاڵمانییەکان و بارودۆخی نالەباری ئابووری، ڕێگەی خۆش کرد بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و لەنێویاندا حیزبی نازی (Nationalsozialismus)!

هەستکردن بە بێزاری، ڕەتکردنەوەی قەبوڵکردنی مەرجە سەپێنراوەکان، نیگەرانییەکان لە بڵاوبوونەوەی مەترسی کۆمۆنیزم و ناسەقامگیری ئابووری، دۆخی وڵاتەکەیان زۆر ناسەقامگیر کردبوو.

قەیرانی ئابووریی نێودەوڵەتیی ساڵی ١٩٢٩ ئەم هەستەی نائومێدی و بێهیوایی زیاتر کرد. هیتلێر کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا وەک سەرباز خزمەتی کردبوو و بریندار بوو، لە ساڵی ١٩١٩ پەیوەندی بە گروپێکی بچووکەوە کرد کە خۆیان بە حیزبی ناسیۆنال سۆسیال (National Sozial) پێناسە دەکرد. هیتلێر دواتر بوو بە سەرۆکی حیزبی نازی و توانی لە ماوەیەکی کورتدا بیروڕاکانی بکاتە ئەجنێدا و بەرنامەی سەرەکیی ئەم حیزبە. هیتلێر لە ماوەی کورتی زیندانی‌کرانیدا، کتێبی (Mein Kampf)ی "خەباتی من" نووسی، کە بیروڕاکانی ئەو لە سەر باڵادەستیی ڕەگەزی ئاڵمانییەکان و پێویستیی هەژموونیی نازییەکان بەسەر هەموو جیهاندا لەخۆدەگرێت. ئەوەی جێگای سەرنجە هیتلێر لە ڕێگەیەکی تەواو یاسایی و هەڵبژاردنەوە هاتە سەر دەسەڵات! لە ڕاستیدا وەک باس کرا کۆمەڵگەی بێ‌هیوا و ناڕازی ئەو سەردەمە بۆ دڵنەوایی شانازی و سەرفرازی لەدەستچووی لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەی بیستن و قەبووڵکردنی دروشمە بێ‌بنەما،پۆپۆلیستی و زێدەڕویانەی هیتلێر بوو!

ئێستا دەتوانین تێ‌بگەین کە بۆچی دروشمی "ئاڵمان بۆ ئاڵمانییەکان" کە بەڕواڵەت مەعقوولە، بۆ گەلی ئاڵمان ئەوەندە ترسناک دەردەکەوێت. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا پارتی ڕاستڕەوی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئاڵمان (AfD) توانیویەتی وردە وردە لەژێر پەردەی دروشمی پۆپۆلیستی و خۆشاردنەوە لە پشت هەندێک لە واقیعی ئابووری کۆمەڵگەی ئاڵمان و بێگومان بە هاوکاری تاقمێک کردەوەی تێرۆریستی لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، دەنگەکانی زیاد بکات بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگە هێشتاش بە ترسەوە سەیری کردار و سەرهەڵدانی ئەم حزبە دەکات. ئەوان دەزانن کە چۆن پۆپۆلیزمی نازی نەک تەنها کۆمەڵگەی ئاڵمانی بەڵکوو ئوروپای بەرەو لێواری لەناوچوون برد و وڵاتەکەیانی کردە وێرانەیەک کە ساڵانێک نەتوانرا ئاوەدان بکرێتەوە. ئەوان دەزانن کە گەورەترین هێزی ئابووری ئوروپا و سێیەم گەورەترین هێزی ئابووری جیهان چەند پێویستی بە هێزی کارامەی بیانی هەیە. ئەوان دەزانن...

ڕاستییەکە ئەوەیە کە هۆکاری سەرەکی ئەم کاردانەوە توندە بەرامبەر بە ڕاستە توندڕەوەکان خۆشەویستی وڵات و پەرۆشی بۆ داهاتووی نیشتیمانیانە! هەرچەند تێڕوانینی ئینسانی بۆ ژیانی ئاشتیانەی گەڵان دەتوانێت وەک یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کاردانەوەیە باسی لێ‌بکرێت بەڵام دەبێ بگوترێت کە خۆشەویستی و بەرژەوەندی ئاڵمان و بیر لە داهاتووی وڵات بە تایبەت لە ڕوانگەی ئابوورییەوە هۆکاری سەرەکییە.

لە پشتی ناڕەزایەتی و فیتوولیدان و وتنەوەی ئەو هاندەرانەوە مێژوویەکی تاریک و یادەوەرییەکی ناخۆش هەیە کە نایانەوێت جارێکی دیکە وڵاتەکەیان لە داوی دیماگۆگێری و دروشمی پۆپۆلیستیدا لەنێو بچێت.

بیری فاشیستی لە شێوەی بەناو بزووتنەوەکانی "پان" لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەتایبەت لەنێو داگیرکەرانی کوردستاندا، هەمیشە گرنگترین بەربەست بووە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی نەک هەر کێشەی کورد، بەڵکو کێشەی نەتەوەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە، کە وڵاتەکەیان بە جۆرێک داگیر کراوە. ڕەنگە پان تورکیزم و پان فارسیسزم دوو بیرۆکەی هەر گرینگی فاشیستی لە ناوچەکەدا بن. بیرۆکەی پان فارسیزم (بە ناوی ساختەی ئێرانیزمەوە) لە سەردەمی پەهلەوییەوە، بە ئیشارەت‌کردنی یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا، سەرەتای پڕۆژەیەک بوو بۆ نەهێشتن و ئاسمیلەکردنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران. لە چاوی پەهلەوی و پان فارسەکاندا لەم جوغرافیا فراوانەدا تەنیا یەک زمان هەبوو و تەنیا یەک کەس توانای پاراستنی ئەم زمان و کولتوورەی هەبوو و ئەویش شاهانشا بوو! دوای ئەوەی شا هەڵات و خومەینی هاتە سەر دەسەڵات، فاشیزم، ئەمجارە بە شێوەی ئایینیی، سێبەری قورسی خۆی بەسەر ئێراندا بڵاو کردەوە و هەموو شتێک جگە لەو ئایینەی کە حکوومەت فەرمانی پێ کردبوو، پشتگوێ خرا و سەرکوت کرا!

بەداخەوه ساڵانێک دوای ئەزموونی تاڵی ئەم جۆرە حوکمڕانیە، ئێستاش فاشیزم بە هەڕدوو فۆرمەکەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران و نەتەوەکانی ئەم جوگرافیایە. چ فاشیزمی مەزهەبی ڕێژێمی خامنەیی وچ فارسیزمی لایەنگرانی پەهلەوی! بەداخەوە دەبێ بگوترێت کە لە شێوەی بیرکردنەوەی هەردوو گرووپەکەدا، بچووکترین ئاسەواری ئاگاداریی لە واقیعەکانی کۆمەڵگەی هەمەچەشنی ئێران، چ لە ڕووی فەرهەنگی و چ لە ڕووی زمانەوانییەوە بوونی نییە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، شێوەی بیرکردنەوەی باڵادەستی ئەو گرووپانە نە تەنیا هیچ گوڕانکارییەکی بە خۆیەوە نەدیووە بەڵکوو زۆر لە ڕابردوودا دۆگماتیکتر و ڕادیکاڵتر بوون.

ئەگەرچی دەبێ بگوترێت کە بە گشتی لایەنگرانی هەردوو بیرۆکە بەشێکی کەم لە کۆمەڵگای ئێران پێکدەهێنن، بەڵام واقیعی تاڵ ئەوەیە کە بە هۆی لاوازی پێکهاتەی کۆمەڵگەی سیاسی ئێران و نەبوونی حیزب و بزووتنەوەی سیاسیی دامەزراو لە ئێران، بوونی ئەم گرووپانە دەتوانێت بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤ نەک تەنها لە ئێران بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا زۆر مەترسیدار بێت.

لە بەرامبەر فاشیزم و دروشمە پۆپۆلیستییەکانیدا، جگە لە یەکگرتوویی و هۆشیاری هیچ ڕێگەیەکی‌تر نییە. بۆ زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوەیەکدا کە جگە لە وێرانکاری و کاولکاری هیچی تر ناهێنێت، پێویستە بزووتنەوە ئازادەکان پێکەوە و بە کۆی دەنگ کاربکەن بۆ لەناوبردنی ئەم ژەهرە کوشندەیە.

ئەم وشیارییە کە لە جوگرافیای قەتیسکراوی کوردستاندا بانگەشەی بۆ دەکرێت و لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا چەندین جار دەنگی دایەوە، دەبێت دووبارە بکرێتەوە و پڕوپاگەندەی بۆ بکرێت. لەگەڵ فاشیست دانوستان و دیالۆگ بێمانایە و بێری فاشیستی ناگۆڕدرێت! تاقە ڕێگە بەرخۆدان و ئاشکراکردنی پێکهاتەی ئەم شێوە بیرکردنەوەیە. وەک شەقامەکانی کوردستان و وەک هاندەرانی یانەی شتوتگارت و ئیسن!

"نازی برۆ دەرێ" یان "کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان".

ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٨٨٦ دا چاپ و بڵاو بۆتەوە