مێژووی پڕسەروەریی خەباتی حیزبی دێموکرات
فەتاح ڕەسووڵی
نەتەوەی کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژای مێژوو لەژێر زوڵم و ستەم و چەوسانەوەدا بووە. ڕابردووی پڕە لە ڕووداوی کارەساتبار و تراژێدیک. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هێرش و جینایەتانە هیچکات مڵکەچی داگیرکەران نەبووە و بەردەوام بەدرێژایی مێژوو بەتایبەت لە سەد ساڵی ڕابردوو بەرگری لە مان و مەوجودییەتی خۆی کردووە و بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی لە خەبات و تێکوشان نەوەستاوە، لەو ڕێگایەشدا قوربانی زۆری داوەو توشی نەهامەتی گەورە بووەتەوە.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و دوای نەمانی میرنشینەکان، تەکیە و خانەقاکان بوونە مەڵبەندی بەرخودان و تێکۆشان؛ دواتر لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە دامەزراندنی ڕێکخراو و کلۆپەکان جیلێکی نوێ لە کەسایەتییە ڕووناکبیرانی کورد جڵەوی بزووتنەوەی سیاسیی کوردیان گرتە دەست و بە شێوازێکی مەدەنی وسیاسی هەوڵی وەدەست هێنای مافەکانی کوردیان دا. ئەگەرچی شەڕی جیهانی یەکەم دەیتوانێ ئەو دەرفەتە بۆ کورد بڕەخسێنێت کە بە هیوای و ئاواتەکانی بگات لە بەڵام لە ئاوابەندی سیاسەتی زلهێزان دەوری کورد وەک نەتەوەیەکی مەزن لەبەرچاو نەگیرا. لە مەودای نێوان دوو شەڕی جیهانی یەکەم و بیستەم، بزووتنەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەبوو بەڵام لە هەموویاندا بە هۆکاری وەک کێشەکانی ناوخۆیی و دەرەکی، بەرەوڕووی توندترین سەرکوت و کوشتاری بەکۆمەڵ بوونەوە، هەمیسان کورد بە چۆک دانەهات و بەردەوام بوو لە خەبات و تێکۆشان. هەموو ئەو کاروچالاکی و بزووتنەوانە بیری ڕزگاریخوازی نەتەوەی کوردی بە هێزتر کرد و لەسەر مافە نەتەوایەتییەکان مکوڕتر بوون. لەو دەرفەتەدا بوو کە ڕووناکبیران، دڵسۆزان و کەسایەتییەکانی دەروەستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵومەرجی ئاڵوز و شەڕی زلهێزەکان و بۆشایی دەستەڵاتی ناوەندی ئێران، لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی کەڵکیان وەرگرتوو لەسەر داروپەردووی ڕێکخراوی نەتەوەیی "ژێکاف" لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووس سازدا بە سەرۆکایەتی پێشەوای نەمر قازی محەممەد "حیزبی دێموکراتی کوردستان" دامەزرا. ئەم حیزبە هەر زوو توانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دەوری ئاڵا و دروشمەکانی خۆی کۆبکاتەوە و بەشێک لە ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە. حیزبی دێموکرات وەک یەکەم حیزبی مۆدێڕن، شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخواز بوو بە خوشەویستی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە. گرنگایەتی و پێویستی پرسی نەتەوە و شوناسی کوردی لە بەرنامەی سەرەکی ئەم حیزبە بوو. هەر ئەوەش وایکرد دوای چەند مانگ لە دامەزراندنی، لە ٢ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ(١٣٢٤) بەوپەڕی بوێری و هەست بە بەرپرسیارەتی مێژوویی کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕابگەیەندرێ و قازی محەممەد وەک پیشەوا و یەکەم سەرۆک کۆماری کورد دیاری بکری. دووی ڕێبەندان واتە ڕۆژی دامەزراندی یەکەم کۆماری کوردی وەک ڕۆژێکی پیرۆز و بەرز بۆ هەمیشە لە یادەوەری نەتەوەی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستاندا بە مەزنی ماوەتەوە. ئەگەرچی تەمەنی کۆمار کەمتر لە ساڵیک بوو و بە هۆکاری نێوخۆیی و هێرشی سپای داگیرکەری ڕێژیمی ڕزاخان، ئەزمونی کۆماری کودستانیش وەک بیرەوەرییەک مایەوە، لەلایەکی دیکە هەر ئەو ١١ مانگە بوو بە مێژوویەکی پڕ لە شانازی و سەروەری بۆ سەرجەم گەلی کورد. کۆماری کوردستان تەمەنی کورت بەڵام وەک ئەزمونێکی سەرکەوتوو زۆر دەسکەوتی گرینگ و بەنرخی بۆ گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بە میرات بەجێهێشت. جییا لەوەی پلان و بەرنامە و یاسایەکی ڕیکوپێکی بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەی وڵات دانا، وێڕای ئەوەیکە بایەخی بە پرسی ژنان، مناڵان، وێژە و بڵاوکراوەکان، هەروەها دامەزراندنی سپای نەتەوەیی لە ژێر ناوی پیشمەرگە دا، ئاڵای کوردستان و سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب"ـیشی کردە هێمای نەتەوەی کورد. کۆماری کوردستان پەیامی گرینگی شوناسخوازی نەتەوەیی و گوتاری یەکگرتویی و شۆڕشی جەماوەری و بەهێزکردنی هەستی ناسیونالیستی لە نێو گەلی کورد، بڵاوە پێکرد و بوو بە مەکۆی سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستانی گەورە و وەک چرایەک ڕووناکی بەخشیە هەمو کوردستان. وانەیەکی بەرز و مەزنی دیکە کە لە کۆمار و سەرۆکەکەی بۆ ئێمە بەجێ ما ئەوە بوو کە؛ هەر وەک پیشتر بەڵێنی بە گەلەکەی دابوو لە کاتی تەنگانەشدا بە جێیان ناهێڵیت، بەڵێنییەکەی خۆی بردە سەر، بەڕێزیان وێڕای ئەوەیکە دەیزانی دەیکوژن بەڵام خەڵکی خۆی بەجێ نەهێشت و وەفادار مایەوە لە کاتی دادگایی کردنیشی دا زۆر ژیرانە و بەوپەڕی شەهامەتەوە بەگژ دوژمنانیدا چۆوە و لە هەوڵ و ئامانجەکانی نەتەوەکەی بەرگری کرد، قازی نەمر بۆ جارێکیش لە ئامانجەکانی پاشەکشەی نەکرد و سەربەرزانە بەرەوپیلی مەرگەوە چوو و بەسەخاوەتەوە گیانی فیدای بەرژەوندییە باڵاکانی گەلەکەی کرد و ئاڵای ڕزگاری میلەتەکەی بە شەکاوەییەوە هێشتەوە و بە نەسڵی داهاتوی ئەسپارد. ئەو نەمامەی بە دەستی پیشەوای مەزن ڕوێندرا ئێستا وەک دارە بەڕوو ڕەگاژۆی سەرجەم کوردستانی داگرتووە و بە هیچ لافاو و ڕەشەبایەک لە بن نایەت. ڕاستە تێکچونی کۆمار و سێدارەی پێشەوا وەک ڕێبەری ئەم جووڵانەوەیە ڕووداویکی تاڵ و قورس بوو، لە بواری مەعنەویشەوە کاریگەری نەرینی لەسەر بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دانا. بە دوای کارەساتی ڕووخانی کۆماری کوردستان شەپۆلی ڕاوەدونان و ڕەشبگیری خەباتگێڕانی حیزب دەستی پێکرد، بەشیکی بەرچاو لە کادرە چالاک و پێشکەوتووەکان ڕاپێچی چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی پەهلەوی کران، بەشێک شاربەدەر و بەشێکیش پەڕیوەی باشووری کوردستان بوون و لەوێ گیرسانەوە و خەباتیان دەست پێی کردەوە. بە رواڵەت ڕێژیمی دیکتاتۆری شا توانی کۆماری کوردستان بڕوخێنیت، بەڵام نەیتوانی بیروهزری نەتەویی لە ناخی کوردا بسرێتەوە و ئێرادەی گەلی کورد تێکبشکێنیت. لە قۆناغێکی ئاستەم و دژوار و پڕ لە ئاستەنگدا جیلێکی نوێ لە تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری کورد بە شێوازی جۆراوجۆر خەباتیان درێژە پێدا و ئاڵای نەتەوییان بە شەکاوەیی ڕاگرت. چالاکیی سیاسی، مەدەنی، تەشکیلاتی و تەنانەت نیزامی بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا لە لایەن ئەندامانی دەروەستی حیزبەوە بەڕێوەدەچوو. ساڵەکانی ٤٦و٤٧ لە دۆخێکی سەخت و ئاڵۆزدا چالاکی چەکداری دەست پێدەکاتەوە، قڕمەی چەکی ڕۆڵە بەورەکانی دێموکرات بێ دەنگی فەزای ئێران دەشکێنن و خەو لە چاوی بەکرێگیراونی ڕێژیم دەشێوێنن، کە خەونی لە نێوچوونی ئەم بزوتنەوەیان دەبینی. ئەم جووڵانەوە شۆڕشگێڕانەیە پەیامیکی گرینگ بۆ تاران بوو؛ گەلی کورد هەرماوە و قەت ئاڵاکەی نانەوێ، کوردی ئازادیخواز لە پێناو مافە ڕەواکانی بەرگەی هەموو نەهامەتی و کارەساتێک دەگرێ و ئامادەیە لە پێناو سەربەخویی و ئامانجەکانی دا فیداکاری بکات. ئەم چالاکییە قارەمانانەیە ئەگەرچی قوربانی و خەساری گیانی بۆ شۆرشگێڕان هەبوو لەهەمان کاتدا خوێنی سووری تێکۆشەرانی دێموکرات بوو بە ڕووبارێک و زەوی قاقڕ و تینووی نیشتمانی پاراو کرد، جارێکی دیکە هیوا بۆ کۆمەڵانی خەڵک گەڕایەوە، شادی و باوەڕ بە خۆبوونی خەڵکی بووژاندەوە. ساڵی ١٣٥٧ گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بە تێکڕا بە دژی شا ڕابوون و ڕوخاندیان بەڵام ئاڵوگۆڕی دەستەڵات لە بەینی دوو ڕێژیمی دیکتاتور و دژە گەلی، تەنیا جیاوازیان لە جلوبەرگیان دابوو! ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و کادر و پێشمەرگەکانی لە باشووری کوردستانەوە گەڕانەوە ناوخۆ و وەک سەردەمی کۆماری کوردستان لە لایان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە باوەشیان بو کراوە و پێشوازی گەرمیان لێکرا. ئەمەش دەرفەتێکی نوێی ڕەخساند بۆ بووژانەوەی ڕێکخراوە سیاسیەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەمین هێزی جەماوەری دووبارە خۆی ڕێکخستەوە و دەستی بە کاروچالاکیی سیاسی کردەوە، حیزبی دێموکرات کە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشان بوو بە بەرنامە و ستراتیژی تازە خەباتێکی گشتگیر و فرەڕهەندی لە هەموو شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردەوە. لاوانی خوێن گەرم و نیشتمانپەروەر لە سەرتاسەری کوردستان پۆل پۆل پەیوەستی ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات دەبوون. هێزیکی گەورەی سیاسی نیزامیان پێکهێنا. ئەم قۆناغە بە سەرکردایەتی د. قاسملوو رێبەری زانا و بلیمەت وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی کورد و حیزبی دێموکرات ماویتەوە هەموو هەوڵی حیزبی دێموکرات و کەسی د. قاسملوو ئەوەبوو بەشێوەی ئاشتی و دیالۆگ و دوور لە خوێن ڕشتن و توندوتێژی لەگەڵ ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتو بگەنە چارەسەر. بۆ ئەم مەبەستە چەند جار چاوپێککەتن لەگەڵ خومەینی و لێژنەی دانوستانکاری کورد و ناوەند کرا. بەڵام هەموو هەوڵەکان بێ ئاکام مانەوە، خومەینی نەتەنیا پشتی لە داخوازییە ڕەوکانی گەلی کورد کرد بەڵکوو لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨، فتوای جیهادی بە دژی گەلی کورد ڕاگەیاند و کوردستان لە هەموولایەکەوە لەسەر زەوی و ئاسمانەوە کەوتە بەر پەلاماری دڕندانەی ڕێژیمی ئاخۆندەکان وەک کورد دەڵێ بە؛ شەلم کوێرم کەس نابوێرم، کەوتنە قەتلوعام و قەڵاچۆکردنی شارو گوندەکانی کوردستان و دەستیان لە هیچ جینایەتێک نەپاراست. هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمن و بەرگری لە کەرامەت و مانەوەی گەلەکەیان کەوتنە شەڕیکی نەخوازراو و سەنگەریان لە داگیرکەران گرت. لە هەموو ناوچەکانی کوردستان شکستیان بە دوژمن هێنا. ئەم شەڕەی خومەینی و حاکمانی تاران کە بە دژی گەلی کورد ڕاگەیەندرا، لەو کاتییەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و تێچووی قورسی بۆ هەردووک لا هەبووە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزی سەرەکی و شوێندانەر و خاوەن پێگەی جەماوەری هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە باوەڕی بە پرنسیپەکانی ئەخڵاقی و ئاشتەوایی هەبووە و یاسا و ڕێسا بنەماکانی مافی مرۆڤی هەتا ئاستێکی باش بەتایبەت لە شەڕەکان دا پاراست کە ئەمە لە کارو کردەویدا ڕەنگی داوەتەوە. گەلی کورد بە دریژای مێژووی خەبات بۆ سەربەستی و مافەکانی هیچ کات شەڕخواز و هێرشبەر نەبووە، بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە ئەوەیە؛ لە تەواوی ئەو شەڕانەی کورد وەک خاوەن ماڵ تەنیا بەرگریکار بوو و هێرشی بۆسەر خاکی کەس نەکردووە بەلام دوژمن وەک پەلاماردەر و داگیرکەر هێرشی کردووەیە سەر خاکی کوردستان. لە سەرەتای دەیەی شێستەوە شەڕیکی نابەرابەر لە نیوان هێزەکانی ڕێژیم و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەراسەری کوردسان دەستی پێکرد و حیزبی دێموکرات وەک گەورەترین هێزی مەیدانی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە. ئەو شەڕە داسەپاوە هەتا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بەشێوەی بەرە و جبهەیی و پارتێزانی لە هەمو کوردستان بەردەوام بوو، لەبەر پاراستنی خەڵکی کورد و ماڵوێرانی هێرشی دوژمن، بە پاشەکشەی هێزە کوردییەکان بەرەو سنورەکانی باشووری کوردستان و گۆڕینی تاکتێکی شەڕ، قۆناغیکی دیکەی خەبات دەست پێدەکات. کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ جەولەی سیاسی و نێزامی و پەیوندی گرتن بە کۆمەڵانی خەڵک دەچوونەوە قووڵایی ناوچەکانی کورستان و کاروچالاکیان دەکرد. ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەخسی د. قاسمڵوو کە هەمیشە باوەڕی بە ئاشتی و وتوویژ بووە بۆ چارەسەری پرسی کورد بەردەوام هەوڵی دەدا ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی تێبگەهێنێ دانوستان و ئاشتی زۆر باشترە لە شەڕ، بەڵام ڕێژیم هیچ باوەڕێکی بە ماف و ئازادی گەلان نەبوو و لە نیازپاکی و ئاشتی خوازی د. قاسملوو بۆ لە داو خستنی کەڵکیان وەرگرت، ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لە سەرمیزی وتووێژ لە ڤیەن پیتەختی ئوتریش دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێرانی ئەو زاتە بەرزەیان تێرور کرد. گەلی کورد بە لەدەستدانی ئەم کەسایەتیە گەورە و پڕکاریگەرەی هەروەها جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ئێران و کوردستان تووشی خەسارێکی گەورە بوو و هەتا ئێستاش ئەم خەسارە و کەلێنە پڕ نەکراوەتەوە. دوای تیروری د.قاسملوو ئەرکی ڕێبەری حیزب دەکەویتە سەرشانی د.شەرەفکەندی، کەسایەتیکی کاریگەر لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی، مودیرێکی بەمشوور و زانا، بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونەکانی شەهید د.قاسملوو لە بەردەوامی خەبات نەوەستا و بە گڕوتێنیکی زیاترەوە شۆڕش و جووڵانەوەیان بەرەو پێش برد و خەونەکانی ڕێژیمی ئاخوندیان کردە مۆتەکە. بەداخەوە جارێکی دیکە بە پیلان و دهۆی ڕێژیمی تیرۆریست پەروەری ئێرانی لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، ئەو سەرکردە مەزنەشی لە ڕیستورانی میکۆنووس لە بەرلینی وڵاتی ئاڵمان شەهید کرد. لەدەستدانی کارەساتباری دوو ڕێبەر و سەرکردە لە ماوەی سێ ساڵدا خەساریکی گەورە بوو بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و برێنیکی قووڵ لە سەر جەستەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. کۆماری ئێسلامی پێیوابوو ئەم جارەیان تیری خەڵاسی لە پەیکەری خەباتی "حدکا " داوە لە ڕاستێدا دوژمن و تەنانەت بەشێکیش لە دۆستان و دڵسوزانی حیزب باوەڕیان کردبوو کە خەباتی حیزب ئەگە کۆتاییشی پێ نەیەت، زۆر لاواز دەبێ. بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشان و بێ وچانی پێشمەرگەکان خەونەکانی دوژمنان وەڕاست نەگەران و ڕێبەرایەتیی حیزب و ڕولە فیداکارەکانی نیشتیمان بەڵێنیان دەگەڵ ڕوحی شەهیدان و گەلەکەیان نۆی کردەوە ئەم ڕێگایە تا سەر بڕۆن و نەهێڵن ئەم خەباتە لە پێی بکەویت.
دوای هەموو نەهامەتییەکان، سەپاندنی شەڕ، تیرۆر، سێدارە و گرتن و ئەشکەنجەی تێکۆشەرانی کورد حیزبی دێموکرات خەبات و بزوتنەوەکەی بە پەشتێوانی جەماوەری شلگێرانە قۆناغەکانیان بڕیوە و ئاسۆی سەرکەوتن زۆر لە جاران ڕونتر و نیزێکتر بووەتەوە. هیچ موباڵەغەی تێدا نییە کە دەڵێین حیزبی دێموکرات سەروگەردنێک لە سەروی هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردی ڕۆژهەڵات و غەیرە کوردی ئێرانیە، خاوەن مێژوو و ئەخڵاقی شۆڕشگێری، خاوەن بڕیاری سەربەخۆ و پێگەی سیاسی و جەماوەری و خولقێنەری ڕەسەنایەتی و شۆناسی نەتەوەیە، ڕۆژبەڕۆژ خۆشەویستی و پشتیوانی کۆمەڵانی مافخوازی گەلی کورد بۆ حیزبەکەیان لە هەڵکشاندایە و ئاوێتەی یەک بوونە. مێژووی خەباتی بێ پسانەوەی "حدکا" بە زۆر قۆناغی ئاستەم و دژواردا تێپەڕیوە بەرز و نزمی و ئاستەنگ و کێشەگەلێکی زۆری بینیوە، قۆربانی زۆری داوە وخۆین لە جەستەی دەچۆڕێ بەڵام بەوحاڵەشەوە هیچکات سەنگەری خەباتی چۆل نەکردوە و بۆتە سەرچاوەی هیوا و ئومێدی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوەڕوانی و چاوەکانیش هەر لە سەر ئەم حیزبەن بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی.