پەيوەنديى نێوان بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان
(کاریگەریی نەرێنیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان)
فواد خاکیبەیگی
بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان پێیانوابوو فراوانبوونی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر و ئەرێنیی لە پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێت. هەرچەندە لە ڕابردوودا نوخبەکان و چالاکانی بزووتنەوەکان بە بەکارهێنانی تۆڕەکانی گەیاندنی زانیاریی سوننەتی بە خێرایی کەم و تێچووی زۆر هەوڵی کۆکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵکیان دەدا، بەڵام لەگەڵ هەرچی زیاتر فراوانبوونی و لە بەردەست بوونی بۆ گشت کەس سەرەڕای زیادبوونی خێرایی لە گەیاندنی زانیارییەکان تێچووی ئەو چالاکییانە تارادەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە، بەڵام بەکارهێنانی ئەم ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە هێندێک کات ئاراستەی بزووتنەوەکان دەگۆڕێت و تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازبوون یا لە نێوچوونی بزووتنەوەکە.
پەیوەندییەکان لە ڕێگای ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی گرینگیان لە زۆربەی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە. هەر بۆیە چەندین توێژینەوە سەبارەت بە تاوتوێکردنی ڕۆڵی ئەم ئامرازانە لە کارلێکی مەدەنی و بەشداریی سیاسی ئەنجام دراوە. بەپێی ئەو ڕوانگانەی کە هەوڵی شرۆڤە کردنی کاریگەریی ئینتێرنێتی لە بزووتنەوەکان داوە، ئینتێرنێت نەک چالاکیی ئۆنلاینی خێراتر کردۆتەوە بەڵکوو فۆرمێکی نوێی بە چالاکییەکان بەخشیوە. هەر ئەمەش بۆتە هۆکاری زۆربوونی ڕوانگەی ئەرێنی و خۆشبینانە بەرانبەر ڕۆڵی ئینتێرنێت لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ڕوانگەی ئەرێنیی دیجیتاڵی هیوادارە کە بتوانێ نێوەرۆکی هێز لە تۆرە دیجیتاڵییەکان و هەروەها نێوەرۆکی هێز لە جیهانی واقیعی بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەو تۆڕە دیجیتاڵییانە زیاتر لە هەر کات تێکەڵ بە ژیانی مرۆڤەکان بوون، بەڵام زۆری نەخایاند کە لە بەرانبەر ئەو تێڕوانینە ئەرێنیانە، تێڕوانی نەرێنی یان ڕەشبینانە پەرەی سەند، کە ڕۆڵی ئینتێرنێت لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیار. ئەم تێڕوانینە ڕەخنەگرانە پێیان وایە کە کاریگەریی ئینتێرنێت لە سەر دێموکراسی ئەوەندەش ئەرێنی و خۆشبینانە نییە.
لێرەدا چەند خاڵێک سەبارەت بە کاریگەریی نەرێنی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر چالاکیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەخرێتە ڕوو:
بەربڵاوبوونی چالاکی و سلاکتیڤیزم (Slacktivism)
لەم ساڵانەی دواییدا توانایی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو هۆکاری گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، بە شێوەیەکی فراوان جێگای مشتومڕی توێژەران و بیریارانی ئەو بوارە بووە. ڕوانگەکان سەرەتا سەبارەت بە ڕۆڵی ئینتێرنێت لە چالاکییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەرێنی بوون. بەڵام دواتر ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە هاتە کایەوە لە ژێر ناوی (سلاکتیڤیزم)، کە چالاکییە دیجیتاڵییەکان بە چەندین هۆکاری وەک؛ کەمتەرخەمی، کەمیی تێچوو، نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی واقیعی (جیهانی ئۆفلاین)، نەبوونی پابەندی، پەیوەندی کەم و لاوازیی تاکەکان لە گەڵ یەکتر، کەمبوونەوەی کاریگەری یا نەبوونی کاریگەری ڕەت دەکەنەوە.
چالاکیی ئۆنلاین وەکو (سلاکتیڤیزم) لە ئێستادا کەوتۆتە بەر ڕەخنە بەو مانایەی کە چالاکیی ئۆنلاین کاریگەری ڕاستیەقینەی لە سەر ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی نییە و تەنانەت چالاکیی مەدەنیی داهاتووش دەخەنە مەترسییەوە. (سلاکتیڤیزم) کە بە "خەبات لەژێر لێفە" ناسراوە. فرێدکلارک و دوایت ئۆزارد (Fred Clark and Dwight Ozard) لە یەکەم کەسانێک بوون کە لە ساڵی ١٩٩٥دا چەمکی (سلاکتیڤیزم)یان بە واتایەکی ئەرێنی، بۆ ئاماژە کردن بە چالاکییەکانی لە خوارەوە بۆ سەرەوەی گەنجان بە مەبەستی کاریگەری دانان لە سەر کۆمەڵگە لە ئاستی بەرتەسک بەکار هێنا. بەڵام لە ئێستادا ئەم چەمکە واتای ئەرێنیی خۆی لە دەست داوە و بە واتای نەرێنی بەکار دێت. چەمکی سلاکتیڤیزم لە وشەی (Slacker) بە واتای بێ هێز کردن و وشەی (activism) بە واتای چالاکییەکان پێکهاتووە. کەواتە سلاکتیڤیزم بەواتای بێهێزکردنی چالاکییەکان دێت.
"خستو و هاوکارانی" لە هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی سەوزی ئێران ئاماژەیان بە ڕۆڵی ئینتێرنێت لە لاوازبوونی هێز و جۆش و خرۆشی بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی ئەو کات کردوە. بەپێی ئەنجامەکانی ئەو تویژینەوەیە لە نێوان زۆربوونی چالاکی لە کەشی مەجازی و هاتنەخوار و کەمبوونەوەی بەشداریی خەڵک لە هاتنە سەر شەقام پەیوەندی هەیە. لە دوای ٢٦ی مانگی پووشپەڕی ١٣٨٨ (17/7/2009) چالاکیی مەجازیی بزووتنەوە ڕوو لە هەڵکشان دەکات، لەو ماوەیەدا بچووکترین هەواڵ و ڕووداو شەپۆلێک لە سازبوونی بابەتی نووسراو و فرە ڕەهەندی مێدیایی بە دوای خۆیدا دێنێ و بە لایک و کۆمێنت و سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵ و دیمەنانە، چالاکییەکان دەکەوێتەوە بەردید و بۆچوونی خەڵک. تێبینیی گرینگ لەو قۆناغەدا گۆڕانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی ئەندامان سەبارەت بە ڕێکخراو و بزووتنەوەکەیە.
بەڵام خۆپێشاندەران و ناڕازییان لە جیاتی سودوەرگرتن لە هێز و توانایی ئەنتەرنێت بۆ کۆنتڕۆڵ و گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان، چالاکی لە ڕێگای کلیککردن و سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەیان هەڵبژارد کە ئەوە هەمان خەبات و تێکۆشان لەژێر لێفە یا تێکۆشان لە ڕێگای کلیک و سەرلەنوێ بڵاو کردنەوەی بوو.
بەو شێوەیە کاتێک ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی لە جیهان شکڵی نەگرتبێ یان ئەو ڕەوتە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک و ڕوونی نەبێ تێکۆشانی مەجازی لەژێر هەر ناوێک بێ شتێک جگە لە پێ ڕابواردن بە هەوڵ و تێکۆشان و لێدان لە پێگەی تێکۆشەران دژی بارودۆخی هەنووکەیی نییە. لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ کە چوونەسەری ئاستی سودوەرگرتن لە ئامرازە بەردەستەکانی ڕاگەیاندن، هۆکار نییە بۆ چوونەسەری ئاستی چالاکییەکان؛ واتە هەڵکشانی سودوەرگرتن لە ڕاگەیاندنە مەجازییەکان لە کۆمەڵگە زیاتر ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە هاووڵاتییان لە دیاریکردنی بەستێنی تێکۆشان تووشی هەڵە بن و لەجیاتی هاتنە سەرشەقام و گووشارهێنان بۆ حکوومەت، چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو بەستێنی چالاکی هەڵبژێرن، لە کۆتاییدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنەران تووشی سەرلێشێواوی دەکا. ئەو سەرلێشێواوییە کاتێک بەرەوڕووی پرسێکی کۆمەڵایەتی یا چالاکییەک دەبێتەوە، هەر لە سەرەتاوە ڕاستەقینەبوونی خۆی لەدەست دەدات.
چاوەدێری دەوڵەتەکان
ئەگەرچی ئینتێرنێت جیهانێکی بێسنوورە و هەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێگای دروستکردنی ماڵپەڕ یا تۆڕێکی کۆمەڵایەتی چالاکی بکات و زانیارییەکانی هاوبەشی پێ بکات، یان کاریگەری لەسەر کۆمەڵە کەسێک دابنێت بەڵام دەوڵەتەکان دەتوانن بە پچڕانی ببنە هۆکارێک بۆ لاوازکردنی چالاکی و ناڕەزایەتییەکان و ناڕازییان نەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن یان گەیشتن بە ئامانجەکانیان دژوار بکات. لە ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی ڕێژیمەکانی ئەو ناوچانە بە پچڕاندنی ئینتێرنێت و چاوەدێری پەیوەندیی تەلەفوونی و پێشگرتن بە کاری ڕۆژنامەوانانی بیانی و نەدانی ڤیزا و دەستڕانەگەیشتنیان بە وڵات، بوون بە هۆکاری سانسۆر و بەرتەسککردنەوەی چالاکیی ڕاگەیاندنەکان و ناڕازییان، لە ئەنجامدا دژوارکردنی پەیوەندیکردنی بەشداربووان بەیەکتر. (ایوجنی مورازو) لە کتێبەکەیدا بە ناوی "فریودانی تۆڕی" باس لەوە دەکات ئینتێرنێت تەنها تایبەت بە خواستە دێموکراتیکەکان نییە، بەڵکوو ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان لە ئێستادا زیاتر سانسۆری دیجیتاڵی بەکار دێنن، پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن، هێرشی سایبری بەکار دێنن و چالاکوانانی ڕاگەیاندن و نەیارانیان بە ئامانج دەگرن، ئەگەرچی جیگای ئاماژەیە کە ئەو چالاکوانانە بە شێوازی جۆراوجۆر بەرهەڵەستی ئەو کۆنتڕۆڵ و کۆت و بەندانە دەبنەوە. هەروەها لە کاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی ڕاپەڕینەکانی ئۆکراین، سوود وەرگرتنی خەڵک لە مۆبایل و ناردنی نامە و بانگهێشتی خەڵک بۆ درێژەدانی ناڕەزایەتی هەیبوو، دەستی کرد بە پچڕاندنی سیستەمی کورتەنامە و هێنانەخواری خێرایی ئینتێرنێت لە ڕۆژانی ڕاگەیاندنی ئاکامی هەلبژاردنی ساڵی (١٣٨٨ی هـ). ئەو کارەش بەتایبەتی لە ڕۆژانی سەرەتای بزووتنەوەی سەوز کاریگەرییەکی بەرچاوی لە کۆنتڕۆڵی چالاکییە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوو.
سەرەڕای ئەوانە چاوەدێری و پێداچوونەوەی دەوڵەتان لەسەر چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێ ناڕاستەوخۆ بەڕێوە بچێ، لەو بارەوە دەوڵەتان بە پاڵپشتی نەکردن لە بەرنامەکانی پەرەسەندن لە بواری تەکنۆلۆژیی زانیاری و پێوەندییەکان دەتوانن بەر بە شکڵگرتنی ژێرخانی گونجاو بگرن کە دەکرێ بەستێنی گونجاو بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بخوڵقێنن. لەوبارەوە "سەردارنیا" باس دەکا کە " هەرچەندە ئاستی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک ڕاهێنان و پێوەندییەکان و هەروەها ژێرخانی پێوەندییە ئەلەکترۆنیکی- موخابەراتییەکان زیاتر بی، ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت و پێویستیی دەستڕاگەیشتن پێی زیاتر دەبێ. لەلایەکی تر هەرچەندە ئاستی پەرپێدانی سیاسی و دێموکراسی لە وڵات بچێتە سەرەوە ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت دەچێتە سەرێ و بەربەستەکانی سەر ڕێگا کەمتر دەبن.
لە میانی ئەوەی خرایە ڕوو، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی شمشێری دوو دم دەگێڕن بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ڕاگەیاندنانە لەلایەک دەتوانن لە دامەزرانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی سەردەم ڕۆڵگێڕ بن و بەستێن بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی سەروو نەتەوەیی ناڕازییان پێک بێنن، کە ئەمەش لە ڕوانگەی گەشبینانە بە کاریگەری و ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی پێ کراوە. ئینتێرنێت ئامرازێک دەخاتە بەردەست ناڕازییان کە بە هۆیەوە شوناسسازی، پێکهێنانی تۆڕ و دواجار ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان بەدوای خۆیدا دێنێ. جگە لەوانە ئینتێرنێت بەهۆکاری بێسنوور بوون و بەجیهانی بوونی بەستێن بۆ سەروو نەتەوەیی بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەخۆڵقێنێ. ئێستا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان زۆر ئاسایی و بە ئاسانی دەتوانن لە ناوچەیەک و وڵاتێک بگەنە شوێنەکانی تری جیهان. چونکە چالاکوانان لەو بزووتنەوانەدا دەتوانن ئایدیا، ئاڕمان و ئامانجەکانیان لە فەزایەکی جیهانی کە ئینتێرنێت پێکیهێناوە بێننە بەرباس.
لەلایەکی تر یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرچاوی بزووتنەوە هاوچەرخەکان کە پشت بەستوو بە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن ئەوەیە کە بێ ڕێبەرن و هەستی کاری بە کۆمەڵ لەنێو بەشداران بەهێز دەکات. ئەو گەشبینییە بە ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاریگەرییەی کە ئەو ڕاگەیاندنە نوێیانە لە بزووتنەوەکان وەک زاپاتیستەکان لە مێکزیک، بزووتنەوەی دژ بە ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی لە ساڵی (١٩٩٩) لە سیاتێل، بزووتنەوەی دژ بە شەڕ لە ساڵی (٢٠٠٣)، ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەڕەبی و بزووتنەوەی داگیرکردنی واڵ ئێستریت هەیانبووە.
سەرەڕای گۆشەنیگا و ڕوانگەی گەشبینانە کە بە کاریگەری و ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بزووتنەوەکان هەیە، بەشێک لە گۆشەنیگا ڕەشبینانەکانیش لەو بارەوە گەشەیان کردووە کە باوەڕیان وایە دەبێ لە هەڵوێست گرتنەکانیان پێداچوونەوە بکرێ. بەپێی بۆچوونی ئەو بەشە لە پسپۆڕ و شارەزایانی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێداگری جۆرێک لە چالاکی کە چالاکی لەژێر لێفە یان (سلاکتیڤیزم) دەناسرێ، بەستێن بۆ پاسیڤبوونی چالاکییەکان و ئامادە نەبوون لە گۆڕەپانی کردەوەدا پێک هێناوە. بەپێی ئەو بۆچوونە چالاکان بە کردەی ناکاریگەری وەک لایک، کۆمێنت، دانی یارمەتی بە بنکەی خێرخوازی، سەرلەنوێ بڵاوکردنەوە و دووبارە بڵاوکردنەوە، واژۆ کۆکردنەوەی ئۆنلاین یان هەر کردەوەیەکی تر لە دنیای مەجازی وا هەست دەکەن کارێکی گەورەیان بەڕێوەبردووە، لەحاڵێکدا بۆ ئاڵوگۆڕی بنچینەیی پێویستی بە چالاکی لە سەرشەقام و کردەوەی واقیعییە. لەلایەکی تر دەوڵەتەکانیش بە بەربەست دانان و ئەنجامدانی هێندێک کردەی وەک فیلتێرینگ و سانسۆر دەبنە هۆکاری بە ئاکام نەگەیشتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان.
ئەو جۆرە کردارانەش لە بزووتنەوەی سەوزی ئێران، ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەڕەبی و چالاکییە بەکۆمەڵەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهان بەرچاو دەکەون کە دەوڵەتەکان لە ڕۆژانی سەرەتای بزووتنەوەدا هەوڵیان داوە بە بەرتەسککردنەوەی دەستڕاگەیشتنی چالاکان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەربەست دروست بکەن بۆ پێشگیری لە پەرەسەندنی بزووتنەوەکان. سەرەڕای ئەوانە خودی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، تویتێر، ئینستاگرام و نەرمە کاڵاکانی دیکە و مۆبایل زیاتر لەوەی کە بۆ ئامانجی سیاسی دامەزرابن بە مەبەستی سەرقاڵ کردن و دروستکردنی کۆمەڵگەی بەکارهێنەر دروست کراون.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکن بۆ ئەوەی کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان قۆناغێک لە ژیانیان ئەزموون کردووە کە لەگەڵ ڕابردوو زۆر جیاوازە. پێشتر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پشتبەستوو بوون بە ڕاگەیەندراوی جێگرەوە وەک؛ کاسێت، شەونامە، تێلگراف و ڕاگەیەندراوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ڕاگەیەندراوانە کە دەست پێڕاگەیشتن پێیان بەرتەسک بووە بوونە هۆکاری ئەوەی کە ڕەوتی شکڵ گرتن و بە ئاکام گەیشتنی بزووتنەوەیەک دوور و درێژ بێتەوە، لەلایەکی تر تەنیا بەشێکی کەمی خەڵک ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بەو ئامرازانەیان هەبووە. هەروەها ڕۆڵی ڕێبەری و نوخبەکان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ڕابردوو زۆر بەرچاو و دیار بووە و پشتی پێ بەستراوە، بەڵام لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان بە لەبەرچاو گرتنی ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لەو ڕاگەیەندراوانە بۆ کۆی کۆمەڵگە، لە ڕۆڵی ڕێبەری لەو بارەوە کەم بۆتەوە. سەرەڕای ئەوانە خێرایی بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان لە ئاستێکی بەرز دایە و بزووتنەوەکان لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانن بە جیهانی بن.
خاڵێکی تر کە پێویست بە ئاماژە پێکردنە بە ئەگەری زۆر کاریگەری لەسەر داهاتووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ چوونە سەری کەڵکوەرگرتن لە ئینتێرنێتی ماهوارەیییە، کە ئەوەش بواری بەرتەسککردن و فیلتێرینگی لەلایەن دەوڵەتەکان نییە یان کەمترە، دەتوانێ بەستێن بۆ سازبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆر بخوڵقێنێ. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو ڕەوتێکی جیاواز ئەزموون دەکەن چوونکە هۆکاری سەرەکی لە پێداچوونەوە و چاوەدێری کەرەسەکانیان ئیتر دەوڵەتان نین بەڵکوو بازاڕ و خاوەن کۆمپانیا ڕاگەیاندنەکانن کە دیاری دەکەن ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەکام بزووتنەوە و بە چ شێوەیەک بەکار بهێنرێ. لەوانەیە بەرژەوەندی ئەو سەرمایەدارانە لەوەدا بێت کە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا پشتیوانی بکا. بەڵام ئەگەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی داهاتوو بە شێوازێک بن کە دژی سەرمایەداری و بە تایبەت چاوەدێریی کۆمپانیا و بازار بن ئەوسا شێوەی هەڵسوکەوتیان لە بەرانبەریان جیاواز دەبی. بەڵام لە گەڵ ئەوەش هاووڵاتیان بە پێکهێنانی گرووپی هاککردن و چالاکیی خراپکارانە لە بەستێنی ئینتێرنێت هەوڵ دەدەن کە چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و کۆمپانیاکان دەور لێدەن و بەستین بۆ پێکهێنانی جۆری نوێتر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بخۆڵقێنن.