کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی ژیان بە نرخی مانەوەی ڕێژیم

00:24 - 16 بەفرانبار 2724

بەرزبوونەوەی نرخی ژیان بە نرخی مانەوەی ڕێژیم

 

شەماڵ تەرغیبی

 

نرخی دۆلار لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە چەند قۆناغی جیاواز لە بازاڕەکانی ئێراندا پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریە هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستاش یان خۆیان لە وڵامدانەوە بە هۆکارەکانی دزیوەتەوە، یان هۆکاری دابەزین و داشکانی نرخی تمەنیان بۆ پرسگەلی وەک نەهاتنی دراوی بیانی و کەمبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکردن گەڕاندۆتەوە. بەڵام کارناسانی ئابووری پێیان وایە سزای سەر کەرتی نەوت و هەناردەی ئێران وای کردوە کە دۆلار لە بازاڕی ئێراندا کەم ببێتەوە و چیتر دەستی کۆماری ئیسلامی ئاوەڵا نییە بتوانێ بەهای دراوی تمەن جێگیر بکات.

جیا لە کەمیدانی دۆلار لە دەستی ڕێژیمدا ئەو کۆمپانیانەش کە شمەکی غەیرەنەوتی هەناردە دەکەن، دراوەکەیان کە زیاتر دۆلارە لەبەر دوو هۆکار ناگەڕێننەوە بۆ نێوخۆ: یەکەم بە قازانجیان نییە، دووهەم بەهۆی بەربەستەکانی گواستنەوەیە. خەڵکیش ڕوویان کردووەتە کڕینی دۆلار، چونکە بەهاکەی جێگیرە، بەمجۆرە  خواست لەسەر دۆلار بەردەوام زیاد دەکات و تمەن و دۆلار کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خواست و خستنەڕووی دراوەوە. دۆلار زۆر کەم بووەتەوە لە بازاڕی ئێراندا و خواست لەسەری زۆر بووە، بە پێچەوانەوە خواست لەسەر تمەن کەمە و خستنەڕووی هەر زۆر دەبێت (کە ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی هەڵاوسان). ڕوونە هەتا ئەم ڕەوتەش بەردەوام بێت، بەهای تمەن هەر کەم دەبێتەوە. لە ئەنجامی ئەم بارودۆخەشدا دەبینین کە نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا بەردەوام لە هەڵکشاندایە بەچەشنێک کە دەتوانین بڵێین لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی زیاترکردنی سزاکانی سەر ئابووریی ئێران و ئەو کێشە بنەڕەتییانەی کە لە ئابووریی ئێراندا هەن وەک ئابووریی دەوڵەتی و بەڕێوەبردنی لاوازی ئابووریی، کەرتی بەرهەمهێنانی شمەک لاواز بووە.

ئەگەر سەیری ڕێژەی گەشەسەندنی ئابووری ئەم چەند ساڵەش بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە ڕێژەکە لە خوارەوەی سفر بووە، ئەمەش بە واتای لاوازیی کەرتی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی بڕی شمەک و خزمەتگوزارییە. لەلایەکی دیکەوە، بڕی نەختینەیی هەتا دێت هەر زۆر دەکرێت، ئەمەش لەبەر ئەویە حکوومەت هیچ ڕێگەچارەیەکی بۆ نەماوەتەوە، تەنیا لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە بەبێدەنگی پارە لە چاپ دەدات. واتە لە نێوان شمەک و ڕێژەی زۆربوونی نەختینەییدا هاوسەنگیی نییە. ڕێژەی شمەک کەمە، لەبەرامبەریدا بڕی نەختینەیی زۆرە، بەمەش نرخی کاڵا و بەرهەمەکان هەر هەڵدەکشێت. کە نرخ هەڵدەکشێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو گۆڕاوە ئابوورییەکانی تر دادەنێت کە یەک لەوان پارەیە کە ئەوەندی تر لاوازی دەکات. هەتا ئەم ڕەوتەش بەردەوام بێت، نرخی شمەک و خزمەتگوزاریی هەر هەڵدەکشێت. هەر ئەم هەڵاوسانەیە کە بەهای تمەنیش کەم دەکاتەوە و هەردوولا کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە.

بوونی هەڵاوسانیش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر لایەنی خۆراکی بە تایبەتی چینی کەمداهات و دواتر چینی مامناوەند دادەنێت. بەشی زۆری داهاتی خەڵکی کەمداهات بۆ خۆراک تەرخان دەکرێت، بۆیە بوونی هەڵاوسان فشارێکی زۆر لەسەر ئەم لایەنە گرینگەی ژیانی هاووڵاتیان دادەنێت. واتە هەڵاوسان هێزی کڕینیان کەم دەکاتەوە، بۆ نموونە، ئەگەر ساڵی ڕابردوو کیلۆیەک گۆشتی مریشک بە ٥٠ هەزار تمەن بوو، ئێستا بە ١٠٠ هەزار تمەنە، ئەمەش لەکاتێک‌دایە کە داهاتی هاووڵاتییان هەر وەک خۆیەتی، بەڵام نرخی شمەک گران بووە، واتە بە پارەیەکی زیاتر شمەکی کەمتری پێ دەکڕدرێت. خەڵک باش ئەمە دەزانێ کە گرانیی هێزی کڕینیانی لە کەمی داوە و فشارێکی زۆری خستووەتە سەریان. هەر ئەم هەڵاوسانە هەڵکشێنەش ژمارەی چینی نێوەڕاستی کەم کردووەتە و کردوونی بە چینی هەژار، ئەو مووچەی وەری دەگرن بڕەکەی ناگۆڕێ، بەڵام نرخ دەگۆڕێت، واتە بەرەبەرە ژمارەی چینی هەژار هەتا دێت زیاتر دەبێت. لایەنێکی دیکەی هەڵاوسان ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر وەبەرهێنان دادەنێت، چونکە تێچوو پێشبینیی ناکرێت و سەر لە وەبەرهێنەر دەشێوێنێت، بۆیە لەم دۆخەدا وەبەرهێنان ناکرێت. ئەمانە تەنیا کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی هەڵاوسان بوون. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێ بڵێین ڕاستە کە دۆخی ئابووریی ئێران زۆر خراپە، بەڵام دەستی سپای پاسدارانی وەک سەرەکیترین مافیای ئابووریی ئێران کورت نەکردووەتەوە.

سپای پاسداران ڕاستەوخۆ هەزاران یەکە و کۆمپانیای ئابووری هەیە و لە پاڵ کاری سیاسی، ئەمنییەتی و عەقیدەتیدا کاری ئابووری و بازرگانیش دەکات. لەسەر چالاکییەکانی سپا هیچ ڕاپۆرتێک بڵاو ناکرێتەوە و بودجەکەشی نهێنییە، هیچ ڕاپۆرتێک نادات بەدەستەوە و ڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵی ڕێبەری ئەو ڕێژیمەدایە. هەتا ئێستاش بایی ئەوە پارەی لەبەردەستدا هەیە کە یارمەتی بە تۆڕ و دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بدات. کەمبوون و زۆربوونی دەستێوەردانەکانی، بەستراوەتەوە بە ڕادەی ئەو فشارەی کە لە دەرەوە لەسەری هەیە، بۆ نموونە، لە کوژرانی قاسم سلێمانییەوە خۆی لە ئامریکا دەبوێری و ئێستاش کە ئیسرائیل و دیارە لە چەند شوێنێکی داوە لەوانەیە بۆ ماوەیەک لە بەرامبەریدا پاشەکشە بکات، واتە خۆی مات دەکات و لە دەرفەت دەگەڕێ. ئەوە ڕادەی فشاری دەرەکییە کە بۆی دیاریی دەکات زێدەخوازییەکانی هەتا کوێ بن، نەک پارە، چونکە هێشتا پارەی هەیە. بەگشتی دەتوانین بەمشێوەیە کۆتایی بە باسکردنی ئەم کەتوارە بێنین کە دۆخی خراپی ئابووری زەمینەی لەناوبردنی دەسەڵاتی ڕەخساندووە و هیچکات بەقەد ئێستا زەمینەی لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی لەبار نەبووە.