تراویلکه‌ی ده‌شتی قوم
د. ئاسۆ حه‌سه‌نزاده
سه‌ره‌ڕای ده‌یان قه‌یرانی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی و که‌ڵه‌كه‌بوونی کێشه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هه‌روه‌ها بێزاریی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خه‌ڵک و چه‌ند جار هه‌ستانی چین و توێژی جیاوازی کۆمه‌ڵگەی ئێران به‌دژی کۆماری ئیسلامی، ئه‌و ڕێژیمه هێشتا له‌سه‌ر کار ماوه و تا ئێستا نه‌ڕووخاوه. له ده‌سپێکی چل و حه‌وت ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا، له‌کاتێکدا بزووتنه‌وه‌ی ژینا خه‌باتی خه‌ڵک و گه‌لانی ئێران به‌دژی ئه‌و ڕێژیمه‌ی برده قۆناغێکی بێگه‌ڕانه‌وه له قه‌ڵشت خستنه دیواری ترس و خۆیه‌کلاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێژیمه و دوای ئه‌وه‌ی به ڕووخانی حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌سته‌کانی ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌دا له هه‌موو کاتێک زیاتر کورت کرانه‌وه و ڕۆژئاواییه‌کانیش باسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆکان و ته‌وژمی نوێ بۆ سه‌ر تاران ده‌که‌ن، هه‌ق وایه له خۆمان بپرسینه‌وه ڕازی مانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه چیه و چ شتێک هێشتا ده‌توانێ ڕێژیم له هه‌ڵدێری کۆتایی بگێڕێته‌وه.
ڕازی نه‌ڕووخانی تا ئێستای کۆماری ئیسلامی فره‌چه‌شنه. به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ڕێژیمه دیکتاتۆرهكانی دنیا، کۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه جێگیربوون و مانه‌وه‌ی خۆی له چه‌ندین لاوه ده‌سته‌به‌ر کردبوو. هه‌ربه‌و پێیه ڕووخانی ئه‌و ڕێژیمه‌ش زیاتر له هۆکارێكی پێویسته. زۆر فاکته‌ر هه‌ن که ئێستاش وه‌ک کارتی یاری له ده‌ستی کۆماری ئیسلامی‌دا ماون، به‌ڵام به ته‌واوی لاواز بوون یا لانیکه‌م بڕشتی جارانیان نه‌ماوه و ده‌كرێ لاوازتریش بکرێن. له‌نێو ئه‌و فاکته‌رانه‌دا ده‌توانین ئاماژه به سه‌رکوتی جیابیران و ترساندنی خه‌ڵك، کایەكردن به هه‌ستی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵک، به‌رزکردنه‌وه‌ی داوه‌ڵی له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانی ئێران، ساتوسه‌ودا به مه‌وقعییه‌تی ژیئۆستراتژیکی ئێران، سوودبردن له شکڵنه‌گرتنی ئالتێرناتیڤێكی جیددی و له هه‌مووی گرینگتر به‌کاربردنی ئۆختاپووسی ئیدی پهڕوپۆکراوی پراکسییهکانی ڕێژیم له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا به بیانووی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش و به‌پێی تازه‌ترین دانپێدانانی خودی خامنه‌یی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی هاتنی دوژمن بۆ نێو ماڵه‌که‌ی بکه‌ین.
نه‌خش و توانای خه‌ڵک و لایه‌نه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی کارکردی ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه بۆ هه‌موویان وه‌ک یه‌ک نیه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که له ده‌وڵه‌تانی دێموکراتیک و ته‌نانه‌ت مه‌یله و دێموکراتیک‌دا ده‌بینین، زۆربه‌ی ئه‌و فاکته‌رانه به داوا و ئاره‌زووی خه‌ڵک ناگۆڕێن و له‌ده‌ست خه‌ڵکدا نین. بۆ نموونه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی سه‌رکوتدا که وێده‌چێ تا سه‌ر ئه‌و ڕێژیمه هه‌ر په‌نای بۆ ببا، خه‌ڵک ته‌نیا ده‌توانن خۆیان ڕێك بخه‌ن، یه‌كگرتووتر بن و ڕێکاره‌کانی خۆڕاگری و و خۆپاراستن و هاوپێوه‌ندیی نێوانیان باشتر بکه‌ن. به هه‌مان شێوه، به‌رنامه تێکده‌رییه‌کانی ڕێژیم له ناوچه‌دا و پشتیوانی له تێرۆریزم یان ساتوسه‌ودا به هه‌ڵکه‌وتی ستراتژیکی و سه‌رچاوه‌کانی ئێران به‌تایبه‌تی له‌ڕوانگه‌ی دابینکردن و گواستنه‌وه‌ی وزه‌وه فاکته‌رگه‌لێک نین که گۆڕینیان له ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵکدا بێ. له باشترین حاڵه‌تدا نه‌یارانی کۆماری ئیسلامی ده‌توانن له ڕێگای ئامرازه ده‌ڵه‌مه و په‌رش و بڵاوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه له‌لای بیروڕای گشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوه‌نده‌کانی بڕیاری جیهانی له‌و باره‌وه به‌دژی ڕێژیم لۆبیگه‌ری بکه‌ن.
له به‌رامبه‌ردا، هێندێك فاکته‌ری دیکه هه‌ن که خه‌ڵک و هێزه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ده‌توانن له‌واندا نه‌خشی چالاک و شوێندانه‌ر بگێڕن، بۆ نموونه دروستکردنی بنه‌ماکانی لێکگه‌یشتنی گشتی به‌مه‌به‌ستی پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی فێل و پیلانه‌کانی ڕێژیم بۆ په‌ره‌پێدان به درزی کۆمه‌ڵایه‌تی و پچڕاندنی پرده‌كانی هاوپێوه‌ندیی نێوان چین و توێژه‌کانی کۆمەڵگە؛ دۆزینه‌وه و قووڵکردنه‌وه‌ی پاڵنه‌ره هاوبه‌شه‌کانی خه‌بات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، تۆکمه‌کردنه‌وه‌ی مایه‌کانی دروستکردنی ئالتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی یا لانیکه‌م جه‌مسه‌ره جیاوازه‌کانی وه‌ها ئالتێرناتیڤێك، و... هتد.
له‌نێو ده‌سته‌ی دووهه‌می فاکته‌ره‌کاندا فاکته‌رێک هه‌یه که ئه‌مه‌یان به ته‌واوی له ده‌ستی ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵکدایه و خۆ لێ لادان و وه‌دواخستنی پاساو هه‌ڵناگرێ، ئه‌ویش خۆیه‌کلاکردنه‌وه له‌گه‌ڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییه. یه‌كێک له ڕازه‌کانی جێکه‌وتن و مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه که له نه‌خشه‌سازیی ده‌ستووری و ڕێکخستنی ژیانی نیهادیی ئه‌و ڕێژیمه‌دا، سه‌ره‌ڕای بوونی وه‌لی فه‌قیه، باڵه‌خانه و ویترینێکی به‌ڕواڵه‌ت به زه‌رفییه‌ت و ڕکابه‌رانه له‌سه‌ر بنه‌ما و ژێرخانێکی ئیدئۆلۆژیی پاوانخواز و تۆتالیتاریست دامه‌زراوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ڕێژیمه دیکتاتۆره‌کانی دنیا و سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ناوک و لوتکه‌ی هه‌ره‌می سه‌ره‌ڕۆیی، له کۆماری ئیسلامی‌دا ئه‌و هه‌ره‌مه له کرده‌وه‌دا له‌سه‌ر یه‌ک که‌س ڕانه‌وه‌ستاوه و چه‌ندین کۆڵه‌که‌ی هه‌یه. هه‌ر ئه‌و چه‌ند پایه بوونه‌شه که وای کردوه که ساختومانی کۆماری ئیسلامی، سه‌ره‌ڕای ڕزین و چه‌مانی، هه‌رچۆنێک بێ تا ئێستا ده‌ره‌قه‌تی بوومه‌له‌رزه نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان بێ.
هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌ی ڕێژیم‌دا، کۆماری ئیسلامی توانیویه‌تی کۆمه‌ڵێك زه‌رفیه‌تی هه‌میشه قابیلی مه‌هار له ده‌روونی خۆیدا دروست بکا بۆ ئه‌وه‌ی چ له‌رێگای مه‌وعیده‌کانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری و پارلمانییهوه و چ به‌هۆی مشتومڕی نێوان باڵ و لاباڵ و کلیڤاژ (سهفئارایی)ه نێوخۆییهکانییهوه، خه‌ڵک و دنیای ده‌ره‌وه به خۆیه‌وه خه‌ریک بکا بۆ ئه‌وه‌ی له نه‌بوون یان خراپ بوونی بژاری ڕووخانی ڕێژیم به لێدانی سه‌ربازیی ده‌ره‌کی یان هه‌ستانی توندوتیژی خه‌ڵک، ئه‌و تهمایهیان تێدا پێک بێ که ڕه‌نگه له ڕێگای ڕیفۆرمه‌وه بتوانن ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر ماهییه‌ت و کارکردی ئه‌و ڕێژیمه‌دا بێنن. واقعییهتێك هه‌رچه‌ند تاڵ و درێژخایه‌ن بێ، به‌بێ قبووڵکردن و دانپێدانانی ناگۆڕدرێ. ئه‌و واقعییهتهش ئه‌وه‌یه که ئه‌و فاکته‌ره‌ی دوایی که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له چوار ده‌یه و نیوی ڕابردوودا به زیره‌کانه‌ترین شێوه پشتی پێ به‌ستووه، هه‌میشه ڕۆڵی سوپاپی دڵنیایی و کاریگه‌رترین هۆکاری مانه‌وه‌ی ڕێژیمی گێڕاوه.
ئاشکرایه که له هه‌موو وڵاتێک‌دا و بۆ هه‌موو که‌س و لایه‌نێکی له‌ڕووی سیاسییه‌وه ساغ و به‌رپرسیار، سیناریۆی ئیده‌ئال و دڵخواز ئه‌وه‌یه که کێشه‌کان به نه‌رمی و له به‌ستێنێکی ئارام و له‌باری سیاسی‌دا چاره‌سه‌ر بکرێن. به‌ڵام دیکتاتۆرهكان هه‌میشه که‌ڵکی خراپ له خه‌ون و ئیده‌ئال و نیازپاکیی نه‌یارانی خۆیان وه‌رده‌گرن هه‌تا باشتر زه‌ربه‌یان لێ بده‌ن و ته‌فره‌قه بخه‌نه ڕیزه‌کانیانه‌وه و له ئاکامدا ته‌مه‌نی خۆیان هه‌رچی زیاتر درێژ بکه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ش ڕاست ئه‌و شته‌یه‌که له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا ڕووی داوه، چونکه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی کێشه‌ی نێوان کلیڤاژه جیاوازه‌کانی ڕێژیم له‌سه‌ر ماف و داواکارییه‌کانی خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات با نه‌ک له‌سه‌ر جێگه و پێگه و قازانجی تایبه‌تیی باڵه‌کان و ڕوخساره‌کان و چۆنیه‌تی پاراستنی ئه‌و ڕێژیمه له ڕووخان، چل و شه‌ش ساڵ کاتێکی که‌م نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه که‌مترین ئاڵوگۆڕی پۆزه‌تیڤ به‌سه‌ر ماهییه‌تی خۆی و دۆخی وڵات و خه‌ڵکدا بێنێ. نابێ له‌بیرمان بچێ که به‌ڵێنی به‌درۆی باشکردنی دۆخی خه‌ڵک و وڵات و پێوه‌ندییه‌کانی ڕێژیم له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه و به‌کورتی تراویلکه‌ی نهرمئاژۆیی له کۆماری ئیسلامی‌دا شتێکی تازه نیه به‌ڵکوو هه‌ر له‌دوای سه‌قامگیر بوونی ئه‌و ڕێژیمه له کۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌دا واته له سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی دووه‌می ته‌مه‌نی ڕێژیم و سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی هاشمی ڕهفسهنجانییهوه ده‌ستی پێ کرد.
له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ی دواییدا، ئه‌رک و ڕیساله‌تی خه‌ڵکی کوردستان و هێزه سیاسییه‌کانیان له هی باقیی خه‌ڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران قورس‌تر و هه‌ستیارتره. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه که کوردستان ته‌نیا سه‌رزه‌مین له ئێراندایه که هه‌ر له ڕۆژی ئه‌وه‌ڵه‌وه ده‌ستی ئه‌و ڕێژیمه‌ی خوێندۆته‌وه و به‌هۆی ڕاوه‌ستانی بێوچانی له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێژیمه‌دا زۆرترین قوربانیی داوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی شۆڕشی ژینا که ده‌سپێک و قه‌ڵای سه‌مبولیک و ته‌نانه‌ت مه‌یدانیی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه کوردستان بوو، دروستبوونی ئیجماعێكی سه‌راسه‌ری له ئێران‌دا بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له ته‌واوه‌تیی خۆیدا بوو. ئه‌مه ده‌سکه‌وتێکه که نابێ له‌خۆڕا و ته‌نیا به‌هۆی که‌موکوڕییه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه یان دامرکانی کاتیی بزوتنه‌وه‌که بچێته‌وه ژێر پرسیار.
خۆیه‌کلاکردنه‌وه‌ی ڕوون و گشتگیری خه‌ڵک له ئێران و زۆرینه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ده‌توانێ خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له پرۆسه‌ی ڕووخانی ئه‌و ڕێژیمه‌دا بێ، هه‌روه‌ک که ده‌توانێ سه‌ره‌تای قۆناغێك بێ که یه‌کسه‌ر ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی لێ نه‌که‌وێته‌وه (ئه‌مه پێوه‌ندیی به فاکته‌ره‌کانی دیکه‌وه هه‌یه). ئه‌و قۆناغه هه‌رچه‌ندێک بکێشێ ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه ئه‌وه‌یه که سه‌رباری هه‌وڵه‌کانی ڕێژیم بۆ درێژه‌دان به مانۆڕه فێڵاوییه‌کانی و هێنانی پزیشکیان وه‌ک بێمایهترین سه‌رکۆماری مێژووی خۆی که ته‌نیا سوودی وی سووککردنی هه‌رچی زیاتری نیزام و هێنانه سه‌ر به‌ڕه‌ی شتی ژێر به‌ڕه‌یه، ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی نابێ هه‌رگیز بکه‌وێته‌وه داوی ئه‌و کایانه‌ی ڕێژیم که پاش ئه‌و هه‌موو کابینه یه‌ک له‌دوای یه‌که ئێستا ئیدی ده‌رکه‌وتوه که له تراویلکه‌یه‌ک زیاتر نین. له هه‌رحاڵدا ئه‌وه کورد نیه که ده‌بێ ببێته پێشه‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی زیانبه‌خشی له‌م چه‌شنه بۆ دواوه، به‌تایبه‌تی که سیگناڵه‌کانی ڕابردوو قه‌ت هیچیان لێ شین نه‌بووه.
لێره‌دا ڕه‌نگه ئه‌و پرسیاره بێته پێش که وه‌ها پێداگرییه‌ک له فڕێدانی بۆ هه‌میشه‌ی ته‌وه‌هوم به ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕ له ماهییه‌ت و ڕه‌فتاری ڕێژیم‌دا چ شوێنه‌وارێک له‌سه‌ر بردنه‌پێشی خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ند له به‌ستێنی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری و زه‌رووره‌تی ئه‌رکدارکردن و به‌شدارکردنی خه‌ڵک له خه‌باتی ڕۆژانه‌دا داده‌نێ. وڵامی ئه‌و پرسیاره ڕوونه. خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ند به‌بێ خه‌ڵک ناکرێ و له‌و باسه‌دا پێویسته حیسابی خه‌ڵک و ڕێژیم به‌ڕوونی لێک جوێ بکرێنه‌وه، به‌ڵام خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری نابێ به قیمه‌تی ته‌وه‌هوم به ڕێژیم ته‌واو بێ و پێویسته ئه‌و خه‌باته له‌پێناو ڕووخانی ڕێژیم‌دا بێ.
هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت ڕا به‌شی زۆری ڕێکار و ئاقاره‌کانی جم‌وجۆل و چالاکیی شوناسخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان هیچ پێویستی به کایه‌کردن له زه‌مینی کۆماری ئیسلامی‌دا نیه و له‌هه‌رحاڵدا بۆ له‌مه‌یداندابوونی گه‌لی کورد و به‌هێزکردنی بنه‌ماکانی کۆمەڵگەی دواڕۆژ و ده‌سته‌به‌رکردنی هه‌رمانی ئه‌و گه‌له و پاراستنی زمان و ناسنامه و کولتور و دێمۆگرافی و سه‌رچاوه‌کانی زه‌روورن. بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ش که بابه‌تی خه‌باتی ڕۆژ و تاکتیکی سیاسیین -هه‌روه‌ک ئه‌زموونی بزووتنەوەی ژینا نیشانی دا- پێویسته پێوه‌ره‌که هه‌ر ئامانجی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێ. لێره‌دا هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان و کۆمەڵگەی مه‌ده‌نیی ڕۆژهه‌ڵات ده‌توانن بۆخۆیان مه‌یدانی مانۆڕ بۆ خه‌باتێکی جه‌ماوه‌ری پێناسه و ڕێکاره‌کانی ده‌ستنیشان بکه‌ن که خه‌ڵک نه‌باته‌وه ئه‌و خانانه‌ی کۆماری ئیسلامی به مه‌به‌ست و ئاجێندای خۆی دیاری‌یان ده‌کا و به‌ڕێوه‌یان ده‌با. چونکه ئه‌گه‌ر که‌سیش ته‌وه‌هومی به‌و ڕێژیمه نه‌بێ، چوون بۆ نێو کایهگهلێك که هه‌رگیز که‌مترین پاشه‌کشه‌ی کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر ویستی خه‌ڵکدا لێ نه‌که‌وتۆته‌وه، به‌رهه‌مه‌که‌ی ته‌نیا په‌رش و بڵاوکردنی هێزی خه‌باتگێڕی و درێژ بوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ڕێژیمه.
ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ وه‌ك ده‌ڵێن کۆماری ئیسلامی به کورد ناڕووخێ، کۆماری ئیسلامی به کوردیش ئیسلاح ناکرێ و دروست نیه له پرستیژی جوڵانه‌وه‌ی کوردستان و یه‌كگرتوویی نێوماڵی کورد له ڕۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌و بابه‌ته تێچوو بدرێ. به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌کرێ به خه‌لاقییه‌ت و ڕاوێژ و ده‌کارخستنی توانای بژارده‌کانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه زۆر فۆرم و شێوازی دیکه بۆ ئه‌رکدارکردن و هێنانه مه‌یدانی خه‌ڵک ده‌كار بخرێن که له خانه‌ی خه‌باتێکی شوناسخوازانه‌ی گه‌لێکی ڕزگاریخوازدا پێناسه ده‌کرێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی بتوانێ که‌ڵکی خراپیان لێ وه‌ربگرێ یا دڕدۆنگی له‌نێو ڕیزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردستانیان لێ بکه‌وێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ڕۆژێکیش فه‌ڕزی مه‌حاڵ ڕووی دا (که ڕوو نادا) و له کۆماری ئیسلامی‌دا مێهدییهک په‌یدا بوو گوتی ئه‌من گۆرباچۆفی ئێرانم، که‌س پێشی پێ نه‌گرتوه. ئه‌زموونی دوور و درێژ ده‌ری خستوه که کورد نابێ به‌و خه‌ون و خه‌یاڵانه‌وه بژی و نابێ چاوه‌ڕوانی "گۆدۆ" بێ.