کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوان و تاڵانی ئابووری، خاڵی هەرەدیاری کارنامەی کۆماری ئیسلامییە

11:42 - 21 رێبەندان 2724

 تاوان و تاڵانی ئابووری، خاڵی هەرەدیاری کارنامەی کۆماری ئیسلامییە

 

شەماڵ تەرغیبی

یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکان لە دەیەی ٥٠ی هەتاوی بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش کە دواجار بووە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران، لەڕاستیدا دۆخی شپرزی ئابووریی خەڵک و مەودای زۆری چینایەتی بوو؛ بەو واتایە کە ئەگەرچی حکوومەت سەروەت و سامانێکی ئێجگار زۆری لە بەردەست بوو هەتا خەڵک بکرێ بە شێوەی دادپەروەرانە لێی بەهرەمەند ببن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیستمێکی دێموکراتیک و خەڵکی و بەپێچەوانەوە بوونی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن کە دێموکراسی و ئازادیی تەنیا لە حیجابی ئیختیاری و هەندێ ئازادیی لاوکیی تاکەکەسیدا دەبینییەوە، نەیانتوانی بەو جۆرەی کە شیاوە کەڵکی لێ‌وەربگرن. ئابووریی ئێران ئابوورییەکی تەواو دەوڵەتی بەستراوە بە دەربار بوو و پارە و داهاتەکان تەنیا خزمەتیان بە دەسەڵات و دەوروبەرییەکانی دەسەڵات دەکرد. ئەمەش وای کردبوو بەکردەوە دوو چین لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەبێ: چینێکی دەوڵەمەندی هەڵمساو بە پارەی خەڵک و چینێکی هەژاری بەشمەینەت کە دەبوو بەردەوام چاوەڕێی دەستی بەزەیی شا بوایە!

کاتێک کە شۆرش سەری هەڵدا و لە ٢٢ی ڕێبەندان بە ئاکام گەیشت، خەڵک پێیان وابوو چیدیکە ئەو ڕۆژگارە ڕەشە نابیننەوە و بەرەبەرە لەژێر سێبەری حکومەتی نوێدا بە ئاسایش و ئارامی و خۆشبژێوی دەگەن و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی جێگیر دەبێ. بەڵام وا دەرنەچوو، و ئەو کەمە ئازادییە مەدەنییانەش کە پێشتر هەبوون یاساغ کران و لەباری ئابووریشەوە نەتەنیا خەڵک بە ئاسوودەیی نەگەیشتن، بەڵکوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لەنێو گەنداوی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی تازەدا ڕۆ چوون.

بەگشتی کۆماری ئیسلامی ئەزموونێکی گرینگی دا بە دەستەوە کە جێگەی لێ‌وردبوون و لێ‌فێربوونە تاکوو جارێکی تر هەڵەیەکی کوشندەی لەو چەشنە دووبارە نەکرێتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەگەر بەکورتیش بووە شەنوکەوی هەندێ لایەنی ژیانی ئابووری کۆماری ئیسلامی بکەین:

كۆماری ئیسلامی بە دروشم و بەڵێنی درۆیینی چاكسازیی ئابووری، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسیی هاتە سەر كورسیی دەسەڵات. بەڵێنی دابوو نادادوەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتی كەم و داهاتی سەرانەی خەڵك بەرز بكاتەوە و نەوت و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بێ بەرانبەر بە سەر خەڵكدا دابەش بكا، بەڵام پاش ٤٦ ساڵ دەسەڵاتداری، دەركەوت كە كاربەدەستانی ڕێژیم، لەلایەك لە فیكری دزی و تاڵانی سەروەت و سامانی وڵاتی ئێراندا بوون و لەلایەكی دیكەوە سەروەت و سامانی وڵاتی ئێران بۆ ئامانجی سیاسیی خۆیان دەدەن بە گروپە تێروریستییەكانی ناوچەكە و جیهان.

گەندەڵی ئابووریی لە ڕێژیمدا هەر لە سەرەتاوە لەژێر كاریگەری دوو جۆری گەندەڵی دیكە واتە گەندەڵی سیاسی و گەندەڵی هەڵبژاردندا بووە. لەو ماوەیەدا دزی و گەندەڵیی مۆرە گرینگەكانی ڕێژیم بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێكی وەڵامدەر بە خەڵك و دەزگایەكی دادوەری سەربەخۆ ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبووندا بووە. چونكە گەندەڵیی ئابووریی بە شێوەی سیستماتیك لە نێوان مۆرە باڵاکانی ڕێژیمدا بوونی هەبووە. لەوەش گرینگتر چونكە دەزگاكانی دادوەری، یاسادانان و بەڕێوەبەریی ڕێژیم لە نێوان بازنەیەكی داخراوی چەند سەد كەسی مۆرەكانی ڕێژیمدا قورغ كراوە، دەستیان لە گەندەڵیدا ئاوەڵاتر بووە هەر بۆیە لەو ماوەیەدا هیچ گەڵاڵەیەك و بەرنامەیەكی درێژخایەنی ئابووریی ڕێژیم سەركەوتوو نەبووە.

 لەو ماوەیەدا كاربەدەستانی باڵای ڕێژیم زۆر جار باسی گەندەڵی و چاكسازی لە سیستمی ئابوورییان كردوە، كە دەبێ ئابووری لە پاوان و ڕانت بێتە دەرێ. هەرچەند خۆشیان ئەوە باش دەزانن كاتێك ئابووریی ئێران لە پاوان دێتە دەرێ كە لە حاڵەتی دەوڵەتی بێتە دەر کە ئەمەش نامومکینە چونکە زیاتر لە ٨٧٪ ی ئابووریی ئێران لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، ئۆرگانە نیزامی و ئەمنییەتییەكان و دامودەزگاكانی سەر بە بەیتی ڕێبەری‌دایە. هەر بۆیە ئێران ئێستا، لە ئاستی جیهانیدا چوارەمین وڵاتە لە هەبوونی ڕێژەی گرانی و بێكاریدا و لەڕووی هەڵاوسان و چونەسەری نرخەكان لە ئاستی جیهاندا له ڕیزبەندی یەكەم‌دایە. لەلایەكی دیكەوە بە هۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەكانەوە ساڵانە دەیان میلیارد دۆلار زیان لە ژێرخانی ئابووریی ئێران دەدرێ و دەیان كارخانە و كارگە داخراوە و بە هەزاران كرێكار بێكار كراون کە دوایین نموونەی دەتوانێ تازەترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بێ کە تێیدا باسی لە کەمبوونەوەی گەشەی بەرهەمهێنانی گاز لە ئێران کردوە و ڕایگەیاندوە ئەم کەمبوونەوە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ئاژانسە گەشەی بەرهەمهێنانی گاز لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی کەمتر لە ٢٪ بووە. ئەمە لەکاتێک‌دایە کە نێونجیی گەشەی بەرهەمهێنانی گاز لە یەک دەیەی ڕابردوودا ساڵانە زیاتر لە ٥٪ بووە. ئەم ئاژانسە پێشبینی ئەوەشی کردوە کە دۆخەکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرەو خراپتربوون بڕوات و ئەگەری زۆرە کە گەشەی بەرهەمهێنان لەم ساڵەدا تەنیا یەک لە سەد بێت و ئەو یەک لە سەدەشی بۆ بەرنامەی کەمکردنەوەی سووتانی مەشخەڵەکان گەڕاندووەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی جیهانی، ئێران لە ساڵدا تەنیا بە سووتاندنی مەشخەڵی کێڵگە گازییەکان واتە "فلێرینگ"، ٢١ میلیارد میتری سێجێ گاز دەسووتێنێ و بەفیڕۆی دەدا کە هاوتایە لەگەڵ ٤٠ لەسەدی گازی بەکارهێنراوی یەک ساڵی وڵاتێکی وەک تورکیە. گەشەنەسەندنی بەرهەمهێنانی گاز هاوکات لەگەڵ زۆربوونی حەشیمەتیش لەکاتێک‌دایە کە ٧٠ لە سەدی وزە لە ئێران لە ڕێگەی گازەوە دابین دەکرێت و هەر ئەوەش دەتوانیت قەیرانێکی گەورە بۆ سەر خەڵک و پیشەسازییەکانی ئێران لە داهاتوودا دروست بکات.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لەم ڕاپۆرتەدا باسی لە کەمیی گاز لە وەرزی پاییزدا کردووە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەبوونی گازەوە چالاکیی هێندێک لە وزەخانەکانی خۆی ڕاگرتووە.

لەو ماوەیەدا ساڵانە و لە بوودجەی خەڵكی ئێران بە دەیان میلیارد دۆلاری لە سیاسەتی دروستكردنی هێلالی شیعی لە سوریە و لوبنان و بەحرەین و یەمەندا بۆ ئاژاوەنانەوە و گروپە تیروریستییەكان خەرج دەكرد. بە گشتیی ئێران ئێستا لە ڕووی ئابوورییەوە گەندەڵترین وڵاتە، هاوكات لە ڕیزی دیكتاتۆرترین و داخراوترین و ناسەقامگرتووترین سیستمی سیاسیی، ئابووریی جیهان‌دایە.

قسەی كۆتایی ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٦ ساڵ حاكمییەتدا تەنیا برسیەتی، سەركوت و خەفەقان، گەندەڵی ئابووریی و ئیداری و گۆشەگیری بۆ گەلانی ئێران بە دیاری هێناوە. سەرەڕۆییەكانی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات بەشێوەی كوشتاری بە تاك و بە كۆمەڵی ئازادیخوازانی نەتەوەكانی ئێران و پەرەدان بە تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهاندا، وایكردوە، كە ئێستا ڕەوایی بۆچوونی ڕێبەرانی کورد لە سەرەتای شۆڕش و بەرحەقبوونی خواستەکانی بزووتنەوەی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆیان بنوێنن.