
خه‌سارناسیی ئینقلابی ٥٧ له ڕوانگه‌ی کوردستانه‌وه
د. ئاسۆ حەسەن‌زادە
وێڕای ده‌سخۆشیم له ناوه‌ندی هه‌واڵی ڕۆژهه‌ڵات بۆ پێکهێنانی وێبینار له‌سه‌ر بابه‌تێکی ئاوا گرینگ، مایه‌ی سه‌رنج و جێگای داخه که چل و شه‌ش ساڵ پاش ئینقلابی ١٣٥٧ تا ئێستا به‌شێوه‌ی سیستماتیک و هاوبه‌ش خه‌سارناسییه‌کی ئه‌و ئینقلابه له گۆشه‌نیگای کوردستانه‌وه نه‌کراوه. ڕاسته خه‌سارناسییه‌کی وا، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و به‌شه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر نێوان ناخۆشی و گرژییه‌کانی نێو ماڵی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له‌پاش ئینقلاب، ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی گونجاو و به چه‌شنی ئاراسته‌کراو نه‌کرێ، ده‌توانێ زیانی له قازانجی زۆرتر بێ. به‌ڵام قه‌ت ناتوانین ئاینده‌یه‌کی به‌ڵێنده‌ر و یه‌كگرتوو بۆ گه‌له‌که‌مان بنیات بنێین ئه‌گه‌ر حازر نه‌بین ئاوڕ له کێشه و هه‌ڵه‌کانی ڕابردوو بده‌ینه‌وه و پێکه‌وه ده‌رسیان لێ وه‌ربگرین.
دیاره هه‌ر جۆره خه‌سارناسییه‌ک ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی چاو لێ بکرێ و پێویسته شته‌کان بخرێنه‌وه کۆنتێکستی هه‌لومه‌رجی ئه‌وده‌مه‌وه. چونکه تێپه‌ڕینی زه‌مان و ڕه‌وت و ئاڵوگۆڕه‌کانی دواتر ده‌توانێ زۆر شت له یاده‌وه‌ریی به‌كۆمه‌ڵدا ده‌سکاری بکا و تێگه‌یشتن له سروشتی ڕووداوه‌کان به‌پێی ئه‌زموونی دواتر یان ئاره‌زووی ئاینده بگۆڕێ. بۆ نموونه ئه‌مڕۆ ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕشی گه‌لانی ئێران ته‌نانه‌ت له‌لای هێزه کوردییه‌کانیش جێگای خۆی داوه به ئینقلابی ٥٧ یان ته‌نانه‌ت شۆڕشی ئیسلامیی ئێران. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ناوبردنی ئه‌و ئینقلابه به شۆڕشی ئیسلامی که له ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژئاواییدا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه باو بوو، شتێکی مایه‌ی تێگه‌یشتنه. به‌ڵام وازهێنانی حیزبه کوردییه‌کان له به‌کاربردنی ده‌سته‌واژه‌ی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به دروست نازانم، چونکه جیا له‌وه که ئه‌مه کورتکردنه‌وه‌ی کۆی پرۆسه‌یه‌ک له ئاکامه‌که‌ی‌دایه، له‌ڕووی به‌ها و بایه‌خه گوتارییه‌كانیشه‌وه کێشه‌ی هه‌یه. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو نه‌گرین که جیا له کوردستان گه‌لی دیکه‌ش له‌و ئینقلابه‌دا هه‌ستانه سه‌ر پێ و به‌هۆیه‌وه سه‌رکوت کران (بۆ نموونه تورکمه‌ن سه‌حرا و خوزستان)، له کۆتاییدا ئه‌وه هه‌ر گه‌لانی ئێران بوون که ئینقلابیان کرد، به گه‌لی فارس و ئازه‌ریشه‌وه، با له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه خۆیان پێناسه نه‌کردبێ. پاشان له وڵاتێک‌دا که شه‌ڕی ئێمه له‌گه‌ڵ نه‌یارانی مافه‌کانمان پێش هه‌موو شتێک شه‌ڕی ڕوانگه و چه‌مکه‌کانه، دروست نیه که له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی خه‌بات و له‌ده‌ستدانی مه‌یدان، چه‌مکه‌کانمان و جه‌هانبینیشمان بۆ مه‌وجودییه‌ت و دواڕۆژی سیاسیی گه‌له‌كه‌مان ڕاده‌ست بکه‌ین.
دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نیه که ئێمه واقعیه‌تی ئه‌و ئینقلابه و ئه‌وه که کام توێژی کۆمەڵگە هێزی بزوێنه‌ری بووه و به‌رهه‌می ئینقلابه‌که‌ی بۆخۆی بردوه له خۆمان بشارینه‌وه. ڕاستییه‌کی ئه‌زموونکراو له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی نێوخۆی وڵاتاندا ئه‌وه‌یه که له هه‌ر جێیه‌ک پۆپۆلیسته‌کان سواری شه‌پۆلی ڕق و بێزاری خه‌ڵک ده‌بن، له‌و شوێنه نیهادێک و توێژێك شکستیان خواردوه، نیهاده‌که ده‌وڵه‌ته، توێژه‌که‌ش بژارده‌كانن. له پرۆسه و ئاکامی ئینقلابی ١٣٥٧ی ئێرانیشدا هه‌ر وا بوو.
به هه‌موو جیاوازییه‌کانی دۆخ و ڕوانگه‌ی کوردستانه‌وه، ناتوانین ئاڵوگۆڕه‌كانی ئه‌وده‌می کوردستان له ئاڵوگۆڕه سه‌رتاسه‌رییه‌کانی ئێران داببڕین. هه‌ربۆیه هه‌رجۆره خه‌سارناسییه‌کی ئینقلاب له ڕوانگه‌ی کوردستانه‌وه پێویسته پارالێلیسم یان هاوته‌ریب سازییه‌ك له‌نێوان ئاستی گشتیی ئێران و ئاستی تایبه‌تیی کوردستان بکا، به مانایه‌کی دیکه تێ‌بکۆشێ درێژکراوه‌ی عه‌یبه زاتییه‌کانی پرۆسه‌ی شۆڕش له ئاستی ئێران‌دا بۆ نێو ئاستی کوردستان ده‌ربخا.
ئاشکرایه ئینقلابی ئێران هۆکاری زۆر بوون: له نادادپه‌روه‌ری و ڕیفۆرمی سه‌قه‌تی زه‌وی و زار و گه‌نده‌ڵیی ده‌ربارییه‌کان و چاوه‌ڕوانیی زۆری بۆرژوازیی نوێ و به گشتی درزی قووڵی چینایه‌تی سه‌ره‌ڕای داهاتی زۆری نه‌وته‌وه بگره تا سه‌ره‌ڕۆیی ڕێژیمێكی دیکتاتۆر که ته‌نانه‌ت ته‌حه‌موولی دوو حیزبی ملکه‌چی خۆیشی نه‌ده‌کرد و له کۆتاییدا بڕیاری دابوو ته‌نیا یه‌ک حیزبی کارتۆنی هه‌بێ.
له‌نێو پاڵنه‌ره‌کانی ڕوودانی ئینقلاب‌دا دوو دانه‌یان که یه‌كیان پێکهاته‌یی و ئه‌وی تریان بڕگه‌ییه سه‌رنجپێدانیان بۆ پرسی خه‌سارناسی پێویسته، چونکه له‌وه‌دا که کامه هێزه نێوخۆییه زۆرترین شانسی چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناڕه‌زایه‌تیی گشتیی هه‌بوو و کامه فاکته‌ره ده‌ره‌كییه‌ش چاره‌نووسی ئینقلابی یه‌کلا کرده‌وه، دیاریکه‌رن. شتێك که بۆ ئه‌مڕۆش گرینگه.
له ئینقلابی ئێران‌دا کارکردی به‌ستێنی نێوخۆیی (به ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک و کارکردی ڕیژیمی شاشه‌وه) و فاکته‌ری ده‌ره‌کی هه‌ردووکیان به قازانجی یه‌ک هێز ته‌واو بوون که بریتی بوو له خومه‌ینی و په‌یڕه‌وانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که له دوو ده‌هه پێش ئینقلابه‌وه خومه‌ینی له ئێران دوور خرابۆوه، به‌ڵام جیا له‌وه که به‌درێژایی مێژووی سه‌ت ساڵه‌ی ئێران ڕووحانیه‌ت هه‌میشه نیمچه ده‌وڵه‌تێكی له‌نێو ده‌وڵه‌تدا به‌ڕێوه ده‌برد و نیهادی دین زۆر له جومگه‌کانی کۆمەڵگەی به‌ده‌سته‌وه بوو، شا بۆخۆیشی له‌و جێیه‌ی ته‌حه‌ممولی تاقه نامیلکه‌یه‌کی چه‌په‌کانی نه‌ده‌کرد، چاوپۆشیی له بڵاوبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی ئیسلامی و دژه ڕۆژئاوایی که‌سانی وه‌ك عه‌لی شه‌ریعه‌تی و جه‌لال ئال ئه‌حمه‌د ده‌كرد و به‌م چه‌شنه ماری له باخه‌ڵی خۆیدا په‌روه‌رده کرد.
به هه‌مان شێوه، ڕۆژئاواییه‌کان، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئاست و سروشتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له ئێران و له ترسی ئه‌وه‌ی ئێرانیش بکه‌وێته نێو زۆنی ژێر نفووزی شووڕه‌وی، دوای ئه‌وه‌ی له کۆنفرانسی گوادلوپ به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتن ده‌ست له پشتیوانی له شا هه‌ڵگرن، به زۆر شێوه ڕێگایان بۆ هاتنه‌سه‌رکاری ئاخونده‌کان خۆش کرد، به‌تایبه‌تی که له کۆتاییه‌کانی حاکمیه‌تیدا شا به جارێك له خۆی ده‌رچووبوو و لانیکه‌م له ڕیتۆریکدا وای ده‌نواند که ده‌توانێ له به‌رامبه‌ر ڕۆژئاواشدا سه‌رکێشی بکا. به‌پێی زۆر به‌ڵگه ئه‌مریکا بۆخۆی ڕۆڵی له خونساکردنه‌وه‌ی ئه‌رته‌شی به‌ناو شاهه‌نشاهیدا هه‌بووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕاڕایی و سه‌ره‌نجام ده‌سته‌وه‌ستانیی شا له کۆنترۆڵی دۆخه‌که‌ی لێ که‌وتبۆوه. به‌مجۆره ئه‌وه‌نده‌ی ته‌قه‌کردن له خۆپێشانده‌ران و هه‌نگاوه سه‌ختگیرییه ئابوورییه‌کانی ڕێژیم به زیانی شا ته‌واو بوو چونکه هه‌ڵچوونی زیاتری ڕقی خه‌ڵک و مانگرتنی گشتیی لێ که‌وته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش پاشه‌کشه‌کانی له قۆناغی دووه‌مدا به دانانی به‌ختیار وه‌ك سه‌رۆک‌وه‌زیر و نه‌رمی نواندن له به‌رامبه‌ر خۆپێشانده‌راندا خه‌ڵکی بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم سوور و جه‌سوور کرد.
به کورتی، شا به قه‌ولی خۆی په‌یامی خه‌ڵکی بیست، به‌ڵام زۆر دره‌نگ. لێره‌دایه که وه‌ك گوترا سه‌رکه‌وتنی پۆپۆلیزم ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی شکستی ده‌وڵه‌ت و بژارده‌كان بوو. ئه‌گه‌ر ئاخونده‌کانی لێ ده‌ربکه‌ین که هێزی هه‌ره ڕێکخراو و ڕیشه‌دار و مه‌یدانپێدراو بوون، هێزه‌کانی دیکه له میللی-مه‌زهه‌به‌کانه‌وه بگره تا ته‌واوی چه‌په‌کان، به هه‌موو پێگه‌یه‌ك که له‌نێو لاوان و ڕووناکبیر و خوێنده‌واراندا هه‌یانبوو، له وێنه گشتییه‌که‌ی کۆمەڵگەدا ژماره‌یه‌كی بڕیارده‌ر نه‌بوون. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه بوو که ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تیی قووڵایی و زۆرینه‌ی هه‌ژار و له ده‌ڤه‌ری خۆ هه‌ڵقه‌ناوی کۆمەڵگەیان نه‌ده‌کرد که کۆمەڵگەیه‌ك بوو که به‌ده‌ر له بێزاری له خه‌فه‌قان و ناعه‌داڵه‌تی، گرێیه‌کی ده‌روونیی په‌نگخواردووشی له‌گه‌ڵ مۆدێرنیته‌یه‌ك هه‌بوو که به سه‌قه‌تی هاورده کرابوو.
هه‌موو ئه‌وه‌ش وای کرد که خومه‌ینی بتوانێ پشت به‌و شته ببه‌ستێ که فه‌یله‌سووفێكی وه‌ک میشێل فووکۆ که ئه‌وده‌م بۆ ئاماده‌کردنی ڕیپۆرتاژ له‌سه‌ر ئینقلابی ئێران بۆ ڕۆژنامه‌یه‌کی ئیتالیایی هاتوچۆی ئێرانی ده‌کرد ئاماژه‌ی پێ ده‌كا، ئه‌ویش سێحری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک. سه‌رسووڕماویی فووکۆ له کارکردی ئه‌و سێحره و به‌گشتی له پرۆسه‌ی ئینقلاب به ڕاده‌یه‌ك بوو که وه‌ک چۆن ژان پۆل سارتر به لایه‌نگری دیکتاتۆریی کۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت له قه‌ڵه‌م درا، ئه‌ویش تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی خرایه پاڵ که ئه‌وه‌نده هۆگری ئینقلاب و کاریزمی خومه‌ینی بووه که مه‌ترسیی هاتنه‌سه‌رکاری حکومه‌تێکی ئیسلامیی بۆ سه‌ر ئازادی نادیده گرتوه.
ئێستا ئه‌گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر باسی کوردستان و بمانه‌وێ خه‌ساره‌كانی جێگه و پێگه و چاره‌نووسی کوردستان له ئینقلاب‌دا پۆلێنبه‌ندی بکه‌ین، ده‌توانین ئاماژه به‌م که‌مایه‌سی و سه‌قه‌تییانه‌ی خواره‌وه بکه‌ین:
١/ یه‌كه‌مین که‌مایه‌سی که هه‌میشه باس ده‌کرێ و هه‌موو له‌سه‌ری کۆکن، ئه‌وه‌یه که به زۆر هۆکار ڕێژیمی شا به‌سه‌ر زۆربه‌ی نه‌یاره‌كانیدا ڕووخا، به کوردیشه‌وه. به‌و مانایه که کورد و هێزه‌کانی، به حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیشه‌وه که تا ئینقلاب ته‌نیا هێزی ناسراوی نێو مه‌یدانه‌كه بوو، هیچ خۆیان بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه ئاماده نه‌کردبوو. ڕه‌نگه که‌س حاشا له‌وه نه‌کا که چل و حه‌وت ساڵ پاش ده‌سپێکی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ڕووخانی ڕێژیمی شا و هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامیی لێ که‌وته‌وه، کورد و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌مجاره‌ش وه‌ک پێویسته هێشتا بۆ ئاڵوگۆڕێكی دیکه و ده‌رفه‌تی نوێ ئاماده نین!
٢/ ڕاسته زه‌مانبه‌ندی و جۆر و مه‌به‌ستی به‌شداریی کوردستان له ئینقلاب‌دا له‌گه‌ڵ شاره گه‌وره‌کانی ئێران به‌تایبه‌تی تاران وه‌ک‌یه‌ك نه‌بوو؛ کورد زۆر دره‌نگتر به ئینقلاب په‌یوه‌ست بوو و دوایه‌ش ڕوانگه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌بوو که له‌گه‌ڵ باقیی ئێران جیاواز بوو. به‌ڵام ئه‌و فه‌زا چه‌پ و دژه ئیمپریالیستییه‌ی که پاش کودێتای ٢٨ ی گه‌لاوێژی ١٣٣٢ ته‌واوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی داگرتبوو و له‌كاتی ئینقلابیشدا له سه‌رجه‌م ئێران‌دا زاڵ بوو، له کوردستانیش که تازه بۆخۆیشی ڕاسته‌وخۆ قوربانیی پشتیوانیی ئه‌مریکا له ڕێژیمی شا ببوو، درێژکراوه‌ی هه‌بوو. له‌ڕووی مه‌یدانی و جێگه و پێگه‌ی خه‌ڵکییه‌وه زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان لایه‌نگری حیزبی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی واته حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوو (وه‌ك دواتر ئاکامه‌کانی یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ مه‌جلیسی خوبره‌گان و پارلمانیش ده‌ریخست)، به‌ڵام ژاوه ژاوی فکری و ته‌بلیغاتیی هێزه چه‌په کوردی و ناکوردییه‌كانی حازر له کوردستان و گوتاره ئیدئۆلۆژییه‌كه‌یان ته‌شویشێكی زۆری خستبووه سه‌ر وێژمانی نه‌ته‌وه‌یی کورد و له کۆتاییدا به زیانی یه‌كڕیزی و یه‌کده‌نگیی کورد ته‌واو بوو.
له وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی وێبیناره‌که‌دا که ئایا ئه‌و ئانتی ئیمپیریالیزمه‌ی ئه‌وده‌می لایه‌نه کوردییه‌كان دروست بوو یا نا، ده‌ڵێم دروست یا هه‌ڵه ئه‌و ئانتی ئه‌مپریالیزمه شتێکی ناچارانه و ڕێگایه‌ک بوو بۆ ئه‌وه‌ی کورد لانیکه‌م له بوارێكدا هاوبه‌شیی خۆی له‌گه‌ڵ ئاقاری زاڵ له کۆمەڵگەی سه‌راسه‌ریدا نیشان بدا. ئانتی ئیمپریالیزمی ئه‌وسا له‌و سیغه‌یه‌دا که حیزبی دێموکڕات په‌یڕه‌ویی ده‌کرد، سیاسه‌تێکی مه‌عقوول بوو، به‌تایبه‌تی که ئه‌و حیزبه داگیرکردنی سه‌فاره‌تی ئه‌مریکا له تارانی مه‌حکوم کرد و دواتریش له‌پێناوی ڕاکێشانی پشتیوانیی سیاسیی ئورووپاییه‌کان له ده‌رگای سۆسیال دێموکڕاسیی دا. به‌ڵام له‌و شوێنه‌دا که لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردستان پرۆسۆڤیه‌تیسم (لایه‌نگری له شووڕه‌وی) – به سیغه سه‌ر‌و‌گوێ‌کراوه‌کانیشیه‌وه- و ماکسیمالیزم (ئه‌وپه‌ڕخوازی) له دابینکردنی خواستی چینایه‌تییان ده‌کرده ئامرازێک بۆ ململانێ له‌گه‌ڵ که‌مپی نه‌ته‌وه‌یی و زه‌مینه‌ی ناکۆکی و گرژییان خۆشتر ده‌کرد، بێگومان هه‌ڵه بوو. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ که له‌ڕووی سیاسیه‌وه ئانتی ئه‌مپریالیست بوون و نه‌بوونی کورد له‌و کاته‌دا نه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و نه له‌گه‌ڵ تاران شتێکی له مه‌سه‌له‌که نه‌ده‌گۆڕی. ئه‌وه‌ش که ئایا ئه‌مڕۆ ده‌بێ چۆن ته‌عامول له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته بکرێ، له دنیای فره‌جه‌مسه‌ری ئه‌مڕۆدا و له کاتێکدا که کۆده‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زاڵه، نابێ به چاوی سنووربه‌ندییه ئیدئۆلۆژییه‌كانی ئه‌وده‌م چاو له هاوکێشه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌مڕۆ بکرێ و پێویسته کورد له هه‌ر جێیه‌ک ده‌رفه‌تی ڕاکێشانی سه‌رنج و پشتیوانیی ده‌ره‌کیی بۆ بڕه‌خسێ، کاری له‌سه‌ر بکا و که‌ڵكی لێ وه‌ربگرێ. به‌ڵام هێشتا ماون له کوردستان هێزی کلاسیک و خاوه‌ن پێگه‌ی خۆیان که هه‌روا به چاویلکه‌ی ئه‌وده‌م له فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕوانن.
٣/ ئه‌گه‌ر له ئاستی ئێران‌دا خه‌ڵک ده‌یانزانی چیان ناوێ به‌ڵام نه‌یانده‌زانی چیان ده‌وێ، له کوردستانیش دۆخه‌که زۆر باشتر نه‌بوو، به‌تایبه‌ت که ئه‌زموون و ئاستی وشیاریی سیاسیی خه‌ڵک و پێگه‌یشتنی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تیی بژارده‌کانیشی وه‌ک ئێستا نه‌بوو. ڕاسته کوردستان خاوه‌نی هێزی سیاسیی ڕێکخراو و ڕیشه‌دار بوو، ئه‌زموونێكی دوور و درێژی له خه‌بات بۆ ویسته نه‌ته‌وایه‌تی و دێموکراتیکه‌کانی هه‌بوو و بایکۆتی ڕیفراندۆمی دیاریکردنی نیزامیش له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستانه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌رخست، به‌ڵام سنووربه‌ندییه‌کی ڕوون و پته‌و و یه‌كده‌ست له دوو بواردا نه‌کرابوو:
یه‌که‌م، بابه‌ته ئیدئۆلۆژی و چینایه‌تییه‌که‌یه که له سه‌ره‌وه باس کرا. دووه‌م، پێوه‌ندیی نێوان دێموکڕاسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی. ئه‌و بابه‌ته‌ش ڕه‌هه‌ندێكی تاکتیکی و ڕه‌هه‌ندێكی ستراتژیی هه‌یه. ڕه‌هه‌نده تاکتیکییه‌که جۆری ته‌عامول له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ده‌گرێته‌وه که به‌هۆی جیاوازیی بۆچوونی هێزه سیاسییه‌کان له‌باره‌یه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێک هێنابوو که نه‌ک ته‌نیا ڕوانگه‌ی ئه‌و هێزانه بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ڕێژیم وه‌ك‌یه‌ك و هه‌ماهه‌نگ نه‌بێ، به‌ڵکوو له‌نێو حیزبی دێموکڕاتیشدا ڕه‌وتێک - هه‌رچه‌ند په‌ڕاوێزییش بووبێ- سه‌رهه‌ڵ‌بدا، واته "په‌یڕه‌وانی کۆنگره‌ی چوار"، که پێیان وابوو ده‌بێ له‌گه‌ڵ ڕێژیم بسازێن. له ڕه‌هه‌نده ستراتژییه‌که‌وه، ڕاسته کوردستان خاوه‌نی داوای نه‌ته‌وایه‌تی بوو که هێزێکی هه‌شتا له سه‌دیی خه‌ڵک وه‌ك حیزبی دێموکڕات (به‌پێی ئاکامی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كان) ئاڵاهه‌ڵگری بوو، به‌ڵام فۆرموولێکی ڕوون و هاوبه‌ش له‌نێوان هێزه‌کانی کوردستاندا بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی ئه‌و داوایه له‌به‌رده‌ست نه‌بوو. ئه‌وه جیا له‌وه که کوردستان ببووه مه‌یدانی ته‌ڕاتێنی کۆمه‌ڵێك هێزی ئێرانی که ڕێک به‌دژی مافه‌کانی کورد ده‌دوان و کاریان ده‌کرد.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه (و ئه‌وه حیزبی دێموکڕاتیش ده‌گرێته‌وه) له‌و کاته‌دا کوردستان زیاد له ڕاده پاشکۆ و چاو له ڕێگای پرۆسه‌ی سیاسیی سه‌رتاسه‌ری و ڕووداوه‌کانی تاران و به‌ته‌مای دێموکڕاتیزاسیۆنی ئێران بوو. ئه‌وه بابه‌تێكه که بۆ ئێستاش هه‌ر مه‌وزووعیه‌تی هه‌یه و دڵنیا نیم که ئێستاش بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌وه ساغ بووبێته‌وه که بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانج بگا پێشدا ده‌بێ کار له‌سه‌ر خۆی بکا و بۆخۆی ببێ به فاکته‌ر و "دوفاکتۆ" (واقیعی مه‌یدانی)یه‌كی وه‌ها له کوردستان زاڵ بکا که به هیچ هێزێک زه‌وت نه‌کرێته‌وه. بێگومان کورد ده‌بێ له ئاستی ناوه‌ندی و سه‌راسه‌ریدا چالاک بێ، به‌ڵام ئه‌و چالاکبوونه له‌ناوه‌نددا پێشدا ده‌بێ پشت به به‌هێزبوون له کوردستان و به‌هێزکردنی جه‌مسه‌ری نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی دیکه‌ی ئێران ببه‌ستێ نه‌ک ئه‌وه که ته‌نیا له‌سه‌ر ته‌وه‌ری دیالۆگی بێ‌کۆتایی و دانوستانی بێ‌به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ هێزه ناوه‌ندگه‌را به‌ناو سه‌راسه‌رییه‌کان بخولێته‌وه.
٤/ که‌مایه‌سییه‌كی دیکه‌ی پاش ئینقلاب له کوردستان ئه‌وه بوو که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که حیزبی دێموکڕات ئادره‌س و بڵیندگۆ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هاواری کوردستان ڕوو به ئێران و ده‌ره‌وه بوو، کورد له مه‌رجه‌عیه‌تێکی یه‌كگرتووی سیاسی بێبه‌ش بوو. له‌وه‌ش خراپتر، به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌زموونی پێکه‌وه کارکردنی پێشووتری حیزبه کوردییه‌کان، به‌تایبه‌ت له‌سایه‌ی ئه‌و فاکته‌ره ئیدئۆلۆژییه‌ی باس کرا که له‌ڕاستیدا بیانوویه‌ک بوو بۆ پاساودانی یه‌كتر ته‌حه‌مول‌نه‌کردن و حه‌ساسیه‌ت به حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌که که حیزبی دێموکڕات بوو، پێوه‌ندیی نێوان ئه‌و حیزبانه زۆر خراپ بوو تا ئه‌وه که گه‌یشته گرژی و شه‌ڕی نێوخۆیی کوردستان. ئێستا به‌خۆشییه‌وه بابه‌ته ئیدئۆلۆژییه‌كه ئه‌وه‌نده له ئارادا نیه، به‌ڵام دڵنیا نیم که ئه‌قڵیه‌تی ڕکابه‌ریی خراپ و وه یه‌کتر هه‌ڵنه‌کردن له ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕدا جارێکی دیکه سیناریۆ شوومه‌کانی ڕابردوومان لێ دووباره نه‌کاته‌وه. بۆ عیلاجی ئه‌و ده‌رده پێویسته هه‌رچی زووه فکرێک بۆ مه‌سه‌له‌ی چه‌ک و چه‌کداری بکرێته‌وه. بێگومان گه‌لێكی وه‌ك گه‌لی کورد که هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره پێویسته هێزی پێشمه‌رگه هه‌رده‌م بپارێزرێ، به‌ڵام دروست وایه پێش ئه‌وه‌ی بۆشایی ده‌سه‌ڵات له ئێران و کوردستان دروست بێته‌وه، مێکانیزمێک بۆ یه‌کخستنی هێزی پێشمه‌رگه له‌نێوان هه‌موو حیزبه‌کان (هه‌ر کامه به‌پێی قورسایی و ڕێژه‌ی خۆی) دابنرێ و ئه‌و هێزه ته‌نیا به بڕیاری ستادێكی هاوبه‌شی فه‌رمانده‌یی و بۆ کۆنتڕۆڵ و دیفاع له خاکی کوردستان و نه‌ک به‌دژی یه‌کتر بجوڵێندرێ.
مه‌سه‌له‌ی دیکه و گشتی‌تر هه‌ر لێره‌دا، یه‌كگرتنی سیاسیی هێزه کوردییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای چارتێکی ئه‌خلاقی و په‌یمانێكی ستراتژی بۆ ئێستای خه‌بات و قۆناغی گواستنه‌وه و دواتریشه. به‌داخه‌وه ئه‌زموونی هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی کورد له پاش ئینقلاب زۆر کورتخایه‌ن و ده‌ڵه‌مه بوو و ئه‌زموونی دواتری ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێرانیش به‌هۆی فراوان نه‌بوون و پته‌و نه‌بوونی بنه‌ماکانی به‌رگه‌ی ڕکابه‌ریی و جیاوازیی بۆچوون له کاتی "شۆڕشی ژینا"ی‌دا نه‌گرت. چاره‌ی ئه‌وه ته‌نیا ته‌وازوعی سیاسیی هه‌موو لایه‌ک و خۆماندووکردن به بنه‌ماکانی یه‌كبوونی لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و شۆڕکردنه‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی یه‌كبوونیانه له هه‌موو به‌ستێنه‌کانی خه‌باتدا (له بواری سیاسی و ستراتژی و دیپڵۆماسییه‌وه بگره بۆ بواری پێشمه‌رگانه و مێدیایی و جه‌ماوه‌ری) بۆ نێو به‌ده‌نه‌ی حیزبه‌کان و کۆمەڵگە.
ئه‌گه‌ر جارێكی دیکه گۆڕان له ئێران‌دا دروست بێته‌وه و ده‌رفه‌تی نوێ بۆ کورد هه‌ڵکه‌وێ، ئه‌مجاره کاره‌که به لایه‌کدا له جاری پێشوو دژوارتر و وه‌دیهێنانی یه‌كێتییه‌کی وه‌ها پێویست‌تر و چاره‌نووسسازتریشه، چونکه ئه‌گه‌ر له پاش ئینقلاب ته‌نیا دوو هێزی سه‌ره‌کیمان هه‌بوو، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئه‌مڕۆی کۆمەڵگەی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌یه که ئه‌و کۆمەڵگەیه زۆر له جاران فره‌چه‌شنتر و فره‌ئه‌كته‌رتره ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم له هێندێك باره‌وه به جارێك ئه‌تۆمیزه (ورد و خاش) بووه. هه‌م ژماره‌ی حیزب و ڕێکخراوه‌کان زۆر بووه، هه‌م فره‌چه‌شنییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی ژێر پێستی نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ریان وه‌ده‌رناوه و داوای به‌ڕه‌سمی ناسین و به‌شداریی تایبه‌تمه‌ند له بزووتنه‌وه‌دا ده‌که‌ن، هه‌م هێزی کوردیی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات چنگی خستۆته نێو یاریی سیاسیی کورد له ئێران، و هه‌م به‌ستێنی بناژۆیی ئیسلامی له‌لایه‌ك و مه‌زنیخوازیی ئازه‌ری له‌لایه‌كی دیکه‌وه‌ش له‌جێی خۆیانن. هه‌موو ئه‌وانه له‌وێ ڕاوه‌ستێ، ئۆپۆزیسیۆنی به‌ناو سه‌راسه‌ری له به‌رامبه‌ر کورددا له جاران یه‌کده‌ستتر و چاوچنۆکتر بووه.
٥/ له پاش ئینقلابی ئێران، به زۆر هۆ که هه‌موویان خه‌تای کورد خۆی نه‌بوو، دوفاکتۆیه‌کی کوردی که له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م پێ کرد، دروست نه‌بوو. که ده‌ڵێین دوفاکتۆ ئه‌وه له‌پێشدا لایه‌نی سیاسی و خۆناساندنی هاوبه‌شی کورد له‌ڕووی حقووقییه‌وه به‌ڕووی کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران‌دا ده‌گرێته‌وه. به هه‌موو ئاسته‌نگ و کێشه‌کانی ئه‌وده‌م، کورد ده‌بوو له‌و وه‌خته‌دا ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌ته له ئازادی بۆ ئه‌وه به‌کار ببا که ستاتووسێکی سه‌ربه‌ست بۆ خۆی ڕابگه‌یه‌نێ، جا کۆماری کوردستان با یا هه‌رچییه‌کی تر. ئه‌و کاره له به‌رامبه‌ر ڕێژیمێکدا که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیار بوو له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کوردستان و به گشتی پرسی ئازادی له ئێران به‌نیازه چۆن بجوڵێته‌وه، هیچی له مه‌سه‌له‌که نه‌ده‌گۆڕی. له‌به‌رامبه‌ردا، کارێكی وا له ئاستی ئێران و نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆرتری ده‌بوو، بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستانی زووتر و ڕوونتر به ڕێچکه‌ی حقووقی - مێژوویی خۆی ده‌به‌سته‌وه و ڕه‌نگه یارمه‌تیشی به کاڵکردنه‌وه‌ی دڕدۆنگی و ناکۆکییه نێوخۆییه‌کان و یه‌كده‌ستکردنی مامه‌ڵه‌ی کورد له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی کردبا.
بۆ داهاتووش ده‌بێ بزانین دوفاکتۆی رۆژهه‌ڵات پێک نایه و جێ ناکه‌وێ ئه‌گه‌ر هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان بنه‌ما و ڕێکاره‌کانی کۆنتڕۆڵ و پاراستنی خاکیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێ. ئه‌وه‌ش به زۆر له‌و فاکته‌رانه جێبه‌جێ ده‌بێ که به‌شێكیان باس کران؛ هه‌م گوتارێکی سه‌روه‌ریخوازانه‌ی ڕوونی ده‌وێ که هه‌موو کۆمەڵگە خۆی تێدا ببینێته‌وه، هه‌م یه‌کیەتیی به‌کرده‌وه‌ی لایه‌نه ڕه‌سه‌ن و هه‌ڵقوڵاوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ی پێویسته، هه‌م ئامرازه‌کانی گه‌ره‌نتی و هێنانه‌سه‌ر خه‌تی کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له ئه‌گه‌ری هێرشی دووباره بۆ داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان. بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات ده‌بێ له ئێستاوه بیر له‌وه بکاته‌وه که چۆن ده‌توانێ به هێزی یه‌كگرتوو و پلانی ژیرانه‌ی خۆی، نه‌ك به سازان و پاشگه‌زبوونه‌وه له داوا ڕه‌واکانی، پێشگیری له سێ باره بوونه‌وه‌ی سیناریۆی ڕاده‌ست کردنی شاره‌کان و که‌وتنه‌وه شاخ و هه‌نده‌ران بکا، به‌تایبه‌تی که ئه‌مجاره ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه، جیا له چیاکان که هه‌میشه ده‌مێنن، ئیدی پشتی جه‌بهه‌یه‌کی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان نابێ!
٦/ خه‌سارێكی دیکه‌ی هه‌لومه‌رجی پاش ئینقلاب له کوردستان فاکته‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی بوو. دنیای دوو جه‌مسه‌ری و کپ و داخراوی شه‌ڕی سارد وای کردبوو که دوای ئینقلاب ده‌نگی کورد زۆر که‌م بگاته دنیای ده‌ره‌وه. ئێستا دۆخه‌که گۆڕاوه، هه‌م ئامرازه‌کانی گه‌یاندنی ده‌نگ و ڕه‌نگی کورد به دنیا زۆر و ناسراون، هه‌م دنیای ده‌ره‌وه‌ش حازره زیاتر سه‌رنج بداته فاکته‌ری کوردی له ئێران. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ش دیسان یه‌کخستنی هێز و توانای ماددی و مرۆیی و هه‌نگاوی کرده‌یی به‌تایبه‌تی بۆ دانانی مێدیایه‌کی گه‌وره‌ی یه‌كگرتوو پێویسته.
٧/ که‌مایه‌سییه‌كی دیکه‌ی بنه‌ڕه‌تیی کورد له پاش ئینقلابی ئێران که له خاڵه‌کانی دیکه‌شدا ئاماژه‌ی پێ کرا به‌ڵام پێویسته به‌جیا به‌رجه‌سته بکرێته‌وه تۆکمه نه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی کوردستان له‌ڕووی نیزامی و ستراتژیی به‌رگریکارانه‌یه. ئه‌وه بابه‌تێكی کارناسانه‌ی هه‌ره حه‌یاتییه و له سه‌رده‌می ئێستادا که ده‌وڵه‌ته‌کان له‌ڕووی تێکنۆلۆژیی سه‌ربازییه‌وه یه‌کجار پێشکه‌وتوون به‌ڵام ئاستی ته‌یاری و شاره‌زایی بزوتنه‌وه‌ی کوردستان له ڕۆژهه‌ڵات هه‌ر له ئاستی سه‌رده‌می ئینقلاب‌دا ماوه، تێڕامان و خه‌م‌لێخواردنی خێرای پێویسته.
وه‌ک ئاکامگیری له باسه‌كه‌م ده‌مه‌وێ ئاماژه به وته‌یه‌کی ڤیکتۆر هۆگۆ له‌باره‌ی به‌لاڕێدابردن یان دزرانی ئینقلابه‌کان بکه‌م که ده‌ڵێ هه‌میشه ئینقلاب دوو ده‌سته له خه‌ڵک به لاڕێیدا ده‌به‌ن: زرینگه‌کان و کورت‌بینه‌كان. ئه‌و قسه‌یه‌ی هۆگۆ هه‌ر ته‌نیا له‌ڕووی مێژووییه‌وه و له‌به‌ر ئه‌وه بۆ ئینقلابه‌که‌ی ئێران گونجاو نیه که ئه‌و ئینقلابه له‌لایه‌ن ئاخونده‌کانه‌وه به‌لاڕێدا چوو، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێران و مه‌ترسیی سه‌ر ڕاسانی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵک له‌و وڵاته‌ش دێته‌وه. هۆگۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی له‌باره‌ی شۆڕشی ١٨٣٠ی فه‌ڕانسه کردوه که شۆڕشێک بوو که له ناخی خۆیدا خاوه‌نی ئیده‌ئالی به‌رز و دژی پاشایه‌تی بوو، که‌چی به‌هۆی ته‌ڕده‌ستیی هێندێکان و ترسه‌نۆکی و قازانج‌په‌رستیی هێندێکی دیکه به‌رهه‌مه‌كه‌ی بوو به پاشه‌کشه‌ی به‌ها لیبراڵه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشایه‌تی. هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌و توێژه‌ی ئه‌مجاره به‌ته‌مایه شۆڕشی نوێی گه‌لانی ئێران بدزێ کامه‌یه!
***
سەرنج: ئەم وتارە له وێبیناری ناوه‌ندی هه‌واڵی ڕۆژهه‌ڵات پێشکێش کراوە