کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرینگیی کۆنگرە لە ژیانی حیزبیدا

13:40 - 6 رەشەمه 2724

گرینگیی کۆنگرە لە ژیانی حیزبیدا

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

کۆنگرەکان لە ژیانی سیاسیی حیزبەکان گرینگیی تایبەتیان هەیە و بە هەر ڕوویەکەوە بێت کاریگەری لە سەر چارەنووسی حیزبەکان دادەنێن. ئەو حیزبانەی دێموکراسی بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتە تەشکیلاتی و سیاسیەکانی خۆیان بە تەوەر وەردەگرن بایەخی زیاتر بە کۆنگرەکانیان دەدەن. ئەگەر بابەتی بایەخدان بە کۆنگرە لە لایەن هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزب وەک پێوەرێک وەرگرین، گرینگیدان بە دێموکراسی و یەکلاکردنەوەی دێموکراتیکی بابەتەکان نیشان دەدات کە دێموکراسی لە حیزبی دێموکرات تەنانەت ئەگەر چەندی‌وچۆنییەکەشی جێگای باس بێت هەر لە سەر پێیەو جێگای هیوایە.

ئەوەی حیزبێک لە هەشت دەیەی خەباتی خۆیدا بە گرتنی ڕێکوپێکی کۆنگرە لانی کەم هەر چوار ساڵێک جارێک کەوتۆتە بەر دەستی ئەندام و کادرەکانی کە بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەر دەگمەنیش نەبێ کەم وێنەیە. بێ گومان بەگوێرەی ئاکامەکان دەکرێ لایەنگر و ڕەخنەگری لە هەر کۆنگرەی حیزب بەگوێرەی خۆیان هەڵسەنگێنن، بەڵام ئەوەی کە ئێستاش پەنا دەبەینەوە بەر کۆنگرە وێڕای شانازی جێگای هیواشە، بەڵام ئەو خاڵە گرینکە پێویستە بکەینە هەوێنی کارکردنمان بۆ ئەوەی بتوانین بایەخی دێموکراتیکی کۆنگرەمان بەرزت رو بەرزتر بکەینەوە بۆ ئەوەی زیاتر ببێتە هۆی سەرکەوتن، ئەو بابەتە وێڕای تەکنیکی کاری کۆنگرە پێویستە بەرزکردنەوەی کولتووری دێموکراتیک بێت بۆ ئەوەی ئاکامی باش و باشتریشی لێ‌بکەوێتەوە.

وێڕای هەوڵمان لەوبوارەدا نابێ ئەو ڕاستییەش لە بیر بکەین گرتنی کۆنگرە لە ئاوارەیی و لە ژێر هەڕەشەی مووشەک و ڕێککەوتنی ئەمنییەتی و دەیان پیلانگیری دیکەی دوژمن بۆ گورزوەشاندنی بەو ئورگانەی حیزبی دێموکرات کە دینامیزیمی شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵات و چالاکترین هێزی ئۆپزسیونی دژی دیکتاتورییە ئەوەندە ئاسان نیە. بە جورێک کە هەر گرتنەکەی بەدەر لە ئاکامەکانی بە سەرکەوتنێکی گەورە دادەنرێ، بە تایبەتی بە سەرنجدان بە کارنامەی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی کە لە جنایەت و تێرۆر و ناجوامێریدا بێ‌وێنەیە.

جا ئەگەر باس لە دۆخی حیزبی دێموکرات بکەین کە لە ناوی کۆنگرەکەی (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان)دا ڕەنگی داوەتەوە، گرینگیی ئەو کارەی کراوە چەندین بەرابەر دەبیندرێ، چونکە یەکێکی دیکە لە قوناغەکانی دۆخی پەرتەوازەیی بەرەو یەکگرتوویمان تێپەڕ کرد؛ ئەو یەکگرتووییەی کە بە یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی شۆڕشێکی گەورەی وەک شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، دادەنرێ کە بۆ سەرکەوتنمان لە داهاتووی هەر هەستانەوەیەکی دیکەدا پێداویستیەکی بێ ئەملاو ئەولایە. ئیتر یەک گیان زیاتر لە جاران ئاوێتەی ڕۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە ترۆپکی سەرکەوتن دەبینین. ئیتر بەرنامە و پلانمان بۆ دابینکردنی ئازادی لە کوردستان دەگرێتەوە چونکە حیزبی دێموکراتی گەلی کورد و نیشتمانی کوردستان بۆ سەرکەوتن لەو بابەتە یەکی گرتۆتەوە و یەکگرتوویی خۆشی دەپارێزێ و ئەوەش سەکۆی بەهێزبوونیەتی کە پێویستە بە بەرنامە و پلان و پڕۆژەی سەردەمیانە و واقعی و پێشکەوتوو ئاوێتە بکرێ بۆوەی گەیشتن بە ترۆپکی سەرکەوتن کە ئازادییە زووتر و ئاسانتر مسۆگەر بکەین.

هێلە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات سەرچاوەی لە باوەڕی قوڵی دێموکرات بە خەبات بۆ پرسی نەتەوایەتی بە کولتووری پێشمەرگە و پێشمەرگەکان وەک ڕەساڵەتێکە کە هۆکاری مانەوەمانە و هۆکاری بەرداوامی و سەرکەوتن لە داهاتووشمانە کە پێویستە هەموو ڕەهەندەکانی ڕەواو مومکینی خەباتیش لە خۆی بگرێتەوە لە بڕیارنامە و تەنانەت ویستی زۆربەی هەرە زۆری بەشدار بوانی کۆنگرەش ڕەنگی دابۆوە کە پێویستە بە بەهێزیەوە بەردەوام بێ بۆ ئازادی گەل دروست بووین بۆ ئازادی تێکۆشانمان کردوە و، قوربانیی زۆرمان داوە و لەسەر ئەو ڕێچکەش هەر بەردەوام دەبین.

یەکێکی دیکە لە لایەنەکانی بەر باسی ئەو کۆنگرەیە شێوازی بەڕێوەچوون یا تکنیکی کارە کە بە هۆی ڕاستیەکانی خەبات وەک کەم وکوڕی یا تێبینی جیاوازی لە سەر بێ، کە ئەو تێبینیانە بەنرخن بۆ دەوڵەمەند کردن چونکە پێویستە ئێمە لە هەموو شێوازەکانی مومکین کەلک وەرگرین بۆ ئەوەی خەبات بە هەموو شێوەیەک بەردەوام بێت.

مشتومڕی سیاسی و تەشکیلاتی لە حیزبێکی زیندوو کە چەتری بیری جیاوازە بۆ خزمەتکردن بە پرسی نەتەوایەتیمان لە هەموو کۆنگرەو کۆنگرەکان هەر هەبووە و دەبێت، بەڵام کە کۆنگرە تەواو دەبێت وەرزی  نوێی خەبات و تێکۆشان، بە باوەڕی قوڵ و کولتوری فیداکاریی پێشمەرگانە مکوڕتر لە جاران دەست پێ دەکاتەوە. بۆ بەردەوامی لە شۆڕش، پێکەوە لە گەڵ یەک و بە پشتیوانی خەڵک بۆ بەهێزیی ئەو وەرزە هەنگاو هەڵدەگرین و بێگومان لە دوا وێستگەی خەباتدا ئازادی مسۆگەر دەکەین.