کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرفەت بۆ کوردان

13:50 - 6 رەشەمه 2724

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرفەت بۆ کوردان

محەممەدساڵح قادری

دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر و کاردانەوەکانی ئیسرائیل لە دژی هێزە نیابەتییەكانی گرێدراوی ئێران (حەماس، حیزبوڵڵای لوبنان، بەشار ئەسەد و حوسییەکانی یەمەن و ...)، ئیدی هاوکێشە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جیهان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەرەو گۆڕانکاری و دیزاینێکی نوێ دەڕوات. لەم دیزاینە نوێیەدا وا دەردەکەوێت کە وڵاتانی ئورووپایی، ئەمریکا و ئیسرائیل لەپێناو بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی خۆیاندا، چیدی ڕێگە بە حکوومەتە ئیسلامییەکان و گرووپە توندڕەوەکان نەدەن مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دروست بکەن. بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم پڕۆژە نوێیە، بە لەبەرچاوگرتنی پێشینە و ڕۆڵی جیاوازی وڵاتانی وەک "ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا" لە پشتیوانیکردنی گرووپە ئایینییە توندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێدەچێت نە ئیسرائیل، نە ئەمریکا و نە ئەورووپا ڕێگە بەو وڵاتانە نەدەن وەک خۆیان بمێننەوە و مەترسی لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانیان دروست بکەن.

لەم پەیوەندییەدا دەبینین کە ڕێژیمی ئێران و حوسییەکان چۆن لەبەردەم ئەمنییەتی گواستنەوەی نەوت و بازرگانیی جیهانی لە کەنداو و دەریای سوور، کۆسپ و مەترسی دەخوڵقێنن. لەلایەکی دیکەوە، دوای شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئەورووپا و ئەمریکاوە خراونەتە سەر ڕووسیا، ئاستەنگییان بۆ گواستنەوەی وزە و سووتەمەنیی ڕووسیە بۆ ئورووپا دروست کردوە و قەیرانی گەورەی لێ‌کەوتووەتەوە.

ئەم ڕووداو و بارودۆخانە وای کردوە کە ئورووپا، ئەمریکا و ئیسرائیل پلان و پڕۆژەی ستراتیژی بۆ دیزاینکردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابڕێژن، لەلایەکەوە هەوڵ بدەن لە ڕێگەی شەڕەوە، سەرکردە و توانای لۆجستیکیی سەربازی و هەژمۆنیی ئێران و حکوومەت و گرووپە نیابەتییەکانی لە غەززە، لوبنان، سووریە، یەمەن و عێراق لەنێو ببەن، لەلایەکی ترەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی داهاتوویان، پێویستیان بە پێکهێنانی بەدیل و ڕێڕەوی نوێ هەیە.

لەم پڕۆژەیەدا، قەڵشی گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەگەرێکی بەهێزە و لەم دیزاینە نوێیەدا سیستەمی دیکتاتۆری و پشتیوانانی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی ئیسلامی قبوڵ ناکرێن و لەبری ئەوە کار لەسەر سیستەمی فیدراڵی و پتەوکردنی بناغەی پێکهاتەکان دەکرێت. لەژێر کاریگەریی ئەو واقیعە نوێییەدا دەبینین کە لەدوای ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریە، وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق خەریکی دیالۆگ و دانوستاندنن بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دێمۆکراتیک بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان و هەرگیز ڕێگە نادەن لە سووریای دراوسێی ئیسرائیل، حکوومەتێکی ئیسلامیی توندڕۆ و دیکتاتۆر بێتە سەر دەسەڵات. بە هەمان شێوە گوشاریان خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران یان هەڵبووەشێنێتەوە یان لە ڕێگەی سەربازییەوە لەنێویان دەبەن. لەلایەکی ترەوە بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی باڵانس و هاوسەنگیی ناوچە و دەوڵەتی عێراق، گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئەمریکا و ئەورووپا هەیە. لە وەها دۆخێكدا دوور نیە عەرەبی سوننەی عێراقیش لە داهاتوودا داوای دروستکردنی هەرێمێکی فیدراڵ بۆ خۆیان نەکەن.

لەژێر کاریگەریی ئەم دۆخە نوێیەدا دەبینین دەسەڵاتدارانی تورکیە بە مەبەستی تێپەڕاندنی هەندێک قەیرانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی ناوخۆیی و ناوچەیی، ناچارن بۆ قەیرانی گرێدراو بە پرسی کورد، گۆڕینی دەستوور و دێمۆکراتیزەکردنی وڵات هێندێك  هەنگاو هەڵبگرن و پرۆسەیەکی نوێ لەگەڵ بەڕێز "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" و "دەم پارتی" دەست پێ بکەن.

بەڵام گرنگترین قۆناغی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دەگاتە کۆتایی. لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا سیستەمی حوکمڕانیی ئیدئۆلۆژیکی ئاخوندەکانی ئێران کە لەسەر بنەمای هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی شیعە ناسراو بە "بەرەی موقاومە" كە بووەتە سپۆنسەری هەموو تاقمە توندڕەو و تێرۆریستییە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا. دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە حەماس، بینیمان چۆن ئەو بەرەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانجی لەنێوبردن و تا ئێستا چەندین گورزی گەورە لەو بەرەیە دراوە و پەڕ و باسک و دەست و پێیان، یەک لە دوای یەک دەشکێنرێت، بەڵام ڕوونە کە سەری مار هێشتا لە تاران دەجووڵێت و دەبێ ئۆپەراسیۆنی کۆتایی بۆ لەنێوبردنی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستییە کە فیتنەی جیهانە، ڕێک بخرێت.

گومانی تێدا نییە کە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران و کۆتایی‌هاتنی فەلسەفەی ولایەتی فەقیهە و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئاخوندەکانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە توندڕەوانەی کە چارەنووسی خۆیان بەو ڕێژیمەوە گرێ داوە، ڕۆڵێکی دینامیکی و بنەڕەتی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاشتی و سەقامگیریدا دەگێڕن.

هاوكات ئەم گۆڕانکارییانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەرفەتێکی زێڕینیش بۆ گەلی کورد دەڕەخسێنن. ئەگەر لایەنە سیاسی و بژاردەكانی کورد بتوانن بە سیاسەتێكی دروست و یەکگرتوویییەوە، تەعامولێكی ژیرانە لەگەل ئەم دۆخە نوێییە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بكەن، بە لەبەرچاوگرتنی هاوپەیمانیی کوردان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە شەڕی تێرۆریزمی داعش، و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی پێگەی ژیۆپۆلۆتیکی کوردستان لە هاوکێشە ناوچەییەکان و بەتایبەتی لە هەبوونی سەرچاوەی وزە و ڕێڕەوی نوێی ئەمن بۆ گواستنەوە و بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەروەها لەگەڵ بوونی کولتووری تۆلەرانس و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوچەکەدا، دەتوانن بە سیاسەتی ژیرانە و پلانی كردەیی باش، پشتیوانیی جیهانی مۆدێڕن بۆ وەدیهێنانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی سیستمێكی بەڕێوەریی لە هەریەک لە وڵاتانی "عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا" بۆ كورد بەدەست بهێنن و ببنە فاکتەری بەهێز بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.