کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئایدیاوە هەتا سیستەم
ڕەزا محەممەدئەمینی
مێژووی نوێی ئێران بەتایبەت لە هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوییەوە هەتا ئێستا پڕە لە کارەسات و خوێنڕشتن. هاتنەسەرکاری ڕەزاخان و پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای تیۆریی "دەوڵەت- نەتەوە" لە وڵاتی فرەنەتەوەی ئێران، هەر لە سەرەتاوە هاوتەریب بوو لەگەڵ سەرکوتی خوێناویی گەلانی ئێران، دیکتاتۆری و داسەپاندنی سیاسەتی توانەوەی نەتەوەیی- "ئاسمیلاسیۆن"- نەتەوەکان لەژێر هێژمۆنی و ڕکێفی نەتەوەی باڵادەست، و بەگشتی دامەزرانی دەسەڵاتێکی خوێنڕێژ و سەرەڕۆ کە ئاکامی شۆڕشی مەشرووتە بوو. بنەماڵەی پەهلەوی لە ماوەی ٥٠ ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیان توانییان ڕواڵەتی ئێران بگۆڕن و تا ڕادەیەکی زۆر سیمایەکی سەردەمیانە لە ئێران نیشانی وڵاتانی جیهان بدەن. ئەوە لەحاڵێکدا بوو کە شەپۆلی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی هەتا دەهات پەرەی دەسەند. شەڕی جیهانیی دووهەم و داگیرکردنی ئێران لەلایەن هاوپەیمانەکان و تێکشکانی خێرای هەیمەنەی نیزامیی پاشایەتی، سەرەتایەک بوو بۆ داڕمانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی؛ هەروەها جیهانی دووجەمسەری و دەسپێکی شەڕی سارد لە نێوان دوو بەرەی سۆسیالیستی و سەرمایەداری لەلایەک و لەلایەکی دیکە پەرەسەندنی جووڵانەوە ئازادیخوازییەکانی گەلانی ئێران و پێکهاتنی دوو دەوڵەتی، حکومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان کە بەداخەوە تەمەنیان کورت بوو، و بزووتنەوەی خۆماڵیکردنی نەوت و کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و لێکەوتەکانی، ڕێژیمی بێزراوی پاشایەتییان بەرەو هەڵدێری نەمان برد و لەئاکامدا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ تۆماری پاشایەتی بۆ هەمیشە تێکەوەپێچا.
بەداخەوە شۆڕشی مەزن و خوێناویی گەلانی ئێران هەر لە سەرەتاوە لەلایەن خومەینی، بنیاتنەری کۆماری ئیسلامی بەلاڕێدا برا و ئەو ڕێژیمەی کە پاش ڕووخانی پاشایەتی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، لە زۆر بارەوە دڕندەتر، خوێنڕێژتر و ماڵوێرانکەرتر بوو و دەکرێ بڵێین کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەچاڵەوە هاتنە دەرێ و دەچاڵاوێ کەوتن. ڕێژیمی پاشایەتی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی گەلانی ئێرانی بە زەبری سەرکوتی بێبەزەیانە، زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان وەڵام دەدایەوە؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکی سەردەمیانە وەک زۆربەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی جیهان بوو کە توانیبووی بە زەبری هێز و سەرکوت لە نێوخۆ و لە دەرەوەش، هاوتەریب لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر بکات. بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە سەرکوتی گەلانی ئێران و خوڵقاندنی جینایەت و خوێنڕێژی ڕووی نیزامی پاشایەتی و زۆربەی دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکانی جیهانی سپی کردەوە، بەڵکوو خومەینی دەسەڵاتێکی دواکەوتووانە و کۆنەپرستانەی لە ئێراندا دامەزراند کە نموونەی تا ئەوکات هەر نەبوو. دەسەڵاتێکی دواکەوتووی ڕەش کە تێکەڵاوێک بوو لە نیزامێکی نەزۆک و بەڕواڵەت کۆماری کە لەسەر بنەمای ئیسلامی شیعەی دوازدە ئیمامی و لەژێر فەرمانی وەلی فەقیه وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی دامەزرا.
ئەم نووسینە ئاوڕێک لە حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی و داهاتووی سیاسیی ئەم ڕێژیمە دەداتەوە:
چەند لایەنێکی سیاسی و فکری لە سەردەمی دەسەڵاتداری حەمەڕەزاشادا دژی ئەو ڕێژیمە بوون کە جگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە تاراوگە بوو و لە دوای کۆماری کوردستان هەوڵی بووژاندنەوە و خۆڕێکخستن و چالاکیی سیاسی و نیزامی لە شارو گوندەکانی کوردستان دەدا، ئەوانی تر بریتی بوون لە: حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان بە هەموو ڕوانگە و بۆچوونەکانیانەوە، هێز و کەسایەتییە میللییەکان کە پاش کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ خەریکی خۆبووژانەوە بوون و هەروەها هێز و ڕێکخراو و کەسایەتییە ئیسلامییەکان بەهەموو توێژەکانیەوە کە بە تایبەت پاش بەناو شۆڕشی سپی حەمەڕەزا شا و چاکسازیی ئەرزی، بەتەواوی دژایەتی دەسەڵاتیان دەکرد. ئەو سێ هێزە سەرەڕای جیاوازیی ئیدئۆلۆژی و ڕوانگەیی، لەسەر ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی هاوڕابوون.
ئەوەی لەو بەینەدا و لە بەرەبەری سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران توانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بێ، خومەینی و شوێکەوتوانی بوون. خومەینی کە لە عێراق لە تاراوگە دەژیا بە هاوکاری کەسایەتییە سیاسییە مەزهەبییەکان، لیبڕاڵە میللی و ئیسلامییەکان و تەنانەت بەشێک لە هێز و ڕێکخراوە چەپەکان، ڕێبەری خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێرانی بەدەستەوە گرت. شک لەوەدا نییە، خومەینی و ئاخوندەکان لەلایەک لە نێوخۆی وڵات بەکەلکوەرگرتن لە جێگەو پێگەی کۆمەڵایەتییان، مزگەوتەکان و هەزاران مەلا و فەقێ، گەورەترین ڕێکخستن و ڕایەڵەی پێوەندییان هەبوو لەگەڵ خەڵک و لەلایەکی دیکەش شەڕی ساردی نێوان بەرەی سۆسیالیزم بە سەرۆکایەتی سۆڤییەتی پێشوو و بەرەی ڕۆژئاوا بە ڕێبەریی ئەمریکا، هەلێکی لەباری ڕەخساند بۆ خومەینی و ئاخوندەکان تا بتوانن ڕێژیمێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی دامەزرێنن. ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ پێشگرتن لە هەڕەشەی سۆڤییەت و ئوردووگای سۆسیالیستی ڕێخۆشکەر بوون بۆ هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان و پێیان وابوو بەمجۆرە ئێران ناکەوێتە باوەشی سۆڤییەت. هەرچەند خومەینی بیرۆکەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دینی لەژێر ناوی حکوومەتی ویلایەتی فەقیە گەڵاڵە کردبوو، بەڵام هاوکات بیری ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا هەبوو. ڕووناکبیرانی ئیسلامی وەک جەلال ئال ئەحمەد و عەلی شەریعەتی و ئاخودەکانی وەک مورتەزا موتەهەری و بەگشتی بەشێک لە حەوزەی علمییەی قوم، بنەما فکرییەکانی حکوومەتی دینییان لەنێو لاوان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەگشتی بڵاو کردبووەوە.
گەلانی ئێران نەیاندەزانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ چییە و خومەینی و ئاخوندەکان چارەنووسیان بە چ ئاقارێکدا دەبا. خومەینی لە تاراوگە و لە پاریس زۆر وادە و بەڵێنی خەڵک پەسەندی وەک ئازادی و دژایەتی ئیستبداد و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەدا، بەڵام هەر ئەو کاتیش پێداگریی لە دەسەڵاتی ئیسلامی دەکردەوە. لەلایەکی دیکەش خومەینی هەر لەسەرەتاوە نیشانیدا هیچ باوەڕێکی بە چەمکی نەتەوە و وڵاتی ئێران نییە و ئەوەی بۆ ئەو گرینگە "ئۆممەتی ئیسلامییە". بنەمای هزر و فکری خومەینی دامەزراندنی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە و داسەپاندنی یاسا ئیسلامییەکان و شەریعەت لە ڕوانگەی مەزهەبی شیعە و ناردنە دەرەوەی شۆڕش"صدور انقلاب" بوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی داب و نەریتە باوەکان و یاسا نێودەوڵەتییە پەسندکراوەکان. هەربۆیەش پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پەهلەوی، خومەینی شانۆی "کۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نەخێر"ی خستە بەردەم خەڵک. دیارە زۆرینەی بەشدارانی ڕاپرسییەکە دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی دا و بەم چەشنە ڕێژیمێک شەرعییەتی لە دەنگی خەڵکی تاساوی ئێران وەرگرت کە کەمترین باوەڕی بە ئازادیە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان نەبوو. گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی، بۆ مێژووش بێ ئەو شانازییەیان بۆخۆیان تۆمار کرد کە لەو بەناو هەڵبژاردنەدا بەشدارییان نەکرد و دژی دەسەڵاتی خۆسەپێنی خومەینی و کۆماری ئیسلامی ڕاوەستان.
ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، هەر لەسەرەتاوە دەستی بە قەڵاچۆکردنی نەیارانی کرد و هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی، تەنانەت ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی وەک حیزبی توودە کە سەداسەد پشتیوانی کۆماری ئیسلامی بوون، سەرکوت و هەڵوەشاوە ڕاگەیەندران. هەزاران کەس لە تێکۆشەرانی سیاسی و ئەو کەسانەی چالاکانە لە شۆڕشی ٥٧دا بەشدار بوون گیران و پاش ئازار و ئەشکەنجە لەسێدارە دران؛ یاسای دژ بە ماف و ئازادییەکانی ژنان پەسند کران و سەرەڕای دژایەتی و خۆڕاگری کەموێنە، بەڵام سەرکوت و زەبرو زەنگ و لەهەمانکاتدا بێهیوایی و تاساوی کۆمەڵانی خەڵکی باڵی بەسەر ئێراندا کێشا. هێرشی دڕندانە کرایە سەر کوردستان و شەڕێکی نابەرانبەریان بە سەر گەلی کورد دا سەپاند کە هەزاران شەهید و قوربانی بێدیفاعی لێکەوتەوە. شەڕ و بەرگرییەک کە نیزیکەی ٢٠ ساڵی خایاند و ئێستاش ئاسەوارەکەی دیارە. کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر کوردستان و میلیتاریزەی کرد و بەهەموو شێوەیەک تێکۆشا ئیرادە و خۆڕاگری نەتەوەی کورد و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێبەرانی جووڵانەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کوردستان تێکبشکێنێ.
لەوبەینەدا هەڵگیرسانی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی عێراق کە ٨ ساڵی خایاند و زیاتر لە ملیۆنێک کوژراو و بریندار لێکەوتەوە، هەلێکی زێڕینی بۆ خومەینی و کۆماری ئیسلامی ڕەخساند کە توانیان لەلایەک بۆ دیفاع لە ئێران لە بەرانبەر عێراق کۆمەڵانی خەڵک لەخۆیان نیزیک بکەنەوە و جێگە و پێگەی ڕێژیمەکەیان پتەوتر بکەن و لەلایەکی دیکە دڕندانەتر لە پێشوو نەیارەکانیان قەڵاچۆ بکەن و کوردستانیش بکەنە پادگانێکی گەورە و بەدەیان هەزار سەرباز و پاسداری بۆ شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە ڕەوانەی شارو گوندەکان بکەن و لاوانی کورد کۆمەڵکوژ بکەن. بێ هۆ نەبوو خومەینی بەڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئەو شەڕە نێعمەتی ئیلاهییە!
لەم قۆناغە بەملاوە، بەتایبەت پاش خواردنەوەی جامی ژەهر لەلایەن خومەینییەوە و کۆتایی شەڕی ٨ ساڵە و پاشان مردنی خومەینی و دیاریکردنی خامنەیی وەک ڕێبەری نیزام بەڕێخۆشکەری ڕەفسەنجانی، لەلایەک ڕەوتی یەکدەستبوونی دەسەڵات و وەلانانی سیما ناسراوەکانی ڕێژیم پەرە دەگرێ و لەلایەکی دیکەش بیرۆکەی "صدور انقلاب"، دەستێوەردان لە کارو باری وڵاتانی ناوچە و ئاژاوەنانەوە، دژایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەر نرخێک، دەبێتە بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی. لەئاستی نێوخۆی وڵاتیشدا کۆماری ئیسلامی پەرە بە ڕەوتی سەرکوتی ئازادیخوازان، نووسەران و ڕووناکبیرانی داو هەزاران کەس ناچار بوون بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان ڕوو لە هەندەران بکەن. لەو نێوەدا سپای پاسداران وەک هێزێکی نیزامی سەرکوتکەرهەتا دێ زیاتر ڕۆڵ دەگێڕێ لە دەسەڵاتدا و دەبێتە گەورەترین کارتێل و مافیای نیزامی و ئابووری ئێران لەهەموو بوارەکاندا.
کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە بوون و مانی خۆی لە بوونی دوژمن و دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەو خوڵقاندنی قەیراندا دەبینێ، هەر بۆیەش سیاسەتی پەلهاویشتن و دەستێوەردان لە ناوچە و قووڵکردنەوەی شەڕ و ناکۆکییەکان زۆر بە بەرنامەتر لە پێشوو بەڕێوە بردوە. هەوڵدان بۆ دەست وێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکان و یارمەتی هەمەلایەنەی دەستەو تاقمە ئیسلامی و تێرۆریستییەکان لە جیهان، بەتایبەت لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە فکرو سیاسەتی بنەڕەتی خامنەیی و کۆماری ئیسلامی بەگشتی. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لەلایەک ئەمریکا و وڵاتانی ناوچە زیاتر لە پێشوو هەست بە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن و لەلایەکی دیکەش، قەیرانەکانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبەری وڵات و دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیان و ئازادییەکان، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە. ناڕەزایەتییەکانی، ساڵەکانی ٧٦، داخرانی ڕەمەکی و بەکۆمەڵی ڕۆژنامەکان، خۆپێشاندانەکانی میلیۆنیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شارە گەورەکان دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ساڵی ٨٨ کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی دزینی دەنگەکانیان لەلایەن خامنەیی و باڵی دەسەڵاتدار، ڕاپەڕینی بەربڵاوی خەڵکی ئێران لە سالی ٩٦ و ٩٨ و هەروەها زۆر دوور نەڕۆین ڕاپەڕینی بێوێنەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پاییز و زستانی ١٤٠١ پێمان دەڵێ ئەم ڕێژیمە و بنەما فکرییەکانی هیچ بایەخێکی لەلایەن خەڵکەوە نەماوە و ڕەوایی کۆماری ئیسلامی لە لوولەی ئەو چەکانەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەرەو سینگی کۆمەڵانی ئازادیخوازی ئێرانیان گرتووە.
ئەگەر خاڵێکی وەرچەرخان و پاشەکشەیەکی بەکردەوە لە بنەما فکرییەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک ناردنە دەرەوەی شۆڕش و نابوودی ئیسرائیل و هیلالی شیعە و ئەو سیاسەتانەی کە کۆماری ئیسلامی بە دەیان ملیارد دۆلاری لە سامانە گشتییەکانی خەڵکی ئێران بۆ تەرخان کردوە، دابنێن، هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و دژە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامودەزگا نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەتای ئەو پاشەکشەیە بووە. ئیسرائیل زەبرێکی وەها کاریگەری لە سایتە مووشەکی و پەدافەندی ئاسمانی کۆماری ئیسلامی دا کە قەرەبوو کردنەوەیان زۆر ئاستەمە. ئەو هێرشەی ئیسرائیل نیشانی دا سەرەڕای هاشوهووشی دەسەڵاتداران، بەتایبەت فەرماندەرانی سپای پاسداران، هێزی نیزامی کۆماری ئیسلامی زۆر لە هێز و توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل کەمترو و بەرگەی زەبرێکی دیکە ناگرێ. هەروەها تێکشکانی سەربازی و سیاسیی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان وەک دوو هێزی نیابەتی مەزنی کۆماری ئیسلامی و بەناو بەرەی مقاومەت و لە کۆتاییدا ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریە، خامنەیی و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی تاساند و ترساند. تاساند چونکە باوەڕیان نەدەکرد ئەوەی زیاتر لە چوار دەیەیە خۆی پێوە ماندوو دەکەن، خەونی پێوە دەبینن و بنەمای سەرەکی و جەوهەری کۆماری ئیسلامییە و تێچووی دەیان ملیارد دۆلاردیان لەسەر داناوە، وەها بە خێرایی داڕمێ و ئامانجەکانیان وەک پووش و پەڵاشی بەر بای لێبێ. ترساون لەپاش سووریە، عێراقیش لە پاوانیان بێتە دەرێ و نۆرەی سەری مارەکە بگا. بێ هۆ نیە لەپاش هەڵبژاردنی دووبارەی ترامپ لە ئەمریکا، ڕاوێژی زار و دەمودوودی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە؛ هەروەها ترساون و مەترسیی نەمانیان لە ڕوخسار و ئاخاوتنەکانیان وەدەرکەوتوە، ترس لە ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و داڕمانی ڕێژیمە جینایەتکارەکەیان؛ ترس لە هێرشی بەربڵاوی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندە نیزامی و ئابوورییەکان، هەربۆیەش لەلایەک سەرەڕای بەڵێنییەکانی پێشوو، عەمەلیاتی سادقی ٣یان پشتگوێ خست و لەلایەکی دیکە ئامادەییان دەربڕیووە لەگەڵ ئەمریکا گفتووگۆ بکەن. ئەمانە هەموو ناتەبان لەگەڵ بنەما فکرییەکانی خومەینی و خامنەیی و نیشان دەدەن کە ئەولەوییەتی ڕێژیم لە ئێستادا پاراستنی مان و مەوجوودییەتی خۆیەتی.
دیارە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵوگۆڕی دیکە بەخۆیەوە دەبینێ و نە خامنەیی و ڕێژیمەکەی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەیان هەیە و نە ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە کۆماری ئیسلامی و کردەوەکانی خۆش دەبن. چونکە هیچ متمانە و باوەڕێکیان بە ئاخوندەکان نییە و باش دەزانن لەئەگەری هەر دەرفەتێکدا، دەسەڵاتدارانی ئێران خۆیان و دەستەو تاقمە نیابەتییەکانیان تەیار دەکەنەوە. جگە لەوەش ئەمریکای دوناڵد ترامپ وێڕای ئیسرائیل و وڵاتانی ئورووپایی دەزانن بۆ خاشەبڕکردنی ماکەی فیتنە، واتە کۆماری ئیسلامی و دەستەو تاقمە تیرۆریستیەکان دەبێ نەخشە ڕێگای درێژخایەن و بنەڕەتی و دوورە دیمەنی هەمەلایەنەیان هەبێ، ئەوەش پێویستی بە داڕشتنەوەی جوغرافیای نەتەوەیی لە چوارچێوەی سنورە جوغرافیایەکانی ئێستادا دەبێ، یانی بەشداری نەتەوە و کەمایەتییەکان لە ماف و ئازادییەکانیان و هەروەها سەرەتا داسەپاندن و پاشان نەهادینەکردنی دێموکڕاسی و بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە. هاوکێشەیەک کە هەر لەبنەڕەتڕا لەگەڵ بیر و هزری ئاخوندەکان ناتەبایە. بێگومان داهاتوو و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی بەدەستی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بەکەلکوەرگرتن لە هەل و دەرفەتەکان دەنەخشێندرێ و ئەو ڕێژیمە دژی گەلییە و ئەوناسۆرەی گەلانی ئێران و ناوچە پێیەوە دەناڵێنن بۆ هەمیشە ڕیشەکێش دەکرێ.