کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین و خاڵی وەرچەرخان له خەباتی دوو نەتەوەدا

01:14 - 20 رێبەندان 2724

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین و خاڵی وەرچەرخان له خەباتی دوو نەتەوەدا

مستەفا شێخە

 

پێشەکی:

خەباتی ڕزگاریخوازانەی دوو نەتەوەی کورد لە کوردستان و گەلی عەرەبی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەرکامیان خاوەنی مێژوویەکن و گومانی تێدا نیە هەردووکیان لە خەباتی ڕەوای بەرەو دابینکردنی مافی داگیرکراوی نەتەوەیی بەردەوامن. بەڵام خەباتی ئەم دوو نەتەوەیە، پێچەوانەی بۆچوونی هەندێک کەسان نەک بە بەردەوامی هاوتەریب نەبووە، بەڵکوو زۆرجار خەباتی فەلەستینیان زیانی بە خەباتی کوردان گەیاندوە و هەندێک جار دژیشیان بووە. بەڵام کورد نەک هەر دژایەتیی فەلەستینی نەکردوە، تەنانەت خەباتی ئەوانی وەک هی خۆی بە ڕەوا زانیوە.

دوو نەتەوەی عەرەبی فەلەستین و کوردی کوردستان بە هۆی ئاڵۆزی و تێکچنراویی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست -ئەو شوێنە جوگرافیاییەی ئەم دوو نەتەوەیە لێی دەژین- وێڕای ئەوەی خەباتی هەر دوو لا خەباتێکی ڕەوایە، هەندێک جار بە شێوەیەکی زۆر سنووردار پێوەندیی دۆستانەشیان بە یەکەوە هەبووە؛ بەڵام بە گشتی پێشکەوتنی خەباتی یەکێکیان لەگەڵ لاوازبوونی دۆخی گەشەسەندنی خەباتی لایەنەکەی دیکە هاوکات بووە. هۆی ئەم ناهاوتەریبەی خەباتی ئەم دووە زیاتر بۆ جیاوازیی پێوەندیی نێوان کوردی کوردستان و عەرەبی فەلەستین لەگەڵ دراوسێیان و هەڵسوکەوتی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەم دوو خەباتە دەگەڕێتەوە. لێرەدا دوو دەستەواژەی "نێودەوڵەتی" و "نێونەتەوەیی" لە یەکتر جیا کراونەتەوە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بەشێکی زۆری نەتەوان دەوڵەتیان نیە و بەشێکیشیان بە دەوڵەتن. کوردان لە نێو نەتەواندا لایەنگریان زۆرترە و دەوڵەتانیش بەهۆی بەرژەوەندیی خۆیانەوە زۆرجار لە بەرانبەر خەباتی گەلی کورددا چاویان نووقاندوە.

مێژووی خەباتی گەلی عەرەبی فەلەستین

ئەگەر بە کورتی مێژووی ئەم دوو خەباتە لەبەر یەکتر ڕابگرین، مەودای دووری خەباتی گەلی کورد بە هەر چوار پارچەیەوە، زۆر لە خەباتی فەلەستینیان کۆنترە. هۆیەکەی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا کورد و عەرەب دوو گەلی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوینن و هەردووکیان لە ڕابردوودا ژێردەستەی ئیمپراتۆری و دەسەڵاتدارانی گەورەتر بوونە، بەڵام گەلی کورد لە چەند سەدەی ڕابردوودا، بەسەر دوو دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانی و دواتر بەسەر چوار وڵاتی دەستکردی وەک تورکیە، سووریە، عێراق و ئێراندا دابەش کراوە.

لە لایەکی دیکەوە نەتەوەی عەرەبی فەلەستین تەنیا لەگەڵ وڵاتێکی تازە دامەزراو بە تەمەنی کەمتر لە سەدەیەک بە ناوی "ئیسرائیل" لەبەر یەکن و پێچەوانەی گەلی کورد، وڵاتانی سووریە، ئوردون و میسر لە دراوسێیەتیاندا هاونەتەوەیانن و وڵاتانی عەرەبی دیکەی باکووری ئەفریقا و باشووری کەنداوی فارسیش هەموویان عەرەب و هاونەتەوەی ئەوانن.

دیارە ئەگەرچی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٤ی مانگی مای ١٩٤٨دا دامەزراوە، بەڵام دەستپێکردنی خەباتی فەلەستینیان بەپێی ئەو مێژووەی خۆیان باسی دەکەن، بۆ بەر لەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە و دەڵێن، ئەم خەباتە لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا بۆ ئەوکاتە دەگەڕێتەوە بەرگری و بەرخۆدانی فەلەستینیان دژ بە دروستکردنی ئەو شارۆچکە جوولەکەنشینانە‌ی بەر لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی بەریتانیا لەم شوێنە دەستی پێ‌کردوە.

دوای دامەزراندن و سەقامگیربوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، هەتا ئەوکاتەی "ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین" لە ساڵی ١٩٦٤ وەک نوێنەری ڕەسمیی فەلەستینیان دامەزرا، خەباتی ئەم گەلە بە شێوازی سیاسی، دیپلۆماسی و خەباتی چەکداریی ناڕێکتر دەستی پێ‌کردبوو. بەمجۆرە خەباتی فەلەستینیان لە چاو خەباتی کوردان زۆر کەم‌تەمەنترە و لە چواریەکی یەکەمی سەدەی ٢٠ی زایینییەوە دەستی پێ‌کردوە.

مێژووی خەباتی کوردان

خەباتی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە ژێردەستی، وەک کتێبی مێژوویی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی شایەتی بۆ دەدات، لە سەدەی شازدەهەمی زایینەوە دەستی پێ‌کردوە و میرنشینانی کورد بە شێوازی ئەوکات حوکمیان بەسەر خۆیاندا کردوە و هەوڵیشیان داوە دەسەڵاتیان پەرە پێ‌بدەن.

"ئەحمەدی خانی"ش بە نووسینی دیوانی "مەم و زین" لە سەدەی حەڤدەهەمدا هەوڵی دا شوناسی نەتەوەیی و فەرهەنگیی کوردان سەقامگیرتر بکات. پاش ئەوانە، ئەم خەباتە لە سەردەمی مۆدێرندا بە سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (لە ساڵی ١٨٨٠، واتە لە چواریەکی سێهەمی سەدەی ١٨ی زایینی) لە ناوچەی شەمزینان دەست پێ‌دەکات و بنەماڵەی بەدرخان لە ساڵی ١٨٩٨ هەر لە کۆتایی سەدەی ١٨دا بە دەرکردنی ڕۆژنامەی کوردستان لە شاری قاهیرە پشکۆی ئەم خەباتە، سیاسیانەتر و مۆدێرنتر لە پێشوو دەگەشێننەوە.

دیارە دوای ئەمە مێژووی هەرکام لە سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی کورد لە چەندین هەزار لاپەڕەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕاندا باسی کراوە. بەڵام کۆمەڵە و سەرهەڵدانەکانی وەک "جەمعییەت تەعالی و تەرەقی کوردستان"، "کاژیک"، "ڕاپەڕینی سمکۆ"، "دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان"، "دامەزران و هەرەس‌پێهێنانی کۆماری کوردستان"، "دەستکەوتی ڕێککەوتنی ١١ی ئازار و شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان"، "خەباتی چەکدارانەی ساڵانی چل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامیی خەباتی کوردان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا هەتا ئێستا"، "سەرهەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری کوردستان"، "ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و دامەزرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان"، "سەرهەڵدانی کوردانی ڕۆژئاوا و دامەزرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەم پارچەیە"، بەشێکن لەو ڕووداوە گرنگە سیاسییانەی لە چەند سەدە لەمەوبەرەوە بە تایبەت لەم دواییانەدا "زۆر خێراتر" بەردەوامن.

فەلەستین و کوردستان لە ئاستی ناوچە و نێودەوڵەتیدا

ئاستی پشتگیریکردن یان ناوهێنانی خەباتی خەڵکی فەلەستین وەک خەباتێکی ڕەوا و پشتگرتنی لە ناوچە و جیهاندا بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ چۆنیەتیی پشتگیریکردن لە خەباتی کوردان بۆ ئەوە نابێت بخرێنە دوو تای تەرازوویەکەوە. بۆ زیاتر پێشاندانی ئەم دۆخە، تەنیا ئاماژەکردن بەو چالاکییانەی ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ لایەنگری لەگەڵی فەلەستین کردوویانە و هەروەها پشتگیریکردنی وڵاتانی ناوچە، ئەم ڕاستیەی سەرەوە بە ڕوونی پێشان دەدات.

چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی لە نێو فەلەستینیاندا هەتا ئێستا بەمجۆرە بووە:

- ئۆنڕوا(UNRWA) : ساڵی ١٩٤٩ بۆ یارمەتیدانی ئاوارەی فەلەستینی دامەزرا و لە بواری پەروەردەییەوە خزمەتی زیاتر لە نیو میلیۆن خوێندکاری کردوە، و ناوەندەکانی تەندروستیی ئۆردووگاکانی لە کەرتی خۆرئاوا و غەززە و ئوردون، لوبنان و سووریە بەڕێوە بردوە.

- نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی:(OCHA)  ئەم ڕێکخراوەیە بە بەردەوامی لە ناوچە فەلەستینیەکان چاودێریی دۆخی مرۆیی کردوە و کاروباری یارمەتییە مرۆییەکانی لەم ناوچانە ڕێک‌خستوە، بەردەوام ڕاپۆرتی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ ئامادە کردوە و پلانی بۆ وەڵامدانەوەی ڕووداوە لەناکاوەکان داناوە.

- بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNDP) : پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە ناوچە فەلەستینییەکان جێبەجێ کردوە، پشتگیری دامەزراوە حکومەتییەکان و یارمەتیی بنیاتنانی ژێرخان و بەرنامەکانی بەهێزکردنی ئابووریی جێبەجێ کردوە.

- یونیسێف(UNICEF): پشتگیریی منداڵان و هەرزەکارانی فەلەستینی کردوە و لە بواری پەروەردەیی و تەندروستی و خزمەتکردن یارمەتیی دەروونی-کۆمەڵایەتیی ماڵانی زیانلێکەوتووی داوە و خۆیشی بەشێک لەم بەرنامانەی جێبەجێ کردووە.

- ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO): ئەمەشیان یارمەتیی بەهێزکردن و چارەسەرکردنی کێشەی دۆخی تەندروستیی داوە، بە واکسینکردن یان کوتان بەرەنگاریی نەخۆشییە گوازراوەکانی کردووە و پزیشکانیشی ڕاهێناوە.

ئەمەی سەرەوە جگە لە یارمەتیی وڵاتانی ئیسلامیی وەک "ئێران، تورکیە، قەتەر، مالیزی، پاکستان، ئەندۆنیزی و عەرەبستانی سعوودیە"ن. جگە لەمانە، ئەمریکا، یەکیەتیی ئەورووپا، چین و ژاپۆنیش هەرکام بە جیا و لە دەرەوەی بەرنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیی دەسەڵاتی فەلەستینیان داوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی ناوچە وەک ماڵی سەرکردەکانی بزاڤی حەقخوازانەی خەڵکی فەلەستین بوون. هەروەها فەلەستین لە ساڵی ٢٠١٢ بەملاوە، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئێستا وەک "دەوڵەتی چاودێر" هەژمار دەکرێت و مافی بەشداریکردن لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دانوستانە نێودەوڵەتییەکان و چوون بۆ نێو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی هەیە.

بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ‌کرا، هەرچەند مێژووی خەباتی کوردان چەند ئەوەندەی مێژووی فەلەستینیانە، بەڵام بە هۆی دۆخی ژێئۆپۆلەتیکیی شوێنی نیشتەجێبوونی کوردان و دابەشکرانیان وەک ژێردەستەی وڵاتانی ناوچە، بەشێکی زۆر کەم و ئەویش لە سەردەمی جیادا لە لایەن وڵاتانی ناوچە و جیهانەوە یارمەتی دراون و ئەم یارمەتییانەش بەشێکیان ئێستا تەنیا بە بەشی نیوەڕزگاربووی باشووری کوردستان دەگرێتەوە.

دەکرێت یارمەتیی بەرژەوەندیخوازانە یان دەست‌تێورەردانی وڵاتانی ناوچە لە کوردستان بەم جۆرە باس بکرێت:

١- تورکیە: تورکیە بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ دۆخێکی زەمەنیدا یارمەتیی کوردانی ژێر دەسەڵاتی خۆی و پارچەکانی دیکەی نەداوە.

٢- عێراق: دەسەڵاتدارانی عێراق لە کاتێکدا زۆرجار لەژێر گوشاری خەباتی کوردان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کوردانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئەرێنی بووە و تەنانەت ملیان بۆ ئۆتۆنۆمیی بەشێک لەم پارچەیەی کوردستان ڕاکێشاوە، بەڵام دواتر بە ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن چەندین ئەوەندە زیانیان پێیان گەیاندوە. بۆ کوردانی پارچەکانی دیکەش تەنیا لە کاتی جەنگی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بە شێوەیەکی سنووردار پشتی خەباتی کوردانی ڕۆژهەڵاتیان گرتوە.

٣- سووریە: دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەش لە کاتێکدا بە توندی کوردانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان سەرکوت کردوە و تەنانەت مافی هاووڵاتیبوونیشیان لە بەشێکیان ئەستاندوە، تەنیا بەهۆی دژایەتیکردنی بەعسییەکانی سووریە دژ بە بەعسییە عێراقییەکان هەندێک جار ئیزنیان بە بەشێک لە کوردانی عێراق داوە لەم وڵاتە بژین و سنووردارانە پشتگیریان کردوون.

٤- ئێران: حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوی بەردەوام کوردانی ئەم پارچەیەی کوردستانی سەرکوت کردوە، لە سەردەمی نێوان‌ناخۆشی لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق لەسەر شەتولعەرەب، بە شێوەی سنووردار یارمەتیی شۆڕشی کوردانی عێراقی ئەوکاتی داوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییشدا ئەم ڕێژیمە جیا لە سەرکوتی سیستماتیکی کوردەکانی ئەم وڵاتە، بەڵام بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەتی عێراق و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و بە ئومێدی تێپەڕین بەرەو ئیسرائیل لە ڕێگەی کەربەلاوە! سنووردار یارمەتیی حیزبەکانی باشووری کوردستانی داوە.

پشتگیریی جیهانی لە خەباتی کوردان:

بۆ یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانیش ئەوەی بەرچاو بێت، بۆ کوردی ئێران یان ڕۆژهەڵات، تەنیا یارمەتیی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، ئەویش بە دەستپێشخەریی دکتۆر قاسملوو وەک مامۆستای زانکۆ لە پاریس و دۆستایەتیی ئەو لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەکە کراوە و هەروەها دادگای میکۆنۆسی ئەڵمانیش لە دۆسیەی تیرۆری دکتۆر شەرەفکەندیدا دژ بە دەسەڵاتی ئێران پشتی کوردانی ستەملێکراوی گرتوە.

ئەوەی گرنگە لەم ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە دیاریکردنی هێڵی دژەفڕین بۆ کوردانی باشوور و پشتگیریکردنی بەردەوام لە مانەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە و بۆ ڕۆژئاواش پشتگیریی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریەی دێموکرات ئێستاش بەردەوامن. هەتا ئێرە ئەوەی ڕوون و خۆیایە، ئەو پشتگیرییە ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەی لە فەلەستینیان کراوە، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم پشتگیرییە کەمەی لە کوردان کراوە بەراورد ناکرێت.

کوردان لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی ئیسلامییەوە، نەک وەک فەلەستینیان پشتگیری نەکراون و یارمەتی نەدراون، بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا لە کاتی کوشتاری بەکۆمەڵی کوردانی ڕۆژهەڵات وەک ئێعدامی بێتاوانان لە فڕۆکەخانەی سنە و کۆمەڵکوژیی ٥٩ لاوی مەهابادی و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی قاڕنێ و قەڵاتان و سۆفیان و کانی‌مام‌سەیدە و... هەروەها لە بەرانبەر ئەنفال و کیمیابارانی باشووری کوردستان و سەرکوتی ناوازەی کوردانی باکوور و ڕۆژئاواش گوێی خۆیان ئاخنیوە.

کاریگەریی گەندەڵی و زاڵبوونی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان لەسەر خەباتی فەلەستین

هاوکاتی سەرکەوتنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و لە سەرەتای پەلهاویشتنی ئەم دەسەڵاتە بۆ نێو گەلانی موسوڵمانی ناوچە، بە تایبەت پاشەکشەی گرووپە سیاسییە چەپ و نەتەوەخوازەکان لە فەلەستین و زاڵبوونی ئیسلامی سیاسی بەسەریاندا بە تایبەت دوای هاتنی یاسر عەرەفات بۆ تاران و دیداری لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی و دروستکردنی حیزبوڵڵای لوبنان، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا پشتی هەستی نەتەوەخوازانەی فەلەستینیان بشکێنێت و لە ٧ی ئۆکتۆبردا کردی بە زەبرێکی گورچووبڕ.

وەک ئیدوارد سەعید ڕووناکبیری فەلەستینی-ئەمریکاییش دەڵێت، گەندەڵی لە نێو دەسەڵاتی فەلەستیندا بەربەستی گەورەی پێشکەوتنی ئەم گەلەیە. ئیدوارد سەعید دەڵێت وەرگرتنی یارمەتیی دارایی دەرەکی بەبێ چاودێریی پێویست، زەمینەیان بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی خۆش کردوە و پێی وایە گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی بووەتە هۆی لاوازکردنی خەباتی گەلی فەلەستین و کەمکردنەوەی بایەخی سیاسیی سەرکردەکانیان. ئەو دەڵێت، شەفافیەت و لێپرسینەوە لە دامەزراوە فەلەستینییەکان بەهێز نەکراوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و هەروەها ئەم گەندەڵییەی بۆ بەردەوامیی پشتبەستنی فەلەستین بە یارمەتییە دەرەکییەکان بە هۆکارێک دەزانێ و پێی وابوو ئەمە سەربەخۆیی بڕیاردانی لێ سنووردار کردوون.

ئەنجامی وەرچەرخانی ئەم دۆخە

دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامی توند و درێژخایەنی ئیسرائیل و دەرچوونی بەرەی تێکهەڵچوونەکان لە ناوچەی بەرتەسکی غەززەوە بۆ لوبنان و هەموو بەشی موسوڵمان‌نشینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری سووریە، وەرچەرخانێکی گەورە لە ناوچەکەدا ڕووی‌داوە. بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی ڕۆژانە لە ئاستی ناوچە و جیهاندا بڵاو دەبنەوە، ئێستا تای تەرازووی بەرچاوبوونی خەباتی کوردان و پشتگرتنی ئەم خەباتە لە نێوان کورد و فەلەستینیاندا، لەم ناوچەیەدا قورسایی بە لای کورداندایە.

لە کاتێکدا دۆخی ناوچە بە ئاراستەیەکی ئەوتۆدا دەڕوات، هەرچەندە دۆخی دابەشبوونی کوردان و فرەحیزبی و فرەلایەنی لە نێو تێکڕای کوردستان و هەموو پارچەکانیدا لێوردبوونەوەی زۆر زیاتری دەوێت، بەڵام ئەزموونی ناسەرکەوتووی ڕابردووی خەباتی فەلەستین دەکرێت بەشێک لە تێشووی سەرکەوتنی خەباتی کوردان لە داهاتوودا بێت.

***

تیبینی:

ئەم وتارە کۆکراوەی خوێندنەوە و شیکردنەوەی چەندین سەرچاوەی مێژوویی، سیاسی و ڕۆژنامەوانییە، لەوانە شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، نووسینەکانی ئیدوارد سەعید و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.