
ترس لە زمان
ئاسۆ مینبەری
کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاری خۆیەوە هەتا ئەمڕۆ لە ستەم و سەرکوتکاری بەرانبەر بە خەڵکانی ئێران بەردەوام بووە. ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ مافخوازیی نەتەوە بندەستەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ئێتنیکی و نەتەوەیی و فەرهەنگی و کولتورییەکانی خۆیان، ئاستی ستەم و سەرکوتکارییەکانی چەد قات کردوە، تاکوو هیچ جێگایەک بۆ بەرەو لاوازیچوونی دەسەڵاتەکەی نەهێڵێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش سامانی نەتەوەیی ئەو خەڵکەی بە تاڵان بردوە و هەر بە سامانەکەی خودی خۆیان میدیا و پەروەردە و کەرتەکانی دیکەی خستووەتە خزمەت ئامانجەکەی خۆیەوە و سەرکوتکارییەکانی بە شێوەی سازماندراو و سیستماتیک درێژە پێ داوە.
لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت لە کوردستان هێرشێکی بەرینی بۆ سەر مێژوو و چاند و فەرهەنگ و زمانی نەتەوەی کورد هەبووە و لەم پێناوەشدا، ئەوەی کە پێویست بووە وەکوو تێچوو، لەلایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانیەوە لەژێر ناوی بوودجە بۆ گەڵاڵەی فەرهەنگی دابین کراوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە و لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، هەموو چەشنە هەوڵێکی چالاکانی بواری فەرهەنگ و زمان سەرکوت کراوە تاکوو زمانی یەکدەستی فارسی بەسەر کۆمەڵگە و ژیان و ئاوەزی تاکەکاندا زاڵ بێت و بە کردنەوەی تلویزیۆن و دامەزراندنی مۆرە گۆپاڵ بەدەستە کوردینەزانەکانی خۆی، ئەوەی بۆ سەقەتکردنی زمانی کوردی لەدەستی هاتبێ کردوویەتی. لەگەڵ ئەوەشدا دڵسۆزانی ئەم بوارە هەوڵیان داوە بەرەنگاری ئەم سیاسەتە ببنەوە و بە شێوەی خۆبەخشانە، بە بەڕێوەبردنی پۆلی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی و هاوکات هەوڵدان بۆ گەشەی بیری نەتەوەیی و پەرەدان بە پەروەردە بە زمانی کوردی، تا ڕادەیەکی باش کەلێنەکان پڕ بکەنەوە. بەڵام هەوڵەکانی ڕێژیم شێوازی نوێشیان لە خۆ گرتوە!
کودستان هەمیشە بەریەککەوتنێک لە ڕووداوەکانی تێدایە، کە زیاتر دەبنە هۆکار بۆ تێڕامان لە دۆخی هەنووکەیی و ئەم تێڕامانەش ئەتوانێ شتی نوێ بە دوای خۆیدا بێنێت. ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا هەواڵێکی بەم چەشنە بڵاو کرایەوە: سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی "سۆلینا" کە لە بەندیخانەدا لەدایک بووە، پاش ٤٠ مانگ دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ هەزار تمەنی و بۆ یەکەمین جار بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مەرەخەسیی پێ درا. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دڵخۆشکەر بوو، چونکە جیا لە خودی سوعدا کە لەو تەمەنەی لاوێتیدا لەژێر سەختترین ئەشکەنجە دەروونییەکانی کاربەدەستانی بەندیخانەدا بوو، لەلایەکی دیکەوە مژدەی ئازادیی کاتیی سۆلینای پێ دابووین کە هەموو تەمەنی خۆی لە بەندیخانەدا تێپەڕاندبوو! چەند ڕۆژ دواتر و لە ٢٩ی ڕێبەنداندا، سۆلینا و دایکی بۆ ڕزگاربوون لە گوشاری هێزەکانی ڕێژیمدا ناچار بوون ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بهێڵن.
هەروەک گوترا بەریەککەوتنی ڕووداوەکان لە کوردستان، ئاماژەی دیاریکراویان پێیە و لێرەدا ئەمەوێ ئاماژە بە یەکێک لەم بەریەککەوتنانە بکەم. سۆلینای تەمەن ٢ ساڵ و ٧ مانگ بچووکترین یان کەم تەمەنترین بەندکراوی سیاسیی کورد بوو کە تەنانەت پێش لەدایکبوونیشی، لە بەندیخانەدا هاوڕێی دایکی بوو و زیاتر لەو تەمەنەی کە تاکوو ئێستا ژیاوە، لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە. بەڵام خاڵی گرینگ کە بوو بە هۆکارێک بۆ نووسینی ئەم بابەتە، هەڵاتنی سۆلینا و دایکی لەدەست ستەمکاریی کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا بوو! سۆلینا وەک کچێکی کورد جیا لەوەی کە هەموو تەمەنی وەکوو بەندکراوێک تێپەڕاندووە و وەکوو منداڵێکی ساوا لە هەموو چەشنە خزمەتگوزارییەکی مرۆیی بێبەری بووە، لە قسەکردن بە زمانی دایکی خۆشی بێبەری بووە! ئەمە تراژێدیایەکی زۆر گەورەیە کە مرۆڤێکی بەو بچووکییە کە تەنیا زمان بۆ دەربڕینی هەست و ویستە سەرەتاییەکانی خۆی بەکار دێنێ، لەلایەن دەسەڵاتێکی دڕندەوە ئەوەندە مەترسیدار بێت کە مافی قسەکردن بە زمانی دایکیی خۆی لێ زەوت بکرێت و بە ناچاری بە فارسی قسە بکات!
هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە ڕۆژی ٢١ی فێڤرییەی ئەمساڵدا، باس لە مافی خوێندن و نووسین و پەرەوەردە بە زمانی دایکی دەکرا، سۆلینا تەنیا بە تاوانی کوردبوون، ئەم مافە بنەڕەتییەی لێ زەوت کراوە و تازە وردەوردە دەیەوێ فێری بێت کە بەبێ ترس و بەبێ دڵەڕاوکێ، فێری زمانی دایکیی خۆی بێت.
سیاسیبوونی سۆلینا و ترس لە فێربوونی زمانی کوردی، دەرخەری ڕاستییەکی ئاشکرایە، دەسەڵاتێک هەرچەندە دڕندەش بێت دیسانەوە خاڵێکی لاوازی هەیە کە زراوی لێ چووە و بووەتە مۆتەکەی شەوانەی و هەموو ڕۆژێک پێوەی ئەتلێتەوە. ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی سۆلینا و دایکی سۆلینای بەند کردبوون و ڕۆژانەش ئازاری داون بەڵام، هەموو ئەوانە دژکردەوە بەرانبەر بە ژن و کچێکی ئەم کوردستانە بووە کە لە بەندیشدا، ڕۆحیان ئازاد بووە و ترسیان خستووەتە دڵی ڕێژیمەوە.
ڕێژیم بە بەندکردنی سۆلینا، ژیان و زمانی ئەو کچە ساوایەی بەند کردبوو، چونکە ترس لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتەرەکان، تەنیا ترس لە چەک و هێزی ڕەق نییە، هەر ئەوەی کە زمان و ژیانی سۆلینا بەند دەکرێن، هەر ئەوەی کە هەموو هێزی کۆماری ئیسلامی لە زمانی دایکیی سۆلینادا بەرەو تەفروتوونابوون دەچێ، خۆی نیشان دەدات کە سۆلینای ٢ ساڵان هەزاران قات لە دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکەی ڕێژیم بەهێزتر بووە. وەک چۆن ژینا ئەمینی نوێنەرایەتیی ژنی کوردی کرد، سۆلیناش بە جۆرێکی دیکە ئەم نوێنەرایەتییەی کەوتە سەر شان. ڕێژیم لە سۆلینای ٢ ساڵان ترسا چونکە بچووکترین بەندکراوی سیاسیی کورد بوو کە بە کوردی ئاخافتنی خۆی دەیتوانی شەق لە مێژووی ٤٦ ساڵەی سەرکوتکاری و دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامی بدات.