
نەورۆز، بەڕۆژەڤکردنەوە لێکگرێدانی گێڕانەوەی وجوودیی کورد
تەهای ڕەحیمی
ڕەنگە لایەنە بەرهەستەکەی چەمکی نەتەوە دواڕەهەند کۆتایی پرۆسەی هێمۆجێنەیشنی کۆمەڵە خەڵکێک بێ. ئەم دیاردە کۆمەڵایەتی- سیاسییە ڕەهەندە دەرهەستەکانی زۆر زیاتر و بەرچاوتر و گرنگتر و تەنانەت لە بەدیهێنان یان گووراندنی دیاردەکەدا دیاریکەرترن.
یەکێک لەو توخمە دەرهەستانەی ڕۆڵێکی بنەمایی لە بیچمگرتنی نەتەوەدا دەگێڕێ گێڕانەوەیە (نەرەیشن). گێڕانەوە دەرخەری وشیاری، دەسەڵاتی کۆمەڵە خەڵکێک و هەروەها وێنای یەکخستنی نەوەکانی داهاتووی نەتەوەیەکی دیاریکراون. بەو واتایەی گێڕانەوە پێناسەی خۆ (کۆمەڵ) لە بەرانبەر سروشت و دەوروبەر و هەروەها بناخەی دیاریکردنی پۆزیشەنی "خۆ" دە بازنەی گەردووندایە بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە. هەروەها ئەوە دەسەڵاتی تێگەیشتن لە خود و دەورووبەر و دیاریکردنی پێوەندییە بەرانبەرەکان یان بەگشتی هەستکردن بە خۆیە کە گێڕانەوە دەمەیەنێ. هەر ئەمەش وا دەکا داگیرکەران و کۆلۆنیالیستەکان یەکەم شت کە لە پرۆسەی داگیرکاریدا دەستیان بۆ بردبێ، هەڵبەستن، گێڕانەوەی درۆیین و کڵۆڵە، هەتا بە داماڵینی ئەم وشیارییەی دە گێڕانەوەدا توێی گرتوە، دەسەڵات و سەروەری لە پێکهاتەیەک زەوت کەن و وێنای داهاتووی نەوەکانی بەگوێرەی ویست و بەرژەوەندیی خۆیان بنووسنەوە.
لەڕاستیدا بە شێواندنی گێڕانەوەکانی نەتەوەیەک، داهاتووی ئەم نەتەوەیەش دەشێوێ. چونکی ئەگەر گێڕانەوە تێگەیشتن و جیهانبینی مرۆڤ بێ لە خۆی و دەورووبەری، ئەم تێگەیشتنە دەبێتە بناخەی پێناس و بە تێپەڕینی کات ئاوەز و هزری کۆمەڵگەی لەسەر کەڵکە دەبێ و دواجار کانشێسنیسی نەتەوەی لەسەر پڕ دەبێ، ئەگەر بناخەی ئەم کانشێسنێسە بناخەیەکی بەلاڕیدابراو بێ، چینەکانی ئێستا و داهاتووی تێگەیشتن و هزرینی نەتەوە ناتەبا دەبن بە ڕابردووی و لە ئاکامدا ناتەبایی ئایدێنتێتی یان خۆبەسووکزانین لە هەناوی کۆمەڵگەدا ڕوو دەدا و نەتەوە بەرەو پووکانەوە دەبا.
نەتەوەی کورد بەهۆی بندەستیی و داگیرکراوبوونی لە هەموو پارچەکاندا، گێرانەوەیەکی عەجەمی (بە فارس و تورکەوە)، عەرەبی، یەهوودی، ڕووسی و تەنانەت ئورووپیشی بۆ داتاشراوە. بەگشتی بۆ ئەوەی ئەم کۆمەڵگە لەت لەتە دە نێو پێکهاتە و پێناسە نامۆ و دەسکردەکاندا بتوێننەوە، هەوڵ دراوە کەڵێن بخرێتە نێوان ڕابردوو و ئێستای، هەتا داهاتووی بەدەست خۆی دیاری نەکرێ. دیارە ئەم بێدەسەڵاتی و بێبەشبوونە لە دەسەڵاتی سیاسی و ساڤێرێنتی خۆیی، زەبری کاریگەریی لە پێکهاتەی نەتەوەی کورد داوە و زۆر جار بەهاکانی خۆمان لێ کراوە بە دوژمن و دژە بەها (کاوە ئاسنگەر). بەڵام بەم حاڵەشەوە خەباتی نەپساوەی کورد، بەتایبەتیش هاوشان دەگەڵ بە جیهانیبوون ڕەوتی گەڕانەوە سەر گێرانەوەی خۆیی، خێراتر و مسۆگەرتر کرد و ئاریایی بوون و تورکی شاخی بوون هتد لە زەینی تاکی کورددا کەوتە سەراولێژ و بنیاتنانەوەی گێرانەوەی خۆیی و یان دووبارە گێڕانەوە بەسەرنجدان بە "ئێمە" دە بەرانبەر "ئەوان"دا دینامیزمی بە پرۆسەی بە نەتەوەبوونی بەخشی.
جەژنی نەورۆز یەکێک لەم فاکتەرە گرنگانەیە کە گێڕانەوەی بنەڕەتی پێناسی کوردی دە خۆی گرتوە، کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە قۆناخێکدا تا ڕادەیەک لە ڕەنگ و بۆ دەکەوێ، بەڵام دەگەڵ داگیرکرانی بەکردەیی کوردستان و نەمانی هیچ چەشنە سەروەرییەکی کوردی لە پانتایی کوردستان لە شێوەی شۆڕش یان باشتر بڵێم شۆڕش و خەبات ئابدەیتی دەکاتەوە و ئەویش بەرخۆدان و بەرەنگاریی بەرۆژڤ دەکاتەوە و نەورۆز لە سەر بناخەی گێڕانەوەی بناخەیی خۆی و بە گوڕ و تەوژمێکی تایبەتتر دەگەڕێتەوە ژیانی کوردەواری. دیارە خۆ نەورۆز هەر بەتەنیا هی کورد نییە و، نەتەوەیەکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەیکەن بە جەژن و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆیان لێێ هەیە. بەڵام ئەوەی جەژنی نەورۆزی لای کورد تایبەتتر کردوە، یان کوردی بە نەورۆزەوە لای ئەوانی دیکە تایبەتتر کردوە، ئەم فەلسەفە قووڵەی نەورۆزی کۆن و نەورۆزی ئێستایە کە ئەویش ڕەهەندی ئازادیخوازی و بەرەنگاریی هێزی تاریکی و درەوشانەوەی ڕووناکایی بە گێتیدایە کە هەنووکە نەورۆزەکانی کوردستان لووتکەی بەرخۆدان و بە چۆکدانەهاتنن.
لە هەر چەند پارچەی کوردستان و بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵات نەورۆز لە گێڕانەوە و بناخەی پێناسی کوردبوون تێپەڕیوە و، بەتایبەت پاش شۆڕشی ژینا، بووە بە توخمێکی نەیشن برەندینگ بۆ کورد. نەیشن برەندینگ بە گشتی خۆی لە ستراتیژی وڵاتێک، پێکهاتەیەک یان نەتەوەیەکدا دەبینێتەوە بۆ گواستنەوەی وێنایەکی تایبەت لە "خود" بۆ "ئەوانی دیکە"، بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بۆ مەبەستی تایبەت کە پێوەندیدارە بە بەرژەوەندی نەتەوە. دەکرێ ئەم وێنایە، وێنایەکی قبووڵکراوی پێشوو لە "خود" یان وێنایەکی نوێ بۆ داماڵینی وێنایەکی ناتەبا دەگەڵ وجودی نەتەوە بێ.
بۆ وێنە نەتەوەکانی پێشووی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت زۆربەی هەرە زۆریان گێڕانەوە و نەرەیشنی زاڵی سۆڤییەتی و کۆمۆنیستییان بە پرۆسەی نەیشن برەندینگ هەڵگەڕاندەوە و وێنای پێشوویان بە گێڕانەوەی نوێ و ستیراتیژی تازە بۆ بنیاتنان و تەنانەت گۆڕینی بەریانی و بەرەی جیهانی سڕییەوە. لەم سۆنگەیەوە هەڤڕکێی پێناسی (کامپێتێتڤ ئایدێنتیتی) هاتە گۆڕ، کە ئەمیش لەسەر ئەم توخم و ڕەگەزانە چر بووەتەوە، نەتەوە و پێکهاتەیەکی پێ دەناسرێ یان ڕەفتار و کردەکانی نەتەوەیەکی پێ ئانالیز دەکرێ. ئەم دیاردە و پرۆسەیە زیاتر لە قەوارەی دەوڵەت و پێکهاتەی سیاسیدا باو بووە، بەڵام بەو مانایە نییە نەتەوەیەکی داگیرکراو یان سەروەی لێزەوتکراو ناتوانێ لەم گۆڕەپانەدا ئەکت بنوێنێ. بۆ وێنە ئەگەر نەتەوەیەکی خاوەن سەروەری و سنوور دەتوانێ بە بازارکردنی بەرهەمەکانی وێنایەکی پتەو لە زەین کڕیارەکانی ئەودیوی سنووریدا چێ بکا (مەک داناڵد، سۆنی، سامسۆنگ)، نەتەوەیەکی دەرەوەی ئەم نەزمە نادادپەروانە داسەپاوەش دەتوانێ بە گواستنەوە، هاوبەشکردن و بەبازارکردنی (لێرەدا مەبەست کڕین و فرۆشتن نییە) ئەو توخم و فاکتەرانەی ئایدێنتیتییەکەی لەسەری دامەزراوە برەندی نەتەوەیی بکا. بۆ وێنە نەورۆز لە ڕۆژهەڵات ساڵی پار هەزاران غەیرەکوردی ڕاکێشی کوردستان و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان کرد، کە ئەمەیش بە هۆی ئەم ڕەهەندە ڕاکێشەرانەی ڕێوڕەسمەکان لە کوردستان و هەوینی بەرەنگاریی نەورۆز بوو، هەتا خودی نەورۆز وەک گێڕانەوە لەمێژینەکەی. واتە بەرخۆدان، خەڵکێکی تینووی ئازادی و دیمواکراسی ڕەکێشی کەوشەنێک کرد کە باب و باپیرانی ئەم خەڵکە بەهۆی فتوایەکی ئایینی یان ئایدیایەکی فاشیستی و ڕەگەزییەوە ڕۆژگارێک ئەم ئاخەیان وەک نەیار و دوژمن و کافر داوەتە بەر هێرش و هڕووژم.
لێرەدا دەردەکەوێ نەورۆز وەک پرۆسەیەکی برەندینگ، وێنای کوردبوون هەم لای ئەوانی دیکە هەمیش وەک فاکتەری یەکڕیزی و یەکیانگیری نێوخۆیی لە ڕۆژهەڵات دەور دەگێڕێ. هەروەها دەبێتە گێڕانەوەیەکی بەرهەمهێنراو لە تێگەیشتن یان گێڕانەوەی وجودی پێکهاتەیەکی تایبەت، کە ئەمڕۆی کوردە. ئەم گێڕانەوەیە هەم فەلسەفەی نەورۆز کە ڕابردنی سەردەمی شەختە و بەستەڵەک و گیان وەبەر سروشت نانەوە وهەمیش ئەفسانەی وجوودی کورد واتە ئەو مرۆڤە هەڵبژاراوانەی لە شاخەوە داگەڕان و دەسەڵاتی زاڵمی زەمانیان تێکڕووخاند، لێک گرێ دەدا و بە جۆرێک لە جۆرەکان دووپاتبوونەوەی مێژوو و هەمیسان ئەرک و ڕیساڵەتێکی نەبڕاوە وەبیر کورد دێنێتەوە، کە ڕووخاندن و بەرەنگاریی زاڵمانە (تاریکی). کەواتە چۆن خودی نەورۆز و هەمیش ئەفسانەی کاوەی کورد و ڕاپەڕینەکەی بووەتە بەشێک لە ئایدێنتیتی کورد و لە قووڵایی مێژوو و پێناسی کوردییەوە پەلی هاویشتوەتە ئەمڕۆ، ئەم چەشنە نەورۆزە کە بەتایبەتیش تێکەڵ بە بەرخۆدانی کوردان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بووە، دەبێ بە بنەما و توخمێکی نوێ یان بەرۆژەڤکراوەی پێناسی کورد و لە کەلەپوور و کانشێسنێسی تاک و کۆدا گێڕانەوەی کۆن و نوێی وجوودی کورد لە ئامێز دەگرێ. بە پەلهاویشتنی ئەم چەشنە نەورۆزە کوردییە هەم سنوورە ڕاستەقینەکانی کوردستان دیارتر دەبن و هەمیش دەرودراوسێ بە یار و نەیارەوە گێڕانەوە هەڵبەستراوەکانی لەسەر کورد لێ کاڵ دەبێتەوە و هەمیش گێڕانەوەی نوێ بۆ نەوەی داهاتوو بەرهەم دێ کە دواجار یەکخستنی زەینی و وێنایی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە (کۆمەڵگە وێناییەکان).