
وەهمە بێکۆتاییەکانی میراتگری دیکتاتۆری پێشوو
ڕەزا دانشجوو
ڕەزا پەهلەوی، یەکێک لە دوو منداڵی لە ژیاندا ماوی شای پێشووی ئێران و فەرەح دیبا، دەبێت بە دیاردەیەکی ناوازە لەم بنەماڵەیە هەژمار دابنرێت. ئەگەر ڕەزا میرپەنج بە هۆی قەزاقبوون و بەکارهێنانی هێز و هەڵبەت بێگومان پشتیوانیی ئاشکرای ئینگلیسییەکان توانی بگاتە سەر تەختی پاشایەتی، یان محەمەدڕەزا پەهلەوی بە دامەزراندنی کەسانی خوێندەوار و لێهاتوو لە پۆستە هەستیارەکاندا توانی لانیکەم لە ڕواڵەتدا وێنەیەکی پێشکەوتووخواز لە خۆی بخاتە ڕوو، دەبێ بگوترێت کە کوڕی محەممەدڕەزا و نەوەکەی میرپەنج میراتگری هیچ کام لەو کەمترینانەش نییە! ڕەزا پەهلەوی نە کاریزمای میرپەنجی چەکمەپۆشی بە میرات بردوە و نە هیچ کەسێکی تێگەیشتوو و لێهاتوو لە دەوروبەری دەدۆزرێتەوە! ئەگەر کوڕی دیکتاتۆری پێشوو هیچ شتێکی تایبەتی نەبێت کە پێشکەشی بکات، بەلام یەک شت بەباشی فێر بووە و ئەوە تاکە سەرمایەی تەواویی ژیانیەتی؛ وەهم و وەهم!
ڕەزا پەهلەوی کە دوای ساڵیانی ساڵ گۆشەگیری و فەرامۆشبوونی توانی بە کەلکوەرگرتن لە هەلومەرجی نالەباری ئۆپۆزیسیۆن و بە تایبەت دەرفەتی زێڕینی ڕەخساو لە چوارچێوەی هاوکاریی مەنشووری جۆرج تاون جارێکی دیکە ناوی خۆی بێنێتە نێو گۆڕەپانی سیاسی! زۆر زوو نیشانی دا کە لە دونیای وەهم و خۆبەزلزانیین و پڕوپاگەندە و قسەی بێبنەما توانایی تەنانەت لە کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییش زیاترە!
دوای ڕێکخستنی سیرک و شانۆی گاڵتەجاڕی "وکالت میدهم " و ئەو ئابڕووچوونەوەی کە بەدوایدا هات، پەهلەوی ئەمجارەیان زۆر ڕووهەڵماڵراوتر و بێشەرمانەتر لە پێشوو ئیدیعای سەرکردایەتی و ڕێبەری دەکات! ئیدیعایەک کە بێجگە لە کەسانی نۆکەر و ڕاسپێردراوی بنەماڵەی پەهلەوی و هەڵبەت جەماوەری لات و شەڕانخێوی نێو تاقمێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ وەرگرتنی لایک و خۆنیشاندان، ڕووبەڕووی کاردانەوەی زۆر کەس و لایەنی دیاری سیاسی چالاک بووە! ئێستا جەنابی پەهلەوی هەنگاوێکی تر هاتۆتە پێش و ئەو جار خۆی وەک ڕێبەرێکی کارێزمایی شۆڕشگێڕی خاوەن ستایڵ وەک گاندی دەبینێت! ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدا دەکرێت کە ڕێبەری خەیاڵی تەنانەت هەڵگری کەمترین تایبەتمەندیی وەک نەیارێکی سیاسیی دیار و بەرچاوی کۆماری ئیسلامییش نییە و هیچ کات لە گۆڕەپانی سیاسی ئیراندا وەک کەسێکی خاوەن هێز و توانا نەبینراوە! لە خوارەوە باسی هەندێک لەو خاڵانە دەکەین کە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پەهلەوی هیچ کات ناتوانێت بۆ ڕێبەرێکی سیاسی باسی لێبکرێت;
میراتگری حکوومەتێکی شکستخواردوو
یەکێک لە تەحەددییە سەرەکییەکانی ڕەزا پەهلەوی پەیوەستبوونی بە ڕابردوویەکە کە بەشێکی زۆر لە گەلانی ئێرانی بە هۆکاری کێشەکانی ئێستای وڵاتی دەزانن. ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵی ٥٧دا دەرئەنجامی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی گەلانی ئێرانی بوو دژی گەندەڵی و ستەمکاری و سەرکوتی سیاسی دەسەڵاتی پەهلەوی! بەڵام ڕەزا پەهلەوی چەندین جار هەوڵی داوە ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخات و دەسەڵاتی باوکی وەک قۆناغی "مۆدێرنیزاسیۆن" و "پێشکەوتن" بخاتە ڕوو، بێئەوەی باسی سەرکوت و ئەشکەنجەدانی ساواک و نایەکسانیی بەربڵاوی ئابووری بکات.
نەبوونی پشتیوانی جەماوەری
یەکێک لە گرینگترین وەهمەکانی ڕەزا پەهلەوی، بانگەشەی هەبوونی بنکەیەکی جەماوەرییە لە نێوخۆی ئێراندا. لە کاتێکدا بەشێک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لێ دەکەن، بەڵام هیچ نیشانەیەک لە بوونی بزووتنەوەیەکی جەماوەری فراوان نییە کە داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بکات. ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا دەرخەری ئەم ڕاستییە بوون کە دروشمی خەڵک زیاتر لەسەر ئازادی، دێموکراسی و ڕەتکردنەوەی هەر دەسەلاتێکی تاقەکەسی و دیکتاتۆری بوو. خاڵێکی گرنگی تر ئاستی دژایەتیی پەهلەوی لە نێو نەتەوە جیاوازەکانی ئێراندایە. لە ڕاستیدا دەبێ بگوترێت کە لە ڕوانگەی زۆرێک لە نەتەوەکانی ئێرانی غەیرە فارسەوە، ڕەزا پەهلەوی گەورەترین فاکتەری دابەشکەر و هۆکاری سەرەکی مانەوەی کۆماری ئیسلامی دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینایە.
نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی ڕوون
یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی ڕەزا پەهلەوی، نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسیی ڕوون و پراکتیکییە. لە کاتێکدا ڕەزا پەهلەوی چەندین جار باسی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیی کردوە، بەڵام هەرگیز. ڕوون ینەکردووەتەوە کە چۆن بەنیازە ئەو ئامانجانە لە ئێرانی داهاتوو بەدی بێنێت. ئایا پابەندە بە دەسەڵاتێکی پاشایەتیی دەستوری؟ ئەگەر وایە بۆچی هێشتا پێگەی خۆی وەک "شازادەی میراتگری پاشایەتی" و نازناوی شاهانە بەکار دەهێنێت؟
تێڕوانینی پەهلەوی بۆ پرۆسەی حوکمڕانی دوای کۆماری ئیسلامی بە گشتی ناڕوونە و تێکەڵ بە جۆرێک لە نهێنییە. ئەزمونی تاڵی دەسەڵاتی خومەینی کە لە سەرەتادا ڕایگەیاند ئامانجی حوکمڕانی نییە و تەنیا دەیهەوێت چاودێر و پارێزەری دموکراسی لە ئێران بێت و دەبێت تەنیا سیاسییەکان حوکم بکەن بەڵام دوای سەقامگیربوونی و چەسپاندنی دەسەڵات، بوو بە گەورەترین دیکتاتۆر دژی دموکراسی، دەتوانێت نیگەرانی بنەڕەتی سەبارەت بە لێدوانەکانی پەهلەوی دروست بکات. واقیعەکە ئەوەیە کە خەڵک نایەوێت جارێکی دیکە داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان گرێدراوی چارەنووس و قەزای و قەدەر بێت و چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ئاراستەی ڕووداوەکان دوای لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامی بۆ کوێیان دەبات! دێموکراسییەکی گشتگیر کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی هەموو نەتەوەکانی ئێران دامەزرابێت، تەنیا گەرەنتی گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیکە!
پشتبەستن بە پشتیوانی دەرەکی و بیانی
ڕەزا پەهلەوی هەمیشە هەوڵی ڕاکێشانی پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوای داوە، بەڵام ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێمتمانەیی خەڵک سەبارەت بە ڕۆڵی کوری شای لەسەرکار لادراو. مێژووی سیاسی ئێران دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتدا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توندی خەڵک بووەتەوە. پشتبەستنی زۆر بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی ئەوروپی وایکردوە زۆر کەس کوری دیکتاتۆری پێشوو وەک ئامرازی دەستی ئەم وڵاتانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە داهاتووی ئێراندا ببینن! خاڵێکی دیکەی گرنگ کە نابێ لەبیر بکرێت ئەوەیە کە پەهلەوی خاوەن هیچ ئیرادەیەک و تێکۆشانێک بۆ گەیشتن بە دیموکراسی لە ئێراندا نییە و تەنیا کاری گرنگی لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەرکردنی چەند بەیاننامەی دووپاتە و ئەنجامدانی تاقمێک گەشتی سەیاحەتی بۆ چەند وڵاتی دیاریکراو بووە! کوڕی دیکتاتۆری پێشوو لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەوڵیدانی بۆ گەڕانەوەی بۆ ئێران، بەئاشکرا باس لەوە دەکات کە ئەو خۆی ئازادە و نایەوێت ئازادی خۆی بۆ ڕزگاربوونی خەڵکی ئێران بخاتە مەترسییەوە!
دژایەتی لە قسەکردن و ڕەفتاردا
ڕەزا پەهلەوی لە وتارەکانیدا بانگەشەی پشتیوانی لە دیموکراسی دەکات، بەڵام هەروا پابەندە بە دەسەڵاتێکی پاشایەتییەوە. بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەڵام خۆی لە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی ڕژیمی پەهلەوی دەدزێتەوە. ئەم دژایەتییانە وایکردوە تەنانەت لەلایەن زۆرێک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامیش بە جددی وەرنەگرێت. لە کاتێکدا پەهلەوی بانگەشەی پابەندبوون بە دێموکراسی دەکات، کە کەسانی نزیک و لایەنگرانی بەردەوام خەریکی هێرشبردن سەر زۆرینەی نەیارانی کۆماری ئیسلامین کە دژی نیزام پاشایەتی و دیکتاتۆرین! تاقمێک شاڕلاتان و چەقۆکێش کە تەنیا کاریان بە ناو دیفاع لە شازادەی خەیالی قسەی نەشیاو و بێڕێزی کردن بە هەر کەسێک یا لایەنێکی سەربەخۆ و خاوەن بیری جیاوازی سیاسین!!
وەهمەکانی کوڕی دیکتاتۆری پێشوو سەبارەت بە ڕۆڵی خۆی لە داهاتووی ئێراندا زیاتر لەسەر بنەمای نۆستالژیای مێژوویی و خەونە کەسییەکانە نەک لەسەر واقیعی کۆمەڵگای ئیمڕۆی ئێران! ئێران ئەمڕۆ بەدوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدا دەگەڕێت نە گەڕانەوە بۆ ڕابردووی تاڵ و لەنێوچوو. ئایندەی سیاسی ئێران پێویستی بەو سەرکردانە هەیە کە لەسەر بنەمای خواستی ڕاستەقینەی خەڵک هەڵسوکەوت بکەن، نەک بەپێی وەهمی تاکەکەسی و پڕوپاگەندەی درۆ و ناڕاست!
هەر بزووتنەوەیەکی تاکەکەسی یان حیزبی کە مافە بنەڕەتییەکان و پلۆرالیزمی کۆمەڵگای ئێران قبووڵ نەکات، بێ گومان مەحکوم بە شکسته! ئێرانی داهاتوو تەنیا دەتوانێت خاوەنی دێموکراسییەکی گشتگیر و فرەیی بە ڕەچاوکردنی مافی هەموو گەلان و کەمینەکانی نێو جوغرافیای ئێران بێت. هەر هەوڵێکی تر یان دیکتاتۆرییەتی دیکەی لێدەکەوێتەوە یان شەڕ و ململانێی زیاتر.