
نەورۆزی خاکیپۆشان، مەتەرێزی شوناسخوازی!
جەماڵ فەتحی
بۆ ئەوەی بەباشی و بەشیاوی لەسەر نەورۆزی خاکیپۆشان وەکوو چەمکێکی نوێ کە توانی لە ماوەیەکی کەمدا لە ئەدەبیاتی کولتووری و تەنانەت سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێی خۆی بکاتەوە بدوێین، دەبێت سەرەتا بزانین نەورۆز و خاک چ واتایەک لە خۆ دەگرن و چ پێوەندییەکیان پێکەوە هەیە. نەورۆز یان نوێڕۆژ کە بە دەسپێکی هەموو ساڵێک هاتووەتە ئەژمار ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا بارێکی سروشتی لە خۆ گرتووە، بۆ ئێمەی کورد کە لەم ناوچەیە خاوەن مێژوویەکی چەندین هەزار ساڵەین تەنیا بە ڕازیبوون بە بارە سروشتییەکەی ناتوانین نەورۆزی کوردەواری وەک خۆی پێناسە بکەین، چونکە نەورۆز بۆ کورد بەپێچەوانەی ئەو نەتەوانەی دیکە کە خۆیان بە نەورۆزەوە هەڵواسیوە واتایەکی شوناسخوازانەی هەیە و لە گێڕانەوەیەکی ڕواڵەتیدا ناتوانین پێداگری لەو بەشە بکەین کە نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی و هوشیارییەکی سیاسی و مێژوویی پێیە.
ئەگەر نەورۆز تەنیا بە ئاڵوگۆڕێک لە کەوشوهەوا و ڕواڵەتی سروشتدا ببینین ئەوە دەکرێت ئەم بۆنە هی هەموو ئەو نەتەوانە بێت کە لە دەورووبەری کوردستانن و یان لە باری جۆغرافیاییەوە دەکرێت هاوشێوەی کوردستان بن، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی مێژوو و فەلسەفەوە بڕوانیتە بابەتەکە بەوە دەگەیت کە نەورۆز جیا لە پێناسە، ڕواڵەتی و گشتییەکەی، پێناسەیەکی مێژوویی ــ سیاسیشی لە پشتە کە ئیتر لەم بەشەدا تەنیا کورد دەتوانێت بڵێت من خاوەنی ڕاستەقینەی نەورۆزم. وەک دەزانین نەورۆز و ئاگر وەکوو دوانەیەکی لێکدانابڕاون و هەر کاتێک ناوی نەورۆز دێت ڕاستەوخۆ ئاگر لە زەیندا وێنا دەکرێت. ئێستە کە باسی ئاگریش هاتە ناوەوە دەبێت بزانین بۆ ئاگر و نەورۆز وێنای یەکترن و چ پێوەندییەکیان بە ئێمەی کوردەوە هەیە. ئەگەرچی لە ئێستەدا بەشی هەرە زۆری کورد خاوەن ئایینی ئیسلام و لە نێوان ئایینزای شیعە و سونیدا دابەشکراون، بەڵام لە پەنای ئەم ئایین و ئایینزایاندا، هێندێ ئایینی دیکە لە کوردستاندا هەن کە لەوانە دەکرێت ئاماژە بە ئایینی یارسان، ئارەوی یان هەمان عەلەوی، ئیزەدی کە بە هەڵە هەتا ماوەیەکی پێش پێیان دەگوترا یەزیدی بکرێت. ئەگەر بە ڕوانینێکی فەلسەفییەوە لەم ئایینانە قووڵ بینەوە هەست بەوە دەکەیت کە پێوەندییەکی قووڵی مێژووییان لەگەڵ هێندێ بۆنەی کۆنی کوردییەوە هەیە و لەسەر ئەوەیکە بۆنەیەک وەکوو نەورۆز ئاخێزگەکەی کوردستان بووە و لە کوردستانەوە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە بە قەناعەت دەگەین. لەم پێوەندییەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە بۆچی نەورۆز لە کوردستان سەری هەڵداوە؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەکرێت لە چەند ڕەهەندەوە بابەتەکە ڕاڤە بکرێت کە یەک لەوانە باری جۆغرافیایی و کەشوهەوایەکە کە کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە. لەبەر ئەوەیکە کوردستان ناوچەیەکی شاخاوی و ساردتر لە ناوچەکانی دەورووبەری خۆیە بۆیە بۆ بەرەوپێشبردنی ژیان ئاگر دەورێکی کاریگەری هەبووە و بۆ تێپەڕاندنی ژیانێکی ئاسوودەتر پێویست بووە. ڕاستە ئاگر لە ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتی و بژیوی ژیانی هەموو گەلەکاندا و تەنانەت لە پێشکەوتنی پیشەییدا ڕۆڵی گێڕاوە، بەڵام ئەوەیکە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان وای خواستووە کە بۆ بەردەوامی ژیان ئاگر پێویست بێ و هەبوونی ئایین و ئایینزاگەلێک کە لە ڕواڵەتی وشەکانیانەوە دیارە پێوەندییان بە ئاگرەوە هەیە، دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە کوردستان ئاخێزگەی ئاگر و نەورۆزە کە ئاگر هێماکەیەتی. و بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین ئاماژە بە ئایینی ئارەوییەکان بکەین کە بە مەبەستی سیاسی کراوەتە عەلەوی و پێوەندی دەدەن بە عەلی کوڕی ئەبووتالبەوە یان ئیزەدی یان هەمان ئایینی میترا و مێهرپەرەستییە کە لە باری دەروونییەوە پێوەندییەکی ئابستراکتی بە گەرماوە هەیە. بۆ سەلماندنی ئەم ڕوانگە دەکرێت لە قسە و هەڤپەڤینی ڕۆژانەی ئێستەی کۆمەڵگەی کوردی و تەنانەت فارسەکانیش کەڵک وەربگرین کە کاتێک باس لە مێهر دەکرێت میتافۆری گەرما لە پشتیەتی، بۆ نموونە: کاتێک ئاماژە بە مێهر و خۆشەویستی لە نێوان دوو کەس دەکرێت مەبەست گەرموگۆڕیی نێوانیانە و کاتێک ئاماژە بە نامێهرەبانی دەکرێت مەبەست هەبوونی ساردووسڕی و دابڕانێکە کە لە نێوانیان ساز بووە. جیا لەمە فارسەکان کە بە مانگی یەکەمی پاییزیش دەڵێن: "مێهر"، ئاماژەیەکە بە گەرمای هەتاو کە لەم مانگە تینەکەی تیژترە لە مانگەکانی تر، و هەروەها ئەو گەرموگۆڕییە کە بە هۆی کۆتاییهاتنی کاری وەرزێڕی و کۆکردنەوەی خەلەوخەرمان لەنێو بنەماڵەکاندا دروست دەبێت خۆی ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە مێهر واتای گەرمایە و گەرماش کە سەرچاوەکەی بۆ هەتاو دەگەڕێتەوە لە ئاگریشدا خۆ دەنوێنێت کە ئاگر و نەورۆز دوانەیەکی تەواوکەری یەکترن.
لە نەریتی فارسەکاندا جێژنێک بە ناوی مێهرگان هەیە کە لە مانگی مێهردا گیراوە، فەلسەفەی ئەم جێژنە ئەگەرچی بە جێژنی خەلەوخەرمانیش ناو دەبردرێت، بەڵام کە سەیری مێژوو دەکەیت بابەتەکە شتێکی دیکەیە کە بە باوەڕی "واڵتێر هینتس" مێژووناسی ئاڵمانی "جێژنی نەورۆز لە سەرەتای بەهار بووە کە عیلامییەکانی سەردەمی کۆن لە نەخش و وێنەکانیان وەرزی سەرمایان بە گا و وەرزی گەرمایان بە شێر پیشان داوە کە ئاماژەیەکە بە گۆڕێنی وەرزەکان بەتایبەت سەرەتای بەهار و جێژنی نەورۆز". فارسەکان ناوی ئەم جێژنە و کاتەکەشی دەگۆڕن بۆ جێژنی مێهرگان و مانگی مێهر کە یەکەم مانگی پاییزە. ئەم گۆڕانکارییە هۆکارێکی سیاسی لە پشتە، چونکە سەرکەوتنەکانی ماد لە بەهار بووە و شکستەکانیشی لە پاییز و پێچەوانەکەشی سەرکەوتنەکانی هەخامەنشییەکان لە پاییز بووە (قادری، کوردناسی).
ئەگەر لە مێژوو گەڕین و بێینەوە سەر ئەوەیکە لە ئێستەدا ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران بۆچی هێندە بە بۆنەکانی نەورۆز هەستیارە؟ دەبێت ئەوە بزانین کە نەورۆز لە بۆنەیەکی کولتووری تێپەڕیوە و بووەتە بۆنەیەکی شوناسخوازانە کە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بڕیاریان داوە کە وەکوو سنوورێک بیداتە چاوی ئەوی دیکە، و خۆی سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە و لە دەستی ئەو پێناسانەی خۆی ڕزگار دەکات کە ئەوانی تر بۆیان تاشیوە. یەکێکی تر لە سەمبۆلەکانی نەورۆزی چەند ساڵی دوایی، جۆری جلوبەرگ و پۆشینی بەشداربووانە کە هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگریی کوردە لە هەمبەر داگیرکەران کە بەتایبەت ئەمساڵ بە ناوی نەورۆزی خاکیپۆشان ناودێر کراوە و خاکیپۆشیش ئاماژەیەکە بە پێشمەرگە و تێکۆشەری کورد. کە دەگوترێت نەورۆز لە بواری کولتووری تێپەڕیوە و بووەتە هێمایەک یان مەتەرێزێکی شوناسخوازانە لەبەر ئەوەیە کە وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لێ هاتووە کە لە هەر کام لەو بۆنانە دەیان هەزار کەس بەشداری دەکەن و وەکوو پارێزەرێکی خاک و شوناس خۆ دەنوێنن و دوژمن و داگیرکەر بەرەو ئاستی تووڕەیی و دەستەوەستانی دەبن.