
ژن وەک بوونێکی پەراوێزخراو
حەسەن شێخانی
ئاماژە: ئەم بابەتە لە سێمینارێکدا کە بە بۆنەی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ژن، لە لایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێک خرابوو، پێشکەش کراوە. هەرچەند بە هەندێک دەسکارییەوە داڕێژڕاوەتەوە بەڵام ڕەنگی وتاردانی ڕوو بە بەردەنگی پێوە دیارە و تا ڕادەیەک لەگەڵ وتارێک کە لە سەرەتاوە بۆ ڕۆژنامە یان گۆڤارێک دەنووسرێ، جیاوازی هەیە.
سەردێڕی ئەم وتارە بەم مانایە نیە کە شرۆڤەیەکی ستاتیک و وەک یەک بۆ ژن و پێگەی ژن لە هەموو سەردەمەکان بخرێتە ڕوو و تاکەوێنەیەک لە دۆخی ژن هەڵبگیرێ و وەسفی ئەم وێنەیە بکرێ و شی بکرێتەوە. ئەوەش نیە کە چەند وێنەیەکی لێ بگیرێ و لە پاڵ یەک دابنێرن و مۆنتاژ بکرێن و بەم شێوەیە وێنایەکی ئەبستراکت و ڕاوەستاو لە ژن پێشکەش بکرێ. لە بنەڕەتدا ڕوانینێکی" کاتی"م (نە بە مانای موقت بەڵکوو بە مانای زەمانی و زەمانمەند) بۆ ژن و پێگەی ژن هەیە و لە ڕەوتی مێژوو و لە بەستێنی گۆڕانی مێژووییدا لە ژن وەک جێندەر دەڕوانم و ڕەوت و چۆنیەتیی پەراوێزخراوبوونی ژن و ئاسۆی ڕزگاریی ژن لەم پەراوێزخراوییە دەکێشمەوە. بە دیاریکراوی ئەم بابەتە لە سێ بەش پێکدێ کە بریتین لە:
١) پێشەکییەکی بوونناسانە بۆ شوناس بەگشتی و لەم نێوەدا ژن وەک جێندەر و شوناسێک
٢) هەڵوێستە و ڕامانێک لەوەی چۆن ژن پەراوێز خراوە؛ مەعریفەناسیی پەراوێزخراوبوونی ژن و قووڵایی و چۆنیەتیی ئەم پەراوێزخراوییە
٣) ژنان چۆن لەم پەراوێزخراوییە ڕزگار دەبن؟ لێرەدا بەستێنەکان و ڕێکارەکانی ڕزگاریی ژن لێکدەدرێتەوە و بەپێی سروشتی ئەم بەشە کە باسی "دەبێ چی بکرێ" دەکەین، باسەکە بنەمایەکی نۆرماتیڤ ـ ئەخلاقی وەردەگرێ.
مرۆڤ بوونێکی بەستێنمەند و مێژوویی هەیە، زەمانمەندە، خەسڵەتێکی مێژوویی هەیە، مێژوومەندە، پێگەمەند و شوێنمەندە؛ مارتن هایدیگەر ئەم تایبەتمەندییانەی لە پێناسەی مرۆڤدا وەک دازاین هێناون. بە گوتەی ئەم فیلسووفە مرۆڤ دازاینە نەک سووژەیەکی بەرزی بانبەستێنی و بانمێژوویی.
کاتێک دەکەوینە سەر ئەم دنیایە بەڕێ دەکەوین، شتی تازە ئەزموون دەکەین، لەگەڵ شتی تازە بەرەوڕوو دەبین، دیاردەی تازە بەڕووماندا دەتەقێتەوە و دەگۆڕێین، ناگوورێین؛ چونکە ژیان تەنیا بەردەوامی و دریژبوونەوە نیە بەڵکوو دابڕانیشە، سەرەتای تازەشە، گەڕانەوەشە، بردنە ژێر پرسیاریشە؛ ژیان پێچەڵپێچترە لە فۆرمولی ڕەتدانەوە، پاراستن و سەنتێز دروستکردنی هێگڵ. ئەمە ئیلهاموەرگرتنە لە ڕەوتی گەشەی ئۆرگانیزمێکی زیندوو. ڕەوتی ژیان و کۆمەڵگە و مێژوو وەک ئۆرگانیزمی زیندوو بەڕێوە ناچن. کۆمەڵگە و میژوو نە ماشێنن و جووڵەیەکی میکانیکیان هەیە و نە ئۆرگانیزمی زیندوون، بەڵکوو ڕەوت و پرۆسەیەکی جیا و تایبەتیان هەیە.
هەر کام لە ئێمە گۆشەنیگا و ڕوانینێکمان هەیە، سیستەمێکی بیرکردنەوەمان هەیە و لەژێر کاریگەریی پارادایمەکانی زاڵی سەردەمدا لەگەڵ جیهان و دیاردەکانی ناوی، مامەڵە دەکەین. بەم پێیە خوێندنەوە و تێگەیشتنەکانمان ڕێژەیین، ئەوەی دەیڵێین حەقیقەتی ڕەها نیە، چونکە هەر "حەقیقەتێک" گۆشەنیگایەکی لە پشتە. بە گوتەی نیچە "مامەڵەی بێگۆشەنیگا و بێلایەن"، چەمکێکی پارادۆکسیکاڵ و نامومکینە.
ئێمە بەڕێوەین، ئەوەی ئێستا دەیڵێین تێگەیشتن و هەڵوێستی ئێستامانە، ئەزموونی ئێستامانە و تا دەمرین ئەم ڕەوتە بەردەوامە. ئێمە هەرگیز کامیل نابین، کامیلبوون و کەماڵ ئاسۆن، نەک داکەوتێکی بەرهەست و بەردەست. خۆمان و شوناسمان و خوێندنەوەکانمان تا ئەو کاتەی دەمرین لە حاڵی گۆڕانداین.
شتەکان بۆخۆیان لەگەڵ ئێمە قسە ناکەن، یەکسان و وەک یەک بۆ هەموومان دەرناکەون؛ چونکە هەر کاممان لە گٶشەنیگا و لە چاویلکەی گوتار و پارادایمی خۆمانەوە دەڕوانینە شتەکان.
ئێمە بوونێکی کاتیمان (زەمانمەند) هەیە بە تێپەڕینی کات شکڵ دەگرین و دەگۆڕێین، لەنێو بەستێن و زەمینەیەکدا دەژین و کاریگەریی ئەم بەستێنەمان لەسەرە. بەکورتی بوونێکی کاتی و بەستێنمەندمان هەیە و تێگەیشتنەکانیشمان کاتی و بەستێنمەندن. شوناسمان وەک نەتەوە، وەک کرێکار، وەک جێندەر، لەم نێوەدا شوناسی ژن وەک جێندەر، مێژوویین، مێژووکردن نەک جێگیر و زاتی، جەوهەرێکی نەگۆڕ نین. شوناسەکان مێتافیزیکی و بانمێژوویی نین، بانوێژمانی نین، شوناسەکان وێژمانین؛ چونکە هەر کام لە ئێمە لەنێو وێژمان و پارادایمەکاندا بیر دەکەینەوە و لە لێنزی وانەوە دەڕوانین. بە واتایەکی دیکە شوناسەکان لەپێشدا مەوجوود نین، دروست دەکرێن. دەمەوێ بڵێم ژن وەک جێندەر دروست کراوە؛ پێناسەمان بۆ ژن بەرهەمی مێژوو و بەستێنە جۆراوجۆرەکانە و فاکتەرگەلێک ئەم پێناسەیان شکڵ داوە.
ئێمە کە دێینە سەر ئەم دنیایە بە کۆمەڵایەتی دەکرێین، نۆڕمالیزە دەکرێین، نۆڕم و بایەخەکانی کۆمەڵگەمان تێدا دەچێنرێ. ئێمە وەک تاک بەرهەمی دامەزراوەکانین، بنەماڵە، قوتابخانە، ڕاگەیەنە گشتییەکان و ... تاک شکڵ دەدەن. ئێمە کە دێینە سەر ئەم دنیایە فێری زمان دەکرێین، بە فەرهەنگی دەکرێین، داب و نەریت و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر فێر دەبین، ئەمانەش وەک سیستەمێکی واتایی وان کە لێیانەوە دەڕوانینیە خۆمان و جیهان، خۆمان پێناسە و خەیاڵ دەکەین. شوناس وێناسازییە، ئەوەی کە چۆن خۆت دەبینی، چۆن خۆت خەیاڵ دەکەی، لە زەینی خۆتدا چۆن خۆت وێنا دەکەی و هەروەها چۆن وێنا دەکرێی. ئەمانەش میشل فوکۆ گوتەنی، بەرهەمی پێوەندییەکانی دەسەڵات و وێژمان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانن؛ فوکۆ دەڵێ خۆمان و شوناسمان بەرهەمی وێژمان و پێوەندییەکانی دەسەڵاتین. ئەوەی وەک حەقیقەتی کۆمەڵایەتی، وەک مەعریفە بە ئێمە دەگوترێ و دەقەبووڵێنرێ لە پشتیەوە دەسەڵات و تێکنیکەکانی دەسەڵات هەیە، بۆیە فوکۆ باس لە رێژیمی حەقیقەت دەکا و ئەمەش داماڵینی پیرۆزییە لە بەناو حەقیقەتەکان و ڕیگا بۆ بردنە ژێر پرسیار و تێپەڕینیان لەبار دەکا.
هۆکاری بندەستکردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە سروشتی ژنانەیان نیە بەڵکوو نەبوونی پەروەردە، دەستڕانەگەیشتنی پێویست و وەک یەک بە دەرفەتەکان و نایەکسانییە لە پێگە و بوارە جۆراوجۆرەکاندا. ئەمانەش بەرهەمی ئەم نەزمە کۆمەڵایەتی و کەلتووریەن، بەرهەمی پێوەندییەکانی دەسەڵات و مەعریفە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانن، بەرهەمی ڕەوتێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتین نەک زاتی و سروشتی و نەگۆڕ.
شوناسی ژن لە پێوەندی لەگەڵ ئەویتردا، لە پێوەندی لەگەڵ پیاودا، دروست کراوە؛ لەسەر بنەمای جیاوازییە، خەسڵەتێکی پێوەندی هەیە. هەروەها بەستێنمەندە و لە بەستێنی کۆمەڵگە و هەلومەرجی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکرێ و وێژمان و پێوەندییەکانی دەسەڵات شکڵی پێدەدا. جێندەر خەسڵەتێکی پێوەندی هەیە و لە پیوەندی لەگەڵ پیاودا شکڵی گرتووە و مانای وەرگرتوە. بۆیە دەبێ ئەم پێوەندییانە سەرلە نوێ دابڕێژرێنەوە و مانا بکرێنەوە.
ئەم وێنای بۆ ژن هەیە وێنایەکی سروشتی نیە، دروستکراوی مێژوویە و دەسەڵات و هێژمۆنی پیاوانی لە پشتە؛ ئەم مەعریفەیەی سەبارەت بە ژن هەیە حەقیقەتێکی بەرهەست و بنەمایەکی سروشتی و زاتیی نیە.
ئەگەر بەم شێوەیە لە شوناسی ژن بڕوانین، دەرگا دەکرێتەوە بۆ بردنە ژێر پرسیاری ئەو پێکهاتانەی شوناسی ژنیان وەک ڕەگەزی پلە دوو دروست کردووە. ئەمەش سوژەیەکی دیکە دروست دەکا کە لەگەڵ ئەو پێکهاتانەدا دەکەوێتە ناکۆکی و دژایەتی. ئەم ڕەوت و دیاردەیەی هەنووکە لە ئێراندا دەیبینین و بەتایبەت لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا خۆی دەرخست.
بزووتنەوەی ژینا وزەیەکی بێوێنەی ئازاد کرد کە لە دێموکراتیزە کردنی کۆمەڵگە و پاشەکشەپێکردنی دەسەڵاتدا کاریگەری هەبوو، ترسی لە حکومەت شکاند و ئاسۆیەکی نوێی کردەوە. ئەم هەڵسوکەوت و کردە و کردەوەگەلەی لە بزووتنەوەی ژینادا هاتنە ئارا، لە بیرکردنەوە و وێنای ئێمە لە تاک و کۆمەڵگە و سیاسەت گۆڕانی دروست کرد؛ ڕووداوێک بوو؛ بایەخی تازەی دروست کرد و زێهنییەتی تاکەکانی کۆمەڵگەی گۆڕی و دەسەڵاتی تووشی تەنگەژە کرد و لەگەڵ هاوکێشەی نوێ بەرەوڕووی کردەوە.
ئەوەی شۆڕشی ژینا کردی یان دوهاتەکانی شٶڕشی ژینا بریتین لە:
ـ ترس لە حکومەت شکاوە؛
ـ ترس لە داهاتوو تا ڕادەیەکی جێی سەرنج، جێگەی خۆی بە ترس لە دۆخی ئێستا داوە و ئەمەش خەبات ڕادیکاڵیزە دەکا و زەمینەی پێکهاتەشکێنی زیاتر دەکا؛ چونکە ترس لە داهاتوو کۆسپێکی بەردەم ڕادیکاڵیزەبوونی خەبات بوو. نەمانی ترس ڕزگاریدەر و ئازادیبەخشە. هێگڵ لە بەشی ئاغا و کۆیلەدا لە کتێبی فینۆمینۆلۆجی هۆشدا دەڵێ ئەوەی بترسێ شکست دەخوا و دەبێتە کۆیلە. کەواتە نەمانی ترس فاکتەرێکی گرینگە و لە ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێراندا شوێندانەرە.
گۆڕان لە بیرکردنەوە و زێهنییەت و هەڵسوکەوتی خەڵکدا دەبێتە ڕێگەخۆشکەری گۆڕانی پێکهاتەیی و دەبێتە فاکتەری داڕشتنەوەی پێوەندییەکانی دەسەڵات و هێژمۆنی؛ لە ڕادەی مومکیندا. گۆڕانێکی جۆری و جەوهەری کە لە شۆڕشی ژینادا هاتە ئارا و دەستەواژەی شۆڕشی ژینای واتادارتر کرد ئەوەیە کە ژنان و ئازادیی ژنان بوونە نوێنگە و سیمبولی ئازادی و ماف و داخوازییەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە گوتەی ئێرنستۆ لاکلاو فیلسووف و تیۆریسیەنی سیاسیی ئارژانتینی و شانتال موفی هاوسەری، ژنان بوونە ئاماژەی خاڵی، بوونە لێکگرێدەر و جومگەبەندی داخوازییەکانی شوناسەکانیتری کۆمەڵگە؛ بوونە هێژمۆن؛ وێژمان و خوێندنەوەکانیان حاڵەتێکی هێژمۆنیکی وەرگرت و هەموو داخوازییەکانی لەژێر چەتری خۆیدا کۆ کردەوە و نوێنەرایەتی کرد.
ئێستا لە ئێراندا ژن تەنیا نوێنەری خواستی خۆی نیە، نوێنەری خواستەکانیتری کۆمەڵگەشە. ئەمەیە شۆڕش، ئەمەیە خاڵی وەرچەرخان، ئەمە پێڤاژۆیەکی نوێیە.
ئێستا لە ئێراندا ژنان ناوەندی سیاسەتی ڕادیکاڵن؛ لەبەر ئەوەی چەوساوەترین و پەراوێزخراوترین توێژی کۆمەڵگەن؛ لە هەموو چین و توێژەکانیتری کۆمەڵگە زیاتر سووکایەتییان پێ دەکرێ و هەژمارنەکراوترینن. ئەمەش پۆتانسیەلێکی گەورەی سیاسی دروست کردوە، هەستی هاوپێوەندی دروست کردوە، وایکردووە ژنان ببنە نوێنەر و سیمبولی ئازادی و مافی کۆمەڵگە، ببنە توێژی پێشەنگ و هەرە ڕادیکاڵی کۆمەڵگە.
ئامانجی ئێمە ڕزگاری و ئازادییە؛ ئازادی و دێموکراسییە؛ دێموکراسی واتە هاوئاسۆیی (همعرضی) تاکەکان و شوناسەکان لەگەڵ یەکتر کە هیچ کامیان بەسەر ئەویتردا فەڕز نەکرێ؛ واتە یەکسانی ژن و پیاو؛ واتە نەهێشتنی پێکهاتەی ناوەند ـ پەراوێز؛ واتە نەهێشتنی باندەست و بندەست؛ ئەمانەش واتە پێکهاتەشکێنی. ئامانجی ئێمە دێموکراسییەکی ڕادیکاڵە کە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی هەیی بگۆڕێ و هێژمۆنییەکی نوێ شکڵ بگرێ؛ وێژمانێکی یەکسانیخواز ببێتە هێژمۆن. ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنەوەی پێوەندییەکانی نێوان شوناسە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەیە، پێویستی بە ڕێکخستنەوەی پێوەندییەکانی نێوان ژن و پیاوە و، ڕەنگدانەوەی ئەمەش لە هەموو پنت و جومگە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا.
ئازادیی ژن و ئازدیی کۆمەڵگە (بۆچی دەڵێم ئازادیی ژن و ئازدیی کۆمەڵگە، بۆچی ڕیزبەندییەکە ئاوا دێنم؟ لەبەر ئەوەی ئازادیی کۆمەڵگە بە ئازادیی ژندا تێپەڕ دەبێ. تا ژن ئازاد نەبێ، کۆمەڵگەی ئازادیش چێ نابێ.) پێویستی بە ئیرادەی بەکۆمەڵی هێزە دێموکراتیکە ڕادیکاڵەکان هەیە کە سەرلەبەری ئەو فاکت و فاکتەر و پێوەندییانەی ژنیان کردۆتە بوونێکی پەراوێزخراو، ببەنە ژێر پرسیار و بە ڕوانین و گۆشەنیگایەکی نوێوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و هەروەک وتم لە پێش هەموو شتێکدا بەم مەعریفەیە بگەین کە ژن وەک جێندەر مێژوویی و وێژمانییە و مەیلی دەسەڵەت، دەسەڵاتی پیاو، وای داڕشتوە. خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە پێناسەیەکی واقعیمان بۆ سیاسەت هەبێ. سیاسەت تەنیا بریتی نیە لە گفتوگۆ، بەڵکوو شەڕکردنە، دەبێ شەڕ بکەی بۆ مافەکانت.
بێگومان گۆڕانە مێژووییەکان بەرهەمی کارتێکەریی دوولایەنەی تاک و کۆمەڵگەن. هوشیاری تاک و هەڵسوکەوتی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ پێکهاتەکان و پێوەندییەکان و هاوکێشەکان دەگۆڕێ. دەمەوێ بڵێم تاک زیندانی و بەزیوی پێکهاتەکان نیە و دەتوانێ بیانگۆڕێ.
مێژوو خەسڵەتی ڕووداوی هەیە، تاکەکان وەک سوژە و ئەکتەری مێژوویی لە خوڵقاندنی ڕووداوەکان و گۆڕینی پێکهاتەکاندا کاریگەرن و ڕۆڵیان هەیە. پێکهاتەخواز نیم چونکە پێکهاتەخوازی و لۆجیکی پێکهاتەخوازی، کارایی مێژوویی و بکەربوون لە تاک دەستێنێتەوە و، لە هەمان کاتیشدا دیدێکی بانپێکهاتەییم بۆ تاک نیە، تاک لەنێو پێکهاتەکاندا کار بۆ گۆڕینیان دەکا و ئەمەش گرێدراوی دروست بوونی هوشیاری تازە و مەعریفەی تازەیە. وشیاریی ژنان و تێگەیشتنی پیاوان درز دەخاتە ئەم پێکهاتە و پێوەندییە جیاکارانە و سەرەتا و مەرجی داڕشتنەوەیانە.
ژنان دەبێ خەبات بکەن بۆ ئەوەی مەتڕەح بن و دان بە مافەکانیاندا بنێرێ؛ ئەمەش پێویستی بە ڕێکخراوبوون، نەترسی و ڕۆحێکی پێشمەرگانە هەیە، پێویستی بە ڕۆحێکی لە مەرگ نەترسان هەیە، ئەمەیە کە ژنان لە کۆیلەتی و رەگەزی پلە دوو ڕزگار دەکا.