کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیکاریی پێکهاتەیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

23:54 - 5 خاکەلێوه 2725

شیکاریی پێکهاتەیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

بە کەلك‌وەرگرتن لە تیۆریی سەهۆڵەچیای فرۆید و بۆچوونی دەروونشیکاران (یۆنگ و لاکان)

شاڕۆخ حەسەن زادە

بەپێی تیۆریی زیگمۆند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩)، دەروونشیکاری ئۆتریشی، کەسایەتیی مرۆڤ لە سێ توخم پێک‌هاتوە. ئەو بە بەکارهێنانی ئەم مۆدێلە زەینییە هەوڵ دەدات تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە و کارکردی مێشک بەم شێوەیە ڕوون بکاتەوە: "ئەو" (Id)، "خود-من" (Ego) و "ئەوپەڕخود" (Superego). ئەم سێ توخمە بە لەگەڵ یەک‌هەڵکردن، ئاکار و هەڵسوکەوتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ بەرهەم دێنن. "ئەو-ئید"، پێکهێنەری کەسایەتییە کە لە سەرەتای لەدایکبوونی مرۆڤەوە ئامادەیە و بەپێی تیۆریی فرۆید، ئید بە تەواوی ناوشیارە. بە نەرینی فرۆید؛ "ئید بەشی تاریک و نەگۆڕیی کەسایەتیمانە و زانیاریمان لەهەمبەر بنەمای لێکۆڵینەوەی بیر و خەونەکان و پرۆسەی دروستبوونی نیشانەکانی "دەروون‌پەرێشی" (ئاڵۆزیی دەروونی یان ئاژیتاسیۆن) کە هەتا ئێستا ناسیومانە گەلێک کەمە و زۆربەی تایبەتمەندییەکانی نەرێنییە و دەگەڵ ئیگۆدا دژایەتیی هەیە."

"خود" (ئیگۆ)، ئەو پێکهاتەیە لە کەسایەتییە کە بەرپرسە لە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیع. دۆخی ئیگۆ زۆر ئاڵۆزە چوونکە لە ڕاستیدا لە سێ سەرچاوە ئیلهام وەردەگرێت؛ جیهانی دەرەوە، ئید و سوپەرئیگۆ، هەروەها ئەرکی ئەوەیە هاوسەنگییەک لەنێوان خۆڕسکە سەرەتاییەکان و واقیعدا ڕابگرێت، لە هەمان کاتدا ڕەزامەندیی ئید و سوپەرئیگۆش بەدەست دەهێنێت. "ئەوپەڕخود" (سوپەرئیگۆ)، ئەو لایەنەی کەسایەتی پێک‌دێنیت کە سەرجەم ئاڕمان و پێوەرە ئەخلاقی و دەروونییەکان لەخۆ دەگرێت کە ئێمە لە دایک و باوک و کۆمەڵگە وەری دەگرین یان بۆمان بە میرات ماوەتەوە. سوپەرئیگۆ بەرپرسە لە دەروونی‌کردنی ڕێساکانی کولتووری و بە گشتی لە ڕێگەی کاریگەریی دایک و باوکەوە وەدی‌دێت. فرۆید بیرۆکەی سوپەرئیگۆ لە ئاوێتەکردنی چەمکە پێشووەکانی ئیگۆ - ئایدیاڵ و "وزەیەکی دەروونیی تایبەت کە پشکنین دەکات ئیگۆ - ئایدەئال دەگاتە ڕەزامەندیی خۆخوازانه کە ئێمە پێی دەڵێین ویژدان". سوپەرئیگۆ دژی ئید چالاکە و هەموو هەوڵێکی ئەوەیە، خۆی لەگەڵ نۆڕم و بەها کۆمەڵایەتییەکان بگونجێنێت لە کاتێکدا ئید تەنیا ڕەزامەندیی خێرای دەوێت. هەروەها سوپەرئیگۆ هەستی ڕاستیی و هەڵە و ویژدانیی ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکات و یارمەتیمان دەدات ئاکار و هەڵسوکەوتمان لە لایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ بکرێت.فرۆید میناکی سەهۆڵەچیای (iceberg) بەکارهێناوە بۆ پێناسەکردنی ساکاریی سێ چینیی مێشک. ئەم مێشکە هەموو پرۆسە زەینییەکانی لەخۆ دەگرێت کە ئێمە ئاگامان لێیە و پلەی خۆئاگایی وەک لووتکەی سەهۆڵەچیا وێنا دەکات؛ بۆ وێنە، ڕەنگە هەر ئێستا هەست بە ماندووبوون بکەم و بخوازم بخەوم. پلەی بەرلە ئاگایی هەست و بیرۆکەکانی لەخۆ دەگرێت کە تاک لە ئێستادا ئاگای لێ نییە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانێت بیگوازێتەوە بۆ خودئاگایی، ئەم بەشە بە وردی لە ژێر پلەی خودئاگایی و پێش ناخودئاگایی‌دایە. بۆ وێنە، تاوەکوو داوام لێ نەکەن شێعری "ناڵەی جودایی" مامۆستا هێمن بخوێنمەوە، لە قۆناغی یەکەمدا شێعرەکە لە مێشکمدا نییە بەڵام دەستبەجێ کە داوام لێ‌کرا ئەم شێعرە دێتەوە بیرم و دەیڵێمەوە.

لە کۆتاییدا، پلەی ناخودئاگا ئەو پرۆسە دەروونییەکان لەخۆدەگرێت کە بۆ خودئاگایی بەردەست نین، بەڵام کاریگەرییان لەسەر شێوەی هەڵسووکەوت، بڕیار و هەستەکانی تاک هەیە. بەپێی ڕوانگەی فرۆید، مێشکی ناخودئاگا سەرچاوەی سەرەکیی هەڵسووکەوتەکانی مرۆڤە. هەروەک چیای سەهۆڵی، گرنگترین بەشی مێشک هەمان ئەو بەشەیە کە ناتوانین بیبینین. هەستەکان، پاڵنەرەکان و بڕیارەکانمان، لە ڕاستیدا بە قووڵی کاریگەرییان لەسەر ئەزموونەکانی ڕابردوومان هەیە، ئەو ئەزموونانەی کە لە ناخودئاگا هەڵگیراون.

لەم نووسینەدا، کەڵک لە تیۆیری سەهۆڵەچیای فرۆید وەردەگرین بۆ شیکردنەوەی دۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەکان بە شێوەیەکی گشتی لە کوردستان و جوگرافیای ئێران.

 تیۆری چیای سەهۆڵی فرۆید، کە لە بنەڕەتدا بۆ شیکردنەوەی پێکهاتەی زەینی مرۆڤ داڕێژراوە، دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی لە چینە جیاوازەکانی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، وەک پێواژۆ مەدەنییەکان باشتر تێ‌بگەین و ئەو هۆکارە شاراوە و ناڕاستەوخۆیانە بناسین کە کاریگەرییان لەسەر هەیە.

تیۆریی سەهۆڵەچیا و بەکارهێنانی لە شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان:

زیگمۆند فرۆید، وەک دەروونشیکارێک مێشکی مرۆڤی بە چیایەکی سەهۆڵی چواندوە کە تەنیا بەشێکی بچووکی دەبینرێت و بەشێکی زۆری لە ژێر ئاودا شاردراوەتەوە. فرۆید مێشکی دابەش کردوە بەسەر سێ ئاستی ئاگایی:

خودئاگا (Conscious): ئەم ئاستە، بیرۆکەکان، هەستەکان و ئەو ئەزموونانه لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا ئاگامان لێیە. ئەم ئاستە، وەک لووتکەی چیاکە تەنیا بەشێکی بچووک لە مێشک پێک‌دەهێنێت و خۆیایە.

نیوەخۆئاگا (Preconscious): ئەم ئاستە، بیرۆکەکان، هەستەکان و ئەو ئەزموونانه لەخۆدەگرێت کە لە ئێستادا ئاگامان لێی نییە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانین بیانهێنینە سەر ئاستی خۆئاگایی. ئەم ئاستە وەک بەشێک لە سەهۆڵەچیا کە لە نزیک ئاستی سەر ئاوەکەیە دەبینرێت.

ناخودئاگا: (Unconscious) ئەم ئاستە، بیرۆکەکان، هەستەکان و ئەو ئەزموونانه لەخۆدەگرێت کە ئاگامان لێ نییە و بە زەحمەت دەتوانین بیانهێنینە سەر ئاستی خۆئاگایی. ئەم ئاستە وەک بەشێکی زۆری سەهۆڵەچیاکە لە ژێر ئاودا شاردراوەتەوە و دەورێکی گرنگ و بەرچاو لە هەڵسووکەوت و کەسایەتیماندا دەگێڕێت.

تیۆریی سەهۆڵەچیای فرۆید دەتوانرێت وەک خوازەیەک بۆ شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنرێت کە ئێمە ئەوە بە پێکهاتەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی قالب دەکەین و هەڵیدەسەنگێنین. لەم خوازەیەدا، بەشی بینراوی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی (وەک بزووتنەوەیەک) نیشاندەری لایەنە ئاشکرا و بینراوەکانی ئەوە، لە کاتێکدا بەشە شاراوەکەی نیشاندەری هۆکارە ناڕاستەوخۆکان، ڕەگ و ڕیشەکان و بەستێنی کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژووییەکانن کە یارمەتیدەرن لە شەقڵ‌گرتنی ئەو دیاردەیە.

بە بەکارهێنانی تیۆری سەهۆڵەچیای فرۆید، دەتوانرێت بزووتنەوەکان و بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێراندا بەسەر سێ توێژدا دابەش بکەین:

 A ئاستی ئاشکرا (لووتکەی سەهۆڵەچیا):

ئەم ئاستە لایەنە بینراو و هەستپێکراوەکانی کۆمەڵگە و ئەو هۆکارانە لەخۆدەگرێت کە دەبنە هۆی دروستبوونی بەربزووتنەوەکان، مانگرتن، ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوە مەدەنییەکان. ئەم هۆکارانە بریتین لە:

١. ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان و چالاکانی مەدەنی کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی چالاکیی دەکەن. ئەم ڕێکخراو و چالاکوانە جیاوازەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لەوانە ژینگە، ژنان، مافەکانی مرۆڤ، ئەدەبی، زمانی، کولتووری، کرێکاری، سیاسی و پیشەیی چالاکی دەکەن و هەوڵ دەدەن بە چالاکییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، ئاستی ڕۆشنبیری تاک لە کۆمەڵگەدا بەرنە بان و ورەی هاوکاری و یارمەتی بەرز بکەنەوە، هەروەها یارمەتیدەر بن لە باشترکردنی دۆخی کۆمەڵگە و بەشداری پێکردنیان لە بوارە جیاوازەکاندا.

B چینی ناوەڕاست (بەشی هاوئاستی ژوورئاو):

ئەم ئاستە تۆڕە نافەرمییەکان، پەیوەندییە کەسییەکان و بەها هاوبەشەکان لەخۆدەگرێت کە ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان و چالاکوانانی مەدەنی بە یەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم ڕایەڵکانه، پەیوەندییەکان و بایەخەکان، یارمەتیدەری ئاسانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان چالاکوانانی مەدەنی دەکەن و بەستێن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بەهێز و یەکگرتوو خۆش دەکەن.

C چینی قووڵ (بەشی شاراوە لەژێر ئاو):

ئەم ئاستە ڕەگ و ڕیشە سیاسییەکان، مێژووییەکان، کلتوورییەکان و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکان لەخۆدەگرێت. ئەم ڕەگ و توخمانە، خەباتەکانی ئازادیخوازانە، نەریتی هاوکاری، بەها دیموکراسییەکان، مافەکانی مرۆڤ و ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ڕابردوو لەخۆدەگرێت. ئەم بنەمایانە، گڕوتین و هەوێتی دەبەخشنە کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگری دەکەن لە بەرامبەر هەڕەشە و بەربەستەکاندا. لەلایەکی تریشەوە قەیرانەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەک هۆکارێکی دیکە بۆ درووست‌بوونی بزووتنەوەکان پاڵنەرن کە دەکرێ ئاماژە بەم خاڵانەی بەرەوە بکەین:

- کێشە ئابوورییەکانی وەک هەژاری، بێکاری، گرانی، ڕانت و گەندەڵیی بەربڵاو.

- کێشە سیاسییەکان، وەک نەبوونی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، سەرکوتکردنی پڕتوندوتیژ، نایەکسانییە ئەتنیکییەکان، جیاکاریی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئایینی، پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ.

- کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک؛ نەبوون یان کەمیی خانووبەرە، لاوازبوونی کەرتی تەندروستی، پەروەردە، خۆکوژی، تەڵاق، نەبوونی هیوا بۆ داهاتوو، ڕێژەی بەرزی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە جۆراوجۆرەکان.

- کێشە کلتوورییەکانی وەک سانسۆر، ڕێز نەگرتن لە فرەچەشنیی کلتووری، زمانی، حیجابی زۆرەملێ، بەرهەمهێنانەوەی سیستەماتیکی تواندنەوەی نەتەوەیی.

- سیاسەتی دەرەوە، هەناردەکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی، دەست‌تێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە بە بەکارهێنانی هێزە نیابەتییەکان.

بە بەکارهێنانی تیۆری سەهۆڵەچیای فرۆید، وەک توێژ و لایەنە جۆربەجۆرەکانی زەینی مرۆڤ دەکرێت ئەو هۆکارە شاراوە و ڕیشەییانەی کە ڕێگری دەکەن لە دروستبوونی بزووتنەوەی بەرفرەوان لە ئێراندا دەست‌نیشان بکرێن. هۆکارەکان دەتوانن ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ بگرن:

نەبوونی متمانە لە نێوان دامەزراوە و ڕەوت و حیزبە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی و نەتەوەکانی دیکە، ناکۆکیی ڕوانین و هاوکاری نەکردنی نێوان ڕەوتە سیاسی و ئەتنیکییەکان، کە ئەمە ڕێگری دەکات لە هاوکاری، هاوسۆزی و دروستبوونی بزووتنەوەی بەربڵاو بۆ گۆڕانکاری و گواستنەوە دەستەڵات.

بێ هیوایی لە کەسایەتی و ڕەوتە جیاوازەکان و ترس لە سەرکوتکردنی پڕتوندوتیژیی حکومەتی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە خۆیان لە بەشداریکردنی چالاکانەی ناڕەزایەتییەکاندا ببوێرن و دروستبوونی بزووتنەوەی گشت‌گیر تووشی کێشە و دواکەوتن دەکات.

نائومێدی لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای تێچووی زۆر، هەروەها نەبوونی متمانە و قەیرانی گوتاری هاوبەش و تەنانەت فرەنەتەوەبوونی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵانی خەڵک بە بیروباوەڕی جیاوازەوە پاڵپشتی لە چالاکییەکان نەکەن و دروستبوونی بزووتنەوەی بەرفرەوان دژوار دەکات.

نەبوون یان کەمبوونی ئاگایی لەهەمبەر ماف و ئازادییە سیاسییەکان، کێبرکێی ناتەندرووست، متمانە بەخۆنەبوون، قەیران و ئاڵۆزی  کۆمەڵگە و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی نەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر لە چالاکییە مەدەنییەکاندا بەشداری بکەن و دروستبوونی بزووتنەوەی بەربڵاو و هەمەلایەن دوا دەخات.

بە لەبەرچاوگرتنی شیکاریی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستنیشانکردنی هۆکارە شاراوە و ڕیشەییەکان کە ڕێگری دەکەن لە دروستبوونی بزووتنەوەی بەرفرەوان، دەتوانرێت ڕێگاچارەی کردەیی خوارەوە بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دروستکردنی گۆڕانکاریی بەردەوام لەبەرچاو بگیرێت:

- هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی متمانە لەنێوان خەڵک، دامەزراوە، حیزب و ڕەوتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و چالاکوانانی مەدەنی.

- هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکە لە سەرکوتکردنی حکوومەتی لە ڕێگەی پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنی، ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەرەدان بە کولتووری بەرگریی مەدەنی.

- هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی هیوا بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی دێموکراسی، بەرهەمهێنانی نێوەڕۆک بە کەلك‌وەرگرتن لە دەفرایەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی هاوپێوەندی و هاوسۆزی.

- هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری لەهەمبەر ماف و ئازادییەکان، قەیران و گرفتەکانی کۆمەڵگە و شێوازی چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی پەروەردە و کۆڕ، سمینار و زانیاری بڵاوکردنەوە و، پەرەدان بە کولتووری دیالۆگ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

- هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کێشە و ناکۆکی لەنێوان ڕەوتە جیاوازەکان لە ڕێگەی لەیەک‌تێگەیشتن و لێبوردەیی، ڕێزگرتن و داننان بە واقعی فرەچەشنیی سیاسی، کولتووری، ئەتنیکی و مافی نەتەوەکان، ڕەخساندنی فەزایەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و لەیەک حاڵی بوون.

- هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی کۆمەڵگەی مەدەنی لە حکومەت و لایەنەکان، پشتیوانیکردنیان بەدەر لە بەرژەوەندییە کەسی و فکرییەکان و بە مەبەستی خێری گشتی بە شێوەی جۆراوجۆر.

- هەوڵدان بۆ پەرەپێدان و گەشەی ستراتیژیی بەردەوام، کاریگەر و بەرهەمدار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و بەربەستەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە، خوێندنەوە و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکەی ناوچەیی و جیهانی.

- هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕایەڵکەی پەیوەندیی بەهێز و بەربڵاو لەنێوان چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.

لە کاتێکدا تیۆریی سەهۆڵەچیای فرۆید چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە چینە جیاوازەکانی مێشک کەسایەتی مرۆڤ وێنا دەکات، تیۆری و بۆچوونی دەروونشیکار و بیرمەندانی دیکەی ئەم بوارەش دەتوانێ یارمەتیدەر بن لە دەوڵەمەندکردنی شرۆڤەی بابەتەکەمان. بە تایبەتی، بۆچوونەکانی "کارل یۆنگ" و "ژاک لاکان" دەتوانن گۆشە نیگای نوێ لە شیکردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەکان لە کوردستان و ئێراندا ڕوون بکەنەوە.

کارل یۆنگ، قوتابی و هاوکاری پێشووی فرۆید، چەمکی "ناخودئاگایی بەکۆمەڵ"ی خولقاند کە ئاماژەیە بۆ پێگەی هاوبەش لە ئەزموونەکان، هێما و شێوازە ڕەفتارییەکان کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی شەقلیان گرتووە و بۆمان بە میرات ماوەتەوە. یۆنگ دامەزرێنەری دەروونناسیی شیکاری پێی وابوو ئەم ناخودئاگاییە بەکۆمەڵە بریتییە لە "کۆنەپاڕادایمەکان"  (Archetypes) کە کۆنە نموونەییەکانی جیهانی و هێمایین و لە ئەفسانە و دەرەڤۆگ، چیرۆک و هزر و خەیاڵیی هەموو فەرهەنگەکان بوونیان هەیە. کۆنەپاڕادایمەکان دەتوانن وەک هێزی پاڵنەر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا کار بکەن و مانایان پێ ببەخشن و ئاڕاستەیان بکەن. بۆ میناک، کۆنەپاڕادایمی "پاڵەوان" (هێمای ئازایەتی، فیداکاری و خەباتکردن بۆ ئامانجە گەورەکانە. ئەو کەسەی ڕووبەڕووی ئاستەنگە مەزنەکان دەبێتەوە) دەتوانێت بۆ چالاکانی مەدەنی پاڵنەرێک بێ بۆ ئەوەی لە دژی ستەم و نادادپەروەری بوەستنەوە و کۆنەپاڕادایمی "قوربانی" دەتوانێت یارمەتی بە پشتیوانیکردن لە قوربانییانی سەرکوت بدات.

لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەتوانرێت شوێنپێی ئەم کەونە نموونەیە ببینرێت. ژنان وەک "پاڵەوانانی" سەرەکیی بزووتنەوەکە کە ئەزقەزا قوربانیی سەرەتایی ئەم بزووتنەوەیەش بوون لە دژی یاسا نادادپەروەرەکان وەستانەوە و گیانی خۆیان فیدا دەکرد. ئەم جۆرە لە شێوازی تێکۆشان لە کوردستاندا بەهۆی نەریتی خەبات و بزووتنەوە ئازادیخوازانە و دێموکراسییەکان بەراورد بە جوگرافیای دیکەی ئێران زیاتر دەرکەوتوە و تەنانەت ژنان لە ڕیزی حیزبە سیاسییە جیاوازەکاندا شانبەشانی پیاوان بۆ دادپەروەری، دیموکراسی و مافی نەتەوەیی خەبات دەکەن، بێ هۆ نییە سەرچاوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یش لەم جوگرافیایەوە هەڵقوڵاوە.

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا و بە چالاکتربوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگایی و وشیاریی سیاسیی گەلی کورد لە هەر دەرفەتێک بۆ دەربڕینی داواکارییە سیاسییەکان کە کەڵکەڵەی سەرەکیی ئەوانە کەڵکیان وەرگرتوە، لەم نێوەدا دەتوانین ئاماژە بە بۆنەکانی پەیوەندیدار بە زمانی دایکییەوە بکەین، چالاکییە ژینگەییەکان و ڕێوڕەسمە پڕشکۆیەکانی نەورۆز لە کوردستان کە بوونەتە بزووتنەوەیەکی شۆناسخوازنەی مەزن، کە ئەمە خۆی دەکرێ لە کۆنەپاڕادایمی نەورۆز وەک بۆنەیەکی سیاسی و کولتووری مێژوویی لە دەزگای بیرکردنەوەی یۆنگ‌دا هەڵسەنگێندرێ. ئەم چالاکییە بەکۆمەڵانە بەرهەمی ئەو کۆنەپاڕادایمانەن کە لە ناخودئاگایی بەکۆمەڵی نەتەوەیی کورددا گووراون و ڕەگیان لە گێڕانەوەی خەباتی حیزبە سیاسییەکان و مێژووی کۆن و بزووتنەوە کولتوورییەکانی وەک نەورۆزدا هەیە.

ژاک لاکان، دەروونشیکاری فەرەنسییش لە درێژەی شیکاریی دەروونناسیی تاک و کۆمەڵگەدا، تەکز لەسەر گرنگیی زمان لە شەقڵ‌گرتنی زەین و کۆمەڵگە دەکاتەوە. لاکان پێی وابوو؛ "ناخودئاگا پێکهاتەیەکی وەک زمانی هەیە و لە ڕێگەی زمانەوەیە ئێمە پەیوەندی بە جیهان و ئەوانی ترەوە دەکەین". لە تەتەڵەی بزووتنەوەکاندا، لاکان یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی تێبگەین چۆن زمان و وێژمان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بیچمگرتنی هەوێتی بەکۆمەڵ، بەکۆمەڵکردنی پشتگیریی گشتی و ڕەوایەت‌داماڵین لە هێزی دەسەڵات. بۆ میناک، دروشمەکان، هێماکان و ئەو گێڕانەوانەی لە بزووتنەوەکاندا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، دەورێکیی گرنگ لە دروستکردنی هەستی هاوپێوەندی و پابەندبوون لەنێوان بەشداربوواندا دەگێڕن.

جلوبەرگی خاکیی کوردی و بەستنی جامانە و هەوری وەک هێمایەک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ گرتن و هەڕەشە و سەرکوتی کۆمەڵگای کوردستان هەروەها بەستێنی مێژووی لە بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی کورددا، وەک ئێلێمانی نەک هەر بۆنەکانی نەورۆز کە بە خاکی‌پۆشان ناسراوە، بەڵکوو لەلایەن خەڵکەوە وەک نەریتێک لە شایی و زەماوەندەکان و تەنانەت لە سەرخۆشییەکانیش، بووەتە پەیامێک بۆ بەرگری و شوناسخوازی و بەگژداچوونەوەی داگیرکەران، لێرەدا تەنیا لەبەرکردنی کەواپاتۆڵی خاکی بەسە بۆ دژایەتی و ناڕەزایەتی دەربڕین چوونکە وەک هێمایەکی پێشمەرگانە دەورێکی چالاک دەبێنێت لە بزووتەنەوەیەکی پێشکەوتووی ئازادیخوازانەی کوردی، کە بەدوای مافە ڕەواکانی خۆی دا دەگەڕێت.

بە هۆی ئەوەی کە دروشمەکان لە ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و پڕبایەخ دەگێڕن و بەرهەمی تێگەیشتنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگاکانن، کەڵک وەرگرتن لە تیۆری زمانیی لاکانی دەتوانێ ئەم بابەتە زیاتر شی بکاتەوە. لاکان پێی وایە؛ زمان تەنیا ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو خۆی واقیع دروست دەکات. بە واتایەکی تر، "ئێمە لە ڕێگەی زمانەوەیە کە لە جیهان تێدەگەین، ئەزموونی دەکەین و مانای پێ دەبەخشین. بۆیە زمان نەک تەنیا ڕەنگدانەوەی واقیعە، بەڵکوو دروستکەری ئەوە".

ئەو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەم خاڵەی کە ناخودئاگا، پێکهاتەیەکی وەک زمانی هەیە، پێی‌وایە "ناخودئاگای ئێمە کۆمەڵێک حەز، بیرەوەری و ئەزموون نیە کە سەرکوت کرابن، بەڵکوو سیستمێکی ڕێکخراوە کە بەپێی یاسا و ڕێساکانی زمان کار دەکات". بە واتایەکی تر، ناخودئاگای ئێمەش لە ڕێگەی هێماکان، نیشانەکان و خوازەکانەوە قسەمان دەگەڵ دەکات. هەروەها لاکان بەپێچەوانەی نەریتی زمانناسی، پێی وایە؛ پەیوەندی لەنێوان دال (وشە یان نیشانە) و مەدلوول (چەمک یان مانا) جێگیر و یەکلاکەرەوە نییە. بەڵکوو دالەکان بەردەوام ئاماژە بە دالەکانی تر دەکەن و مانا لەم زنجیرە دالییەوە شکڵ دەگرێت. بە جۆرێکی تر، مانا هەمیشە ڕژد، ڕەوان و پشت بە بەستێن دەبەستێت.

لەبارەی دروشمە جیاوازەکان لە ڕەوتی بزووتنەوە مەدەنییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری ئێران و کوردستان (لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتا سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣ وەک دواین مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییەکانی کوردستان بە هۆی دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ دوو چالاکوانی مەدەنی و سیاسی ژن بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، هەتا پێش نووسینی ئەم دەقە) لانیکەم چەند دروشمێکی سەرەکی بەردەوام پاتە دەبوونەوە و دەگەڵ دروشمەکانی دیکە جیاوازیان هەبوو، وەک؛ مردن بۆ دیکتاتۆر، ئیسلاح تەڵەب، ئوسولگەرا دیگە تەموومە ماجەرا، ژن، ژیان، ئازادی (زن زندگی آزادی). ئەم وێنانە تەنیا دەربڕی بێزاری یان داواکاری نین، بەڵکوو یارمەتیی دروستکردنی واقیعێکی نوێ دەدەن. دروشمەکان بە بەکارهێنانی زمان، گێڕانەوەکان و هێماکان (سووتاندن و فڕێدانی ڕووسەری، لەبەرکردنی کەواپاتۆڵی خاکی)، وێنەیەکی جێگرەوە لە بزووتنەوەکە خۆیا دەکەن و یارمەتی خەڵکی دەدەن بۆ ئەوەی ڕەخنە لە دۆخی ئێستا بگرن و باوەڕیان بە ئەگەری گۆڕانکاری هەبێت.

لە لایەکی ترەوە دروشمەکان دەتوانن بە بەکارهێنانی وشەکان، زاراوەکان و چەمکە تایبەتەکان، دەستیان بە ناخودئاگای بەکۆمەڵی تاکەکان ڕابگات و هەستەکان، بەهاکان و باوەڕە قووڵەکانی ئەوان چالاک بکەن. ئەو دروشمانەی کە پەیوەندی بە شوناس، مێژوو و کولتووری خەڵکییەوە هەیە، هێزی بەکۆمەڵکردنی زیاتریان هەیە. دروشمەکان یارمەتی دروستکردنی ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ و هەستی هاوسۆزی لەنێوان بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکاندا دەدەن. دروشمەکان بە دەربڕینی بەها و ئامانجە هاوبەشەکان، "ئێمە"یەک لە بەرامبەر "ئەوان"دا دروست دەکەن و هەست بە خاوەنداری و پابەندبوون بە تاکەکان دەبەخشن.

لە دەربڕینی ئەمری ڕاستەقینە (the Real)دا دروشمەکان، دەتوانن بە دەربڕینی "ئەمری ڕاستەقینە" یان هەمان ئەو شتەی کە سەرکوت کراوە، وزە و پاڵنەر ببەخشنە بزووتنەوەکان. ئەم "ئەمری ڕاستەقینەیە" دەتوانێت بریتی بێت لە ئەزموونی تاڵ، بیرەوەریی سەرکوتکراو، یان ئاواتە بەدی نەهاتووەکان. دروشمەکان بە دەربڕینی ئەم "ئەمری ڕاستەقینەیە"، یارمەتی تاکەکان دەدەن بۆ ئەوەی بەرەوڕووی ئازار و ناڕەحەتیی خۆیان ببنەوە و بۆ گۆڕینی دۆخەکە هەوڵ بدەن. بۆ میناک، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەبەرچاو بگرن؛ ئەم دروشمە، بە پێوەری ڕوانگەی لاکانەوە، تەنیا دەربڕی داواکارییەکانی ژنان نییە، بەڵکوو واقیعێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە شێوەیەکی گشتی لە بەستێنێکی مافخوازنەی هەمەلایەنە و مۆدێڕن وێنا دەکات:

ژن: وەک ناسکار و سوژەیەکی چالاک و خۆسەر، نەک وەک بەرناس و ئۆبژەیەکی ڕەگەزی یان شارۆمەندێکی پلە دوو. جاڕنامەی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتییە کە باسی بەرامبەری ژن و پیاو دەکات. هیچ بەڵگەنامەیەکی حقوقی بەرلەوە، بەم شێوەیە جەخت لە یەکسانیی هەموو مرۆڤەکان ناکات. لە پێشەکیی جاڕنامەدا، ئاماژە بە بەرامبەری مافی ژن و پیاو و بەشداریکردنیان وەک یەک کراوە، هەروەها بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستەش بە ڕوونی جەخت لە جیاوازیی ڕەگەز، زمان و ئایین کراوەتەوە. لە بەندی "بێ" مادەی ١٣ و بەندی "جێ" مادەی ٥٥یشدا ئەم بابەتە پاتە بووەتەوە.

ژیان: وەک مافێکی بنەڕەتی بۆ هەمووان و بەشێک لە مافە سروشتییەکانی هەر مرۆڤێک، نەک ئیمتیازێک کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەدرێت. مادەی سێیەمی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژە بە گرنگترین مافی هەر مرۆڤێک دەکات، ئەویش "مافی ژیان کردنە"، لەم خاڵەدا، بە ڕوونی باس لەوە دەکرێت کە هەر مرۆڤێک، دەبێت خاوەن مافی دیاریکراوی وەک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایش بێت. بە واتایەکی‌تر، نابێت هیچ مرۆڤێک بکوژرێت، ئاسایش و تەناهی ئەو مەترسی بخرێتەسەر و ئازادییەکانی لێ یاساغ بکرێت.

ئازادی: وەک بەهایەکی بنەمایی و سروشتی کە هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە، نەک تەنیا ئازادییە کۆمەڵایەتییە سنووردارەکان. بەپێی ئەو بنەمایانەی لە جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، یەکگرتوویی ئەندامانی بنەماڵەیی مرۆڤ، کەرامەتی مرۆڤ و دەستنیشانکردنی ئەو مافانەی لێیەوە سەرچاوە دەگرن، بە بنەمای ئازادی، دادپەروەری و ئاشتی لە جیهاندا دەزانێت و دروستکردنی جیهانێک کە تێیدا، تاکەکانی مرۆڤ لە دەربڕینی بیروڕای خۆیاندا ئازاد بن و لە ترس و هەژاری ڕزگاریان بێت، وەک بەرزترین ئارمانج و ئاواتی مرۆڤایەتی ڕاگەیاندوە. لەم ڕاگەیاندنە سی ماددەییەدا، نزیکەی نیوەی خاڵە جیاوازەکانی تەرخانکراوە بۆ ئازادیی مرۆڤ و هەندێک لە خاڵەکانی دیکەش بە شێوەیەک پەیوەندی بە پرسەکانی ئازادییەوە هەیە.

ئەم دروشمە بە ئاوێتەکردنی سێ وشەی بەڕواڵەت ساکار بەڵام بەهێز کە لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی کوردانەوە هەڵقوڵاوە و سەرانسەری بوو، توانی ببێتە ناسنامەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگە و، هەستەکان، بەهاکان و باوەڕە قووڵەکانی ئەوان چالاک بکات. ئەم دروشمە، یارمەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران داوە بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی نوێ بۆ خۆیان پێناسە بکەن، ئاستەنگ و کێشەی جددی بۆ دەسەڵاتی حاکم درووست بکەن و بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە هەوڵ بدەن. بە شێوەیەکی گشتی، لە دیدگای لاکانییەوە، دروشمەکان لە ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا نەک هەر ئامرازێک بۆ دەربڕینی داواکارییەکانن، بەڵکوو کەرەسە و ئامرازێکن بۆ دروستکردنی واقیعێکی نوێ، چالاککردنی ناخودئاگای بەکۆمەڵ، دروستکردنی شوناسێکی گشتی، بە ڕەخنەگرتن و ئاستەنگ درووست کردن بۆ دەسەڵاتی حاکم و دەربڕینی "ئەمری ڕاستەقینە". دروشمەکان بە بەکارهێنانی زمان، هێز، مانا دەبەخشنە بزووتنەوەکان و یارمەتییان دەدەن بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجەکانی خۆیان.

خاڵێکی تر لە پەیوەندیدا بە لایەنە جیاوازەکانی دروشم و ڕۆڵی ئەو لە خواست و داواکارییە بەکۆمەڵەکان لە کوردستاندا، بۆ چەند دروشمێکی گرنگ و فرەوان دەگەڕێتەوە کە لە شەقامەکانی کوردستاندا بەردەوام پاتە دەبوونەوە، بەشێک لەم ڕەوتە دوای ڕۆڵی میدیا ناوەندتەوەرەکان لە شکڵدان بە بیرکردنەوەی گشتی بۆ ئایدیایەکی تایبەت، سانسۆری سیستماتیکی چالاکییەکانی گەلانی جیاوازی ئێران و پێشێلکارییەکانی بەربەرینی مافەکانی مرۆڤ، بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردووی سیاسی و قبوڵکردنی ڕێبەریی تاکەکەسی و دروستکردنی گێڕانەوەیەکی دۆڕاو و خیچاو دەگەڕێتەوە. نەبیستنی دروشمگەلێک وەک "کوردستان کوردستان چشم و چراغ ایران"، "از کوردستان تا تهران جانم فدای ایران"، "کورد، بلوچ، آذری، ئازادی و برابری" لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێرانەوە؛ دوای هەنگاو و هەوڵی ئاگاهانەی ڕەوتی ئێرانگەرای ناوخۆیی و دەرەکی و کردەوەی ئاشکرا دژ بە مافی نەتەوەکان، زەینی ناخودئاگای کۆمەڵگەی کوردی بەم دژایەتی و ناکۆکییە لە گوتاری ناوەندگەراکاندا کاردانەوەی نیشان دا و بە دروشم‌گەلی وەک "داگیرکەری ئێرانی تۆ قاتڵی ژینامانی" گڕوتین و خرۆشێکی نەتەوەیی بە کۆمەڵگە و تەنانەت توێژی خۆڵەمێشیی کوردستان دا و تەنانەت چاوەڕوانییەکانیان لە حیزبە سیاسییەکان بەرزتر بۆوە. لەم دروشمەدا دوو ژینا هەن، ژینایەک کە لەلایەن ناوەند، میدیاکان و ڕەوتە توندڕەوە ئێرانییەکانەوە گۆڕا بۆ "مەهسا" و جارێکی دیکە ژینای ئێمە (کوردەکان) کوژرایەوە و، ژینایەکەی تر خوازەیەکی هێمایی بوو لە خواستە دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگە و حیزبە سیاسییەکانی کورد کە نەک تەنیا پشتگوێ خرا بەڵکوو کرایە ئامانج و دەسەڵاتی سیاسیش کەڵکی لەو دەرفەتە وەرگرت و بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین جار هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەش زۆربەی ڕەوتە سەرانسەرییە ئێرانییەکان هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەم هێرشانە نەبوو و بووە هۆی پەیدابوونی ئەم جۆرە دروشمانە لەسەر شەقامەکان. ئەم کاردانەوە بەکۆمەڵەی کوردستان لەنێو بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینیشدا بە شێوەیەکی ناخودئاگا بەرهەم ‌هێنرایەوە و دروشم‌گەلێک وەک "شەهید نامرێت، کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، هەتا کوردێک بمێنێت، کوردستانیش هەر دەمێنێت، و بە دروشمی "کاک...(ناوی شەهید) پاڵەوانە، شەهیدی کوردستانە"، ڕیزەکانی خۆیان لە ڕەوت و لایەنە ڕادیکاڵ و دژ بە مافی نەتەوەیی و دیموکراسی جیا کردووەتەوە کە گشتی لە گێڕانەوە و دروشمەکانی سەد ساڵی ڕابردووی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە.

***

سەرچاوەکان:
محسنی، محمدرضا. ١٣٨٦. ژاک لکان، زبان و ناخودآگاه، پژوهش زبانهای خارجی، شماره ٣٨ تابستان. صص ٨٥-٩٨
Freud, Sigmund. The Standard Edition of the Complete Psychological Works of Sigmund Freud.Vol. XIX (1999) James Strachey, Gen. Ed. ISBN 0-09-929622-5
Rycroft, Charles (1968). A Critical Dictionary of Psychoanalysis. Basic Books.
Sigmund Freud (1933), New Introductory Lectures on Psychoanalysis. pp. 105–6