کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەت و سێدارە، ئامرازێکی مانەوە بۆ دۆڕاوەکان

15:39 - 5 پووشپەڕ 2725

پەت و سێدارە، ئامرازێکی مانەوە بۆ دۆڕاوەکان

ئەفشین مەعروفیان

 

پێشەکی

کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای شکست سەرشۆڕانەوە و زەبوونی لە بەرامبەر هێرشە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە پەنای بۆ میتۆدی ئاشنا و هەمیشەیی خۆی بردوە کە بریتییە لە سەرکوتی نێوخۆیی. لە کاتێکدا ژێرخانی سەربازی، بەرگریی ئاسمانی، کۆگاکانی مووشەک و ناوەندە هەستیارەکانی سوپای پاسداران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرانە ئامانج و، بەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر بەشێکی گرنگی هەژموونی سەربازیی وڵاتەکەی داڕما، حکومەت جارێکی دیکە پەنای بۆ توندوتیژی و سەرکوتی نەیاران و ڕەخنەگرانی لە نێوخۆی وڵات کردوە. بەڵام ئەمجارە بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەروونیش بەشێوەیەکی بێوێنە گرینگە و لە شوێنەکانی وەک کوردستان، سیستان-بەلووچستان، خوزستان، و جەرگەی شارە گەورەکان، لەبەردەم حاڵەتێکی نائاسایی مرۆیی تەواوداین.

کوردستان؛ سەرەتای قەسابخانە دوای شکستی سەربازی

لەم بارودۆخەدا کوردستان جارێکی دیکە بووەتە ناوەندی تۆڵەی حکوومەت و بووەتە قەسابخانەی نیزامی-ئەمنییەتیی ڕێژیم. دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی، سزای قورسی قەزایی، لەسێدارەدانی بەبێ سەلماندنی تاوان لە دادگایەکی دادپەروەرانە و زیادبوونی جموجۆڵی سەربازی لە شارە سنوورییەکان نیشانەی ئاشکرای سیاسەتی ڕێژیمێکی دۆڕاو لە شەڕی دەرەکی و خواستی زاڵبوونی زیاتر بەسەر دۆخی نێوخۆی وڵات‌دایە. لەو چوارچێوەیەدا بۆیە دەتوانین ئاماژە بە لەسێدارەدانی سێ کۆلبه‌ری لاوی کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ بکەین کە تەنیا یەک نموونەی گەڕانەوەی ڕێژیمە بۆ سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی کوێرانە.

سپای پاسداران بە وروژاندنی تۆمەتی درۆینەی وەک "سیخوڕیکردن بۆ مۆساد" و "هاوردەکردنی کەرەستەی تیرۆر"، بەبێ ئەوەی دادگاییکردنی گشتی و بەبێ ڕەچاوکردنی سەرەتاییترین بنەماکانی ڕێوشوێنی یاسایی، ئەم سێ گەنجەیان بە پەتی سێدارەوە کرد. ئەم لەسێدارەدانانە لە ڕاستیدا کردەوەیەکی تیرۆریستی بۆ بێدەنگکردنی کوردستانە.

شکستی ستراتیژی بەرامبەر ئیسرائیل و تۆڵەکردنەوە لە خەڵک

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل بە کردەوە دڵی ژێرخانی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی بە هێرشی ورد و ئامانجدار کردۆتە ئامانج. نەک تەنیا کەرەستەی سەربازی و بەرگری، بەڵکوو یەکگرتوویی و دەسەڵاتی ڕەمزی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر بیروڕای گشتی نێوخۆیی و ناوچەییدا داڕما. لە بەرامبەردا، دەزگای پەخشی دەوڵەتی ئێران هەوڵی دا بە گێڕانەوەی درۆ، یان بە پێچەوانەوە دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بێدەنگی هێزە نیزامییەکان و وەڵامدانەوەی دروشمی خەڵک لە دژی ئەم دەسەڵاتە لە فەزای مدیایی ئاماژەی بە قووڵایی شکستەکە دەکرد.

 لە هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا، حکومەت کە نەیتوانی بەرهەڵستی ئەوان بێتەوە، ڕووی لە دژبەرە نێوخۆییەکانی کرد بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات و هەژمۆنییە لەدەستچووەکەی، واتە قەڵتوبڕی خەڵک. لە کرێکارانی کرێی ڕۆژانەوە تا دەگاتە کۆلبەرە کوردەکان، لە هەژارانی بەلوچستانەوە هەتا باوکانی بێ‌ئەنوا، لە ژنانی بێ ماڵ و حاڵەوە هەتا منداڵانی کرێکار، لە بەساڵاچووە تەنیاکانەوە تا نەخۆشە درێژخایەنەکانی بێ چارەسەر- هەموو ئەمانە لە هێڵی پێشەوەی ئازاردان، نەک لە هێڵی پێشەوەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵکوو لە ژیانی ڕۆژانەی کە ئەم ڕژێمە دروستی کردوە. لە نەبوونی سیاسەتی پشتیوانی و لە بێ‌بایەخیی سڵامەتی و خۆشبژیویی خەڵک لەلای ڕێژیم، بە ملیۆنان کەس لە ئێران ئەمڕۆ لەگەڵ برسێتی، نائەمنی، بێ ماڵ و حاڵ، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خەمۆکیدا دەجەنگن. ئەم قەیرانە تەنیا دەرئەنجامی سزاکان نیە؛ هەروەها بەرهەمی دەیان ساڵەی ناکارایی و گەندەڵی سیستەمی و یەکەمایەتیکردنی سیاسەتە ئەمنییەکانی ڕژێمە بەسەر بژێوی خەڵکدا.

باری نائاسایی مرۆیی لە زیندانەکانی ئێران

بارودۆخی زیندانەکانی ئێرانیش کارەساتبارە؛ ئەو زیندانیانەی کەمترین دەستڕاگەیشتن بە بەرکەوتنیان لەگەڵ خێزانەکانیان، پاکوخاوێنی، ئاوی خواردنەوە، و ئاسایشی خۆراک و دەرمان لە زیندانەکاندا، بەتایبەت زیندانیانی کورد و بەلووچ و زیندانیانی سیاسی کە ڕووبەڕووی سزای توند و پشتگوێخستنی پزیشکی و ئەشکەنجەی دەروونی دەبنەوە. کۆماری ئیسلامی، بۆ مانەوەی خۆی، بە بێدەنگی لەسەر تەرمی ئەم قوربانیانە وەستاوە.

ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە توندوتیژی ڕووت شەرعیەت دروست ناکات؛ داڕمان خێراتر دەکات. لە ئێرانی ئەمڕۆدا درزەکانی نێو پێکهاتەی دەسەڵات، گوشارە نێودەوڵەتییەکان، بەرکەوتنی گەندەڵی و پەرەسەندنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، هەلومەرجێکی دروست کردوە کە ئامرازەکانی دیکەی سەرکوتکردنی ڕابردوو کاریگەری خۆیان لەدەست داوە. نە هەڕەشەی لە سێدارەدان و نە سەرکوتکردنی کەمینەکان و نە نەهێشتنی ڕۆژنامەنووسان و نە تۆقاندنی دایکان کە داوای دادپەروەری دەکەن، ناتوانن میللەتی ئێرانی بریندار بەڵام بەئاگابوو پاڵ بنێنەوە دواوە.

دەنگی چەوساوەکان دەبێتە ئاوازی داهاتوو

ئەمڕۆ پەت ئامرازی دەسەڵات نیە، بەڵکوو بەڵگەنامەی شکستی کۆماری ئیسلامییە. کۆمەڵگەی ئێران، بە هەموو برینەکانیەوە، لە گۆڕان‌دایە. دەنگی چەوساوەکان، ژن، کورد، بەلوچ، کۆلبەر، کرێکار، دیلەکانی ویژدان و هەموو ئەوانەی کە هیچ سەکۆیەکیان نیە، وردە وردە دەنگیان بەرزتر و دەنگدانەوەی زیاتر دەبێت.

وەک شەهید دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو باوەڕی وابوو داهاتووی هەت نەتەوەیەک لە لایەن ئەو گەلەوە بنیات دەنرێت، نەک وڵاتانی تر. ئێستا کاتی یەکگرتوویی و وشیاری و هاودەنگیی جەماوەرییە بۆ دروستکردنی ئەم داهاتووە؛ داهاتوویەک کە کەس بەهۆی نەتەوە و ئایین و هەژاری و ڕەگەزەکەیەوە هەڵنەواسرێت. بێگومان ئازادییش نرخی خۆی هەیە.