کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم خەڵاتی ٥٠ ملیۆن یۆرۆیی بۆ تێرۆرکردنی ترامپ و نێتانیاهوو دیاری دەکات

10:36 - 25 بانەمەڕ 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی مەجلیسەوە پڕۆژەیەکی نوێی بە ناوی هەنگاوی بەرامبەری هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان داڕشتووە کە بە فەرمی بودجەی بۆ تێرۆرکردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تەرخان کردووە.

ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیم، بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە بڕی ٥٠ میلیۆن یۆرۆ وەک خەڵات دەدرێتە هەر لایەنێک کە بتوانێت دۆناڵد ترامپ، بێنیامین نێتانیاهوو و برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام بەهۆی تێوەگلانیان لە کوشتنی خامنەیی تێرۆر بکات.

پێشتر  گرووپی هەکێری "حەنزەلە" و میدیای "مەساف"ی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندبوو کە ٥٠ میلیۆن یۆرۆ بۆ کەمپەینی بەناو "کوشتنی ترامپ" دابین کراوە.

گرووپی حەنزەلە لە بەیاننامەیەکدا دڵنیایی دابوو کە تێکنۆلۆژیی ڕەمزڕێژی پێشکەوتوو بەکار دەهێنن بۆ شاردنەوەی سەرچاوە داراییەکان و ناسنامەی ئەو کەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر ترامپ و نێتانیاهوو، ئەمەش پەرەسەندنی شێوازی هەڕەشە ئەمنییەتییەکانی تاران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نیشان دەدات.