کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی کۆتایی ترامپ بە تاران: سەبرم بەرەو تەواوبوون دەچێت

09:55 - 25 بانەمەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە چیتر ئامادە نییە لە بەرامبەر ئێراندا دان بەخۆدا بگرێت.

ترامپ جەختی کردەوە کە کات بۆ تاران بەرەو تەواوبوون دەچێت و دەبێت بە زووترین کات بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتن واژۆ بکەن. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا خوازیاری گەیشتن بە ئەنجامە، بەڵام چاوەڕوانییەکانیان سنووردارە.

ترامپ  لە سەردانی بۆ چین، لەگەڵ شی جین‌پینگ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو کۆ بووەوە و هەردوولا لەسەر چەند خاڵێکی هەستیار ڕێککەوتن.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەمریکا و چین هاوڕان لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پێویستە گەرووی هۆرمۆز وەک شا دەماری وزەی جیهان بە کراوەیی بمێنێتەوە.

سەبارەت بە پرسی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرسە زیاتر لایەنی "پەیوەندییە گشتییەکانی" هەیە و پێویستە ئەمریکا دەستی بەسەردا بگرێت تا جیهان دڵنیا بێتەوە.

ئەمریکا لە دانوستانەکاندا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئێران هەموو کۆگاکانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ڕادەست بکات و بە تەواوی دەست لە پیتاندن هەڵبگرێت.