کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەبەیانی حەقیقەت لە ئاوابوونی درۆدا

00:35 - 9 پووشپەڕ 2725

بەرەبەیانی حەقیقەت لە ئاوابوونی درۆدا

ڕەحیم نزهەت‌زادە

یەک لە سروشت و تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێبەرانی، بەتایبەت خومەینی و خامنەیی درۆکردن و خاپاندنی گەلانی ئێران بووە. لە ئێستادا کە تەمی مەرگ و فەنابوون ڕوخساری خامنەیی داپۆشیوە و چۆکی پێ داداوە، حەقیقەتەکانی مێژووی حوکمڕانیی دیکتاتۆریی ئەو پتر لە هەر کاتێک دەردەکەون.

لە ڕاستیدا لە ئاسۆی تاریک و نادیاری کۆماری ئیسلامیدا کە درۆ لە مێژە سێبەرێکی پیرۆز بووە، حەقیقەت وەک ڕووناکییەکی ماندوو، بەڵام زیندوو لە كەمین‌دایە. کاتێکیش بناغەكانی فێڵکردن دەڕووخێت، ئەوەی شاراوە بووە، بە خێراییەكی بێبەزەییانە و ڕوونییەکی سەرسوڕهێنەر، خۆی ئاشکرا دەکات. ئەو مردنەی کە بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری سیستەمێکی خۆسەپێن کە لەسەر سەرکوت بنیات نراوە، پێشبینی دەکرێت، کۆتایی جەستەیەک نیە، بەڵکوو ڕووخانی ڕووخسارێکی درۆیینە لە بەردەم ئاوێنە خوێناوییەکەی مێژوودا.

دەکرێ خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو هێمای کۆتایی سیستەمێک سەیر بکرێت، سیستمێکی سیاسی کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر درۆ بنیات نراوە؛ درۆیەک بە ناوی کۆمار، درۆیەک بەناوی ئیسلام، درۆیەک بەناوی ڕزگاریی ستەملێکراوان، درۆیەک بە ناوی دادپەروەری. دەیان ساڵە ئەم ئامێرە دەوڵەتییە، بە زمانی ئایین و بە كەرەستەی سەرکوت و تێرۆر و کوشتن و خۆسەپاندن، وەک ڕاستییەکی ڕەها بە سەر خەڵكدا سەپێندراوە. بەڵام هیچ درۆیەک، هەرچەندە قووڵ و ئاڵۆزیش بێت، بۆ هەمیشە لە تارماییدا نامێنێتەوە. هەر قەوارە و هەیكەلەیەك، كە لەسەر بناغەی شێواندن و سەرکوت گەشەی کردبێت، دواجار لە ساتێکی بێڕەحمانەدا، لە ناوەوە دەپوكێتەوە و دەڕووخێت.

گەیشتنی كاتی مردنی خامنەیی وەک تاکێک، ڕەنگە بۆ زۆر کەس تەنیا ڕووداوێکی بایۆلۆژی بێت؛ بەڵام ئەوەی لە دەرەوەی جەستەی ئەو دەمرێت، گێڕانەوەی بە دامەزراوەكراوی درۆیە. ئەو كەسایەتییە كە لەسەر زەوی، خۆی بە سێبەری خودا ناو دەبات، دواجار وەک هەر دیکتاتۆرێکی تر، لە تاڵاوی حەقیقەتی مێژووییدا دەنێژرێت. لەو شوێنە ڕا کە دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکە لە دەست چووە و، دەنگی کزکراوی هەزاران قوربانی بووەتە بانگەوازی بەئاگاهاتنەوە.

لەم دەرەنجامەدا، لێکچوونێکی ڕوون لە نێوان خامنەیی و کەسایەتییەکانی وەک موختار سەقەفیدا سەرهەڵ‌دەدات، ئەو کەسایەتییانەی کە ئەمەی دووەمیان لە نێوان ڕزگاربوون و دەسەڵاتدا هەڵبژاردوە، دواجار لە چاوی مێژوودا نەک وەک فریادڕەس، بەڵکوو وەک ئەکتەرە دووڕووەکانی دەسەڵات ناسێنراون. هەرچەندە موختار بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حوسێن هاتبووە مەیدان، بەڵام دواجار گۆڕا بە کەسایەتییەکی پڕ لە ناڕوونی و گومان. بەڵام خامنەیی هەرگیز تەنانەت دەمامکی دادپەروەریشی لێ نەدا؛ ئەو ڕووخساری ڕووتی دەسەڵاتێکی ڕەهای داپڵۆسێنەرە، کە بە ناوی ئایینەوە گەلانی ئەم وڵاتەی بە زنجیر بەستوتەوە.

هەڵهاتنی خۆری بەرەبەیانی حەقیقەت، لە خۆرئاوابوونی درۆدا، ڕووداوێكی لەناکاو نیە. ئەم هەڵهاتنە، لەژێر خۆڵەمێشی شاراوەی پرسیارەکانی نەوەیەک پێک‌هاتووە، کە چیتر نە بە ناو فریو دەدرێت، نە بە دروشم لە بەند دەكرێت. نەوەی ئابانەکان، نەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، نەوەی ڕاپەڕینە بێکۆتاكان، ئەوانە نەوەگەلێکن کە هەرگیز نەكوژانەوە، تەنانەت ئەگەر گۆڕەکانیان لە قووقوشم پڕ كرابێت. ئەوان سەرلەنوێ مێژوویەك دەنووسنەوە، بەبێ ئەوەی بۆ پاساو هێنانەوە، درۆیەك بمێنێتەوە.

كەوتنی عەلی خامنەیی، هەرکاتێک ڕوو بدات کە چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانەش ڕوو بدات، بە تەنیا کۆتایی ڕێبەرێك نابێت؛ خاڵی کۆتایی سەردەمێک دەبێت کە سانسۆر، گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن لەودا بە پیرۆز دادەنرا. بە مردنی ئەو، درۆیەك کە قورسایی لەسەر شانی میلیۆنان کەس دەكرد، هێدی هێدی دادەڕوخێت و چینە شاراوەکانی حەقیقەت، بە دیدێكی كراوە و فراوانتر لە دڵی تاریکییەوە وەدردەكەون.

بەڵێ، مردنی سروشتیی خامنەیی تاڵە، نەک لەو سۆنگەیەوە كە کۆتایی ژیانی مرۆڤێکە، بەڵکوو لەو ڕوانگەیەوە کە حەق وا نیە بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێ و سزای تاوانەکانی وەربگرێ سەر بنێتەوە. هەروەها لەبەر ئەوەی کە مردنی ئەو نیشانەی ناپاکییەکی قووڵە کە بەسەر نەتەوەكاندا سەپێنرابوو. تاڵیی ئەم مردنە، لە ڕەگەزی تاڵی حاشاکردنە؛ حاشاکردن لە هەزاران هاواری بەندکراو کە ساڵانێکە كوژاونەوە. حاشاکردن لە زیندانیکران، ئەشکەنجەدران، بێدەنگ‌كرانی بە میلیۆن کەس لەم هەرێمەدا. بەڵام ئێستا لەگەڵ ئاوابوونی ئەم ڕووخسارە درۆتینەیە، کاتی ئەوە هاتوە كە حەقیقەت، بە هێمنی بەڵام یەكلاكەرەوە خۆی بەدەربخات.