
دەوری ڕۆژنامەگەریی کوردی لە پێگەیاندنی وشیاری نەتەوەیی و بزاڤی ڕزگاریخوازی
ڕێبوار دونان
کاروچالاکیی ڕۆژنامەنووسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی شارستانی، بووە بەئامڕازێکی مەزنی ڕاگەیاندن و پڕۆپاگەندە و، کاریگەری لەسەر ململانێ و کێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری دانا و بگرە شۆڕشێکی گەورەشی لەڕەوتی ڕۆشنبیری وەڕێخست. ئەم دیاردە ڕووناکبیرییە لە پێشڤەچوونی خۆیدا توشی دژواری و هەورازونشیوی زۆریش بوو بەتایبەتی بەدرێژایی سەدەی بیستەم. لەماوەی ئەم سەدەیەدا چەندین ڕووداوی گەورە و گوڕانکاری بنەڕەتی لەهەموو بوارەکانی ژیاندا لەسەرووی هەمووشیانەوە گۆڕانکاریی ئابووری و پیشەسازی خێراتر لە جاران بەرەو پێشدەچوو و لایەنێکی ئەو گۆڕانکارییانەش گەڵاڵەبوونی داواکاریی مافی نەتەوەیی بەگشتی گەلانی ژێردەست و یەکیەتیی نەتەوەیی بوو. ئەگە خێرا چاوێک بە مێژووی خەباتی ئەو نەتەوەئازادیخوازانە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دا بخشێنین، دەبینین ڕۆژنامە بووەتە ئامرازێکی کاریگەری ڕۆشنبیری و سیاسی خەباتی نەتەوەیی. لەم نێوەدا دوو وڵاتی میسر و لوبنان نموونەی زیندووی ئەم چالاکییەن کە تاکیی هەڵکەوتەی کوردیش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و لەم وڵاتانە بەتایبەت لە میسر هەوڵی دامەزراندن و برەودان بە کاروچالاکی ڕۆژنامەگری کوردی داوە.
ئەگە سەیرێکی مێژووی کورد بکەین بەتایبەتی پاش شەڕی چاڵدیران-١٥١٤ و ئەوپەیمان و پیلانانەی داگیرکەران(عوسمانی و سەفەوەی-قاجار) و ئاماژەیەک بە میرنشینی "بۆتان" بکەین، دەردەکەوێ کە ڕەوشی نەتەوەیی و سیاسی کورد؛ وێڕای هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسی دەستەڵاتدارانی میرنشینەکان و لەلایەکی دیکەشەوە، هەوڵ و تێکۆشانی چینی خوێندەوار و دەستەبژێری کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت شاعیران، چەندە ئاڵۆز بووە بەتایبەتی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی ئەو دوو ئێمپراتۆرە. دکتور "کاوس قەفتان" لەهەمبەر میرنشینی بۆتان دەڵێ: گەیشتە ئەو ڕادەیەی لەسەردەمی سەرۆکایەتیی بەدرخان پاشا سەربەخۆیی کوردستان وەدەست بێنی، بەڵام لەئەنجامی هێرشە دڕندانەکەی دەوڵەتی عوسمانی و خیانەتی ناوخۆ، ساڵی ١٨٤٧ ئەم میرنشینە کۆتایی بە ژیانی سیاسی هات. دیارە پاشخانی نیشتمانی و نەتەوەیی میرنشینی بۆتان بەتایبەتی بەدرخان پاشای مەزن، لەتەک پێداویستی مێژوویی، سەرچاوەی ئیلهام و گیانی نەتەوەیی شارستانی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بووە. بەواتایەکی تر لەسەردەستی کوڕانی بەدرخان پاشا بەتایبەت "میقداد مەدحەت بەدرخان" بوو کە بۆ یەکەم جار لە قاهیرە ڕۆژنامەیەکی کوردی بەناوی "کوردستان" چاپ و یەکەم ژمارەی لە 22/04/1898 بڵاو بۆوە. کەواتە لێرە بەدواوە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد لە دەرەوەی بازنەی حێل و عەشیرەت و میرنشینەکان، هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ جیهانی پیشکەوتوو هاوتەریب بکات و لە ڕۆژنامەش وەک چەکێکی پێشکەوتوو بۆ خولیا و ئامانجەکانی نیشتمانی کەڵک وەربگرێ. بەدەر لە بڵاو کردنەوەی ئەم ڕۆژنامەیە دەبێ ئاماژە بە چەنەد خاڵی سەرەکی دیکەش بکەین کە میقداد پاشا زۆر ئاگاهانە هەوڵی بۆ داوە:
هەڵبژاردنی ناوی "کوردستان" بۆ ڕۆژنامەکەی، ئەوە واتە؛ ڕوو بە دوژمنان و تەنانەت وڵاتانی دیکەش کە نیشتیمانێک بەناوی کوردستانەوە بوونی هەیە. هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش تێبگەهێنیت کە خاکی ئێمە کە ئەمڕۆ داگیر کراوە ناوی کوردستانە و دەبێ هەموومان لە پێناو ڕزگاری و ئازادی کردنیدا تێبکۆشین.
کەڵک وەرگرتن لە زمانی کوردی بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان یەکێکی دیکە کە لە شاکارەکەی پاشا بووە، ئەمە ئەوە دەگەهێنیت کە، زمانی کوردیش وەک هەموو زمانە زیندووەکانی جیهان دەتوانرێ کاروچالاکی جیاوازی لەهەمبەر نووسین و توێژینەوە و ڕۆژنامەگری پێ بکرێ و هیچ لە زمانەکانی دیکە کەمتر نییە، هەروەها بایەخ دان بە نووسینی زمانی کوردی، لە دۆخێکدا وڵاتانی داگیرکاری کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردنی ڕەگەزی و زمانی ئێمەیان دەدا، ئەم زمانەی لە مەرگ ڕزگار کرد. کارێکی دیکە کە میقداد مەدحەت بەدرخان کردی ئەوە بوو کە؛ ناوەڕۆکی زۆربەی بابەتەکانی سیاسی و نەتەوەیی بوون کە سەبارەت بەکێشەی کورد و کوردستان بوو، بۆ تێگەیشتنی خەڵکیش بەتایبەت چینی خوێندەواری لەخۆ نامۆ هەروەها بە مەبەستی ڕۆشنگەری کۆمەڵگا دوو هەزار دانەی بەلاش بۆ کوردستان دەناردەوە.
قۆناغ لە دوای قۆناغ رۆژنامەگەری کوردی هەوڵ دەدات زیاتر کار لەسەر ڕۆشنگەری تاکی کورد بکات، هەوڵ دەدات شێعری نەتەوەیی شاعیران بە زمانێکی ڕەسەن و پەتی بڵاو بکاتەوە و سیاسەت و ئابووری و شیوەی ژیانی خەڵکی وڵاتان وەک ئاوێنەیەک پیشانی کۆمەڵگەی کوردی بدات. دوای کۆتایی هاتنی یەکەم شەڕی جیهانی، کوردستان بۆ جاری دووەم دابەش کرایەوە، واتە ڕەوشەکە هێندەی دیکە ئاڵۆزتربوو و ئاواتی ڕەوای کورد جارێکی دیکە زیندە بە چاڵ کرایەوە، ئەمجارە بە فەرمی بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەدا دابەش کرا کە تەناهی نەتەوەییان لەسەر لەناوبردنی کوردەوە هەڵچندرابوو و سوێندی دوژمنایەتی کوردیان خواردبوو کە بە هەموو شێوەیەک کورد لەناو بەرن. ئیتر دوای بزووتنەوە سیاسییەکانی نەتەوەی کورد یان دەکرێ بڵێین لەپەنا ئەم بزاڤانە ڕۆژنامەگەری کورد ئامرازێکی بەهێز بوو بۆ پشتیوانی خەباتی نەتەوایەتی. بەهەوڵ و تێکۆشانی بێ وچان بە تێچوویەکی زۆر، کۆمەڵێک لە کەسایەتییە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد، کاروچالاکی ڕۆژنامەگری کوردیان پەرە پێدا. جا چ لە وڵاتانی دەرەکی بووبێ چ بە پێی دەرفەت و ئیمکان لەناوخۆ بووە. دوای ئەوەیکە لە قاهیرە پێشیان بە "کوردستان" گرت، میقداد چالاکییەکانی گواستەوە و لە ژێنێڤ تێهەڵبۆوە، هەر لەو سەردەمانەدا و لە ساڵەکانی ١٩٠٨، ڕۆژنامەی (كورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی) بە دوو زمانی كوردی و توركی لەلایەن حاجی تۆفیق بەگ -پیرەمێردی شاعیر – و ئەحمەد جەمیل پاشا دەردەچوو. یان دەنگی كۆمەڵەی كورد – كورد تەعاون و تەرقی جەمعیەتی – كە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆكی بووە و چالاکی دەکرد. دواتر ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیگ) كە پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ دەری دەكرد. هەتا دەگاتە گۆڤاری ژین لە ئیستەنبوڵ لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ بە دوو زمانی كوردی و توركی و، لە ساڵی ١٩٢٠ یەكەم هەفتەنامەی كوردی بە ناوی (كورد) لەشاری ورمێ بڵاوكرایەوە كە سەرپەرشتی و سەرنووسەری ئەم هەفتەنامە لە ئەستۆی مەلا محەممەد تورجانیزادە بووە. چالاکی ڕۆژنامەنووسانی کورد بەهەموو کەموکوڕییەک بەردەوام بوو. ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکان و دەقە بڵاوکراوەکان بە گشتی بریتی بوون لە شێعر و وتار و هەواڵی جۆراوجۆر. بەشە ئەدەبییەکەی واتە هونەری و شێعرییەکەی، وێڕای وەسف و پێداهەڵگوتنی سرووشت و دیمەنە ناوازەکانی کوردستان، دەپڕژانە سەر لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەمە بەشە وێڕای ئەوەیکە خوێنەر و بەردەنگی زۆر بوو کاریگەری باشی لەسەر هەست و سۆزی خەڵک دادەنا و زۆر گەنج و مناڵ و تەنانەت پیرەپیاو و پیرەژن هەبوون شێعرەکانیان لەبەر دەکرد و دەیانگوتەوە. بەتایبەت بۆنەکانی نەورۆز و سەری ساڵ و هاتنی وەرزی بەهار ببووە دەرفەتێک بۆ بۆژانەوەی هەستی نەتەوایەتی و هەوێنی هۆنینەوەی شێعری بەرگری و نیشتمانی. نەورۆز ئاوێتەی هەست و نەستی کۆمەڵگەی کوردی بووە و کاریگەری قووڵی لەسەر تاک بە تاکی خەڵک بەتایبەت چینی ئەدیبان و شاعیران داناوە و لەم نێوەدا دەتوانین ئاماژە بە کەسایەتی وەک پیرەمێرد، مەولەوی تاوەگۆزی، گۆران و ... بکەین کە شێعرەکانیان هەتا ئیستاش وێردی سەر زاری کوردانن.
هەروەها، باس کردنی کێشەی کورد بەگشتی و بەتایبەتی هێنانەوەی بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر، لۆزان و بڕیارەکانی کۆمەڵەی نەتەوەکان و بەیاننامەکی "ڤیلسۆن" لە ڕوانگەی بەرژوەندی باڵای کوردستان نیشانەیەکی زیندووی دەوری ڕۆژنامەگەری کوردی لە وشیاری نەتەوەیی و بزاڤی رزگاریخوازی کورد دووپات دەکاتەوە. هەموو نووسین و ئەو وتارانە چەندە کاریگەری ئەرێنیان لەسەر کۆمەڵگە داناوە و بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیان بەهێز کردووە، ئەوندەش لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیی مێژوویی زانستی بەفروان کردووە.
لە قۆناغی دواتردا و بەر لە شەڕی جیهانی دووهەم و لە سەردەمی شەڕ، کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە و حەوتوونامە کاروچالاکییەکان دەکرد کە دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بەکەین بە: "گۆڤاری بانگی كوردستان" ١٩٢٢ خاوەنی مستەفا پاشا یامولكی(زمانحاڵی حکومەتی شێخ مەحموود)، "گۆڤاری زاری كرمانجی" ١٩٢٦ خاوەنی مێژوونووس حوسێن حوزنی موكریانی، "گۆڤاری گەڵاوێژ" ١٩٣٩ خاوەنی ماموستا ئیبراھیم ئەحمەد، "گۆڤاری نزار" خاوەنی ماموستا عەلائەدین سەجادی، "گۆڤاری ڕوناھی" خاوەنی ماموستا ئەنوەر مائی، گۆڤاری نیشتمان لە سەردەمی کۆمەڵەی ژێکاف و ڕۆژنامەی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان و تەنانەت بەشی مناڵان بەناوی "گڕوگاڵ لە ١٩٤٥، هەڵاڵە، ئاوات هەر لە مەهاباد دەرچوونە و زمانحاڵی کۆماری کوردستان بوونە و... . ئەم بڵاڤۆگانە لە پێگەیاندنی تێگەیشتنی تاکی کورد و برەدان بە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە چوارچێوەی ڕەوتی ڕۆژنامەنووسی کوردی دا دەورێکی زێدە بەرچاویان هەبووە بگرە زیاتر مێژووی خەباتی نەتەوەیی لە پێناوی دواڕۆژی سەربە خۆیی کوردستان دەسەلمێنن.
ئەم ڕەوتە درێژەی دەبێ هەتا ئەوکاتەی، لە کۆتاییەکانی دەیەی بیستی زایینی ڕادیۆش وەک کەرەستە و ئامرازی پیوەندی لە خزمەت بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد، دەنگ هەڵدەبڕێ و دەبێتە سەکۆیەکی بەوەج بۆ خزمەتی هەرچی زیاتری ڕەوتە سیاسییەکانی کورد و دەورێکی یەکجار زۆری هەبووە لە سەردەمی خۆی و، کاریگەرییەکانی چ لە بواری سیاسی، هونەری، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی ئێستاش لە دەنگی ڕادیۆکانی وەک؛ بەغدا(١٩٣٩)، یافایان(١٩٤١)، تاران(١٩٤٦)، یەریڤان(١٩٥٥)، هەتا دەگاتە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران(١٣٥٩) ماوەتەوە و لە گوێی جیلە کۆنەکان دەزرینگێتەوە و بە هەرماوی دەمێنێتەوە و مێژووی ڕاگەیاندنی کوردی بە گەورەیی یادیان دەکاتەوە.
گشت ئەم ئامرازانە ئەگەرچی زۆرتر بە نهێنی یان لە تاڕاڤگە چالاکییان دەکرد گەلێک کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی کوردستان هەبووە و بەبێ ئەم دیاردانە دەنگی کورد لەوەی کە هەیە زیاتر کپ دەبوو و بۆ کەس نەدەبیسترا.