کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەبات بە مێتۆدی قاسملوو

14:43 - 1 گەلاوێژ 2725

خەبات بە مێتۆدی قاسملوو

حەسەن ساڵح‌زادە

عەبدولڕەحمان قاسملوو، سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێک لە ناودارانی کوردە کە سەرتاپای تەمەنی خۆی فیدای مەسەلەی مافەکانی کورد کرد. قاسملوو شۆڕشی تەنیا بۆ گەیشتن بە ئاشتی و وەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ بەرپا دەکرد. باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی، ئازادی و مافەکانی مرۆڤ هەبوو، هەوڵی دەدا کە دۆزینەوەی چاره‌سەرییەکەی لەم چوارچێوەگەلە دەرباز نەبێت. ناسنامەی ئەو لەلای دۆست و دوژمن ئیمان بە دادپەروەری، دیالۆگ و دانوستان لە میانەی خەباتەکەیدا بوو. لە ڕوانگەی ئەوەوە بانگەشە و ڕێکلام بۆ حیزبەکەی دەبوو لە یەکەمایەتیدا بوایەت. هەر بۆیە لە ئەگەری سەرهەڵدانی دروشمی "بژی قاسملوو"، لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەیەوە، لە جێ داوای گوڕینی بۆ "بژی حیزبی دێموکرات"ی دەکرد. هەروەها ئەوە کە "لە حیزبی دیموکراتدا فەردپەرەستی مەحکوومە" یەکێک لە وتە بەنرخەکانی ئەوە. لە دوای شەهیدبوونی، گەلی کورد هەر زۆر خێرا هەستی بەوە کرد کە نەک قاسملوو و سکرتێری حیزبی دێموکرات، بەڵکوو "مامۆستای دێموکراسی"ی لەدەست داوە. مامۆستایەک کە پێی وابوو ڕێگای گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕێگەی دیالۆگ و وتووێژەوە دەستەبەر دەبێت، نەک بە توندوتیژی و زەبری چەک.

داگیرکەرانی کوردستان لە مێژبوو هەستیان بە لێهاتوویی قاسملوو کردبوو، هەربۆیە لە ماوەی ژیانیدا گەلێک جاران تەڵە و پیلانی جۆراوجۆریان بۆ دەنایەوە. حکوومەتی تازە بە دەسەڵات‌گەیشتووی ئاخوندەکان، هەر زۆر خێرا ڕێگەی دانووستان و چارەسەریی ئاشتییانەی لە پرسی کورد داخست. ئەوەندەی پێ نەچوو کە بە فەرمانی خومەینیی خوێنڕێژ و لەژێر فەرمانی جیهاددا، بە هەموو هێزەوە هێرشی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد. کۆماری ئیسلامیی ئێران شەڕێکی قورس و نابەرابەری بە سەر بزووتنەوەی کوردستان کە بەشی زۆرینەی لە ئەستۆی حیزبەکەی قاسملوو بوو، واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سەپاند. گەلی کورد ئەو بڕیارە دژەمرۆیی و جینایەتکارانەی پێ قەبووڵ نەکرا. هەربۆیە بە ئیمان بە ڕەوایی خەباتەکەی و هێزی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی هاتە مەیدانی بەرگری و بە هەموو تواناوە ڕووبەڕووی لەشکری داگیرکەر بوویەوە. بەمجۆرە، گەلی کورد تاقە دوو بژاردەی لەسەر دەست مایەوە: تەسلیم و سەردانەواندن یان خۆڕاگری و گیانبازی‌کردن.

  هەروەک مێژوو ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ، هەواڵی سەرکەوتنی شۆڕشەکە بەسەر دوژمنی داگیرکەردا لە بەرەکانی شەڕ لەو بەشەی کە حیزبەکەی قاسملوو نوێنەرایەتیی دەکرد، دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەگەشاندەوە و ورەی بۆ خۆڕاگری قایمتر دەکردن. ساڵەکان تێپەڕین، شەڕی ئێران-عێراق کۆتایی هات، بەڵام ئەنجامی ململانێیەکان هەروەک جاران دەستی باڵای حیزب و هێزەکەی قاسملوویان دەردەخست و هەواڵی شکان و سەرشۆڕیئش بە بەژنی بەزیوی سپای داگیرکەران دەبڕا.

 بیرکوێرەکانی تاران و قوم کاتێ زانییان کە لە مەیدانی ڕاستەقینەدا نەخشەکانیان بۆ ناچێتە سەر و لەبەرانبەر بەرخۆدانی قوتابییەکانی مامۆستای دێموکراسیدا هەست بە زەبوونی دەکەن، خەیاڵی پیلانێکی نگریسیان لە مێشکی ژەنگاوییاندا گەڵاڵە کرد. داگیرکەرانی کوردستان، لەسەر ئەزموونی مێژوویی دەسەڵاتدارانی ڕابردووی ئێران بە نیسبەت بەرانبەرەکەیان، بە فێڵ کەوتن. ئەوان بە ژەهراویکردنی سووژەی ئاشتی، بەرەوپیری مامۆستای دێموکڕاسی‌یەوە چوون و مخابن لە داوی دزێویان کەوت. ئاخوندە چاوچنۆک و دنیاپەرەستەکان لەدوای تێپەڕاندنی چەندین قۆناخی ترسنۆکانە و دوور لە ڕەوشتی ئینسانی، لە ٢٢ پووشپەڕی ١٣٦٨ هەتاوی (١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ زایینی) جینایەتەکەیان بەرانبەر بە ویست و داخوازە ڕەواکانی گەلی کورد خوڵقاند. لەو ساتەوە قاسملوو وەک کۆتری ئاشتی لە ئاسمانی ساماڵی کوردستاندا شەقەی باڵ لێ دەدات و قاتڵەکانیش بە خۆیان و ئیمارەتی دەسەڵاتدارییان، لە قووڵایی مێژووی تاریک و  پڕ لە شوورەیی خۆیاندا دەست و پێی نەزانی لێ دەدەن.

ئەگەرچی ٢٢ی پووشپەڕ وەک ڕووداوێکی تاڵ لە ڕۆژمێری گەلی کورددا تۆمار کراوە و ڕۆڵە مافویستەکانی کوردستان بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم جینایەتە، هەزاران چالاکی و حەماسەیان بۆ شەرمەزار کردنی ئەم جینایەتە تۆمار کردوە، لە هەمان کاتدا ئەم بۆنەیە لە ڕۆژمێری دەسەڵاتی ئاخوندەکانیشدا وەکوو ڕۆژی ترس ‌و وەحشەت تۆمار کراوە، ئەویش نەتەنیا یەک ڕۆژ، بەڵکوو لە درێژەی مانگی پووشپەڕدا هێزە کرێگرتەکانیان لە سەرتاسەری کوردستان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا ڕادەگرن.

 دیارە تێرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، بۆ ئاخوندەکان وەک سەرکەوتنێک دێتە ئەژمار، بەڵام لە بەرانبەردا، خەڵکی کوردستان بە ڕێکخستنی چالاکی و مانگرتنی بەرینی ناڕەزایەتی، هەزینەی ئەو جینایەتەی چەند بەرابەر لەسەر قورس کردوون. جیا لەوەش جارێکی دیکە خووی دڕندەیی ڕێژیمی ئاخوندەکان بۆ جیهانیان ڕوون بوویەوە.

ئەمڕۆ دەبینین هەر ئەو دەسەڵاتەی کە قاسملوو لەدژی دەوەستایەوە و بۆ ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتی سیاسەتە چەوتەکانی لەقاو دەدا، هەروا لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە. ئەمڕۆ ڕێژیمی ئاخوندەکان بە سەرۆکایەتیی عەلی خامنەیی، نەتەنیا وەک فاکتەری سەرەکیی هەڕەشە بۆ ژیان و ئازادییەکانی تێکڕای گەلانی ئێران، بەڵکوو وەک مەترسییەکی جیددی بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕست گەمەو یاری دەکا. ئەمڕۆ لە کوردستان، ناوی قاسملوو وەبیرهێنەرەوەی ئەخلاقی بەرزی ئینسانی و نمونەی فیداکارییە و بیرو هزری  بۆ خوێندکاران سەرچاوەی لێکۆڵینەوەن. قاسملوو ڕێبەرێکی ئاشتیخوازی کوردە کە ئامانجەکانی لە نەتەوە و ژێوگرافی وڵاتێک زۆر بانترن. ناوی قاسملوو ئاوێتە بە دەستەواژەگەلی ئازادی، بەرابەری، کەڕامەتی مرۆیی و ئاشتی بووە و هەرواش لەگەڵیاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

قاسملوو جەنگاوەر یا فەرماندەری شەڕی سەربازی نەبوو، بەڵکوو سیاسەتمەدارێکی دووربین و پابەند بە مافی مرۆڤ و دادپەروەری و ئۆتۆنۆمی گەلە سەربەرزەکەی بوو. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەو سەردەمەی کە چەک و خوێن قسەی یەکەمی ڕۆژانە بوون، ئەو زمانی دیالۆگ و پرسی دێموکراسیی هەڵبژارد. لە سەردەمێکدا کە لەسێدارەدان و سەرکوتکردن شتێکی باو بوو، ئەو بەرگریی لە چارەسەری پرسەکان بە مێتۆدی سیاسی و ئینسانیی دەکرد.
ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەوەیەکی نوێ بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەیان لە مەیدان‌دان. ئەم توێژ و نەوەیە ڕێگایەکی سەخت و دژواریان لەبەرە، بەڵام شکۆمەند و پڕ لە شانازی. ڕێگایەک کە پیاوانی وەک دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو بە قەڵەم، ئەندێشە و گیانی خۆیان خۆشیان کردوە. قاسملوو نیشانی داوە کە کوردبوون هەر بە مانای وەستانەوە لە بەرامبەر ستەمدا نیە، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ بەخۆدا هاتنەوە، دیالۆگ، ئاشتی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی.

نەوەی نوێی کورد کە ئەمڕۆ تێدەکۆشێ بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، دەبێ دەنگی ڕەوای نیشتمانێک بێت کە کەسایەتییەکی وەک قاسملوو لە داوێنیدا پەروەردە بووە. ئەو قاسملووەی کە هەوڵی دا دەنگی گەلێک بێت کە هەرگیز ڕێگەی پێ نەدراوە دەنگی بەرز بکاتەوە و نەیتوانیوە ڕێچکەی ژیانی ئاسایی خۆی وەکوو هەموو گەلانی جیهان بەرەو پێش ببات. ئەو لاوە چاوکراوانەی کە ئەمڕۆ بڕیاریان داوە کوردستان لە فاشیستان پاک بکەنەوە و لە پێناو دەستەبەربوونی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر بۆ داهاتووی خۆیان فیداکاری بکەن، دەبێ لە وانەکانی مامۆستای دێموکراسی سوود وەربگن. بۆ وێنە، دیالۆگ لەبری توندوتیژی، یەکگرتوویی لە جیاتی پەڕتەوازەیی، دادپەروەری لەبری تۆڵەسەندنەوە و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی لە کۆمەڵگەی کوردستان، وەکوو بنەمای کار و چالاکیی خۆیان بە کار بێنن. ئەو بنەمایانەی کە قاسملووی شەهید هەوڵی زۆری بۆدان و هەر لەو پێناوەشدا گیانی بۆ بەخت کرد.

قاسملوو لە دوایین بڕگەکانی ژیانیدا لە ڕێگەی حیزبەکەیەوە "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان"ی وەک ئامانجی سەردەمی خۆی بۆ بزوتنەوەی کوردستان هەڵبژارد، بەڵام هیچ‌وەخت ئەم داخوازەی بە داخراوی نەهێشتەوە. ئەو لە سەر ئەو باوەڕە سوور بوو کە نەسڵی ئەمڕۆ مافی ئەوەی نیە بۆ دواڕۆژ بڕیار بدا و پێویستە ئەو بژاردە گرینگەیان لێ زەوت نەکرێ. دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین کە لە سەردەمی ئێستادا تەنیا ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە لە ستەم و زۆرداری چەک نیە. هەندێک جار، گەورەترین چەک دەتوانێ بریتی لە وشیاری، هێزی زمان، بەرزی هونەر و سەقامگیری ئەخلاقی بێت. قاسملوو هەردەم پێی وابوو کە گەلی کورد چەکی بەسەردا سەپاوە و ناچار بە بەرگری لەخۆی کراوە.

ئاشکرایە، ئەمڕۆ زیاتر لە هەمیشە پێویستمان بە قاسملوو هەیە، ئەڵبەت نەک تەنها بە ناوەکەی، بەڵکوو بە ڕێگا و ڕێبازەکەی، چون بیری قاسملوو چرای دوارۆژمانە. وەختێک لەسەر شەقامەکانی کوردستان، یان لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکان، لاوانی وشیار، ئاڵای شکۆمەندی "قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" بەرز دەکەنەوە، بە مانای ئەوەیە کە قاسملوو لە ڕێبازیدا زیندووە و هەردەم بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە.