
حیزبی دێموکرات لە نێوان ئیسلامی نەریتخواز و فێندەمنتالیزمی ئیسلامیدا
شــاهۆ مەتین
دین واقعێکە لەگەڵ بەڕێکخراو و کۆمەڵایەتی بوونی کۆمەلگەی مڕۆڤەوە بە دڕێژایی مێژوو تاکوو ئێستا هەبوە و لەهەر سەڕدەمێکدا شێوازی تایبەتیی وەرگرتوە و ڕاستەوخۆ بەشێکی گرینگ و شوێندانەر لەنێو کۆمەڵگە پێک دێنی. بۆیە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و ئایین جێگای سەرنج و باسە. چۆن ئایین وەک دابونەریت و بەهاکان هیوای بە داهاتوو لە خۆ دەگرێ.
خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیش شوێن و ناوەندی دەرکەوتنی زۆربەی ئایینەکان بە تایبەت سێ ئایینە ئاسمانییەکەیە، کە لە هەر سەردەمێکدا ئەم ئایینانە وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و چاکسازی لە بەستێنە جیاوازەکاندا هاتوونە ئاراوە.
نەتەوەی کورد و نیشتمانی کوردستانیش کە لەم سنوورە جوغرافییەدا هەڵکەوتوە، باوەڕمەند بە ئایینی ئیسلام کراوە و بەها و سروشتە ئایینییەکان لەنێو کوردا وەک دابونەریتێکی ئایینی-کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکرێن و پیڕۆز ڕادەگیڕێن. بەڵام بە هۆی دڕاوسێیەتی کورد لەگەل سێ نەتەوەی سەردەستی کوردستان (فارس، تورک و عەرەب) و بوونی دوو مەزهەبی (شیعە و سوننە) و پەیڕەو کردنی ئەم دوو مەزهەبە لە لایەن دوو ئیمپراتوریەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی، خەڵکی کوردستان وەک ئاوی بەرداشی دوژمن هەرجارێک لە لایەن ئیمپراتوریەتێکەوە دژی ئەویتر بە ناو و پاساوی دینییەوە بەکار هاتوون و زێد و ڕۆڵەی کوردان بووتنە سووتەمەنیی شەڕێک کە زیانەکەی بۆ نەتەوەی کورد بووە و قازانجەکەشی چۆتە باخەڵی سەفەوی و عوسمانییەکانەوە.
شەڕی مەزهەبیی چالدێران لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی لە نێوان دوو ئیمپراتوریەتی سەفەوی و عوسمانی کە ئەو سەردەم کورد خاوەنی میری خۆی و دەسەڵاتی لە سنووری خویدا هەبوو، لەلایەک بوو بە نەگبەتی و نەهامەتی بۆ خەڵک و؛ هاوکات خاک و نێشتمانی کوردانیش لە نێوان ئەم دوو زلهێزەدا دابەش کرا. دواتریش کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی میرنشینەکان لە سۆنگەی بەهێزبوونەوەی هەر کام لەم دوو ئیمپراتۆرییە بە ناوی بەرگری لە خاک و یەکگرتوویی ئاینیی و نیشتیمانی لەنێو دەبڕێن.
لە سەرەتای سەدەی ١٩ بەو لاوە دەوڵەت-نەتەوەکان لەسەر ئەساسی خاک، خەلک و دەسەڵات و کولتووری هاوبەش دروست دەبن، و ئیمپراتۆرییە دینییەکان لەبەر یەک هەڵدەوەشێن. لەم قۆناغەدا و لە نیوەی سەدەی نۆزدەیەمدا لەنێو کوردانیش وەخۆهاتنەوەیەکی مەعریفی لە بەرامبەر شوناس و دروستکردنی دامەزراوەیەکی سیاسی لە قالبی دەوڵەت لەنێو هزر و ئەندێشەی مڕۆڤی کورددا بیچــم دەگرێ. هەڵبەت لەو سەردەمیشدا شێخەکان بەهێزترین دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، دینی و سیاسیان لەسەر ئاستی کوردستاندا هەبوو، و زۆربەی شۆڕشە نەتەوەییەکانی ئەو سەردەم هەتا دەستپێکردنی شەڕی دووهەمی جیهانی لەژێر سەرکردایەتیی شێخەکاندا کراون و کەسایەتییە ئاینییەکانی کورد هەستی ئایینی و سۆزی نیشتمانییان ئاوێتەی یەکتر کردبوو بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و گەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆی نیشتیمانی و ئازاد. بەو پێیە بنەمای خەبات و داخوازیی شێخانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئینسانی بوو و ئامانجیشیان وەدەستهێنانی مافی ڕەوای کورد و ژیان لە ئاشتی و ئازادییدا بووە، هەتا لەو ڕێگەیەوە ناعەداڵەتیی نەتەوایەتی و دینی لەدژی گەلی کورد بنەبڕ بکەن.
بە سەرنجدان بە هەڵوێست هەرکام لەو کەسایەتییە نیشتیمانپەروەرانە (شێخەکان) بۆمان دەر دەکەوێ کە ئەو مێرخاسانە دینیان لە خزمەت نیشتیماندا خۆش ویستوە و پێیانوابوو ئایین ئەرکی خستووەتە سەر شانی خەلکی باوەڕمەند کە دەبێ نیشتیمانیان ڕزگار بکەن. واتە ئەم ڕێبەرانە سیاسەتی مەعنەوییان پەیڕەو کردوە و لەسەر بنچینەی ئایین و ئیمان پیڕۆزییان بە خەباتی نەتەوایەتی داوە و بڕوا و ئیمانی تاکی موسلمانیان خستووەتە خزمەت تێکۆشانی بێوچان بۆ سەربەستی و ئازادیی گەلەکەیان.
کریس کۆچێرا لە شرۆڤەی دروستبوونی بزووتنەوی نەتەوەیی کورددا ئاماژە بە سێ قۆناغ دەکا:
١) قۆناغی فیۆدالی.
٢) قۆناغی ئایینی (قۆناغی زاڵبوونی سیاسەتی مەعنەوی) کە چینێکی نوێ لە ڕێبەران کە زۆربەیان پیاوانی شێخانی تەریقەتی قادری و نەقشەبەندی بوون و سەرکردایەتیی شۆڕشیان گرتۆتە ئەستۆ.
٣) قۆناغی سیاسی لە سەدەی بیستەمدا کە حیزبەکان دێنە گۆڕەپانی سیاسەت.
کۆچێرا پێیوایە زۆربەی ئەم ڕێبەرە ئایینییانە لایەنگری جیهانی ڕۆژئاوا بوون و لە ئایدیای ئەوان (ڕۆژئاوایی) یارمەتییان وەر دەگرت و، هێدی هێدی چەمکی ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوایی لەسەر دەستی ڕووناکبیرانی سەر بە شێخانی نەقشبەندی و قادرییەوە لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەکرایەوە و ئامانجی هەموو شۆڕشەکانیش وڕگرتنی مافی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەسەڵاتێکی نەتەویی بوو کە لە پێناویدا لە هەستی ئایینی و نیشتمانی کەلکیان وەر دەگرت. بە واتایەکی دی لە سیاسەتی مەعنەویدا کە شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری جێبەجێکاری بوون؛ ئازادی، بەرابەریی نەتەوەیی و دینی، لێبوردەیی، دادپەروەری بایەخەکانی مرۆڤایەتین و هۆی بەدیهێنانی ئەمانەش ئەرک و ئەخلاقە.
بەپێی پۆلێنبەندییەکەی کۆچێڕا لە هەمبەر دروست بوونی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد، لە نیوەی سەدەی بیستەمدا حیزبی نەتەوەیی-سیاسی بە شێوی حیزبێکی خاوەن پلان و قەوارە لەدایک دەبێ و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دروست بوونی حیزبی دێموکراتی کودستان لە شاری مەهاباد و لە سەردەستی پێشەوا قازی محەممەد لە ساڵی ۱۳۲٤هەتاوییدا.
کەشوهەوای ژێئۆپۆلێتیک و ژێئوسیاسیی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، لەبەریەک هەڵوەشانی حکوومەتی ناوەندیی ئێران، نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ڕەزا شای پەهڵەوی و دابەشبوونی ئێڕان بە سەر دوو دەسەڵاتی بەریتانیا و سۆڤیەیت ئەو دەرفەتەی بۆ کورد ڕەخساند کە لەو هەلومەرجەدا کە شنەبای ئازادیی سیاسی هەڵیکردوە، نەتەوەی کوردیش سەردەمیانە و بەپێی میساقە نێودەوڵەتییەکان پێوشوێنی مافەکانی کەوێ. بۆیە بزاڤی نەتەوەیی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پاش سێ ساڵ تێکۆشانی نهێنیی کۆمەلەی ژێکاف توانیی لە چواڕچێوەی حیزبێکی مۆدێرنی نەتەوەیی سیاسیدا خۆی ڕێک بخا و لەسەر ئەم پاشخانە مەعنەوی و مەعریفیە بەهێزە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤دا دەوڵەتی کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستان دابمەزرێنێ.
بەپێی لۆژیک و لەپێناو ڕاڤەی دروستی پێوەندیی نێوان ئایین و سیاسەت لە ئاستی کۆمەڵگەدا و بە سەرنجدان بە نێوەرۆکی دێموکراتیکی دێموکراتیکی حیزبی دێموکرات و دەوڵەتی کوردستاندا دەبینین کە لە هەر دوویاندا ڕێز لە ئایین و بیروباوەری دینی نراوە و لە حیزبی دێموکراتدا زیاتر لایەنی پێکەوەسازان، ئاشتی و ڕێوشوێنە دێموکراتیکەکان ڕەچاو کراوە. ئازادیی ڕا دەربرین و پڵۆرالیزم بە مەرجی پاراستی ئازادییەکانی تر و ڕێزگرتن لە کەرامەتی تاکەکانی کۆمەڵگە وەک کۆڵەکەی بنەما فیکرییەکانی دێموکرات پێناسە کراوە کە حیزبی دێموکرات خەباتی بۆ دەکا و پێیوایە دێموکراسی کۆکەڕەوەی جیاوازییەکانە لەژێر چەتری دێموکرات و بۆ پێکەوە بوون، پێکەوە ژیان، ئازادی ڕادەربرین، ئازادیی نووسین، بیرکردنەوە و پاراستی مافی هاووڵاتی و بەرفراوان کردنی پانتایی ڕەخنەی تەندروست وەک دەرکەوتەی فەزای دێموکراسییەت و مەدەنییەت تێدەکۆشێ و کوردستان بە لانکەی شارستانییەت و پێکەوە ژیان دەزانێ. هەر لەسەر ئەم لۆژیکەی پێکەوە ژیانەیە کە دەبینیین لە کۆماری دێموکراتیکی کوردستاندا جولەکەکانی ڕۆژهەڵات پشتیوانیی کۆماری کوردستانیان کردوە و کەسێک بە ناوی (داوود زادە) وک نوێنەری جووەکانی مەهاباد لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا بەڕەسمی پشتیوانیی جووەکانی ڕۆژهەڵاتی بۆ کۆمار دەربڕیوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو بڕگەکانی ژیانیدا ڕێزی بۆ ئیسلامی دێموکراتیک و نەتەوەیی داناوە و، لە جیاتی نکۆلی و سرینەوی ئایین و مەزهەبەکانی تریش بە ڕۆحی برایەتی و لێبووردنەوە مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئایینزا و باوەرەکان کردوە.
لە ڕاڤە و لێکدانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئەوە جێگیرکراوە کە ئەگەر نەتەوە ئازاد و نیشتیمان سەربەخۆ نەبێ، ئایین و ئیمانیش وەک کولتووری نەتەوەیی پەسند ناکرێن و بڕوای وایە کە نیشتیمانپەروەری نەبێ، ئایینیش نابێ. چونکی ئایین بە سەربەخۆیی و ئازادییەوە بوونی هەیە و، ئەو موسوڵمانەی باش لە ئایین تێبگا و بیناسی؛ ئەگەر بۆ سەربەخۆیی و ئازادی تێنەکۆشێ بە هەڵە لە ئایینەکەش گەیشتوە. بۆیە ڕێبەرانی شۆڕشی کورد ئایین و سیاسەتیان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و گەیشتن بە ئازادی گەل و نیشتمان ئاوێتەی یەکتر کردوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات سێکۆلاریزمیشی لەنێو پێکهاتەی حیزبدا و لەسەر ئەساسی فەرز نەکردنی هیچ ئایینێک بە سەر ئایینێکی تر و هەڕوەها تێرامان بۆ ئاینی وەک بایەخێکی کەسی لە سیاسەتی خۆیدا جێگیر کردوە. لە ڕاڤەی ئەم بابەتەدا حیزبی دێموکرات پێیوایە سێکۆلاریزم سرینەوەی هیچ ئایینێک نییە، بەڵکوو بە پارێزەری ئایینیشی دەزانێ . دەوڵەتی سێکۆلاریش وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن پاڕێزەری ئازادی، بەرابەری و دادپەڕوەری دەبێ، بۆیە ئەم حکوومەتە دژایەتی لەگەل ئایین ناکا و وەک بەها و نەریتێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری نێو جڤاتی کوردستان دەیپاڕێزێ.
میناکی هەرە دیار بۆ ئێستای حیزبی دێموکراتیش، کۆماری کوردستانە کە خاون سیستمێکی کۆماری و حکومەتێکی دێموکراتیک بێ کە تێیدا ڕێز لە بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری، ئاشتی و ڕێزگرتن لە گرووپە جیاوازەکان دەگیرا و بەستێنی موماڕەسەی بەهاکانیان بۆ دەستەبەر دەکردن. هاوکات چونکی دەوڵەت دامەزراوەیەکی بێلایەن بوو، بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستی فڕەیی لە نێو هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵی دەدا. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش وەک حیزبی پێشەنگی خەباتی نەتەوایەتی بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافی بڕیاردان لەسەر چاڕەنووسی گەلەکەی لە ئێستای خەباتی سیاسی-نیزامی و لە کۆماری دێموکراتیکی دواڕۆژی نیشمانی ئازادکراوماندا، لە چوارچێوەی پلۆرالیزم و ئازادیی پۆزەتیڤ پێیوایە ئایین دەبێ لە دەستێوەردان لە کاروباری حکومەت دوور بێ و وەک هەر دامەزراوەیەکی تری مەدەنی ڕۆڵی خۆی ببینێ.
دوای شۆڕشی گەڵانی ئێڕان دژی ڕژیمی پاشایەتی و هاتنە ئاڕای دەڕفەت و بەستێنکی گونجاو بۆ موماڕەسەی ئازادییەکان لە کوردستان، یەکەم ڕەوتی سیاسی-ئیسلامی بە ناوی مەکتەبی قورئان بە ڕێبەڕایەتی کاک ئەحمەدی موفتیزادە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەور دەبینێ کە لە ڕووی پراکتیکی سیاسیەوە لە ئایەتوڵڵا خومەینی و لە ڕووی مەعریفیەوە لە دوکتۆر عەلی شەریعەتی ئێلهامی وەڕدەگرت .لە قۆناغەکانی دواتردا هەرکام لە ڕەوتەکانی سەلەفیەت و ئیخوانولموسلمین لە ڕێگای خزمایەتی و هاوسنوور بوونی جوغرافیای باشور و ڕوژهەڵاتی کوردستان گواسترانەوە بەشی ڕۆژهەڵات و ڕەوتگەلی لە چەشنی خۆیان لەو بەشەی کوردستاندا دروست کرد .
دیاڕە هەر سێ لەم ڕەوتانە چۆن سەر بە قوتابخانەی فیکری-سیاسیی ئیسلامیی میسر، پاکستان و عەرەبەستانن و هەڵقوڵاوی پڕس و کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوە و ونیشتیمانەکەیان نین، ناشتوانن لەگەڵ هێزە نەتەوەیی و سێکۆلارەکان کە باوەڕمەند بە فڕەڕەنگی و فڕەدەنگین، سازان و لێکتێگەیشتنی دروستیان هەبێ. هەر بۆ میناک؛ لە سەرەتای شۆڕشی ئێڕان و لە کاتی دانوستانەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد لەگەڵ ڕێژیمی ئێڕا ، بەڕێز موفتیزادە سەنگەری کوردایەتی و یەکڕیزیی نیشتیمانی تێک دەدا و لە سیستمی پاوانخوازی کۆماری ئیسڵامییدا پێوشوێنی عەداڵەتی ئیسلامی و مافی نەتەوایەتی دەکەوێ!
بە دڕێژایی ئەم چوار دەیەیەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بۆ یەک جاریش نەبوە کە ئەم ڕەوتە فێندەمێنتالیستانە بە ڕووی سیاسەتە نگڕیس و دژە گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوەکەمان ( وەک: بێکاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان، میلیتاریزە کردنی نیشتیمان، ئێعدام و زیندانی کردنی ڕۆڵەکانی کورد، ئاسیمیلە کردنی کۆمەڵگە و دروستکردنی قەیرانی شوناس) هەڵوێستیان بووبێ.
ئایین لە ڕوانگەی "دوورکهایم"یش کە بە هۆی تەبایی و پێکەوەژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەی دادەنێ، لە ئاکامی سیاسەتی ناتەندڕووستی ئەم بزاڤە ڕادیکاڵە ئیسڵامیستانە دووبەرەکیی کۆمەڵایەتیی لە کوردستاندا لێ کەوتۆتەوە. لە ڕووی سیاسیشەوە چۆنکی ئەم بزووتنەوە سیاسی-ئیسلامیانە لە ڕووی تیۆری و پراکتیکەوە لە خانەی پڕۆژەکانی پان عەڕەبیزم، پان تورکیزم و پان فارسیزمدا جێ دەگرن، پەلاماری هەموو ئەو هێما و سێمبۆڵانە (زمان ، خاک و نەتەوە) دەدەن کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بۆ پێناسەی نەتەوە پێوەرن. بۆ ئەم ئامانجەش پشتیوانیی ماددی مەعنەویی میدیای داگیرکەرانیان پێیە و لەژێر چەمکی "ئوومەتی ئیسلامی"دا شڕۆڤەی جیهانبینی خۆیان دەکەن. ئەوان بڕوای ستراتیژییان بە ئومەتگەرایی لە بەرامبەر دەوڵەت-نەتەوەدا هەیە و ئینتێرناسیۆنال بیر دەکەنەوە و دژ بە پلۆڕالیزمی کۆمەلگەی خۆیانن. لە هەموو شوێنێک بە ناوی جیاواز، بەڵام بە هەمان بیروئەندێشە دەردەکەون و بە ناوی بەڕگری لە ئیسلام، جیهاد و شەڕ دژی ئایین و مەزهەبەکانی تر ڕادەگەیەنن کە سەرجەم ئەم کردار و هەڵویستانەیان لەگەل ئیسلامی خۆماڵی کە لە پێناو پاراستی شەرەف و کەڕامەتی نەتەوەیی و ڕزگاری لە دەست داگیرکەران و گەیشتن بە ئازادی خەبات دەکا، ناتەبایە و؛ جیاوازی مانایی و واتاییان لەگەڵ یەکتر هەیە .
ئەو هێزە سیاسی ئیسلامییانە لە ژێر خوێندنەوەی تۆتالێریستانەی ئایینی گەلانی تر (عەرەب) پرسی نەتەوەیی کورد وەک دیاردەیەکی دژ بە دین و یەکگرتوویی ئومەی ئیسڵامی لێک دەدەنەوە، بێ ئەوەی لەوە ڕامێنن کە لە هزر و ناخی ئاییندارانی عەڕەب، تورک و فارسدا هیچ دژایەتییەک لەگەل زمان و کولتوور و نەتەوەی خۆیاندا نابیندرێ؛ پێچەوانە ئایینیش خراوەتە خزمەتی یەکگرتوویی زمان، جوغرافیا، کولتوور، نەتەوە و دەسەڵات و سەروەریی سیاسیشیان. هۆکارەکەشی ڕوونە، چونکی ڕامان و هزری ئەم بزووتنەوە فێندەمنتالیستانە کۆمەڵگە و ئایدیاکانی کوردستان نییە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو ئاکار و ڕەوشتانەیان پێچەوانەی فەڕموودەی پێغەمبەر محەممەدیشە. چۆن حەزڕەتی محەممەد دەڵێ: ئەوەی نکۆلی لە قەومی خۆی بکا لە ئێمە نییە.
ئاکام:
بە سەرنجدان بەم دوو بەڕە دینییە چ لە مێژوودا و چ لە ئێستای نێو کۆمەڵگەی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان کە هزر و ئەندێشە ئەساسی و بنەڕەتییەکەی لەسەر دامەزڕاندنی کۆمەڵگە وحکومەتێکی دێموکراتیک و، لەسەر بنچینەی بەها و بایەخە نەتەوەییەکانە، هیچ کێشە و ناکۆکییەکی لەگەڵ ئەم بەڕە ئایینیە نییە کە بە درێژایی مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کوردستان ئایینیان وەک بەها و مۆڕال بۆ خزمەت کردن بە نیشتیمان و نەتەوەکەیان وەرگرتوە و هەموو ڕێبەرانیان بۆ دروست کردنی کیانێکی نەتەوەیی و کوردستانی بە دەست داگیرکەرانی تورک، فارس و عەرەب شەهید بوون .بەڵام لە ناتەبایی و دژوازیەکی توند و ڕیشەیی لەگەڵ ئەم ڕەوت و بزووتنەوە ئاینی و مەزهەبییانەدا دەبێ کە خزمەت بە ئایدیای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن. ئەو هێزانەی کە دێموکراتیک بوون بە پڕۆژەی ڕۆژئاوایی دەزانن و لەگەڵ ناسیۆنالیزم بەرکەوتنیان هەیە، چۆنکی هێزە نەتەوەییەکان بە دژی ئیسڵام دەزانن کە هەمان گوتاری حکوومەتی ناوەندییە. هەر بۆیە ئەگەر حکومەتی ناوەندی لە پێناسەی خۆیدا بە پاساوی پیاوی ئیمپریالیزم بوون دژی هێزە نەتەوەییەکان شەڕ دەکا، ئەم بزووتنەوە ڕادیکاڵانە لە شەڕێکی نەرمتر لە بەر نەبوونی کات و شوێن بۆ شەڕێکی سەخت دژی حیزبە کوردییەکان لە ڕێگای بەلاڕێدابردنی شوناسی نەتەوەیی و شێواندنی کولتوور و شوناسی گەلەکەمان زیانی زۆریان بە پڕۆژەی ئازادی و ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیمان گەیاندوە.