کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەروورەتی خۆڕێکخستنەوەی حیزبی دێموکرات

13:58 - 27 گەلاوێژ 2725

محەممەدساڵح قادری

دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی شەری دووەمی جیهانیدا وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەنگاوێکی پراگماتیک بوو کە لە لایەن پێشەوا قازی محەممەد و هاوبیرانیەوە هاتووەتە ئاراوە. دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکرات هەشتا ساڵ لەمەوبەر بە خوێندنەوەی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریی ناوچە و ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانیویانە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر بنەمای یەکیەتیی نیشتمانی لە فۆرمێکی مۆدێرن و نوێی کاری سیاسی و لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی بەرینی جەماوەریدا ڕێک بخەن.

ڕووداوە خێراکانی دوای دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ئێران دەرفەتی ئەوەی پێک‌هێنا کە حیزبی دێموکرات بتوانێ بە سیاسەتێکی ژیرانە لە کۆتا دەرفەت و بۆشاییەک کە بەهۆی ململانێی زڵهێزانی هاوپەیمانی شەڕی دووەمی جیهانی لە ئێراندا هاتبووە ئاراوە، بەستێنی دامەزرانی کیانێکی نیشتمانیی بۆ خەڵکی کوردستان پێک‌بێنێ و بتوانێ یەکەم کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕابگەینێ. دامەزرانی کۆماری کوردستانیش وەدیهێنانی خەونی سەدان سالەی نەتەوەی کورد بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا توانی دەسکەوتی مەزن و مێژوویی بۆ نەتەوەی کورد تۆمار بکا و ببێتە ڕووگەیەک بۆ کوردستانیانی هەموو بەشەکانی کوردستان. دیارە لە پێش دامەزرانی حیزبی دێموکراتیشدا چەندین ڕاپەرین و بزووتنەوەی نەتەوەیی لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان هاتبوونە ئاراوە و چەندین حیزبی سیاسییش دامەزرابوون و خەباتی گەورەیان کردبوو و قوربانی زۆریان دابوو و دەسکەوتی بەرچاویان بۆ بزووتنەوەی کوردستان وەدی هێنابوو؛ بەڵام هیچکامیان نەیانتوانیبوە بەقەدەر حیزبی دێموکرات لە ماوەیەکی کەمی زەمەنیدا هێندە دەسکەوت و سیمبولی نەتەوەیی بئافرێنن و قوتابخانەی هزری نەتەوەیی پێ بخەمڵێنن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەمەنی هەشتا ساڵیی خۆیدا کە بەردەوام لە خەباتێکی دژوار لە دژی ڕێژیمی پەهلەویی حەمەڕەزا شا و کۆماری ئیسلامیدا بووە، چەندین زەربەی گەورەی وێ کەوتووە و هەزاران پێشمەرگەی مێرخاس و فەرماندە و ئەندامانی ڕێبەری و ئەندامانی ڕێکخستنەکانی شار لە سەنگەری خەباتدا شەهید بوون و تووشی جۆرەها کارەساتی دڵتەزێنی وەک "لەسێدارە دانی پێشەوا قازی محەممەد، شەهیدبوونی ڕێبەرانی ڕاپەرینی ٤٧-٤٦، تێرۆری دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر شەڕەفکەندی و سەدان پیلانی جۆراوجۆری نەیاران بووە و ڕۆژانی ڕەشی زۆری بینیوە، بەڵام هەرگیز چۆکی دانەداوە و هەروا مەیدانداری خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەی کوردە و لە قۆناخی جیاجیای تەمەنیدا گەلێک دەسکەوت و شانازی بەنرخی بۆ نەتەوەی کورد تۆمار کردوە. ڕەمزی سەرەکیی مانەوە و بەهێزیی حیزبی دێموکرات گرتنەبەری ئەو ڕێباز و ستراتژییە نەتەوەیی و نیشتمانیەیە کە تەعبیر لە ویست و داخوازیی سەدان ساڵەی کوردستانیان دەکا و کۆمەڵگەی کوردستانیش بە پشتگیری بەرینی مادی و مەعنەویان لەو حیزبە، گەورەترین هۆکاری مانەوە و بەهێزبوونی حیزبی دێموکراتن.

 حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وێستگە جیاجیاکانی تەمەنیدا بە ئیلهام وەرگرتن لە ویستی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، بەردەوام ئالاهەڵگری وتاری نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کوردستان بووە و بەردەوام هەولی بۆ بونیاتنانی نیشتمان و سەروەری نەتەوەیی داوە و لەو پێناوەدا هەنگاوی گرینگ و شوێندانەری گەڵگرتووە و قوربانی زۆری بۆ ئەو ستراتژییە داوە. هەربۆیە کاریگەرییەکانی ئەو ڕێبازە نەتەوەییە دوای تێپەرینی هەشتا ساڵ، هەروا بەردەوامن و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لەسەر بنەمای هەمان ڕێباز بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان لە خەبات بەردەوامە.

حیزبی دێموکرات حیزبێکی خاوەن کولتووری دێموکراتیک و هزری پێشکەوتووانە و واقعبینە کە ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتوری و ئابووریی کۆمەڵگا، ئەو بەستێنە سەرەکیانەن کە وا دەکات حیزبی دێموکرات بەردەوام خۆی لەگەڵ واقیعی ئەو فاکتەرانە و پانتایی جوگرافیای خەباتیدا ڕێک بخات تاکو بتوانێ بە بەشداری‌پێکردنی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان، گەشە بە خەبات و شوێندانەرییەکەی بدات. ئەم بابەتە مانای ئەوە دەدات کە حیزبی دێموکرات هەموو دیاردە و گۆڕینەکانی دەرووبەری خۆی دەبینێ و لە ئەنجامدا دەیهەوێ خۆی لەگەڵیان ڕێک‌بخات تاکوو لەو ڕێگەوە بتوانێ ئیدارەی ڕەهەندەکانی خەبات و چۆنیەتی تەعامول کردن لەگەل جۆری پرسەکان بکات.

 گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانیی حیزبی دیموکرات دیارە و ستراتژییەکەشی بۆ وەدیهێنانی ئەم گوتارە لەئارادایە و هەشتا ساڵ مێژووی خەباتی بێوچان و پڕشنگداری لەوپێناوەدا تۆمار کردوە، پێویستە شێوازی ئاراستەکردنی ئەم گۆتارە نەتەوەیی و نێشتمانییە کە نوێنەرایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دەکا، لە ڕەهەندی واتایی و ناوەرۆکیی و دەربرینەوە هاوسەنگی هەبێت،  هەروەک چۆن ئەو گوتارە ڕوو لە کۆمەڵگەی خۆمان دەری دەبرین، ڕوو لە دەسەلاتی ناوەندی و لایەنە دەرەکییەکانیش بە هەمانشیوە دەربرین تاکو حیزبی دیموکرات بتوانێ بە متمانە و پشتگیری زیاتری جەماوەری، ئیدارەی هەلومەرجە نوێیەکە و ئەو گۆڕانانەی کە لە ناوچە و لە پانتایی کۆمەڵگەدا هاتوونە ئاراوە بکات و دەربری ئەو چاوەڕوانییە بێ کە خەڵک و ئەندامانی حیزب لە حیزبی دیموکراتی كوردستانی ئێرانیان هەیە.

کاتێک بیر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دەکەین ئەوە پرسیارە بەرەوڕوومان دەبێتەوە کە ئاخۆ حیزبە سیاسییەکانن کە ئاراستەی سیاسەت و ستراتژی دیاریکراویان دەکەن، یان ستراتژی و ئەفکارەکانن کە  فۆرم و جۆری حیزبی سیاسی دەستنیشان دەکەن؟ ئێمە دەبینین لە مێژووی هاوچەرخدا حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی جیاواز سەریان هەڵداوە و هەر یەک لەمانە بە شێوەیەک لە کۆمەڵگادا خەباتیان کردوە. ژینگەی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و ئابوریی کۆمەڵگە فاکتەری سەرەکین بۆ ئەوەی حیزبی سیاسی بکەنە پەیڕەوی خۆیان، واتا بە گۆڕان لە هەر یەک لەوانەدا، حیزبی سیاسییش دەبێ لە ڕوانگە و فۆرمی دابەزین بەرەو کۆمەڵگە گۆڕانی بەسه‌ردا بێت.

 بە هاتنە کایەی سەردەمی بەجیهانیبوون و تەکنۆلوژیای ژیری دەسکرد، ئیتر زۆر دژوارە ئاستی باندۆری نێوخۆیی و دەرەکی لەسەر حیزبەکان لەیەکتر جیا بکەینەوە. ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێ کە حیزبی سیاسی ڕووبەرووی جیهانێک لە بوون بووتەوە کە کۆمەڵگە و تاکەکان لە پانتاییەکدا دەژین کە هەموو بوارەکان تێکەڵ بە یەک بووە. لێرەوەیە کە حیزبی سیاسی بەرەورووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کە دەبێ چۆن فۆرم و سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆی ڕێک بخات کە وڵامدەری پێویستییەکانی سەردەم بێت؟

حیزبی دێموکرات سالانێکە لەپێناو بەهیزکردنی خەباتی شار و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی نێوخۆ کاری کردوە و بەتایبەت لە دوای بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و ئەو بزاڤە جەماوەرییانەی کە لە بۆنەکانی نەورۆز و ژینگەپارێزی و هتدی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادان، ئەمەمان پێ دەڵێن کە  بە هەڵبژاردنی ستراتژیی جەماوەریکردنی خەبات پێویستە بە ئەقلییەت و بیرکردنەوەیەکی تر بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو هەڵبگیرێتەوە. واتا حیزبی دێموکرات دەرکی بەو ڕاستییە کردووە کە لە ژینگەیەکی جیاواز لە بوون، دەبێ ئاراستەی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە ڕاستییەکان بگۆرێ تاکو زۆوتر بگاتە کۆمەڵگە و بتوانێ چین و توێژ و پێکهاتە جیا جیاکانی و لەپێناو چارەنووسی نەتەوە و نیشتماندا بەدامەزراوەیی بکات و ڕۆڵی پێشەنگایەتی و کاریگەری خۆی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەماندا مسۆگەر بکات.