
لە دزینی ئاوەوە، بۆ لابردنی ناسنامە
(ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە وشکەساڵی پێکهاتەیی و نادادپەروەریی ژینگەیی)
ڕەحیم نزهەتزادە
پێشەکی
وشکەساڵی دیاردەیەکی جیهانییە، کە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان بە تایبەت ڕۆژهەڵات نێوەڕاست لەگەڵیدا بەرەوڕوون. بەڵام لە ئێرانی ئەمڕۆدا، هۆکارە سروشتییەکان تەنیا بەشێک لە قەیرانی ئاو ڕوون دەکەنەوە. بەشێکی گەورە لەو قەیرانی ئاوییە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە ناوەندگەرایی، هەڵاواردن و ناجێگرەكانی کۆماری ئیسلامییە، لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان. لەم وتارەدا بە پشتبەستن بە بەڵگە و شیکاریی پسپۆڕان، دەڵێین: لە کاتێکدا کە یەک لەسەر سێی قەیرانی ئاو، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بارودۆخی جیهانییەوەیە، دوو لەسەر سێی دیکەی لە ئێران بەرهەمی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە؛ سیاسەتگەلێک، کە نەک هەر بووەتە هۆی وشکەساڵی و لەنێوچوونی ئیکۆسیستەمەکانی ڕۆژئاوا و باشووری وڵات، بەڵکو هاوكات بۆ تێکدانی ناسنامەی کولتووری نەتەوە غەیرە فارسەکان و گۆڕینی دیمۆگرافی، بە هۆشیارییەوە داڕێژراون.
وشکەساڵیی سروشتی یان ئەندازیاریكراو؟
لە نێوەڕاستی دەهەی ١٣٦٠ی سەدەی ڕابردووەوە، هێندێك بەڵگەی سیاسەتەکانی گواستنەوەی ئاو، لە ناوچە سنوورییەکانەوە بۆ ناوەندی وڵات ئاشكڕا بوو. حکومەت لەبری هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە ئاوییە ڕەسەنەکانی هەر ناوچەیەک، دەستی بە پڕۆژەگەلێک کرد، کە بە شێوەیەکی کاریگەر ئاوی لە پارێزگا کوردییەکان، عەرەبی، لوڕ و پارێزگاکانی دیکەی پەراوێزخراوی وڵاتەوە،بەرەو شارە گەورەکانی وەک تاران، قوم، ئیسفەهان، تەورێز و کەرەج لادا. ئەم پڕۆژانە، نەک هەر نەیانتوانیوە قەیرانی ئاوی وڵاتەکە کەم بکەنەوە، بەڵکو قەیرانەکەیان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە گواستووەتەوە، و زیانێکی زۆریان بە ئیکۆسیستەمی ناوچە سەرچاوەییەکان گەیاندوە.
بە ئامانجی دابینكردنی ئاو بۆ شارە گەورەكانی نێوەڕاست، ژمارەیەکی زۆر بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی، وەک زێی بچووک، زەرینەرود (جغەتوو)، سیمینەرود (تەتەهوو)، کارون، ئاروەند و، دیكە ڕووبارەكانی ڕۆژئاوا، باكور و باشوری ڕۆژئاوای ئێران، دروستکران. شارەزایانی ژینگە چەندین جار هۆشدارییان داوە، کە ئەم بەنداوانە بەبێ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی گشتگیر لەسەر ژینگە دروست کراون، و بە شێوەیەکی کاریگەر بوونە هۆی "دزینی ئاو"، پێناسەیەك کە بە شێوەیەکی دروست لەلایەن هەندێک لە توێژەرانەوە، بۆ وەسفکردنی ئەم دۆخە بەکارهێنراوە.
تێچووی دەرفەتی لەدەستچوو: سیاسەتی بەدیل، کە هەرگیز جێبەجێ نەکران
ئەگەر کۆماری ئیسلامی، بە تەنیا بەشێک لە بودجەی گەورەی گواستنەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداوەکانی، لە ڕێوشوێنی بەردەوام و زانستیدا خەرج بکردایە، دەکرا ڕێگری لە زۆرێک لە کێشەکانی ئاوی ئەمڕۆ بکرایە. وەك دروستکردنی بەنداوی بچووک و نێوخۆیی کە بە باران پڕ دەبن، ڕاهێنانی جووتیاران لەسەر شێوازەکانی ئاودێریی مۆدێرن و وزەی کارا، ڕیسایکلکردنی ئاوی شارەکان، نۆژەنکردنەوەی ڕوواندن و وەبەرهێنان لە شوێنە سەوزەکاندا، دەیتوانی بەکارهێنانی ئاو لە ناوچەکانی ناوەندا، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و پێویستی گواستنەوەی ئاو نەمێنێت. بەڵام ئەم جۆرە ڕێوشوێنە جێگیرانە، هەرگیز بۆ حکومەت یەك لە دووا یەكەكان، لە پێشینەی كاردا نەبوون.
ئامانجە شاراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاودا
لە پشت ئەم سیاسەتە بەڕواڵەت تەکنیکییانە، ئامانجە سیاسی و ئەمنییەتییەکان هەن.
یەکەم: بە ئاوەڕۆکردنی زەوییە پەراوێزخراوەکان و بێبەشکردنیان لە سەرچاوە گرنگەکانی وەک ئاو، خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار دەبن بۆ شارە ناوەندییەكان کۆچ بکەن، لە کۆتاییدا گۆڕانی کولتووری و زمانەوانی. ئەم سیاسەتە ئامرازێکە بۆ "ئەندازیاری دانیشتووان"؛ هەوڵێکە بۆ تواندنەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکان، لە کولتووری باڵادەستی ناوەند، نەهێشتنی شوناسە نێوخۆییەکان و لاوازکردنی هێزەکانی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی و کولتووری.
دووەم: بە دروستکردنی گرژی لە نێوان نەتەوەکان و ناوچەکاندا، حکومەت ئامانجە دابەشکەرەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت. نموونەیەکی ڕوون گۆلی ورمێیە، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ناوچەیەک، کە فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانەوانیی تێدایە (تورک، کورد، ئاشوور). بە وشککردنەوەی، نەک هەر ئیکۆسیستەمی ناوچەکە لەنێو چووە، بەڵکوو ململانێ لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان چڕتر بووەتەوە و زەمینە بۆ لاوازكردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێكهاتوە.
سێیەم: پاککردنەوەی ناوچەکان لە خەڵکی ڕەسەن و خۆجێی، ڕێگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی حکومەت بە ئاسانی دەستی بگات بە كان، دارستان و سەرچاوە ژێرزەمینییەکان. ناوچە کوردنشینەکان، زاگرۆس، لوڕستان و خوزستان، خاوەنی یەدەگی بەرفراوانی نەوت، گاز، زێڕ و سامانی سروشتین، کە لە ئەگەری بوونی دانیشتووانێکی ڕەسەنی ئاگادار و خۆڕاگر، ئیستغلالكردنی لەڕادەبەدەر و وێرانکەرانە ئاستەمتر دەبوو.
کارەساتێک بە پانتایی ئێران: لێکەوتە ژینگەیی و مرۆییەکان
لە وشکبوونەوەی گۆلی ورمێ تا وێرانبوونی تاڵاوەکانی شادگان، هامون و هورئەلعەزیم، کارەساتی ژینگەیی، كە یەک لە دوای یەک ڕوودەدەن. زریانی خوێ، داكەوتنی زەوی، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و لەناوچوونی ڕووەکی زاگرۆس، تەنها چەندێك لە دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەتانەن. ئەم کارەساتانە تەنیا زیان بە نەتەوە غەیرە فارسەکان ناگەیەنن؛ تاران، ئیسفەهان، کەرەج و تەنانەت تەبرێزیش گەیشتوونەتە خاڵێکی قەیراناوی. ئەگەر وردتر قسە بکەین، حکومەتی کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە دزینی ئاویش، نەیتوانیوە ئاو بۆ شارە گەورەکانی خۆی دابین بکات.
دابەزینی دەسەڵاتی ناوەندی و قەیرانی بێکۆتایی: فریودانی نوێ
لە هەلومەرجێکی وادا بەشێک لە سیاسەتمەداران بە پلانی، وەک گواستنەوەی پایتەخت بۆ تەورێز یان دابەشکردنی سەرچاوەکان لە نێوان پارێزگاکاندا، هەوڵ دەدەن خۆیان وەک فریادڕەسی قەیرانەکە نیشان بدەن. بەڵام ئەم پێشنیارانە، زیاتر لە گاڵتەجاڕی سیاسی دەچن، نەک چارەسەرێکی بنەڕەتی. ئایا ئەمڕۆ تەورێز خۆی ڕووبەڕووی کەمیی ئاو و وشکەساڵی نیە؟ ئایا بەنداوەکانی پارێزگای تەورێز بەتاڵ نین؟ ئەم جۆرە پلانانە تەنها جۆرێک لە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی، کە لەبری ئەوەی هەڵەیەکی ٤٠ ساڵە قبوڵ بکات، هەوڵ دەدات دیمەنی شانۆنامەكە بگۆڕێت.
كۆتا پەیڤ
ئەگەرچی وشکەساڵی لە ئێران، کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی لەسەرە، بەڵام بەشە سەرەکییەکەی، دەرئەنجامی بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانی دەسەڵاتێکی پاوانخواز، ئەمنییەتی و مەرکەزییە، کە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و مافی مرۆڤی کردۆتە قوربانی. سیاسەتەکانی وەک دزینی ئاو لە ناوچە سنوورییەکان، دروستکردنی بەنداو بەبێ پلان، پشتگوێخستنی شێوازە کشتوکاڵییە مۆدێرنەکان، و بێبەشکردنی بەئەنقەست لە نەتەوەکان لە سەرچاوە بایۆلۆژییەکان، هەموویان بەشێکن لە پڕۆژەیەکی ڕێکخراو بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی کولتوورین.
ئەمڕۆ نەک هەر نەتەوەکانی دانیشتووی ڕۆژئاوا و باشووری وڵات، بەڵکو هەموو ئێران بووەتە قوربانی ئەو سیاسەتانە. وڵاتەکە ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی بەرفراوان، ناسەقامگیری ژینگەیی، کۆچی زۆرەملێ و داڕمانی کولتووری بووەتەوە. ئەگەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئاو و ژینگەیی وڵاتدا نەکرێت، نەک تەنیا ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵکو مانەوەی خاکی ئێرانیش دەکەوێتە مەترسییەوە.