کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاگری ئاویەرەوە هەتا هاواری گەل

01:18 - 17 گەلاوێژ 2725

لە ئاگری ئاویەرەوە هەتا هاواری گەل

ڕەحیم نزهەت‌زادە

لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤، ئاگرێکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر لە سنە کەوتەوە؛ ئاگرێک، کە نەک هەر بەشێک لە گرنگترین هێمای ژینگەیی و کولتووری کوردستانی سووتاند، بەڵکو هاوكات گیانی سێ لە ڕۆڵە پێشەنگ و تێكۆشەرەكانی ئەم خاکەشی، كردە قوربانی. ئەو ڕۆڵانەی، کە نەك بە چەك، بەڵكوو بەدەستی بەتاڵ و دڵی پڕ لە خۆشەویستێان بۆ سروشت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەزین و لە نێو بڵێسەكاندا گیانیان كردە فیدا.

بەڵام لە دڵی ئەم کارەساتەدا، كاردانەوە و هەڵوێستێك لەدایک بوو: ڕاپەڕینێکی جەماوەری، نەک بە ئاژاوەگێڕی، بەڵکوو بە ئامادەبوون، نەک بە فیشەک، بەڵکوو بە فرمێسک، نەک بە توندوتیژی، بەڵکوو بە هاوار. ئەویش پرسەی ئەم سێ قوربانییە ژینگەییە، كە بوو بە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری؛ کۆبوونەوەی هەزاران کەس لە سێ ڕێوڕەسمی جیاوازدا، کە هەریەکەیان دروشم و داواکاری تایبەتیان هەیە، کە داخواز و دەنگی بەکۆمەڵی کوردستان دەخەنە ڕوو.

ئەو دروشمانەی لەم ڕێوڕەسمانەدا گوترانەوە، لەوانە "داگیرکەری ئێرانی، بکوژی ڕۆڵەكانمانی"، "کوردستان گۆڕستانی فاشیستەکانە"، "شەهیدان نامرن"، "هەتا کوردێ بمێنێت، کوردستان هەر دەمێنێ"؛ دەربڕینێکی ڕوون و ئاشكەرا لە داواکاریگەلێك بوون، کە ساڵانێک بوو لە ژێر چینەکانی سانسۆر، سەرکوت و ترسدا خنکێندرابوون. ئەو سێ ڕێوڕەسمانە، زیاتر لە ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی، هاوكات بە شێوەیەکی کاریگەر و كرداری، بوونە ڕێفراندۆمێکی جەماوەری نافەرمی؛ ڕێفراندۆمێک کە خەڵک بەبێ پێویستی بە سندوقی دەنگدان، بەبێ مۆڵەتی حکومەت، بەبێ نێوەندگیری حیزب و دامەزراوەیەک، بەدەنگی بەرز، دەیانگوت چییان دەوێ و لەچی بێزارن!

لەم ڕێفراندۆمە شەفافەی سەرشەقامی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی و پێکهاتە ناوەندگەراكان، هاواریان دەکرد. ئەوان نیشانیان دا، کە تووڕەیی ئەوان ئاراستەی "نەتەوەیەكی تایبەت" نەبووە، بەڵکوو ئاراستەی ئەو داخوازانە، ڕوو لە پێکهاتە سیاسی، حکوومەتی و ناوەندگەرایانە بووە، کە بەدرێژایی مێژوویان کوردستانیان بەتەنیا، وەك سەرچاوەیەکی دەرهێنانی سامان و سەرکوتکردنی شوناس بینیوە. ئەوانەی ئەم دروشمانەیان بەدڵ نەبوو، یان بە هەڵەیان زانی -لەوانەش یەک یان دوو کەسایەتی ڕێكخراوێك، کە گۆیا خۆیان بە نوێنەری بزووتنەوەی کوردستان دەزانن- ئەگەر ئەوانە، لەبری ئەوەی لە سەرەوە ڕا حوکم بدەن، لە نێو خەڵکدا بوونایە، ڕەنگە باشتر لە قووڵایی ئەو تووڕەییە و دڵسۆزی، ئەو هاوارانە تێگەیشتبان.

ئەوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە دروشمی "داگیرکەری ئێرانی، بکوژی منداڵەکەمانی" دروشمێکی دابەشکارییە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەمە هاوارێکە بۆ ڕق و کینە، یان بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری؟ ئایا ئەو خەڵکەی دەیان ساڵە لە بەرامبەر هەڵاواردن، ئێعدام، لەنێوبردنی زمان، سەرکوتی کولتووری و تێکدانی ژینگەدا بێدەنگ بوون، ئایا كاتێك سێ لە لاوانیان لە بڵێسەی ئاگردا سوتان، مافی ئەوەیان نیە بپرسن کێ بەرپرسیارە؟ گەلی کورد بە جاران سەلماندوویەتی، کە مرۆڤی پێکەوە ژیان، ئاشتی، دیالۆگ و شارستانیەتە. بەڵام پێکەوەژیانی یەکلایەنەش، مومکین نیە. ناکرێ کوردستان وێران بکەیت، لاوەكانی بکوژیت، سامانەکانی تاڵان بکەیت و دواتر چاوەڕێی ئەوە بکەیت، کە خەڵک بە تەنها خوێندنەوەی فاتیحەیەك و سەبر ڕازی بن. خەڵکی کوردستان زۆر باش دەزانن، کە ڕق و کینە لە دژی هەر گەل و نەتەوەیەک، چارەسەر نیە، بەڵام هەر ئەو نەتەوەی كوڕدەش دەزاننێت، کە مافی خۆیانە كە دوژمنی خۆیان، نەك لە نێو گەلان، بەڵكوو لە نێو سیستەمە ستەمكارەكاندا بناسنەوە و تەحەدای خۆیان بکەن و ڕووبەرووی ئاستەنگی و ڕیسواییان بكەنەوە.

ئاگری چیای ئاویەر،  بەتەنها کارەساتێکی سروشتی نەبوو، بەڵکو ڕوویەكی دیکەی  كەمتەرخەمیی بەئەنقەست و سیستماتیکی حکومەتی ناوەندی بۆ کوردستان بوو. ئەگەر هەمان ئاگر لە شمیرانات یان دەماوەند ڕووی دابا، ئایا كاردانەوە و ئیمكاناتی حکوومەتی، بەو شێوەیە خاو و بە چاوپۆشی بۆ سووتان دەبوون؟ ئایا بۆ ڕزگاركردنی دارستانەكانی باكووری ئێران، بەمشێوەیە بێ كردار و عەمەل دەمان؟ ئایا بۆ ڕزگاركردنی گیانی ژینگەدۆستان لە تاران، کەسێک ڕێگەی بە خەڵک دەدا، بە دەستی بەتاڵەوە بڕۆنە نێو جەرگەی ئاگرەوە، یان ئاگركوژێنەوەكانیان ئامادە دەبوون؟ یان چونكە تارانە و لە بەرداشتی ناوەند لەسەرووی هەمووانە، هەموو ئیمكاناتیان بۆ بەردەست دەكردن و بگرە بە هاناشیانەوە دەچوون؟!

کوردستان ساڵانێکە بە ئاگر گەمارۆ دراوە، کە هەندێک جار لە لوولەی تفەنگەوە، هەندێک جار لە دەمی لۆدێرەوە و ئەمجارەیان وەك زۆر جارانی پێشوو، لە بڵێسەی ئاگری بێ‌مشووری و بەئەنقەست پشتگوێخستنەوە، سەر هەڵدەدات و هاوار دەكات. بەڵام لە دڵی ئەم ئاگرەدا، هێشتا ئۆمێدێك ماوە؛ هیوایەک کە دەنگی خۆی لە چاوی دایکانی خەمگین، لە هاواری هەزاران بەشداری ماتەمینی و لە دروشمەکانی وەک "داگیرکەری ئێرانی، بکوژی ڕۆڵەمانی" دۆزیوەتەوە. ئەم دروشمە دروشمی نەتەوەیەكی بریندارە؛ نەک بۆ نەهێشتنی ئەوانی تر، بەڵکوو بۆ سەلماندنی خۆی.

ئەوانەی لە توندی ئەم دروشمە دەترسن، پێویستە بەر لەوە و زیاتر، لە بەردەوامی ستەم و بێدەنگی بترسن. چونکە میللەتێک کە هیچی نەماوە لەدەست بدات، تەنها هاوارەکەی دەمێنێتەوە. وە کوردستانیش بەم هاوارە زیندووە.