کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی نێپاڵ و لاوانی کوردستان

15:45 - 21 خەرمانان 2725

شەماڵ تەرغیبی

لە پاش سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتیدەربڕینە بەربەرینەکانی لاوانی وڵاتی نێپاڵ، دواجار  ڕێکەوتی ٨ی سێپتامبر، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە وازی لە دەسەڵات هێنا.

ناڕەزایەتییەکان سەرەتا بە وەڕێخستنی هەندێک هەشتەگ لە دنیای خوازەکی یان مەجازی هاتنە ئاراوە و لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا بوونە بزووتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی کە ئامانجی لەنێوبردن و بنبڕکردنی گەندەڵی، ڕانتخاری و ئیمتیازبەخشینی لەخۆڕایی و هەڕەمەکی بە منداڵی بەرپرسانی حکومەتی بوو.

ئەم ئێعتراز و ناڕەزایەتییانە یەکشەوە و لەناکاو و کوتوپڕ نەهاتنە ئاراوە بەڵکوو ئاکامی چەندین ساڵ گەندەڵیی سیستماتیکی نیزامی حاکم بوو کە ساڵیانی ساڵە بەهۆی ناسەقامگیری سیاسییەوە لە لاوازی و چارەڕەشی تێوە گلاوە؛ نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی، کەمبوونی هەلی کار، لاوازیی ئابووری و زوڵم و زۆری بەردەوامی حاکمان بوونە هۆکار تاکوو ڕقی پەنگخواردووی خەڵک بتەقێتەوە و وەک بورکان داگژێتە سەر دەسەڵات کە ئاکامەکەی هەمووان بینییان؛ بینییان کە چلۆن خەڵکی هەژار و بێدەرەتان سەرکردەی وڵاتەکەیان ڕاو نا و بێڕێزی شیاوی دیکتاتۆرانیان بە کرداری کرد.

ئەم ڕووداوە لە ناخی خۆیدا وەبیرهێنەرەوەی دوو ڕووداوی دیکەشە؛ یەکەمیان لە ساڵی ٢٠٢٢ کە لاوانی سریلانکایی بە داگیرکردنی کۆشکی سەرکۆماری و ڕێپێوان و ئێعترازی بەربڵاو بنەماڵەی ڕاجاپاکسایان وەلا نا و دووهەمیان ناڕەزایەتیدەربڕینە هەزاران کەسییەکەی ساڵی ١٤٠١ی ئێران کە پاش شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە شاری تاران، ئێران و دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتەی لەگەڵ قۆناغێکی نوێ بەرەوڕوو کردەوە.

ئەگەرچی لە نموونەی دووهەمدا ئێمە شاهێدی ڕووخان و لەنێوچوونی یەکجارەکی دەسەڵات نەبووین بەڵام لە ناخی خۆیاندا ئەم ڕووداوانە خاوەن و هەڵگری هەندێ توخمی هاوبەشن کە دەکرێ زەقترین و بەرچاوترینیان نەخش و بەشداری پڕرەنگی لاوان بێت لە ئێعترازەکاندا بە ئامانجی ڕووخان.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا کە هەنووکە لە سێهەمین ساڵیادی نیزیک دەبینەوە، خەڵک لە کوردستان و دواتریش ئێران بە دروشی جیهانپەسندی "ژن، ژیان، ئازادی" دژ بە حاکمانی تاران ڕاسان و نیشانیان دا کە چیدیکە ئامادە نین لەژێر ڕکێف و باری قورسی پێکهاتەی سەرکوتکار درێژە بە ژیان بدەن؛ ئەگەرچی قوربانی و نرخی زۆری بۆ درا و سەرکوتی خوێناوی حاکمان نەیهێشت گۆڕانی خێرا هاوشێوەی نێپاڵ و سریلانکا بێتە ئاراوە بەڵام مەشروعیەت و ڕەوایی لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشوو پەرتووکاو کرد و زیاتر دایڕزاند.

لە ئاستی جوغڕافیای ئێراندا و لەو نێوەشدا ئەو هەرێمەی کە ساڵهای ساڵە کورد تێیدا دەژی،  لاوان تێچوویەکی زۆریان بۆ دێموکراسیخوازی، دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی خەڵک داوە و پشکی زیاتری قورسایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لەسەر شانی لاوانی کوردستان بووە کە خاوەن ئیرادە و ڕۆحی خەباتکاری بوون و هەر ئەم خاڵە جەوهەرییە بۆ خۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی جووڵانەوەی سیاسی-نەتەوەیی کورد لە ئێران بووە.

 لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا لاوان چ لە سەر شەقام، یان لە نێو زانکۆ و قوتابخانەکاندا دەوری یەکلاکەرەوەیان هەبوو. هەر ئەو دەور و نەخشە کردارییەی لاوان کە لە سۆنگەی پێوەندیی بەربڵاویان لەگەڵ دنیای دەرەوە بەهۆی تێکنۆلۆژیی مۆدێڕنەوە زیاتر و وەرگرتنی دنیابینییەکی دی زیاتر لە هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ بەرهەڵستی ئایدۆلۆژیی حکوومەت بوونەتەوە، وایکرد کە وردەبزووتنەوەی لاوان لەو بزووتنەوە بەربڵاوەدا بە بزووتنەوەی نەوەی Z ناودێر بکرێت. نەوەیەکی نوێ لە کۆمەڵ کە جیاواز لە نەوەکانی پێشوو و بەهۆی ناسیاریی زۆریان لەگەڵ شێوەکانی دیکەی ژیان و بیرکردنەوە لە دنیادا پتر عەوداڵی ئازادییە تاکەسییەکان و مافی یەکسانی و مافی هەڵبژاردنی ژیانی سەربەستن.

لەم نێوانەدا حەقیقەتێک کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت نکۆڵی لێ بکا ئەوەیە کە بەپێی فاکتە سیاسی و مێژوویی و مەیدانییەکان گەل یان گەلانی خاوەن ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و بەرهەڵستکار کۆتاجار دەبنە براوەی شەڕ لەگەڵ حکومەتە دیکتاتۆر و داسەپاوەکان بەڵام پێشمەرجی گەیشتن بەم ئامانجە تێگەیشتن لەو کەتوارەیە کە هەمووان خاوەن یەک ژان و دەردی وەک یەک و هاوبەشین و تەنیا ڕەمزێکی هاوبەشمان هەیە بۆ ڕزگاربوون ئەویش باوەڕهێنانە بەوەی دەبێ قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵین بۆ بنیاتنانی نیشتمان، نیشتمانێک پڕ بە باڵای ژن و ژیان و ئازادی.