کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نابێ شەهیدان لەبیر بچنەوە

19:21 - 7 رەزبەر 2725

ئاڵەشین

سیستەمی ئارایی نێودەوڵەتی پاش چێبوونی نەتەوە و دەوڵەت لە فۆرمی نەتەوە-دەوڵەتدا بەگوێرەی بەندەکانی پەیمانی وێستفالیا پێ دەگرێ و بەگوێرەی قۆناخ و هەلومەرج هەڵبەز و دابەزی کردوە. لەم سیستەمەدا کە هیزێکی ناوەندی نێونەتەوەیی نەبووە هەتا خاڵ و بابەتە پەسندکراوە مرۆییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی جیهانیدا پراکتیزە بکا، چارەنووسی زۆرێک لە نەتەوەکان بەگوێرەی ویست و بەرژەوەندیی زلهێزکان دیاری کراوە.

گەلی کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە بە پلەی یەکەم قوربانیی سیستەمی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش جیهانی دوو جەمسەری بووە. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەبوو تێکەل بە سیستەمە مەیلەو ئیمپریال-کاپیتالیستییە بکرێ یان بەگوێرەی ئەم سیستەمە ڕێک‌بخرێ. هەر بۆیە دەگەڵ هەڵوەشانی ئیمپراتۆریی عوسمانی دەوڵەتی سەیر و سەمەرە هەڵدەتۆقن کە پێشتر ناویان لە کولەکەی تەڕیشدا نەبووە. ئەم دەوڵەت و پێکهاتە سیاسییانەی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دادەمەزرێن، بە چاولێکەری لە مودێلی نەتەوەسازیی ئورووپی و بەدیاریکراویش فەڕەنسی هەوڵ دەدەن هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و زمانی و ئایینی و هتد لە نەتەوەی باڵادەستدا بتوێننەوە. سەربردەی کورد لە چوار پارچە سەرەکییەکەی کوردستان نموونەی ئەم سیاسەتە سەقەت و پاوانخوازییە بووە کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە.

 لە ئێران هەوڵ درا بە داڕشتن و داهێنانی تیۆریی ڕاسیستانەی وەک ئاریایی، ئوستوورەسازی، مێژووسازی، زرووقە و برووقەدارکردنی نەتەوەی ئێرانی و بە دەیان بابەتی هەڵبەستراو و ناڕاستی دیکە نەتەوەکان لە زمان و پێناسی فارسیدا بتوێننەوە. لەم نیوەشدا کورد هەتا پاش شۆڕشی ٥٧ و ئەم ساڵانەی دوایی بە تاکی تەنیا مەتەرێزی داکۆکی لە پێناس و شوناسخوازیی چۆڵ نەکرد و هەنووکە نەتەوە و پێکهاتە نافارسەکانی دیکەی ئیرانیش بەوپەڕی وشیاریی نەتەوەیی گەیشتوون و داوای سەروەریی خۆیی لە وڵات و سنووری خۆیان دەکەن. بەڵام ئەم پێشەنگایەتییە بۆ گەلی کورد هەم لە پارچەکانی دیکە و هەمیش لە ئێران تێچوویەکی گیانی و ماڵی و ژینگەیی یەکجار زۆری هەڵگرتوە. ڕێژیم و دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی تاران بە هێزی ڕەق و نەرم بەگژ خۆڕاگریی کورددا چوونەتەوە کە لەو سیستەمە جیهانییە بەرژەوەندیخوازەدا هەمیشە تەنیا بووە، بۆیە "هیچ پشت و پەنایەکمان نیە جگە لە چیاکان" بۆتە درووشمی سەر زمانی شۆڕش و خۆڕاگری.

داگیرکەر هاوشان دەگەڵ بەکارهێنانی هێزی نەرم، واتە بێبایەخکردنی توخمە فەرهەنگی و نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد و بەلاڕێدا بردنی مێژووی کورد، هەوڵی لێکدابراندنی زار و زاراوەکانی زمانی کورد لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا بە قەدەخەکردنی زمان و جلوبەرگ و فەرهەنگی کوردی، بە کوشتن، لە سێداردان، زیندانی و ڕاوەدوونانی تێکۆشەرانی کورد هێزی نەرم و ڕەقی بەهەموو تواناوە دژی کورد بەکار هێنا. بەڵام بەرخۆدانی کوردان دووڕگەی ئارامی پاشایەتی هەژاند کە دەویست وا بنوێنێ ئێران لەگوێن وڵاتانی پێشکەوتوو ئارام، یەکدەست، یەکزمان و گوایە نەتەوەیەکی یەکگرتوویە. بە بەتاڵانچوونی شۆڕشی ٥٧ و هاتنە سەرکاری سیستەمی ویلایەت فەقیهیش، سەرکوتی کورد باری ئایدیۆلۆژیکیشی هاتەسەر و ڕێبەری کاریزماتیکی ناوەندنشینان بە فتوا فەرمانی قەڵتوبڕی کوردانی دەرکرد. دەگەڵ ئەوەی کورد دیسان لە ڕەهەندی هێزی ڕەقەوە دەروەستی ڕێژیم نەهات و دوای بەرخودانێکی قارەمانانە ناوەندی هێزە سیاسییەکانی ناچار بوو سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بەجێ بهێڵێ، بەڵام ئەمجارە هێزی نەرمی داگیرکەر لە بەرانبەر هێزی نەرمی کورددا مایەپووچ دەرچوو و سنوورەکانی ڕۆژهەڵات خۆی لەبەریەک کێشایەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخە سیاسییەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و پێناسخوازی کورد لە سنوور و کەوشنی کۆنی کورد وەبڕەوتر کەوت.

ململانێی نەتەوەسازانی ئێرانی و بەرگریکارانی پێناسخوازی کورد پڕ تراژیکە بۆ گەلێک کە وەک بەرخی ساوا بۆ گورگ جێ هێشتراوە. دامودەزگە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم دەیاندیت بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد سەرەڕای هەموو هەوڵ و تێکۆشانی ڕێژیمی پێشوو و ئێستا بەردەوام لە گەشەیە و لەم لایەشەوە ڕێژیم وەبەرهێنانێکی لە ناوچەکەدا یەک بە دوای یەکدا مایەپووچ دەردەچوون، هەروەها جگە لە خەڵکی کورد نەتەوەکانی دیکەش بە بیانووی جۆراوجۆر لە بەرانبەر ڕێژیمدا ڕادەوستانەوە، بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستانەوە پەلی هاویشتبووە هەموو ئێران. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی تووشی گرژیی عەسەب و دەمار بوون و هەمیش هیچ کەسیان لە کورد بێکەستر پێ شک نەدەهات، بە پێشێلکردنی هەموو قانوونە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و بە دیاریکراویش حیزبی دێموکراتیان هاژەکباران کرد و، بەداخەوە پۆلێک پێشمەرگەی کوردستان شەهید و بریندار بوون. لەم لاشەوە لە نێوخۆی وڵات چەند زیندانی و بەندکراوی سیاسیی لە دار دا. یەکێک لە بەندییە سیاسییانە کەماڵی ئەحمەدی‌نژاد خەڵکی گوندی گامێشگۆلی سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بوو کە بە تاوانی ئەندامەتیی حیزبی دیموکرات گیانی لێ ئەستێندرا.

هەروەک پێشتر باسمان کرد هێزی ڕەق و نەرمی داگیرکەر نەک پاشەکشەی بە کورد بۆ دابینی مافە نەتەوەییەکانی لە ماوەی نزیک بە سەدەیەک نەکرد، بەڵکو کورد لە ڕۆژهەڵات بزاڤ و پرسەکەی گەشەی کرد و تەنانەت وێژەمانی کوردیی پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەشی لە ئێران دادەگرت. بۆیە چ ڕیژیمی ویلایەت فەقیهی و چ ڕێژیمی پاشایەتیش جگە لەم دوو هێزە سەرمایەگوزارییەکی زۆریان هەمیشە لە سەر دووبەرەکی نانەوە و پیلانی کوردکوشتن بەدەستی کوردیان کردوە. ئەگەر بە زەبری ماڵ و دارای، ترس و تۆقاندن وناچارکردن کورد کوردی نەکوشتبێ، پیلانی چەپەڵی جۆراوجۆریان داڕشتوە هەتا ڕۆڵەی کورد بسڕنەوە.

شەهید کەماڵی ئەحمەدی‌نژاد یەکێک لە ڕۆڵە کوردانەیە کە بوو بە قوربانی و سووتەمەنیی پیلانی دووبەرەکی نانەوەی ڕێژیم و دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم. ڕووداوەکە بە کوشتنی مۆریەکی سووتا و لەکەڵک کەوتووی ئیدارەی ئیتلاعات لە گوندی گامێشگۆلی دەستی پێکرد. شەو درەنگانی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ هاشم زەینالی، کۆنەجاش و مۆرەی سەر بە دامودەزگا سیخۆرییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا. دوای نزیک بە یەک ساڵ، پاییزی ١٣٩٤ کەماڵی ئەحمەدی‌نژاد و پێنج کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی هاشم گیران و پاش ساڵێک مانەوە لە زیندان و ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، ناچاریان کردن دان بە کوشتنی ناوبراودا بنێن و بەداخەوە دوایە کەماڵ بە لەداردان مەحکووم کرا. هەر زۆر زوو کەماڵ نامەیەکی ڕوو بە ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاو کردەوە کە لەژێر ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆردا دانی بەو کوشتنەدا ناوە و ئەگینا خزم و کەسی کوژراوەکەش ئامادەییان دەربری کە بچنە دادگە و شایەتی بۆ بدەن کە کاتی کوژرانی مۆرەکەی ڕێژیم کەماڵ لای ئەوان بووە. بەڵام دامودەزگای ئەمنییەتیی میانداوا و ورمێ بڕیاریان دابوو کە هەم مۆرەیەکی سەربار لە کۆڵ خۆ بکەنەوە و هەمیش ڕۆڵەیەکی تێکۆشەر لە دار بدەن و بابەتە گرنگەکەش کە دووبەرەکی و دوژمنایەتی سازکردن لەنێو خەڵکی کورددا بوو، بە کۆتایی بگەیەنن. هەر بۆیە نە شایەتی خزم وکەسوکاری کوژراوەکەیان قبووڵ کرد و نە لە دادگای پێداچوونەوەشدا حوکمەکەیان شکاند. تەنانەت گوێیان بە داوای ناوەند و ئۆرگانەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤیش نەبزووت و لە ١٩ی خەرماندا دوو ڕۆژ پاش هاژەکبارانی قەلای دێموکرات لە باشووری کوردستان، کەماڵیش لە دار درا.

لە بیرهێنانەوەی کارەساتی مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان و ئێعدامی شەهید کەماڵدا یاد و ناوی هەموو شەهیدانی دەستی غەدر و تاوانی کۆماری ئیسلامی بەرز و بەڕێز بێت و ڕێگەی خەباتیان پڕ ڕێبوار.