کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حاشاکردن لە مافی چارەی خۆنووسین بە واتای داگیرکارییە

10:14 - 1 خەزەڵوەر 2725

ئازاد مستۆفی

نەتەوەی کورد کە ژمارەی دانیشتووانی لە ئێران لانیکەم ١٢ بۆ ١٥ میلیۆن کەس دەخەمڵێندرێ، بۆ ماوەی هەزاران ساڵە لە خاکی خۆیاندا کە مێژووەکەی بۆ ئیمپراتۆرییەتی ماد (سەدەی حەوتەمی پێش زایین) دەگەڕێتەوە هەن و دەژین و زۆر جار کورد بە نەوەی ماد و سۆمەری ناسراوە. لە ڕووی مێژووییەوە کوردستان لە چەند پەیماننامەی ئیمپراتۆری، یەکەمیان پەیمانی زەهاب (١٦٣٩) دابەش بوو کە تێیدا یەکەم دابەشبوونی کوردستان بەسەر کوردستانی سەفەوی و کوردستانی عوسمانیدا بەبێ ڕەچاوکردنی خواستی خەڵکی کوردستان یان ئاماژەدان بە بۆچوونەکانیان ڕووی دا.

پەیمانی دووهەم بۆ دابەشکردنی کوردستان، پەیمانی لۆزان (١٩٢٢) بوو. کە چاوپۆشی لە خواستەکانی کورد بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کرد، وەک چۆن لە ١٠ی ئوتی ١٩٢٠دا پەیمانی سیڤەر و مادەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ سەروەریی کوردیان وەک "ناسنامەیەکی سەربەخۆ" پەسەند کردبوو. دوای پەیمانی لۆزان، خاکی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی زۆرەملێی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا بەسەر خاکە داگیرکراوەکاندا دابەش کرا (کوردیزم، بێهزاد خۆشحاڵی، ل١٢). لە ئێرانی سەفەوی و قاجاردا، کورد لە ئۆتۆنۆمی ڕێژەیی بەهرەمەند بوو، بەڵام ئەم دۆخە لەگەڵ ناوەندگەرایی لە سەردەمی پەهلەوی (١٩٢٥-١٩٧٩)دا گۆڕانی بەسەردا هات و سیاسەتێکی فاشیستی سەپێنرا. شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران ئەم دینامیکەی چڕتر کردەوە. حیزبەکانی کوردستان کە سەرەتا پشتیوانییان لە شۆڕشی دژی شا کرد و چەند ناوچە و شاری کوردستانیان بەدەستەوە بوو، لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ (١٩٧٩) ئایەتوڵڵا خومەینی فیتوای جیهادی دژ بە نەتەوەی کورد دەرکرد و سوپا و هێزە میلیشیا توندڕەوەکان هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگە دەستپێکرد کە بووە هۆی لەسێدارەدانی دەرەوەی یاسایی و تەنانەت کۆمەڵکوژیی خەڵکی بێتاوان لە قاڕنێ و قەڵاتان. بێگومان ئەمە سێیەم داگیرکاریی کوردستان بوو، کە لە لایەن هێزەکانی دژە گەلی ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکانەوە ڕووی دا.

شەرعییەتی دەوڵەت لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی خەڵکە نەک کۆنتڕۆڵی خاک

ڕەگ و ڕیشەی تیۆریی دەوڵەتە مۆدێڕنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاشتی وێستڤالیا (١٦٤٨). ڕێککەوتنێک کە دوای شەڕە مەزهەبییەکانی ئورووپا، بنەمای سەروەری نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی دامەزراند. ئەم سیستەمە نوێیە، دەوڵەتی وەک یەکەیەکی شەرعیی دەسەڵاتی سیاسی لە خاکێکی دیاریکراودا پێناسە کرد و وردە وردە چەمکی دەوڵەتی-نەتەوەیی لە قاڵب دا. بەڵام هەر ئەم مۆدێله که جەختی له قۆرخکاریی دەسەڵات له دەستی حکوومەتی ناوەندیدا دەکردەوه، بووه هۆی دروستبوونی پێکهاتەی سیاسیی ناکامڵ و جیاکاری بەتایبەت له ناوچه فرەنەتەوەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە ئێران، لەبری ئەوەی ئەم یەکە سیاسییە لەسەر بنەمای فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری و زمانەوانی بنیات بنرێت، چەمکی دەوڵەتی -نەتەوەیی برا بە باڵای "نەتەوەی فارسزمان و شیعە مەزهەب". ئەم تێڕوانینە نەک هەر لەگەڵ ڕۆحی پەیمانی وێستڤالیادا کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە هێژموونی ئایینی و دروستکردنی نەزمێک بوو، نەدەگونجا بەڵکوو هێمای سەلماندنی دەوڵەت- نەتەوەیەکی ناتەواو یا پڕ کەمووکۆڕییە، چونکە دەوڵەتێکە شەرعییەت نەک لە ڕەزامەندی گشتیی بەڵکوو لە قۆرخکاریی شوناس و سەرکوتکردنی نەتەوە غەیرە فارسەکانەوە وەردەگرێت.

چەمکی سەروەری لە ئێراندا بووەتە کەرەستەیەک بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکاری نێوخۆیی و ئینکاری مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان؛ لە کاتێکدا بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی مۆدێڕن، شەرعییەتی دەوڵەت لە ڕەزامەندی و بەشداریکردنی هەموو گروپە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی ناوەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە میراتی سەرزەوینی یان دەسەڵاتی سەربازییەوە. ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کورد نموونەیەکی ڕوونی دژایەتیی نێوان سیستەمی وێستڤالیی دەوڵەت-نەتەوە و واقیعی فرەنەتەوەیی و فرە کولتووری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

پاش ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، زلهێزە کۆلۆنیالییەکانی ئورووپا هەوڵیان دا مۆدێلی وێستڤالی دەوڵەت-نەتەوەیی بگوازنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ مۆدێلێک کە بەپێی ئەو هەر دەوڵەتێک سنووری ڕوونی هەبێت و دانیشتووانێکی "نەتەوەیی" هەبێت. بەڵام لە ناوچەیەکدا کە نەتەوە و زمان و ئایینە جیاوازەکان تێکەڵاون، ئەم نەخشە نەک هەر بە شێوەیەکی سرووشتی دروست نەبووە، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێککەوتنە سیاسییە کۆلۆنیالیزمەکانی وەک ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ (١٩١٦) و پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) سەپێنراوە. سنووری دەستکردی نوێ، نەک لەسەر بنەمای ناسنامەی مێژوویی گەلان، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی زلهێزەکان کێشران و سەرزەوین‌گەلێکی وەک کوردستان کە پاشخانێکی شارستانی و شوناسێکی سەربەخۆیان هەبوو، بەسەر چەند دەوڵەتێکی تازەدامەزراو دابەشکران. ئەم دابەشبوونانە لە مادەکانی ٦٢ تا ٦٤ی پەیمانی سیڤەردا دانپێدانراوە، بەڵام دواتر پشتگوێ خراون و گەورەترین درزکەوتن و قەڵشی نێوان بنەما ڕاگەیەندراوەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس (Right to Self-Determination)  و بنەمای ڕەزامەندی حوکمدراوان (Consent of the Governed) بوو. لەو کاتەوە زۆرێک لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانە ئێران، تورکیا، عێراق و سووریە، لەبری ئەوەی هەنگاو بنێن بەرەو پێکهێنانی نەتەوەی سڤیل، لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندی و یەکدەستکردن و ئایدیۆلۆژیدا مانەوە. ئەم جۆرە "دەوڵەت-نەتەوەی ناتەواو" لەسەر بنەمای ئینکاریی جیاوازی و سەرکوتکردنی فرەچەشنی کولتووری، بەواتایەکی تر بووە ناسنامەی نەتەوەی فەرمی لەم وڵاتانەدا و بووە ئامرازێک بۆ نەهێشتنی ناسنامەکانی تر. لە پێکهاتەیەکی وادا کورد بە هاووڵاتی یەکسان نەدەزانرا، بەڵکوو وەکوو کەمینەیەک کە دەوڵەتی ناوەندی بەسەریدا زاڵە.

لە ئەنجامدا هەروەک تیۆریستەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیان پێ کردوە، شەرعییەتی دەوڵەت بەبێ ڕەزامەندیی گەلانی نێو ئەو دەوڵەتە مومکین نیە و لە هەر شوێنێک دەوڵەت ڕەتی بکاتەوە ئەرکەکانی بەرانبەر بە هاووڵاتیانی خۆی جێبەجێ بکات، لە ڕوانگەی ئەخلاقی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتییەوە، لە دەوڵەتێکی شەرعییەوە دەگۆڕدرێ بۆ هێزێکی داگیرکەری نێوخۆیی و بێگومان بارودۆخی کوردستان لە ئێراندا دەکرێ بەوردی لەم چوارچێوەیەدا شی بکرێتەوە.

خاکی داگیرکراو لە یاسای نێودەوڵەتیدا

هاوشێوەی کاربەدەستانی ڕێژیمی پەهلەوی لە ڕوانگەی ئایەتوڵڵاکانی ئێرانەوە کە دەستیان بەسەر شۆڕشی ١٩٧٩دا گرت، کورد هەڕەشەیە بۆ سەر حکوومەتێکی پاوانخواز، چونکە باوەڕیان بە دێموکراسی و ئەم دێموکراتیزەکردنە هەیە و وتنی نەخێر بۆ ڕێژیمی "کۆماری ئیسلامی" بەناوی نەتەوەی کوردەوە بووە هۆی ئەوەی کە ڕۆحوڵڵا خومەینی فیتوای جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد لە ٢٨گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی دەرکرد و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی شیعە وەکوو ئایەتوڵڵا کازم شەریعەتمەداری پشتیوانییان لێ کرد. لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا مافەکان بۆ کەمەنەتەوەکان و بەتایبەت کوردەکان لەبەرچاو نەگیراون و تەنیا لە مادەی ١٥ی دەستووردا زمانە غەیرە فارسییەکان ڕێپێدراوە لە قوتابخانەکان بگوترێنەوە، کە هەرگیز نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستووری ئێران هەموو شتێکی خستووەتە ژێردەستی شیعەی دوانزە ئیمامییەوە. ڕێژیمی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە کوردستان بەشێکە لە ئێران و گەلی کورد وەک هاووڵاتییانی دیکە لە هەموو مافەکانی مرۆڤ بەهرەمەندە، بەڵام سەرکوتی سیستماتیکی سیاسی، کولتووری و ئابووری، تیرۆرکردنی ڕێبەرانی کورد، بە نموونە: دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و پلانی حکوومەتیی بەرفراوان بۆ زیندانی و دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنی کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییەکانیان دەدەن، ئەوە دەسەلمێنێت کە ڕێژیمی ئێران بە سەپاندنی ستەم و دووچاوگی، مافێک بۆ خەڵکی ئەم سەرزەوینە بەڕەوا نابینێت. لە ڕووی مێژووییەوە ئەم زاڵبوونە بە مانای داگیرکاریی دێت، چونکە مافی چارەی خۆنووسین ڕەت دەکاتەوە کە لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان (مادەی یەکەم) دانی پێ دانراوە. مافی چارەی خۆنووسین یەکێکە لە بنەما هەرە بنەڕەتی و دیارەکانی یاسای نێودەوڵەتی. هەروەها ئەم پڕەنسیپە یەکێکە لە بوارە هەرە چالاکەکانی یاسای نێودەوڵەتی، چونکە بووەتە شوێنی ململانێ لە نێوان یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتان و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان. لەم ڕووەوە، یەکێک لە بنەڕەتیترین بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتییەکان کە بە ڕوونی دان بەم مافەدا دەنێت، بڕیارنامەی ٢٦٢٥ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە بە ناوی "بەیاننامەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان دەوڵەتان بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٠". ئەم بڕیارنامەیە لە بەشی پێنجەمیدا بە ڕوونی باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکات. لە بڕیارنامەکەدا هاتوە کە "هیچ شتێک لەم بڕیارنامەیەدا هانی پارچەپارچەکردن یان تێکدانی یەکپارچەیی خاکێک نادات کە بنەمای چارەی خۆنووسین پەیڕەو دەکات و بۆیە نوێنەرایەتی تەواوی گەلانی خاکەکەی بەبێ جیاوازییەکانی ڕەگەزی، بیروباوەڕ، ڕەنگ و...هتد، دەکات". بەپێی بنەماکانی لێکدانەوەی یاسایی، ئەم بڕگەیە گوزارشت لە چەمکێکی دژبەیەک دەکات. بەپێی چەمکی دژبەیەک لەم بڕگەیە، یەکپارچەیی خاک تەنیا کاتێ ڕێزی لێدەگیردرێ و دانی پێدا دەنرێت کە ئەو دەوڵەت-نەتەوەیە مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەموو نەتەوەکانی لەبەرچاو گرتبێ.

بە واتایەکی تر، نەتەوەیەکی چەوساوە کە هەرگیز ناسنامە نەتەوەییەکەی دانی پێدا نەنراوە و بەشێوەیەکی سیستماتیک تووشی پاکتاوی نەتەوەیی و پێشێلکاریی گەورەی مرۆیی بووەتەوە، ڕێگەی پێدەدرێت لەپێناو گەیشتن بە مافی چارەنووسی خۆی، یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتی ناوبراو پشتگوێ بخات و بێگومان بەپێی هەموو تێبینییە مێژووییەکان و بارودۆخی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان بنەمایەکی یاسایی و بابەتیی هەیە.

ئەرکەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە هاووڵاتییانی، وەک لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (UDHR) و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)دا پێناسە کراوە، بریتین لە: پاراستنی ژیان، ئازادیی ڕادەربڕین و یەکسانی بەبێ جیاوازی. ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەو پابەندبوونانەی بەرانبەر بە کورد پێشێل کردوە و کردەوەگەلێکی ئەنجام داوە کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دێنە ئەژمار. ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووه‌کان وەک ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ لە بارەی کەمینەکان له ئێران، دەیسەلمێنێ که کورد و بەلووچ بەشێوەیەکی ناڕێژەیی سەرکوت و ئێعدام دەکرێن و لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی خۆسەرانە و کۆمەڵکوژییە مێژووییەکان، ئەم ئارگیومێنتە بەهێزتر دەکەن. ئەم پێشێلکاریانە شکستی تەواوی ئەرکەکانی دەوڵەت دەسەلمێنێ و ڕێژیم لە جیاتی پاراستن، سەرکوت دەکا و پاساو بۆ داگیرکاریی دەهێنێتەوە.

لە یاسای نێودەوڵەتیدا، داگیرکاریی بە کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەر بەسەر خاکێکدا بەبێ ڕەزامەندی، بەپێی مادەی ٤٢ی ڕێساکانی لاهای (١٩٠٧) پێناسە دەکرێت. هەرچەندە کوردستان خاکێکی داگیرکراوی ئەم دواییە نیە، بەڵام ئارگیومێنتە یاساییەکان پشتگیری لە داگیرکاریی دیفاکتۆ دەکەن کە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی مافی چارەی خۆنووسینە. بڕیارنامەی ٢٦٢٥ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٧٠) مافی چارەی خۆنووسینی خەڵک دووپات دەکاتەوە. کورد، وەک گەلێکی جیاواز و خاوەن زمان و کولتوور و مێژوویەکی جیاواز، ئەم پێوەرە بەدی دەکات. پیلانی حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان، ئەو مەسەلەیە دەورووژێنێت کە دابەشکردنی کوردستان لە دوای ١٩١٨، یەکسانە بە کۆلۆنیکردنی خاکەکە لە لایەن داگیرکەرانەوە. لە مادەی ١٩ی دەستووری ئێراندا "هەڵاواردنی نەتەوەیی" قەدەغە کراوە، بەڵام بە کردەوە گەلی کورد لە پۆستی باڵا و پۆستی سەرەکی بێبەشە و خاکی کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ شارەکانی نێوەڕاست بە گەشەنەکردوویی ماوەتەوە. ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوه یەکگرتووەکان له ساڵی ٢٠٢٥ەوە، چڕکردنی چاودێری و سەرکوت له ئێران بەتایبەتی بەرانبەر به کەمینەکان مەحکووم کردوه. گروپی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی دۆسییەی کوردیان وەک پێشێلکارییەکی جیددی دۆکیۆمێنت کردوە. لە ڕوانگەی ئێرانەوە، حکوومەت بانگەشە بۆ سەروەریی خاک دەکات، بەڵام ئەمە داگیرکارییەکی نێوخۆیی دەشارێتەوە، هاوشێوەی دۆسییەکانی وەک “تبت”ی چین. دانپێنەدانی نێودەوڵەتی بە مانای خەوشدارکردنی ڕاستییەکان نەبووە و نیە، سەرکوتی سەربازیی و ڕەتکردنەوەی مافەکان بەمانای داگیرکاریی دێتە ئەژمار. دەوڵەتێکی شەرعی دەبێت گەرەنتی ئاسایش و پەروەردە و تەندروستی و بەشداریی سیاسی خەڵک بکات (پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مادەی ٢٥). لە ئێراندا نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی سیستماتیک بووەتەوە. ڕێژەی بەرزی بێکاری بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ٥٠٪ لە هەندێک ناوچەی کوردستان، داخستنی پۆلە خۆبەخشەکانی زمانی کوردی، گرتن و سەرکوتکردنی مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی و... هتد.

بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی (٢٠٢٤) حکوومەتی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافی بیروڕادەربڕین و گردبوونەوە و بۆ چالاکانی کورد بەبێ هەبوونی پارێزەر لە دادگە و لەپشت دەرگەی داخراوەوە، حوکمی ئێعدام دەردەکەن. ئەمەش پێشێلکردنی مادەی شەشەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە سەبارەت بە مافی ژیان. سەرکوتی جەماوەریی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کورد ئاماژەیە بۆ داگیرکاری. بە پشتبەستن بە بەڵگەی مێژوویی (دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەت و سەرکوتی دوای شۆڕشی ئێران) و کۆمەڵکوژی و ئێعدام و تیرۆرکردنی دەوڵەت و ڕەتکردنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد؛ کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داگیرکراوە و سەروەری ئەرکەکانی بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کورد پێشێل کردوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لەپێناو پێشگرتن لە کوشتنی گەلی بێ‌دیفاعی کورد دەبێ پشتیوانی لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد بکات.