شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلەمانی هولەند، جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژیی کوردستان کردەوە و داوای کرد ئورووپا ڕوانگەی خۆی بەرامبەر بە پرسی نەتەوەکان لە ئێراندا بگۆڕێت.
ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی "سالوکس"، پرێس کۆنفرانسێکی تایبەت لە پارلەمانی هولەند بۆ نوێنەرانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە بەڕێزان دکتور "ئازاد محەممەدیانی" و "ئاوات بەرخانە"، بەشداریی ئەم کۆبوونەوەیەیان کرد کە تێیدا نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی نەتەوەکانی کورد، تورک، بەلوچ و عەرەب ئامادە بوون.
ئەم کۆنفرانسە بە ئامانجی ئاشناکردنی پارلەمانتاران و میدیاکانی ئورووپا لەگەڵ دۆخی ئێستای ئێران لە ڕوانگەی نەتەوە جیاوازەکانەوە ڕێک خرابوو.
لە بەشێکی پانێڵەکەدا، نوێنەرانی هەر کام لە نەتەوەکان وتاری خۆیان پێشکەش کرد و دواتر لەلایەن پارلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسانەوە چەندین پرسیار ئاراستەی بەشداربووان کرا، کە زیاتر لە دەوری پێگەی نەتەوەکان و گرینگیی ئەوان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دەسووڕانەوە.
نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وەڵامی پرسیارەکاندا، ئاماژەی بە دەوڵەمەندیی کوردستان لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت، ئاو و کانزا بەنرخەکان کرد، بەڵام جەختی توندی لەسەر "سەرمایەی مرۆیی" کردەوە و ڕایگەیاند کە کوردستان خاوەنی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی هۆشیار و بەهێزە کە دەتوانێت ببێتە گەرەنتیی ئاشتی و ئارامی بۆ ئێران و تەواوی جیهان.
هەروەها نوێنەری حیزب لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا باسی ئەەوەی کرد "ئەگەر ئورووپا خوازیاری ئێرانێکی سەقامگیرە، دەبێ ڕاستیی ''فرەنەتەوەبوون''ی ئەم وڵاتە بە فەرمی بناسێت و پشتگیری لە دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکڕاتیک و پلۆراڵ بکات." هەروەها داوای کرد کە ناوەندە سیاسییەکانی ئورووپا چیتر تەنیا لە یەک ڕوانگەوە سەیری ئێران نەکەن و گوێبیستی دەنگی ڕاستەقینەی پێکهاتە نافارسەکانی نێوخۆی وڵاتەکە بن.
ئەم کۆبوونەوەیە کە کاتژمێر ٩ی بەیانی دەستی پێکردبوو، دوای سێ کاتژمێر گفتوگۆی چڕوپڕ، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ کۆتایی پێهات.