کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکاتی ژینا؛ جەستە و جێندەر لە ئۆبژەی دەسەڵاتەوە بەرەو سوژەی ئازادی

11:00 - 25 خەرمانان 2726

شاهۆ حوسێنی

هەندێک ڕووداو تەنیا لە زەماندا ڕوو نادەن؛ بەڵکوو مێژوویەک دەخوڵقێنن و زەمان و کات بە دوو بەش دابەش دەکەن: پێش خۆیان و دوای خۆیان. گرنگیی ئەم جۆرە ڕووداوانە تەنیا لە ڕێژە، بەربڵاوی یان بەردەوامیی ڕووداوەکاندا نییە، بەڵکوو لەو گۆڕانەدایە کە لە شێوازی تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی، جەستەی خۆی، کۆمەڵگە و دەسەڵات بەرهەمی دێنن. «بەکاتی ژینا» لە کوردستاندا دەشێ لەگوێن یەکێک لەم ساتە مێژووییانە بخوێندرێتەوە؛ ساتێک کە تێیدا ژن، ژیان، ئازادی لە دروشمێکی سیاسی تێپەڕی و بوو بە دەربڕینی دابڕاوێکی قووڵتر لە نێو سۆبژێکتیڤیتەی کۆمەڵگەدا. هەربۆیەش، پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە دوای ژینا چ ئاڵوگۆڕییەک لە ڕواڵەت و فۆرمی پۆشینی ژناندا ڕووی دا، بەڵکوو ئەوەیە: دوای ژینا، ژن چۆن تێگەیشتن، فام و پەیوەندییەکانی خۆی بە جۆرێکی تر لەگەڵ خۆی، جەستەی خۆی، جێندەر و دەسەڵات داڕشتەوە؟ ئەگەر ئەم گۆڕانە تەنیا لە کردەدا نەبێت و لە خودی شێوازی تێگەیشتن لە خۆ و خۆپێناسەکردنیشدا ڕووی دابێت، ئەوا ئێمە لەبەردەم گۆڕانێکی عەینی بە تەنیا نین؛ لەبەردەم گۆڕانێکی سۆبژێکتیڤ، کولتووری و تەنانەت ئەنترۆپۆلۆژیکداین.

لەچکەسووتاندن لە ڕووی فیزیکییەوە کردارێکی سادەیە: پارچە قوماشێک لە جەستە دادەماڵرێت و دەخرێتە نێو ئاگر. بەڵام واتای مێژووییی کردارێک هەرگیز لە ماتریالی کردارەکەدا قەتیس نامێنێتەوە. لەو ساتەدا کە ژنێک لە ساحەی گشتیی کوردستاندا لەچکە لە سەر دادەماڵێت و دەیسووتێنێت، ئەوەی دەکەوێتە نێو ئاگر تەنیا قوماش نییە؛ پەیوەندییەکی مێژووییی نێوان جەستە، جێندەر و دەسەڵاتە. واتایەک دەکەوێتە ژێر پرسیار کە بۆ ماوەیەکی درێژ دەیویست دیاری بکات جەستەی ژن چۆن دەربکەوێت، چۆن بجووڵێت، چی پیشان بدات، چی بشارێتەوە و لەبەردەم کێدا و چۆن خۆی ببینێت. پەیوەندیی دەسەڵات لەگەڵ ژن هەرگیز لە دەرەوەی جێندەر و جەستەدا نەبووە. دەسەڵات کاتێ بەهێزترین شێوەی بوونی خۆی دەسەپێنێت کە لە یاسا و زۆر و هێزەوە تێپەڕێت و بچێتە نێو زەین، ویژدان، شەرم، ترس، نەریت و تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی. لەو ساتەدا پێویست ناکات هەمیشە پاسەوانێک لەبەردەم ژندا بوەستێت؛ چونکە چاوی دەسەڵات لە هەناو و زەینی خودی سوژەدا جێگیر بووە. ژن خۆی چاودێریی جەستەی خۆی دەکات، خۆی سنووری جووڵەی خۆی دیاری دەکات و هەندێک جار ئەو فەرمانانەی لە دەرەوە بەسەریدا سەپێنراون وەک بەشێک لە «سروشت و ناسنامەبوونی» خۆی دەناسێت. لێرەدا جەستە تەنیا جەستە نییە؛ دەبێتە شوێنی نووسینی دەسەڵات.

بۆیە، گۆڕانی ڕاستەقینە لەو ساتەدا دەست پێ ناکات کە یاسایەک دەگۆڕدرێت؛ بەڵکوو کاتێ دەست پێ دەکات کە شەرعییەتی ئەو یاسایە لە نێو سوژەدا دەشکێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە «بەکاتی ژینا» لە ڕووداوێکی سیاسیی ئاسایی جیا دەکاتەوە. لە کوردستان، هەڵدان و سووتاندنی لەچکە تەنیا ڕەتکردنەوەی یاسای حیجاب نەبوو؛ دەتوانرێت وەک ڕاگەیاندنی گۆڕانێک لە پەیوەندیی نێوان ژن و ئەو دەسەڵاتە بخوێندرێتەوە کە دەیویست جەستەی ژن پێناسە بکات. لەم ساتەدا ژن دەڵێت: ئەو واتایەی تۆ بە جەستەی منی دەبەخشیت، چیتر بە ناچاری واتای من نییە. ئەمە ساتی دابڕانی سۆبژێکتیڤە.

لە ڕاستیدا دابڕانی سۆبژێکتیڤ بەو مانایە نییە کە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی، ئایینی، خێزانی و سیاسییەکان لەناکاو ون دەبن. بە پێچەوانەوە، ڕەنگە زۆربەیان هەر لە شوێنی خۆیان بمێننەوە. بەڵام شتێکی بنەڕەتی گۆڕاوە: ئەو سوژەیەی پێشتر خۆی لە نێو ئەو سیستەمەی واتادا دەناسییەوە، دەستی کردووە لە دەرەوەی ئەو سیستەمەوە سەیری خۆی بکات. دەسەڵات هێشتا هەیە، بەڵام ئەوەی دەستی بە لەناوچوون کردووە، بەدیهیبوونی دەسەڵاتە. لێرەوە جێندەر دەبێتە بەشێکی بنەڕەتیی پرسیارەکە. چونکە ئەوەی لە بەکاتی ژینادا کەوتە ژێر پرسیار، تەنیا پارچە قوماشێک یان شێوازی جلوبەرگ نەبوو؛ بەڵکوو ئەو ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییە بوو کە بۆ ژن و پیاو شوێن، ڕۆڵ، سنوور و شێوازی بوونی تایبەتی دیاری دەکرد. لەم ڕوانگەیەوە جێندەر تەنها ناسنامەیەکی تاکەکەسی نییە؛ مەیدانێکە کە لە نێویدا دەسەڵات جەستەکان ڕێک دەخات، ڕۆڵەکان دابەش دەکات و بڕیار دەدات کێ مافی قسەکردن، دیاربوون، هەڵبژاردن و دیاریکردنی خۆی هەیە.

ژن، ژیان، ئازادی لەم ڕوانگەیەوە سێ وشەی جیاواز نین. پەیوەندییەکی فەلسەفی لە نێوانیاندا هەیە. ژن لێرەدا تەنیا ئاماژە بە ڕەگەزێکی بایۆلۆژیک ناکات، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ ئەو سوژەیەی کە مێژوویەک لە ئۆبژەکراوی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. ژیان تەنها مانەوە و بەردەوامبوونی بایۆلۆژیک نییە؛ مافی ژیانی خۆت بە شێوەیەک کە خۆت واتای پێ دەبەخشیت. ئازادیش تەنیا نەبوونی زنجیر نییە؛ توانای بەرهەمهێنانی شێوازی بوونی خۆتە. بەم مانایە، ئەم دروشمە بانگەوازێکە بۆ گواستنەوە لە بوونێکی بەرهەمهاتوو بۆ بوونێکی خۆبەرهەمهێناو.

بەڵام گرنگترین پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم دابڕانە تەنیا لە ژناندا ڕووی دا؟ ئەگەر بەکاتی ژینا وەک گۆڕانێکی کولتووری بخوێنینەوە، وەڵام دەبێت نەخێر بێت. چونکە کاتێ ژن پەیوەندیی خۆی بە جەستە و جێندەر دەگۆڕێت، پیاویش ناچارە پەیوەندیی خۆی بە ژن، خێزان، نامووس، دەسەڵات و خۆی لە نوێوە پێناسە بکاتەوە. ئازادبوونی سوژەی ژن تەنیا ژن ناگۆڕێت؛ پێکهاتەی ئەو جیهانە دەگۆڕێت کە پیاویش لە نێویدا پیاو بووە. لەبەر ئەوە، ئەم وتارە هەوڵ نادات تەنها بپرسێت «لە بەکاتی ژینادا چی ڕووی دا؟»؛ بەڵکوو دەیەوێت پرسیارێکی قووڵتر بخاتە ڕوو: لە بەکاتی ژینادا چی لە نێو سوژەدا ڕووی دا؟ لەوانەیە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بتوانین واتای قووڵتری ئەو وێنە مێژووییە دەربخەین؛ ژنێک لەچکەی لە سەر دادەماڵێت و دەیخاتە نێو ئاگر. چونکە لەو ساتەدا تەنیا لەچکە نەدەسووتا؛ ئەو مافەی دەسەڵات کە خۆی بە خاوەنی واتادانان بۆ جەستەی ژن دەزانی، دەکەوێتە نێو ئاگر. جەستەیەک کە بۆ ماوەیەکی درێژ مەیدانی فەرمان، چاودێری و پێناسەکردن بوو، دەستی کرد بە قسەکردن بە زمانی خۆی. لەوێوە جەستە چیتر تەنیا ئۆبژەی دەسەڵات نییە؛ لەمەوبەدوا دەبێتە سوژەی ئازادی.

١. جەستە؛ یەکەم مەیدانی دەسەڵات

ئەگەر بمانەوێت لە قووڵایی «بەکاتی ژینا» تێبگەین، نابێت جەستە تەنیا وەک پێکهاتەیەکی بایۆلۆژیک ببینین. جەستە هەرگیز دەرکەوتەیەکی ڕواڵەتی نییە؛ بەڵکوو جەستە شوێنی نووسینی واتا، نەریت، ئەخلاق، ئایین، یاسا و دەسەڵاتیشە. هەر کۆمەڵگەیەک هەوڵ دەدات جەستە بە شێوەیەکی دیاریکراو ڕێک بخات: چۆن بپۆشرێت، چۆن بجووڵێت، لە کوێ دەربکەوێت، چۆن دابنیشێت، چۆن قسە بکات، چۆن خۆی پیشان بدات و تەنانەت لە چی شەرم بکات. بەتایبەت جەستەی ژن، لە کۆمەڵگە پاتریارکیکەکاندا، لە خاوەندارێتیی خۆیدا نەماوەتەوە؛ خێزان، نەریت، ئایین، دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵگە هەریەک بە شێوەیەک داوای خاوەندارێتییان لەسەری هەیە. جەستەی ژن دەبێتە شوێنی پاراستنی «شەرەف»، «نامووس»، «ڕەوشتی گشتی»، «ئابڕوو» و «ناسنامەی کۆمەڵگە». بەم شێوەیە، لە دیاردەیەکی زۆر سروشتییەوە — «جەستەی تاک» — دەگۆڕدرێت بۆ دیاردەیەکی گشتی کە هەمووان خۆیان بە مافداری دەزانن و لەسەری بڕیار دەدەن. لێرەدایە کە جەستە لە سوژەی خۆی دوور دەخرێتەوە و دەبێتە ئۆبژە. ئۆبژەبوون تەنیا بەو مانایە نییە کە کەسێکی تر سەیری جەستە بکات؛ بەڵکوو بەو مانایەیە کە مافی واتادانان بە جەستە لە خاوەنی جەستە وەردەگیرێت. کەسێکی تر بڕیار دەدات ئەم جەستەیە چییە، چی دەبێ بێت و چۆن دەبێت لە جیهانی گشتیدا دەربکەوێت. لەبەر ئەوە، کاتێ لە بەکاتی ژینادا ژن لەچکە لە سەر دادەماڵێت، کردارەکە لە سنووری «پۆشاک» تێدەپەڕێت. ئەو دەستەی لەچکەی لە سەر دادەماڵێت، لە هەمان کاتدا داوای مافێکی بنەڕەتی دەکات: مافی خاوەندارێتیی واتای جەستەی خۆی.

٢. لە فەرمانبەرداریی جەستەوە بۆ خاوەندارێتیی جەستە

دەسەڵات تەنها کاتێ سەرکەوتوو نییە کە بتوانێت بە زۆر ئەمر بە مرۆڤ بکات؛ بەهێزترین ساتی دەسەڵات ئەو کاتەیە کە مرۆڤ فەرمانی دەرەکی دەگۆڕێت بە فەرمانی ناوخۆیی (واتە ئەمری دەسەڵات ناوخۆیی دەکات). واتە دەسەڵات چیتر پێویستی بەوە نییە هەر ساتێک لەبەردەم تاکدا بوەستێت؛ تاک خۆی دەبێتە چاودێری خۆی. لێرەدا «شەرم» ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت. ژن تەنیا لە سزا ناترسێت؛ فێر دەکرێت لە جەستەی خۆی شەرم بکات. تەنیا پێی ناگوترێت «ئەمە مەکە»، بەڵکوو هێواش هێواش ئەوەی فێر دەکرێت کە «ئەگەر ئەمە بکەم، ئەکتێکی ئانۆمیکم کردووە». بەم شێوەیە یاسای دەرەکی دەگوازرێتەوە بۆ نێو خودی سوژە. ئەمە قووڵترین شێوەی دەسەڵاتە؛ چونکە سنووری دەسەڵات و سوژە تێکەڵ دەبن. لەبەر ئەوە، دابڕانی ڕاستەقینەش پێویستە لە هەمان شوێندا ڕوو بدات: لە هەناوی سوژەدا. کاتێ ژن لەچکە لە سەر دادەماڵێت و لە شوێنێکی گشتیدا دەیسووتێنێت، ئەو کردارە تەنیا یاخیبوون بەرامبەر فەرمانێکی دەرەکی نییە؛ دەتوانێت یاخیبوونێک بێت بەرامبەر ئەو دەنگەی کە دەسەڵات پێشتر لە نێو خودی سوژەدا جێگیری کردبوو. بەم مانایە، ئاگر دوو شت دەسووتێنێت: ئەمرێکی دەرەکی و واتایەکی سەپێندراوی دەرەکی کە ناوخۆیی کراوە.

٣. سووتاندنی لەچکە؛ لە کردارەوە بۆ ڕەمز

هەموو کردارێک نابێتە ڕەمز. کردارێک کاتێ دەبێتە ڕەمز کە بتوانێت واتایەکی زۆر گەورەتر لە خودی خۆی هەڵبگرێت. سووتاندنی لەچکە لە بەکاتی ژینادا بەم مانایە ڕەمزی بوو، چونکە هێرش کرایە سەر شەرعییەتی ماف و هێژمۆنیی دەسەڵات: کێ مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر جەستەی من بدات؟ ئەم پرسیارە زۆر لە پرسیاری حیجاب گەورەترە. چونکە کاتێ سوژە مافی دەسەڵات بۆ دیاریکردنی پۆشاکی خۆی دەخاتە ژێر پرسیار، لۆژیکی پرسیارەکە دەتوانێت بەرەو هەموو بوارەکانی ژیان بڕوات: کێ بڕیار دەدات من کێم؟ کێ بڕیار دەدات کێم خۆش بوێت؟ کێ بڕیار دەدات هاوسەرگیری بکەم یان نەکەم؟ کێ بڕیار دەدات لە کوێ بژیم؟ کێ بڕیار دەدات چۆن قسە بکەم؟ کێ بڕیار دەدات «ژنێکی باش» چییە؟ لێرەدا کردارێکی سادە دەبێتە دەرگایەک بۆ پرسیارکردن لە تەواوی سیستەمی واتا. ئەمەیە هۆکاری ئەوەی سووتاندنی لەچکە نابێت تەنیا وەک دژایەتیی حیجاب بخوێندرێتەوە؛ ئەگەر تەنیا لە ئاستی حیجابدا بیهێڵینەوە، واتا فەلسەفی و کولتوورییەکەی زۆر بچووک دەکەینەوە.

٤. جێندەر؛ کاتێ کۆمەڵگە دەچێتە نێو جەستە

جێندەر لێرەدا دەبێتە چەمکێکی ناوەندی. جێندەر تەنیا ئەوە نییە کە کۆمەڵگە بڵێت «ئەمە ژنە» و «ئەوە پیاوە». جێندەر سیستەمێکە کە کۆمەڵگە لەو ڕێگەیەوە وێنای زەینی و مانای ژنبوون و پیاوبوون دروست دەکات. کچێک لە منداڵییەوە تەنیا جەستەیەکی مێینە نییە؛ بەرە بەرە ڕادەهێنرێت چۆن «ژن» بێت: چۆن دابنیشێت، چۆن قسە بکات، چۆن هەڵسوکەوت بکات بە گشتی، چی لەبەر بکات، لە چی شەرم بکات، چەندە دەنگی بەرز بێت، لەگەڵ کێ بڕوات و تەنانەت چۆن ئارەزوو بکات. پیاویش بە هەمان شێوە ڕادەهێنرێت. فێر دەکرێت «بەهێز و هێژمۆن» بێت، نەگریێت، خاوەندارێتی بکات، بپارێزێت، کۆنترۆڵ بکات و لە هەندێک کۆمەڵگەدا شەرەفی خۆی بە کۆنترۆڵکردنی ژن و خێزانەکەی ببەستێتەوە. کەواتە پاتریارکی تەنیا ژن بەند ناکات؛ پیاویش لە نێو فۆرمێکی دیاریکراوی پیاوبووندا بەند دەکات. کاتێ ژن دەڵێت «من جەستەی خۆم پێناسە دەکەم»، پیاویش ناچار دەبێت بپرسێت: ئەگەر من چیتر خاوەنی جەستەی ئەو نیم، ئەوا پیاوبوونی من چییە؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گەورەیە. چونکە ئازادیی ژن تەنها زنجیر لە دەستی ژن ناکاتەوە؛ ناسنامەی ئەو پیاوەش دەخاتە ژێر پرسیار کە خۆی لە ڕێگەی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی ژنەوە پێناسە کردووە.

٥. ژینا و دابڕانی سۆبژێکتیڤ

لێرەدا دەگەینە ناوەندی تێزی ئەم نووسینە: «دابڕانی سۆبژێکتیڤ». دابڕانی سۆبژێکتیڤ واتە ساتێک کە تاک یان کۆمەڵگە هێشتا لە ژێر هەمان پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەژی، بەڵام چیتر بە هەمان شێوە خۆی لە نێو ئەو پێکهاتەیەدا نابینێت. یاسا ڕەنگە هێشتا هەبێت؛ بەڵام شەرعییەتی یاسا لە زەینی سوژەدا شکاوە. نەریت ڕەنگە هێشتا هەبێت؛ بەڵام نەریت چیتر «سروشتی و ئاسایی» نییە. پاتریارکی ڕەنگە هێشتا بەهێز بێت؛ بەڵام چیتر ناتوانێت بە سانایی بڵێت: «هەر وابووە و هەرواش دەبێت.» چونکە سوژە فێری یەک کردار بووە کە بۆ هەموو دەسەڵاتێک مەترسیدارە: پرسیارکردن. بۆچی جەستەی من دەبێت بەم شێوەیە بپۆشرێت؟ بۆچی شەرەفی خێزان دەبێت لە جەستەی ژندا کۆبکرێتەوە؟ بۆچی پیاو دەبێت چاودێری ژن بێت؟ بۆچی ئارەزووی ژن دەبێت لە ژێر چاودێریی کۆمەڵگەدا بێت؟ بۆچی ئەو شتەی بۆ پیاو مافە، بۆ ژن دەبێتە شەرم؟ هەر بۆچییەک کەلێنێک لە دیواری بەدیهیبوونی دەسەڵات دروست دەکات. شۆڕشی سۆبژێکتیڤ لێرەوە دەست پێ دەکات.

٦. ژن، ژیان، ئازادی؛ لە دروشمەوە بۆ فەلسەفەیەکی بوونخوازانە

چما ژن، ژیان، ئازادی تەنیا وەک دروشم بخوێنینەوە، بەشێکی زۆر لە توانای هزریی ئەم دەربڕینە لەدەست دەدەین. «ژن» لێرەدا سوژەیەکە کە داوای گەڕاندنەوەی مافی پێناسەکردنی خۆی دەکات. «ژیان» تەنیا مانەوە نییە. مرۆڤ دەتوانێت زیندوو بێت، بەڵام ژیانی خۆی نەژیت. دەتوانێت هەناسە بدات، بەڵام شێوازی بوونی خۆی هەڵنەبژێرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ژیان واتە مافی ئەوەی ژیانی خۆت بەرهەم بهێنیت. «ئازادی»ش تەنیا شکاندنی قۆرغکارییەکان نییە. ئازادی ئەگەر تەنیا «نەخێر» بێت، هێشتا نیوەی ڕێگایە. لە ڕاستیدا ئازادی لەو ساتەدا کامڵ دەبێت کە «نەخێر» بگۆڕدرێت بۆ «من دەخوازم». نەخێر بۆ فەرمان، بەڵام دوای ئەوە: من چۆن دەخوازم بژیم؟ من کێم؟ چۆن دەخوازم جەستەی خۆم ببینم؟ چۆن دەخوازم پەیوەندی لەگەڵ ئەوی تر دروست بکەم؟ لێرەدا ئازادی لە ڕەتکردنەوەی دەسەڵات تێدەپەڕێت و دەبێتە توانای دامەزراندنی خۆ.

٧. ئازادیی ژن و قەیرانی پیاوی نەریتی

لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم گۆڕانە ئەوەیە کە ئازادیی ژن بە ناچاری پیاوی نەریتخواز دەخاتە نێو قەیران. ئەم قەیرانە نابێت بە مانای ئانۆمی یان کارەسات فام بکرێت؛ قەیران لێرەدا واتە ئەو فۆرمە کۆنەی پیاوبوون چیتر ناتوانێت بە بێ پرسیار بەردەوام بێت. ئەگەر پیاوبوون بە خاوەندارێتی، فەرماندان، چاودێری و پاراستنی «نامووس» پێناسە کرابێت، ژنی خودبنیادنەر و سەربەخۆ بناغەی ئەم پێناسەیە دەخاتە ژێر پرسیار. لەبەر ئەوە، لە بەکاتی ژینادا تەنها ژن نەچووە نێو پرۆسەی گۆڕان؛ پیاویش بانگهێشت کراوە بۆ گۆڕان. پرسیار چیتر تەنها ئەوە نییە: «ژنی نوێ چۆن ژنێکە؟»؛ پرسیارێکی هاوتا هەیە: پیاو لە جیهانێکدا کە ژن موڵکی ئەو نییە، چۆن دەبێت پیاو بێت؟ ئەمە دەکرێت یەکێک بێت لە قووڵترین پرسیارە کولتوورییەکانی کوردستانی دوای ژینا.

٨. لە شۆڕشی سیاسییەوە بۆ شۆڕشی کولتووری

شۆڕشی سیاسی دەتوانێت دەسەڵاتێک بگۆڕێت، حکوومەتێک بڕووخێنێت یان یاسایەک هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام شۆڕشی کولتووری پرسیارێکی ڕادیکاڵتر دەکات: مرۆڤ خۆی چۆن دەبینێت؟ ئەگەر لە کوردستانی پاش ژینا شێوازی تێگەیشتن لە جەستە، ژن، پیاو، نامووس، خێزان، ئارەزوو، ئازادی و مافی تاک گۆڕابێت، ئەوا ئێمە تەنها لەبەردەم کاریگەریی سیاسیی ڕووداوێکدا نین؛ لەبەردەم گۆڕانێکی کولتووریداین. بەڵام نابێت ئەم گۆڕانە بە ڕۆمانسی ببینین. دابڕانێکی سۆبژێکتیڤ بە مانای مردنی دەسەڵاتی کۆن نییە. بە پێچەوانەوە، دەسەڵاتی کۆن دەتوانێت دوای ئەم دابڕانە توندتر بێت. خێزان دەتوانێت زیاتر کۆنترۆڵ بکات، پاتریارکی دەتوانێت بە شێوەی نوێ خۆی ڕێک بخاتەوە، شەرم دەتوانێت بە زمانی نوێ بگەڕێتەوە و تەنانەت بەشێک لە ژنان و پیاوان دەتوانن بەرگری لە سیستەمی پێشوو بکەن.

بەڵام جیاوازییەک هەیە: چیتر شەڕ تەنها لەسەر کردار نییە؛ شەڕ لەسەر واتای کردارە. ئایا ژن کەسێکە کە کۆمەڵگە پێناسی دەکات، یان کەسێکە کە مافی بەشداری لە پێناسەکردنی خۆیدا هەیە؟ ئەمە ناوەڕۆکی قەیرانی نوێیە.

٩. ژینا؛ لە ناوی تاکێکەوە بۆ ناوی ساتێکی مێژوویی

لە کۆتاییدا، «ژینا» تەنیا لەگوێن ناوی کەسێک نامێنێتەوە. ناوی ژینا لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتیدا دەتوانێت ببێتە ناوی ساتێک؛ ساتێکی پێش و دوا. بەم مانایە، کاتێ دەڵێین «پێش ژینا» و «دوای ژینا»، مەبەستمان تەنها ڕێکەوتێکی تەقویمی نییە. مەبەست دوو شێوازی تێگەیشتنە لە خۆ، جەستە و دەسەڵات. ئەگەر ئەم تێزە ڕاست بێت، ئەوا میراتی قووڵی بەکاتی ژینا لە ژمارەی خۆپیشاندانەکان، دروشمەکان یان تەنانەت گۆڕانی یاساکاندا بە تەواوی ناپێورێت. پێوەرێکی قووڵتر هەیە: چی لە نێو سوژەی کورددا گۆڕا؟ ئاخۆ ژن هێشتا جەستەی خۆی بە هەمان چاو دەبینێت؟ ئاخۆ پیاو هێشتا پەیوەندیی خۆی بە ژن بە هەمان شێوە دەفامێت؟ ئاخۆ «نامووس» هێشتا هەمان دەسەڵاتی واتایی پێشووی هەیە؟ ئاخۆ نەوەی نوێ هێشتا هەمان سنوورەکانی شەرم و قەدەغە بە سروشتی دەزانێت؟ ئەگەر وەڵامی تەنانەت بەشێک لەم پرسیارانە «نەخێر» بێت، ئەوا شتێک ڕووی داوە کە لە گۆڕانی سیاسی قووڵترە. لەبەر ئەوە، لەوانەیە باشترین شێوە بۆ خوێندنەوەی بەکاتی ژینا ئەوە نەبێت کە بپرسین: ژینا چی گۆڕی؟ بەڵکوو بپرسین: دوای ژینا، چیتر چی ناتوانێت وەک پێشوو «بەدیهی» بێت؟ لەوانەیە شۆڕش، پێش ئەوەی دەسەڵات بگۆڕێت، لەم خاڵەوە دەست پێ بکات: لە مردنی بەدیهیات.

١٠. لە دابڕانی سۆبژێکتیڤەوە بۆ گۆڕانی ژیانی ڕۆژانە

دابڕانی سۆبژێکتیڤ ئەگەر تەنیا لە ئاستی هۆش و بیرکردنەوەدا بمێنێتەوە، هێشتا نەبووەتە گۆڕانێکی کولتووری. گۆڕانی کولتووری لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە ئەو شتەی لە زەیندا گۆڕاوە، کارتێکەری بکاتە نێو پەیوەندییەکانی ڕۆژانە، واتە دیالێکتیکی پەیوەندییەکانی ڕۆژانە بگۆڕێت. لێرەدایە بەکاتی ژینا لە مەیدانەکانی خۆپیشاندان دەچێتە نێو ماڵ؛ دەچێتە نێو گفتوگۆی نێوان باوک و کچ، دایک و کچ، برا و خوشک، ژن و مێرد. دەچێتە نێو قوتابخانە و زانکۆ. دەچێتە نێو شەقام، کافێ، بازاڕ، گۆڕەپان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. واتە ئەو پرسیارەی لە سەر شەقام بە دەنگی بەرز دەگوترێت، هێواش هێواش دەبێتە پرسیاری ژیانی ڕۆژانە: کێ بۆ کێ بڕیار دەدات؟ ئەم پرسیارە لە ڕواڵەتدا سادەیە، بەڵام دەتوانێت تەواوی پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بلەرزێنێت. چونکە زۆربەی دەسەڵاتە کولتوورییەکان بە شێوەی فەرمانی ڕاستەوخۆ کار ناکەن؛ لە عادەتدا دەژین. لە وشەی «نابێت»دا، لە نیگای خێزاندا، لە قسەی دراوسێدا، لە ترسی «خەڵک چی دەڵێن؟»دا و لەو سنوورانەدا کە تاک پێش ئەوەی کەسێک پێی بڵێت، خۆی بۆ خۆی دیاری دەکات. گۆڕانی کولتووری کاتێ قووڵ دەبێت کە ئەم وردەدەسەڵاتانە دەکەونە ژێر پرسیار. بۆیە ناشێ بە شوێن میراتی ژینادا تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسیدا بگەڕێین؛ دەبێت لە بچووکترین شوێنەکانی ژیانی ڕۆژانەشدا لێی بگەڕێین: لەو کچەی کە بۆ یەکەم جار بە باوکی دەڵێت «من خۆم بڕیار دەدەم»، لەو دایکەی کە چیتر بە کچەکەی ناڵێت «خەڵک چی دەڵێن؟»، و لەو پیاوەی کە دەست لە خاوەندارێتیی ژنی ژیانی خۆی هەڵدەگرێت و بە چاوی هاوبەشی ژیان و شەریکی هاوتەریبی ژیان دەیبینێت. شۆڕش هەمیشە بە دەنگی تەقە نایەت؛ هەندێک جار بە وشەیەکی سادە دەست پێ دەکات: «خۆم».

١١. لە پەیوەندیی خاوەندارێتییەوە بۆ پەیوەندیی هاوتەریب

ئازادیی ژن بەبێ گۆڕانی پەیوەندی و شێوازی هەڵسوکەوت ناتوانێت ببێتە گۆڕانێکی تەواوی کۆمەڵایەتی، چونکە جێندەر پەیوەندییە. ئەگەر یەک لایەنی پەیوەندی بگۆڕدرێت، لایەنی تر ناتوانێت بێگۆڕان بمێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکانی پاش ژینا ئەوەیە: پیاوی کورد چۆن دەتوانێت خۆی لە نوێوە پێناسە بکاتەوە؟ ئەگەر پیاوبوون چیتر بە خاوەندارێتیی ژن، کۆنترۆڵکردنی خوشک و کچ، فەرماندان بە هاوسەر، زاڵبوون بەسەر جەستەی ئەوی تر و پاراستنی نامووس و بە گشتی هێژمۆنی پێناسە نەکرێت، ئەوا پیاوبوون چی دەبێت؟ لێرەدا دەکرێت لە پەیوەندیی خاوەندارێتییەوە بەرەو پەیوەندیی هاوبەش و هاوتەریب بڕۆین. پەیوەندیی هاوبەش پەیوەندییەک نییە کە ئازادی بە ژن دەبەخشێت، چونکە ئەم دەربڕینە خۆی هێشتا لۆژیکی خاوەندارێتی لەخۆ دەگرێت. ئەگەر من ئازادی بە تۆ ببەخشم، واتە پێشتر خۆم بە خاوەنی ئەو ئازادییە زانیوە. پەیوەندیی هاوبەش دەزانێت کە ئازادیی ئەوی تر شتێک نییە ئەو بیبەخشێت؛ ئەو تەنیا دەست لە داگیرکردنی مافێک هەڵدەگرێت کە هەر لە بنەڕەتەوە هی ئەوی تر بووە. ئەم جیاوازییە وردە، بەڵام لە ڕووی فەلسەفییەوە بنەڕەتییە.

١٢. بەرگریی پاتریارکی؛ کۆن هەر بە ئاسانی نامرێت

بەڵام گۆڕان هێڵێکی سەرڕاست نییە. هیچ هۆکارێک نییە وا بزانین دوای ژینا کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرەو ئازادیی زیاتر دەڕوات. بە پێچەوانەوە، هەر دابڕانێکی گەورە دەتوانێت بەرگریی گەورەش بەرهەم بهێنێت. کاتێ پێکهاتەیەکی کۆن هەست دەکات بنەمای واتایی خۆی لەدەست دەدات، دەتوانێت توندتر ببێت. دەکرێت «نامووس» بە زمانی نوێ بگەڕێتەوە. دەکرێت کۆنترۆڵی جەستە بە ناوی کولتوور بگەڕێتەوە. دەکرێت سنووردارکردنی ژن بە ناوی «پاراستن» بگەڕێتەوە. تەنانەت دەتوانێت هەندێک شێوەی نوێی سۆشیال میدیا ببێتە ئامرازێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵ، شەرمەزارکردن و سزادانی ژن. کەواتە پاتریارکی هەمیشە بە جلوبەرگی کۆن ناگەڕێتەوە؛ دەتوانێت مۆدێرن بێت، مۆبایلی بەدەستەوە بێت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا چالاک بێت و بە زمانی نوێ هەمان لۆژیکی کۆنی خاوەندارێتی بەرهەم بهێنێتەوە. لەبەر ئەوە، شۆڕشی سۆبژێکتیڤ پڕۆسەیەکە، نە ساتێکی تەواوبوو. ژینا دەرگایەکی کردەوە؛ بەڵام کراوەبوونی دەرگا بە مانای ئەوە نییە کە کۆمەڵگە بە ناچاری لێی تێدەپەڕێت.

١٣. لە ئازادیی نێگەتیڤەوە بۆ ئازادیی پۆزەتیڤ

لێرەدا دەبێت جیاوازییەکی گرنگ بکەین. ئازادی دەتوانێت لە سەرەتادا بە شێوەی «ڕەتکردنەوە» دەربکەوێت: لەچکە لە سەر ناکەم. فەرمانەکەت قبووڵ ناکەم. خاوەندارێتیت بەسەر جەستەمدا قبووڵ ناکەم. ئەم «نەخێر»ە بێگومان بنەڕەتییە؛ چونکە سوژە بەبێ توانای نەخێرگوتن ناتوانێت لە ئۆبژەبوون دەربچێت. بەڵام ئازادی لێرەدا کۆتایی نایەت. دوای «من ئەوە نابم کە تۆ دەڵێیت»، پرسیاری دووەم دێت: «کەواتە من چی و چۆن دەخوازم ببم؟» ئەمە گواستنەوەیە لە ئازادی وەک ڕەتکردنەوە بۆ ئازادی وەک بەرهەمهێنان. سوژە تەنیا زنجیرەکەی ناپسێنێت؛ دەبێت فێر بێت بەبێ زنجیر چۆن بڕوات. ئەم قۆناغە لەوانەیە لە خودی یاخیبوون دژوارتر بێت. چونکە ئازادی تەنیا بێسنووری نییە؛ بەرپرسیارێتییە. کاتێ چیتر کەسێکی تر بۆ من بڕیار نادات، من دەبێت بەرپرسیاری هەڵبژاردنی خۆم بم. بەم مانایە، سوژەی ئازاد تەنیا سوژەی «ماف» نییە؛ سوژەی بەرپرسیارێتیشە.

١٤. ئاخۆ ئێمە لەبەردەم شۆڕشێکی ئەنترۆپۆلۆژیکداین؟

لێرەدا دەگەینە گەورەترین پرسیاری ئەم وتارە. ئاخۆ بەکاتی ژینا تەنیا شۆڕشێکی سیاسی بوو؟ یان دەتوانین قسە لە دەستپێکی شۆڕشێکی کولتووری بکەین؟ یان تەنانەت دەتوانین هەنگاوێک زیاتر بنێین و بپرسین: ئاخۆ ئێمە لەبەردەم دەستپێکی شۆڕشێکی ئەنترۆپۆلۆژیکداین؟ شۆڕشی ئەنترۆپۆلۆژیک لێرەدا بە مانای گۆڕانی بایۆلۆژیکی مرۆڤ نییە. مەبەست گۆڕانە لە وێنەی مرۆڤ لە خۆی؛ لەوەی مرۆڤ خۆی چی دەزانێت، پەیوەندیی خۆی بە ئەوی تر چۆن پێناسە دەکات و بە چ شێوەیەک مافی بوونی خۆی و ئەوی تر دەناسێت. ئەگەر پێشتر ژن لە چوارچێوەی شێوازی پەیوەندییەکەی لەگەڵ پیاو، خێزان و نامووس پێناسە کرابێت و ئێستا بەرەو خۆپێناسەکردن هەنگاو بنێت؛ ئەگەر پیاو پێشتر خۆی لە چوارچێوەی خاوەندارێتی و چاودێریدا پێناسە کردبێت و ئێستا ناچار بێت پیاوبوون لە نوێوە پێناسە بکاتەوە؛ ئەگەر خێزان لە شوێنی فەرمانەوە بەرەو شوێنی گفتوگۆ بجووڵێت؛ ئەگەر نامووس لە جەستەی ژن دابماڵرێت؛ ئەگەر جەستە لە ئۆبژەی دەسەڵاتەوە بەرەو سوژەی خۆبنیادنەری بجووڵێت؛ ئەوا ئێمە تەنیا باس لە گۆڕانی سیاسی ناکەین. ئێمە باس لە گۆڕانی فۆرمی بوونی مرۆڤ دەکەین.

کۆتا پەیڤ

لە کۆتاییدا دەتوانین هەموو ئەم باسە لە دەوری مافێکی بنەڕەتی کۆبکەینەوە: مافی بەرهەمهێنانی «خۆ». دەسەڵات تەنیا خواستی لە جەستە و جێندەر، گوێڕایەڵی و ملکەچی نییە؛ هەندێک جار دەیەوێت دیاری بکات تۆ کێ بیت. دیاری دەکات: تۆ ژنیت، کەواتە دەبێت ئاوا بیت. تۆ پیاویت، کەواتە دەبێت ئاوا بیت. تۆ کچیت، کەواتە ئەمە بۆ تۆ شەرمە. تۆ برا یان باوکیت، کەواتە دەبێت ئەو کۆنترۆڵ بکەیت. بەم شێوەیە دەسەڵات تەنها کردار بەرهەم ناهێنێت؛ سوژە بەرهەم دەهێنێت. لەبەر ئەوە، ئازادیی قووڵیش تەنیا شکاندنی فەرمان نییە؛ گەڕاندنەوەی مافی بەرهەمهێنانی خۆیە بۆ خودی مرۆڤ. «من کێم؟» ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە هەمیشە لە دەرەوە بێت، سوژە هێشتا بە تەواوی ئازاد نییە. بەڵام کاتێ مرۆڤ خۆی دەبێتە بەشدار لە بەرهەمهێنانی وەڵامەکەدا، ئازادی لە مەفهوومێکی سیاسییەوە دەگۆڕدرێت بۆ فۆرم و شێوازێکی بوون. لەم ڕوانگەیەوە، میراتی قووڵی بەکاتی ژینا لەوانەیە هەر ئەمە بێت: گەڕاندنەوەی پرسیاری «من کێم؟» بۆ خودی سوژە.

بەم شێوەیە دەگاتە کۆتایی: لە سووتانی لەچکەوە بۆ سووتانی بەدیهیات. لە سەرەتای ئەم وتارەدا لە وێنەیەکەوە دەستمان پێکرد: ژنێک لەچکەکەی لە سەر دادەماڵێت و دەیخاتە نێو ئاگر. ئەگەر تەنیا بە چاو سەیری ئەو وێنەیە بکەین، پارچە قوماشێک دەبینین کە دەسووتێت. بەڵام ئەگەر بە چاوێکی فەلسەفی سەیری بکەین، شتێکی زۆر گەورەتر دەردەکەوێت: لەو ئاگرەدا یەکێک لە کۆنترین پەیوەندییەکانی دەسەڵات کەوتووەتە ژێر پرسیار؛ پەیوەندیی نێوان جەستە و خاوەندارێتی. ئەو جەستەیەی کە دەسەڵاتی سیاسی دەیویست پۆشاکەکەی دیاری بکات؛ خێزان دەیویست سنوورەکانی دیاری بکات؛ پاتریارکی دەیویست شەرەفی پیاوی لەسەر بنیاد بنێت؛ نەریت دەیویست شێوازی جووڵە و دیاربوونی دیاری بکات؛ لە ساتێکدا دەستی کرد بە قسەکردن بە زمانی خۆی و وتی: «من ئۆبژەی تۆ نیم».

ئەم ڕستەیە، ئەگەر بە تەواوی واتاکەی بگرین، تەنیا ڕستەیەکی فێمینیستی نییە؛ ڕستەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیکە. چونکە لە پشتیدا ڕاگەیاندنێکی بنەڕەتی هەیە: مرۆڤ نابێت تەنیا بەرهەمی پێناسەی ئەوی تر بێت. لەو ساتەدا جەستە تەنیا شتێک نییە کە دەسەڵات کاری لەسەر بکات؛ جەستە خۆی دەبێتە دەنگ. جێندەر تەنها چارەنووسێکی پێشوەختە نییە؛ دەبێتە مەیدانی گفتوگۆ و خۆپێناسەکردن. ژن تەنیا ئەو کەسە نییە کە دەسەڵات سنووری بۆ دیاری بکات؛ دەبێتە سوژەیەک کە خۆی پرسیار لە سنوورەکان دەکات. پیاویش چیتر ناتوانێت خۆی تەنیا لە چوارچێوەی هێژمۆنیی خاوەندارێتیی ئەوی تردا پێناسە بکات؛ دەبێت فێری هاوبەشی بێت. خێزانیش ناچارە لە فەرمانەوە بەرەو گفتوگۆ بجووڵێت. و کوردستانیش ناچارە پرسیاری ئازادی سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە: ئاخۆ ئازادی تەنیا ئەوەیە هیچ نەتەوەیەکی تر بۆ من بڕیار نەدات، یان ئەوەشە کە منیش فێر بم بۆ ئەوی تر بڕیار نەدەم؟

لێرەدایە بەکاتی ژینا لە ڕووداوێکی سیاسی تێدەپەڕێت و دەبێتە ئاوێنەیەک کە کۆمەڵگەی کوردی ناچار دەکات سەیری خۆی بکات؛ نەک تەنیا سەیری ئەو دەسەڵاتەی لە دەرەوەی خۆیەتی، بەڵکوو سەیری ئەو دەسەڵاتانەش بکات کە لە نێو خۆیدا بەرهەمی هێناون: لە نێو خێزان، لە نێو پەیوەندیی ژن و پیاو، لە نێو چەمکی نامووس و تەنانەت لە نێو زەینی هەر تاکێکدا. لەوانەیە هەر ئەمە دژوارترین قۆناغی ئازادی بێت. دژایەتیی دەسەڵاتی دەرەکی ئاسانترە لە دۆزینەوەی ئەو دەسەڵاتەی کە لە نێو خۆماندا نیشتەجێ بووە. بەڵام ئەگەر بەکاتی ژینا واتایەکی قووڵی مێژوویی هەبێت، ڕەنگە لێرەدا بێت: ژینا تەنیا پرسیاری «کێ بەسەر ئێمەدا دەسەڵات دەکات؟»ی نەهێنایە ئاراوە؛ بەڵکوو پرسیاری «ئێمە چەندە دەسەڵات لەسەر یەکتر بەرهەم دەهێنین؟»یشی خستە بەردەممان.

ئیتر لێرەوە ئازادی مانایەکی نوێ وەردەگرێت. ئازادی تەنیا ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئەوی تر نییە؛ ئازادی توانای ئەوەیە خۆت بیت، بەبێ ئەوەی بۆ بوونی خۆت پێویستت بە ئۆبژەکردنی ئەوی تر بێت. بۆیەش، ئەو ئاگرەی لە دەستی ژنێکدا لەچکەکەی سووتاند، لەوانەیە لە مێژووی کوردستاندا وەک ئاگرێکی زۆر گەورەتر بمێنێتەوە: ئاگری سووتاندنی بەدیهیات. چونکە شۆڕشی قووڵ لەو ساتەدا دەست پێ ناکات کە مرۆڤ تەنیا بە دەسەڵات دەڵێت «نەخێر»؛ شۆڕشی قووڵ لەو ساتەدا دەست پێ دەکات کە سوژە سەیری خۆی دەکات و دەڵێت: «من چیتر ئەو کەسە نیم کە تۆ پێناسەت کردبووم.» لەو ساتەدا جەستە لە ئۆبژەبوون دەردەچێت. جێندەر لە چارەنووسبوون دەردەچێت. ژن لە خاوەندارێتی دەردەچێت. پیاو لە پێویستیی خاوەنداربوون دەردەچێت. و ئازادی لە دروشمبوون دەردەچێت و دەبێتە شێوازێکی بوون لە جیهاندا.

ئەمەیە یەکگرتوویی نێوان دەستپێک و کۆتایی: لە سەرەتادا پارچە قوماشێک دەکەوێتە نێو ئاگر، و لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە ئەوەی سووتاوە تەنیا قوماش نەبووە؛ بەدیهییەکی مێژوویی بووە. بەدیهیی ئەوەی جەستەی ژن پێش ئەوەی هی خۆی بێت، هی دەسەڵاتە. بەکاتی ژینا ئەم بەدیهییەی شکاند. و هەر لەو شکانەوە، جەستە و جێندەر لە ئۆبژەی دەسەڵاتەوە هەنگاویان نا بەرەو سوژەی ئازادی.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1 - Judith Butler: Das Unbehagen der Geschlechter. Suhrkamp Verlag, 1991

2 - Karl Marx: Ökonomisch-philosophische Manuskripte, Suhrkamp Verlag, 2009

3 - Ernst Cassirer: Philosophie der symbolischen Formen. Meiner Verlag, 2023

4 - Judith Butler: Körper von Gewicht: Die diskursiven Grenzen des Geschlechts. Suhrkamp Verlag., 2024.

5 - Søren Kierkegaard: Der Begriff Angst, Übersetzt von: Gisela Perlet, Reclams Universal-Bibliothek,  2023.

6- Pierre Bourdieu: Die männliche Herrschaft. Suhrkamp Verlag, 2012

7 - Isaiah Berlin: Vier Versuche über die Freiheit. Fischer Verlag, 2006

8 - Helmuth Plessner: Die Stufen des Organischen und der Mensch : Einleitung in die philosophische Anthropologie, 1975.