کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن؛ ڕاپرسییەکی بەردەوام

10:15 - 29 خەرمانان 2726

ئاسۆ مینبەری

لە ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا، ٤ ساڵ بەسەر قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی پێکهاتەشکێنی «ژن، ژیان، ئازادی»دا تێپەڕی.

بەڵام مانگرتنی سەرتاسەریی ئەمجارە، بابەتێکی دیکەشی زەق کردەوە. ئەم مانگرتنە سنووری نێوان شۆڕش و بزووتنەوەشی جارێکی دیکە بەرجەستە کردەوە.

بزووتنەوە دەتوانێ لە ماوەیەکی زەمەنیی تایبەتدا ڕوو بدات و لە شەقامەکاندا کۆتایی پێ بێت، بەڵام جووڵەیەک کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت و ویژدانی گشتیی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە، شۆڕشە!

ئەم ڕاستییە دوای ٤ ساڵ ئەوەمان پێ دەڵێت کە پەیوەندیی سازماندراوی خەڵک لەگەڵ بنەماڵەی ژینا و باقیی شەهیدانی شۆڕشەکە نەک تەنیا نەپساوە، بەڵکوو بەردەوام لە فۆرمی نوێدا خۆی نیشان دەداتەوە و دەیسەلمێنێت کە «ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا ورووژانی هەستەکان لە قۆناغێکی تایبەتدا نەبوو، بەڵکوو گۆڕانێکی ئاگامەند بوو کە ناگەڕێتەوە دواوە.

کۆمەڵگەی کوردستان، بیرۆکەی گشتیی خۆی پاراستووە و مافخوازیی وەکوو کەرەستەیەک بۆ خەبات، زیندوو ڕاگرتووە.

یەکێک لە گرینگترین ڕەخنەکان کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەسەر جووڵەی جەماوەریی ساڵی ١٤٠١دا هەبووە، بەکارهێنانی وشەی بزووتنەوە و باسکردن لە بێدەنگبوون و نیشتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام بوو.

بەڵام ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار و هەروەها چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا، دەتوانێت وەڵامدەرێکی باش بۆ ئەم ڕەخنەیە بێت.

کۆماری ئیسلامی وەک سروشتی هەمیشەییی خۆی، لە بەرەبەری چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا، هەر لە دەستپێکی مانگی خەرمانانەوە بە شێوازی جۆراوجۆر ئامادەکارییەکانی خۆی بۆ دژایەتی لەگەڵ خەڵک و بەرزڕاگرتنی یادی ژینا و شۆڕشەکە دەست پێکرد.

لە دەستپێکردنی ڕەشبگیرییەکان بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکەوە بگرە هەتا بەرفراوانکردنی کامێراکانی چاوەدێری لە گۆڕستانی ئایچی و میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان و لە هەمووشیان گرینگتر سەقز، زێدی ژینا ئەمینی؛ نیشانیان دا کە کۆماری ئیسلامی چەندە ترسنۆکانە دەیەوێت بە زەبری هێز و سەرکوتی دووبارە، پێش بە بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و شۆڕشێک بگرێت کە هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە.

لە ڕۆژی ٢٢ی خەرماناندا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بە خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازێکدا، داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی، بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانەوە لە ماڵەکانیاندا پەیوەستی ئەم مانگرتنە گشتییە بن.

هاوپەیمانی ڕایگەیاندبوو کە: «ئەم مانگرتنە جگە لە وەبیرهێنانەوەی یادی سەرجەم شەهیدان و نرخەکانی شۆڕشی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی، تێکۆشانێکی مەدەنی و وەڵامێکی جەماوەرییە دژی قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان و دەبێتە پەیامی زیندووبوونی خەباتی مەدەنی و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان.»

لەگەڵ دەرکردنی ئەم بانگەوازە، گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیش زیاتر بوون، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان بە هەست بە بەرپرسیارەتی و بوێرانە، لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا، ڕۆڵی خۆیان بۆ جارێکی دیکە بەرجەستە کردەوە.

لەکاتێکدا کە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت شاری سەقز لەگەڵ یەکێک لە خەستترین شێوەکانی میلیتاریزم بەرەوڕوو بوونەوە و جێگیرکردنی هێزەکانی سەرکوتیش بە شێوەی بەربڵاو ئەنجام درابوو، مانگرتنی سەرتاسەریی خەڵک، وەڵامێکی کۆنکرێت بۆ ئەم بانگەوازە لە چەشنی ڕاپرسییەکی گشتی بوو.

ئەوەی کە خەڵکی کوردستان پاش چوار ساڵ لەگەڵ بنەماڵەی ژینا ئەمینی بوون، سەلماندی کە ئێمە نەک لەگەڵ «شەپۆلێکی ناڕەزایەتی» بەڵکوو لەگەڵ «ڕەوتێک لە شۆڕش» بەرەوڕووین. شۆڕش تەنیا داگیرکردنی شەقامەکان نییە، بەڵکوو پچڕانی تەواوی کۆمەڵگەیە لە نەزمێک کە بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵە؛ فاکتەرێک کە لە مانگرتنەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا، بە ڕوونی بینرا.

مانگرتن لە دۆخێکی وەک دۆخی ئەمڕۆی کوردستاندا کە نرخی دۆلار لە ٢٣٠ هەزار تمەن تێپەڕیوە و ئاستی هەڵاوسان بە شێوەیەکی هەوسارپچڕاو بەرز بووەتەوە و خەڵک بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان دۆشداماون، کارێکی ئاسان نییە.

کاتێک کۆمەڵگەیەک لەژێر توندترین کەشی ئەمنییەتی و نیزامیدا، دەست دەداتە مانگرتنی گشتی و ئابووریی کۆمەڵگەکە دەکاتە ئامانج، ئامانجەکەی ئەوەیە کە «نە»یەکی بەهێز و هاوئاهەنگ بە دەسەڵات بڵێتەوە. لە ڕاستیدا لەو دۆخە ئابوورییە نالەبارەدا، ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە، وەک ڕاپرسییەکی بەردەوامە، بۆ ئەوەی کە جارێکی تر وەبیر دەسەڵاتی زاڵ بهێنرێتەوە کە سەرەڕای هەموو زەبروزەنگەکان، سەرەڕای هەموو سەرکوت و گوشارەکان، لە مەیدانی بەربەرەکانێ لەگەڵ خەڵکدا، ئەوە وەک هەمیشە خەڵکن کە براوەی مەیدانن.

ئەم مانگرتنە جارێکی دیکە نیشانی دا کە جووڵەی مەدەنی لە کوردستان هێشتا لە ئارادایە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بە پێشکەوتووترین چەکە فیزیکییەکانی سەردەمیشەوە، هیچ ڕەواییەکیان لای خەڵک نەماوە.

لەم نێوانەدا ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان و قورساییی سیاسییان لە کۆمەڵگە، لە وەڵامی ئەرێنیی کۆمەڵگە بە بانگەوازەکەیاندا دەبینرێت کە سەرەڕای کەشی قورسی ئەمنییەتی، ئەوە ئاوەزمەندیی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستانە کە وا دەکات دووبارە خەڵک ببنەوە بە ئەکتەر و مەیدانداری سەرەکیی گۆڕەپانەکە. ئەم هاوئاهەنگییەی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان، خۆی یەکێک لە بنەماکانی شۆڕشگێڕانەبوونی جووڵەکەیە، چونکە نیشانی دەدات کە کۆمەڵگە توانای بەرپەرچدانەوەی ڕێکخراو و هاوئاهەنگی هەیە.

ئەم نەمانی ڕەواییە، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ڕەنگی داوەتەوە و هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل و بەڵگەمەند، ڕایگەیاندووە کە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕەوتی سەرکوتکارییەکانی ناڕەزایەتییەکانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، نیشانەی ئاشکرا و سیستماتیکی «جینایەت دژی مرۆڤایەتی» بووە. ئەم ڕاپۆرتە بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی چەسپاندنی دادپەروەری و پێداگری لەسەر لێکۆڵینەوەی دادوەری لە دەیان بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، نیشانی داوە کە کۆمەڵگە نەک تەنیا لە شەقام و مانگرتنی گشتیدا بەردەوامە، بەڵکوو تێچووی سەرکوتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، گەیاندووەتە جێگایەک کە گەڕانەوەی بۆ نییە.

ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەریدەخات کە سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵک، لایەنی تاوانکاریی نێودەوڵەتیی لەخۆ گرتووە و ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە، ئاکامی مافخوازیی بەردەوامی بنەماڵەی شەهیدان و بەردەوامیی خەباتی خەڵکە؛ بەڵگەگەلێک کە داوای دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەی دادوەری لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەکەن و پەیوەندیی نێوان بەرخودانی نێوخۆیی و مافخوازیی نێودەوڵەتییان پتەوتر کردووە.

تێکەڵاوبوونی ئیرادەی ڕێکخراوی نێوخۆیی لە شێوەی مانگرتنی سەرتاسەری و تاوانبارکردنی کۆماری ئیسلامی بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی بەپێی بەڵگەکانی ناوەندێکی نێودەوڵەتی، نیشانی دەدەن کە هاوکێشە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چیدی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە ئاسوودەیی لە سەرکوتی خەڵک بەردەوام بێت. خەڵکی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستێک کە هیچ ڕەشبگیری و سەرکوتێک ناتوانێت پاشگەزیان بکاتەوە و شۆڕشی ژینا لەسەر دەستی ئەوان بەرەو داهاتوو دەچێت. کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسەی ئیرادەی خۆی دەکات و دەسەڵاتی خۆسەپێنیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو داڕمانی ڕەوایەتی یەکجاری دەبات.