
مستەفا مەولوودی
لەو ماوەیەدا ڕاگەیەندراوێک بە ناوی «لاوان و سەرۆک عەشیرەتەکانی مەنگوڕ» بڵاو کراوەتەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا کە لە کاردانەوە بە کوژرانی چەکدارێکی ڕێژیم بە ناوی «ئیسلام کاک دەروێشی» بڵاو کراوەتەوە، بەبێ ئاماژە بە هیچ بەڵگەیەک «حیزبی دێموکرات» و «کۆمەڵە» تۆمەتبار بە کوشتنی ناوبراو کراون. دوایەش بۆخۆیان دانیان بەوە داناوە کە لە تۆڵەی کوژرانی ئەو «ئیسلام»ناوە، هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنەماڵەیەکی هەژار و دەستکورت. هەروەک لە هەواڵەکانیشدا هاتبوو، لە ئاکامی پەلاماری ئەو هێرشکەرانەدا ئەندامانی ئەو بنەماڵانە ئەزیەت و ئازاری زۆر دراون، چەند کەسێکیان بریندار کردوون کە بەهۆی سەختیی برینەکانیان لە نەخۆشخانە کەوتوون و هەروەها کەلوپەلی ئەو ماڵانەیان شکاندووە. دیارە دوای ئەو کارە چەوت و دوژمنکارانەیە ڕقی پنگخواردوو لە دڵی ڕەشیان دانەمرکاوەتەوە؛ بۆیە ئەوجارە بەڕەسمی هەڕەشە لە خەڵک دەکەن کە ئەگەر حاڵەتی لەو چەشنە ڕوو بداتەوە، ئەوان بەبێ دوودڵی ماڵیان وێران دەکەن و داراییەکانیان بەتاڵان دەبەن و خۆیان گوتەنی ماڵ و حاڵ و خانووەکانیان تەختی زەوی دەکەن!
پێوەندیدار بەو باسە ئاماژەکردن بە چەند خاڵ پێویستە:
یەکەم، ئەوانەی ڕاگەیەندراوەکەیان دەرکردووە، بە هیچ شێوەیەک، زمانحاڵ و نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی نیشتمانپەروەر و مێژووپاکی عەشیرەتی مەنگوڕ «بەم تەعبیرەی ئەوان بەکاریان بردووە» لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین. ئەوانە تاقمێکی بەرژەوەندیخوازن کە بۆ قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان و بنەماڵەکانیان، چەکی خیانەت و نیشتمانفرۆشییان بۆ ڕێژیمی کوردکوژی ئێستای ئێران هەڵگرتووە. خەڵکی مەنگوڕ یان وەک دەڵێن عەشیرەتی مەنگوڕ، زۆربەیان خۆشناو، پاک، ڕەسەن و نیشتمانپەروەرن و بە هەراویش لە بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدارییان کردووە. لەو پێناوەشدا بە سەدان کەسیان شەهید و بریندار بوون و هەر لەسۆنگەی ئەو چەکدارە نیشتمانفرۆشانەوە، زیان و خەساری گیانی و ماددییان بەر کەوتووە و زەرەرمەند بوون.
دووەم، ئەوان لەو ڕاگەیەندراوەدا کوژرانی «ئیسلام کاک دەروێشی» دەخەنە پاڵ حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، بەڵام هێرش دەکەنە سەر زەحمەتکێشانی کوردستان و ئازاریان دەدەن، کەلوپەلی ماڵیان تێکوپێک دەدەن و بەوەندەش ئۆقرە ناگرن و هەڕەشە لە کۆی خەڵکی ناوچەکە دەکەن کە ئەگەر حاڵەتی لەو چەشنە ڕوو بداتەوە، خوێن و ماڵ و ژیانی خەڵکی حەڵاڵ دەکەن! دیارە ئەو چەکدارانەی لە پشت ئەو ڕاگەیەندراوەدا خۆیان حەشار داوە، باوەڕیان بە قسەی ئەو پاسدارە پلەبەرزەی ڕێژیم هەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە ژوورە داخراوە ئەمنییەتییەکانی خۆیاندا -کە لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی بنکە و بارەگاکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قسە و باسیان کردووە- لە نۆرە قسەکەیدا، غیرەت وەبەر خۆی دەنێ و دەڵێ «ئەگەر ئێمە هەموو کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات لەنێو بەرین، دیسان نەمانتوانیوە حیزبی دێموکرات لەبن بێنین؛ لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان هەموو دێموکراتن و دێموکراتبوون بووەتە کولتووریان.» وادیارە ئەو چەکدارانەش هەر وەک کادرە پلەبەرزەکانی ڕێژیم بیر دەکەنەوە و جیاوازی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانانێن!
سێیەم، ئەو چەکدارانە باشتر وایە سەری گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان، بەتایبەتی لە شارەکانی مەهاباد و پیرانشار بدەن و سەیری ئاکامی هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی خۆیان بکەن، هەر لەو کاتەوە کە پشتیان لە خەڵکی کوردستان کردووە. ئەوکات بەباشی بۆیان دەردەکەوێ سەرەڕای ئەو هەموو خراپەکاری، دژایەتی و ئازاردانی خەڵک لە شار، شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان نەیانتوانیوە باوەڕ، ئیرادە و ئازایەتیی خەڵکی کوردستان تێکبشکێنن. ئەگەر بۆ بەخۆداچوونەوەیش هەر تەنیا ئەوە دەرسێکی باش و ڕوون بوایە، نەدەبوو هەڕەشەی وا قێزەونیان لە خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان کردبا!
چوارەم، ئەمن پێم باشە ئەو چەکدارانە لە جێگەی ئەو هەڕەشە بێبنەما و بێجێیانە، گوێیان بۆ پەیامی کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرتبا کە لە ٢٦ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ هەتاویدا ڕایگەیاند. دڵنیام گوێگرتن لەو پەیامە و بەپیلەوەهاتنی زۆرتر قازانجی بۆیان دەبوو. هەر بۆ بیرهێنانەوە لە بەشێک لەو پەیامەدا ئاماژە بە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان کراوە و پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە لەپێناو دەسکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا پێویستە کوردەکان هەوڵی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی خۆیان بدەن. هەروەها گوتراوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەرتەنیا کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی سەرەکیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ و داوا کراوە ئەو تاقمە چەکدارانەی لە خزمەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان، بگەڕێنەوە باوەشی گەلی نیشتمانپەروەر و دڵنیاش بن ئەو هەنگاوە باشەیان پێشوازیی لێ دەکرێ.
بۆیە جارێکی دیکە داوا لەو چەکدارانە دەکەین لە جێگەی ئەو هەڕەشە بێبنەمایانە، بەخۆیاندا بێنە و گوێ لەو پەیامە دڵسۆزانەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بگرن. دڵنیابن خەڵکی کوردستان و هاوزمانەکانتان لێبوردە و دڵاوان. ئێستاش دەرفەت ماوە و هێشتا درەنگ نەبووە.