کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن؛ تێچوو، دەستکەوت و تاکتیک

21:53 - 28 خەرمانان 2726

شاڕوخ حەسەنزادە

ئەم وتارە لە چوارچێوەی بیروڕای ئازاددا بڵاو دەکرێتەوە و مەرج نییە ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و بۆچوونی «کوردستان میدیا» بێت.

مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتیی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی چەندین دەیەی هەیە و بەردەوام وەک ئامرازێکی کاریگەریی خەباتی سیاسی و بەیانکردنی ئیرادەی جەماوەری بەکارهێنراوە. ئەم جۆرە لە خەبات کە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی ڕێکخراوە سیاسییەکان داڕێژراوە، خاوەن پاشخانێکی دەوڵەمەند لە ئەزموونی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا خولی نوێی ئەم مانگرتنانە بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ (دوای مووشەکبارانکردنی قەڵا و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە) دەستی پێکردەوە و لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا گەیشتە لووتکەی پەرەسەندنی خۆی. لە نێوان ئەم چوار ساڵەدا، نزیکەی دە جار داوا و بانگەوازی مانگرتنی گشتی لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە کراوە؛ سەرەتا لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، دواتر بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر و هێنانی هەموو هێزەکان بۆ بازنەی خەباتێکی گشتگیر لە ڕێگەی ناوەندی هاوکاری و ئێستاش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران. سەرەڕای ئەم مێژووە پڕ لە ئەزموونە، شیکاریی مەیدانیی ڕەوتی دوایین مانگرتنە گشتییەکان ئاماژە بە گۆڕانکاریی جۆری لە ئاستی بەشداریی جەماوەر بەتایبەت لە کەرتی بازاڕ و کاسبکاراندا دەکات. بە شێوەیەک کە لە خولەکانی دواییدا ڕێژەی بەشداریی گشتی بەرەو دابەزین چووە و بازنەی جوگرافیی شارە بەشداربووەکانیش تەسکتر بووەتەوە، ئەم پاشەکشەیەیە بە پلەی یەکەم لە شارە بچووکتر بەڵام ستراتیژی و نیشتمانییەکانی وەک شنۆ، پیرانشار، نەغەدە، سەردەشت، مەریوان و بانەدا بە ڕوونی بەدی دەکرێت.

دابەزینی ئاستی بەشداری لە شارە بچووکەکان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سروشتی ئەمنی و پێکهاتە و شێوەی هێزی سەرکوت و کۆنترۆڵکردنەوە هەیە، چونکە لە شارە بچووکەکاندا بەهۆی کەمیی ژمارەی دووکان و پاساژ و سنوورداربوونی کەرتی بازاڕ بە بەراورد دەگەڵ شارە گەورەترەکانی وەک سنە، کرماشان، بۆکان، مەهاباد و سەقز، ئامرازەکانی چاودێری و کۆنترۆڵی ئەمنیی زۆر ئاسانتر جێبەجێ دەکرێن. دەزگا ئەمنییەکان لەم شارە بچووکترانە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەروونی و جەستەییان کردووەتە ئامرازێک بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆیی و ترساندنی بەکۆمەڵ؛ لەوانە دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی کەسایەتی و چالاکانی دیاری بازاڕ، ئەشکەنجەی جەستەیی، بێڕێزی و سووکایەتیی ڕاستەوخۆ بە خێزان و ماڵبات، هەڵسوکەوتی ناشیاو بە مەبەستی ڕووخاندنی دەروون و ڕەوان و پێگەی کۆمەڵایەتییان، وەک ئەوەی لە خولی ڕابردوودا لە شاری شنۆ بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بینرا. بۆیە ئەم میکانیزمەی سەرکوت و بێڕێزیپێکردنە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی فەزایەک بووە کە تێیدا تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتیی مانگرتن لە ئاستی ئەرک و توانای بازاڕدا تێپەڕیوە.

لە شارە گەورەکاندا، وێڕای هەموو گوشار و زەبروزەنگێک، خەڵک هەتا ڕادەیەکی زیاتر توانیویانە بەربەرەکانی بکەن، بەڵام شیکاریی پڕۆسەکە نیشان دەدات کە ڕێژەی بەشداری لە هەموو ڕووداوەکاندا یەکدەست نەبووە؛ بۆ وێنە لە مانگرتنی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤دا ئاستی بەشداری بە بەراورد دەگەڵ مانگرتنەکانی پێشووتر دادەبەزێت کە ئەمەش ئاماژە بە بەهێزبوونی گوتاری تێچوو-دەستکەوت لەلایەن جەماوەرەوە دەکات کە دەپرسن بۆچی ناوچەیەک ببێتە پێشەنگ و تێچووی سەرەکیی سەرکوت بدات لە حاڵێکدا ئەگەری هەیە دەسەڵات ئەم چالاکی و هەڵوێستە بکاتە بیانوو بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی تری سەرکوت؟ هاوکات ئامارەکان ئاماژە بە مەودایەکی بەرچاو لە نێوان شارەکانی پارێزگاکانی سنە و ورمێ دەگەڵ پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامدا (ئەگەر باسی لۆڕستانیش نەکەم) دەکەن کە دەرخەری ئەوەیە ئاستی یەکگرتوویی و تۆڕبەندیی ڕێکخستنە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ڕێکخراوەییەکان لە تەواوی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتدا بە یەک ڕیتم ناپێورێت. ئەم ناهاوسەنگییە لە خولی پێشووی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ١٨ و ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بەڕوونی بەرچاو کەوت و کوردستانی بەسەر دوو کەرت دابەش کرد، هەروەها لە شارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پشکداریی کوردانی ئەم دەڤەرە لەبەر پێکهاتەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی تایبەتی خۆیەوە، هەمووجارێ بەرچاوە.

جیاوازی لە جۆری ڕاگەیاندن و بەستەری سیاسی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر وەڵامدانەوەی شەقام هەبووە، بە شێوەیەک کە مانگرتنی بۆ وێنە خەزەڵوەری ١٤٠١، دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بنکەی حیزبەکان، وەڵامدانەوەیەکی بەربڵاوی بەدوای خۆیدا هێنا و سەلماندی کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو، سیاسی و پەیوەندیی نێوان جەماوەر و حیزبەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات پەیوەندییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی قووڵە، بەڵام ئەم ڕووداوە هاوکات پێشانی دا کە ڕادەی سەرکەوتنی مانگرتن بەستراوەتەوە بە کاتی گونجاو و تێگەیشتنی هاوبەش لە ڕەوایەتیی داواکارییەکە. کەمبوونەوەی پەرەسەندنی مانگرتنەکان لە خولەکانی دواییدا ئاماژە بە کۆتاییی کاریگەریی ڕەهای ئەم ئامرازە لەژێر دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەردا دەکات، چونکە هێزە ئەمنییەکان کەلێنەکانی بازاڕیان دەستنیشان کردووە و لە ڕێگەی بلۆککردنی حیساباتی بانکی، پڵۆمپکردنی دووکانەکان، ئەشکەنجە و زیندانی درێژخایەن، ترسێکی زۆریان لەسەر چینی بازاڕ دروست کردووە.

لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسییەوە، پشتبەستن تەنیا بە کەرتی بازاڕ وەک تاقە ئەکتەری مەیدانیی خەباتی مەدەنی لۆژیکی نییە، چونکە کاسبکاران تەنیا بەشێکی زۆر بچووکی کۆمەڵگەن؛ بۆ نموونە لە شارێکی وەک شنۆ لە کۆی ۵۰ هەزار کەس حەشیمەتی ناو شار، تەنیا ۲,۵۰۰ دووکان هەیە کە دەکاتە ۵٪ی تەواوی حەشیمەتەکە، بۆیە کورتکردنەوەی بارگرانیی خەبات لەم ۵٪دا دەرئەنجامەکەی چەوسانەوەی زۆرتر و پاشەکشەی ئەم چینەیە. تێپەڕبوونی زیاتر لە دە خولی مانگرتن نیشانی دا دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە مانگرتن لە دەستکەوتی بەهێزی ستراتیژی نەختێک کاڵ بکەنەوە و دووبارەکردنەوەی هەمان شێواز بەبێ گۆڕانکاری لە تاکتیکەکاندا دەبێتە هۆی ساردبوونی کۆمەڵگا و شەقام، بەڵام ئەمە بە مانای نەمانی توانای بەربەرەکانیی کۆمەڵگە نییە؛ بەڵکوو خەباتی مەدەنی ئامرازی زۆر فراوانتر لەخۆ دەگرێت کە دەکرێت جێگرەوە یان تەواوکەری مانگرتنی بازاڕ بن.

لەم چوارچێوەیەدا، خەباتی مەدەنی دەتوانێت بۆ شێوازی نوێی هاوشێوەی؛ "ڕۆژووی سیاسیی سەرتاسەری"، "مانگرتنی هێمنانە و خۆبواردن لە چوونە ناوشار"، "پۆشینی بەکۆمەڵی جلوبەرگی کوردی یان بەکارهێنانی هێمای دیاریکراوی نەتەوەیی لە ڕۆژانی تایبەتدا" بگوازرێتەوە، ئەمانەش وەک ئامرازێک بۆ بەیانکردنی ناڕەزایەتی لە بەرەوڕووبوونەوە دەگەڵ دەسەڵات کە ئامرازەکانی سەرکوت تووشی پەککەوتن دەکات و تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگەش لە خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران، فەرمانبەران و ژنان بەشدار دەکات. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، پێویستە هێزە سیاسییەکان لە تەنیا بانگەوازکردن بۆ داخستنی بازاڕ پێداچوونەوەیەک بکەن و مۆدێلی جۆراوجۆر و جیاوازی خەباتی مەدەنی بەکار بهێنن، هاوکات داواکاریی مانگرتنەکان ببەستنەوە بە کاتە زۆر هەستیارەکان تاوەکو ڕەوایەتیی خۆیان بپارێزن و وێژمانی کوردانە و ناسیۆنالیستیی خۆیان لە چوارچێوەی خواستە ڕاستەقینەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا بەهێزتر بکەنەوە و پەیوەندییان لەگەڵ نەبزی شەقام بپارێزن.

لەم دواییانەدا گوتارێک دروست بووە کە بەشێک لە ئاڵاهەڵگرانی، کەسانی بەناو ڕەخنەگری حیزبەکانن و لە مێژووی مانگرتنەکانی کوردستاندا بۆ یەکەم جار دژایەتی، بایکۆت و بانگەوازی دژ بە ئاشکرا لە سۆشیال میدیا بەرچاو کەوتووە. ئەم تاقمە کە بەشێکیان لە چینی هەڵبژاردە و نوخبەی کۆمەڵگەی کوردین و جیاوازن لەوانەی ڕقیان هەستاوە و هەستەکی دەجووڵێنەوە یان فێر دەکرێن؛ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حیزبەکان داواکاریی ناواقیعی لە خەڵک دەکەن و دەپرسن؛ "بەرنامەتان بۆ قۆناغی پاش مانگرتن چییە؟ بۆچی دەبێت بارگرانیی ئابووری و تێچووەکەی تەنیا لەسەر شانی بازاڕییان بێت؟ دەستکەوتی سیاسیی ئەم هەنگاوانە چی بووە و پێشتر چیمان لێ هەڵگرتووەتەوە؟ دۆخی گوزەرانی خەڵک، بەتایبەت کاسبکاران لەوپەڕی خراپیدایە و نابێت لەوە خراپتری بەسەردا بهێنرێت" و... . لە لایەکی ترەوە، بەشێک لەم ڕەخنەگرانە بە ئاماژەدان بە ڕووداوە سیاسییەکانی دوایی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەوڵی دروستکردنی گومان دەدەن و دەڵێن: "ئەگەر سبەی یەک-دوو کورسیی ڕاوێژکاری لە تاران بە حیزبەکان ببەخشرێت بەبێ هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی چەک دادەنێن و تێکەڵی پرۆسەی سیاسیی ناوەند دەبن". هاوکات بە بەراوردکارییەک دەگەڵ ئەزموونی باشووری کوردستان و کێشەی گەندەڵی و ناتەبابوون، هەوڵی بێهیواکردنی کۆمەڵگە لەو حیزبانە دەدەن. بە ڕواڵەت ئەم چەشنە پێکگرتن و هەڵسەنگاندنانە کە بووەتە دیاردەیەکی باو و دوژمنیش لەو ئاوە لێڵە ماسیی خۆی دەگرێ! دەبێ لەبەر ئەوە بووبێ کە گۆیا؛ حیزبەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بواری وێژمان و دیسکۆرسی سیاسییەوە کە پێوەندیی بە ناسیۆنالیزمی کوردی و مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینەوە هەیە ڕوویان لە پاشەکشێ کردووە و پشتیان لە ڕەسەنایەتیی ڕێبازی کوردانەی خۆیان کردووە (ئەوە قسەی ئەو تاقمەیە). ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئیرادەی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمیشە لەسەر بنەمای کوردایەتی، سەربەخۆییی فکری و جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆماڵی داڕێژراوە.

لە کۆتاییدا، لێکدانەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ لە پێویستیی نوێبوونەوە لە تاکتیک و فراوانکردنی بەستەرەکانی بەشداری. مانگرتنی بازاڕ وەک هێمایەکی مێژوویی و دیاری ئیرادەی نەتەوەیی، هەمیشە قورساییی خۆی پاراستووە؛ بەڵام بۆ ئەوەی ئەم ئامرازە لەژێر گوشاری گران و بەردەوامی دەزگا ئەمنییەکاندا تووشی کاڵبوونەوە نەبێت، داوای پێداچوونەوەی بەردەوام و گونجاندنی شێوازەکانی خەبات بەپێی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان دەکرێت. وەڵامدانەوە بە ڕەخنە و نیگەرانییەکانی چینی بازاڕ و نوخبەی کۆمەڵگە، بە مانای لاوازبوونی سەنگەری ناڕەزایەتی نییە، بەڵکوو نیشانەی زیندوویی و گەشەسەندنی عەقڵییەتی سیاسیی کۆمەڵگەیە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاستەنگانە و پاراستنی گوڕوتێنی شەقام، گرنگە هێزە سیاسییەکان بەستنەوەی مانگرتنەکان بە کاتە زۆر هەستیارەکان، هاوشان لەگەڵ بەکارهێنانی مۆدێلی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی کە تەواوی توێژەکان لەخۆ بگرێت بکەنە بەرنامەی کار؛ تاوەکو بارگرانی لەسەر کەرتی بازاڕ کەم بێتەوە، هاوسەنگیی تێچوو و دەستکەوت بۆ جەماوەر بگەڕێتەوە، و پەیوەندیی مێژوویی و یەکگرتوویی نێوان پێشەنگانی سیاسی و جەماوەری کوردستان لە ئاستێکی بەرزتردا بپارێزرێت.