کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری تاران لە دژی حەسەن ڕۆحانی خۆپیشاندان کرا

22:41 - 28 سەرماوەز 2717

لە تاران و لەبەردەم بینای دادستانی گشتی کۆمەڵێکی بەرچاو خاوەن پشکانی زەرەرمەندی دەست چەند کۆمپانیایەک دەستیان دایە ناڕەزایی و ئەمجارە لەدژی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران دروشمیان گوتەوە. بەپێی زانیاریی ماڵپەڕ و میدیاکانی ئێران، هاووڵاتییانی زەرەرمەندی دەست کۆمپانیاکان کە ماوەیەکی زۆرە ناڕەزایی دەردەبڕن ڕۆژی ڕابردوو لەبەردەم بینای داستانی گشتیی تاران کۆبوونەوە و ڕق و بێزاریی خۆیان بە گوتنەوە دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ حەسەن ڕۆحانی" دەربڕی. ماوەی ٢ ساڵە ٥ دامەزراوەی و کۆمپانیای حکوومەتی "ئەلبورز، ئێرانیان، کاسپین، سامنولحوجەج و ئەفزەلی تووس" پارەیەکی زۆری هاوپشکیان خواردووە و ئێستا بە بیانووی شکستهێنان، لە دانەوەی پارەی هاووڵاتیان خۆیان دەبویرن و خەڵکێکی زۆر بە هەڵگرتنی پلاکارد و نووسراوە لەدژی حکوومەت و بەتایبەت حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران دروشمیان داوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵی بڵاوە پێکردنیان دراوە.