د. ئازاد محەممەدیانی
"وردە بزووتنەوەی خوێندکاری" یەک لەو "بزووتنەوە کۆمەڵایەتی"یانەیە کە هاوکات و تەنانەت پێش دامەزرانی زانکۆ لە ئێران هەبووە و لە هێندێک قۆناغدا وەک دامەزراوەیەکی گرینگ لە ناوەندی ڕووداوەکانی ئەم وڵاتەدا حوزووری کاریگەری بووە. بۆ ئەوەیکە بەرچاوڕوونییەکمان لە وردە بزووتنەوەی خویندکاری کورد و پێوەندییەکەی لەگەڵ "بزووتنەوەی نەتەوایەتی" یا "بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی" کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەبێ پێویستە ئاوڕێکی خێرا لە "وردە بزووتنەوەی خوێندکاریی ناوەند" بدەینەوە کە لەژێر سێبەری "بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی" ئێراندا شکڵی گرتووە.
یەکەم جیلی خوێندکاری زانکۆی ئێران کە لە کۆتاییەکانی دەورەی قاجار و سەرەتای دەورەی پەهلەوی نێردرانە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن ڕێکخەرانی یەکەم دامەزراوەکانی خوێندکاری لە دەرەوەی ئێران بوون. ئەوان وێڕای ئاشنابوون لەگەڵ زانستە نوێیەکان ئەو کەڵکەڵەیە لە زەینیاندا ساز بوو کە بە دوای ڕیگە چارەیەکەوە بن بۆ چارەسەری دواکەوتوویی ئێران. لە ڕاستیدا ئەو خوێندکارانە هەم لە باری مەعرەفیەوە و هەم لە باری زانستیەوە کەوتنە ژێر کاریگەریی ئەو دونیا جیاوازە و بوونە پێشەنگی ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەیان و هەر لە دەرەوە یەکەم ڕێکخراوەکانی خوێندکارییان پێک هینا و دوای گەڕانەوەشیان بۆ وڵات بەشێکیان بوونە یەکەم مامۆستایانی زانکۆی تاران کە ساڵی ١٣١٣ دامەزرا. ئەم جیلە پتر لەژێر کاریگەریی "گوتاری لیبراڵ ناسیونالیستیدا"بوون، دواتر کاریگەریی "گوتاری چەپ" لە ڕێی "حیزبی توودە" و جۆرێکی دیکە لە ناسیۆنالیزم لە ڕێی "جبهە ملی-بەرەی نیشتمانی"یەوە یەکەم بەربەرەکانییەکان لەگەڵ حکوومەتی پەهلەوی دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ڕووی دا بە شێوویەک کە لێکەوتەکەی "١٦ی ئازەر"ی هەمان ساڵ و کوژرانی سێ خوێندکاری زانکۆی تاران بوو، کە دەتوانین وەک یەکەم قۆناغی ئاشکرا بوونی ململانێی نێوان بزووتنەوەی خوێندکاری و دەسەڵاتی سیاسی باسی بکەین.
هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ بەپێی سروشتی "وردە بزووتنەوە"کان، وردە بزووتنەوەی خوێندکاری بۆخۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەڵگری ئیدئۆلۆژی و گوتارێکی سیاسیی تایبەت نەبووە، بەڵکوو لەژێر کاریگەریی وێژمان و ئەندیشە سەراسەری و گشتییەکاندا پێک هاتووە، هەر بەو شێوەیەش وردە بزووتنەوەی خوێندکاریی ناوەند لەژێر کاریگەریی سێ وێژمانی؛ "ناسیۆنالیستی"، "چەپ" و "ئیسلامی شۆڕشگێڕانە"دا شکڵی گرت کە دواتر و لە دەیەکانی حەفتا بەولاوە "گوتاری ڕێفۆرمیستی" و "گوتاری لیبرالیستی کۆمەڵایەتی و سیاسی" زۆرترین کاریگەرییان لە سەری بوو. ئەم وردە بزووتنەوەیە دوای ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەری لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە دەیەی شەستدا وێڕای دامەزرانی "دفتر تحکیم وحدت" لە ساڵی ١٣٦٠دا، کە دواتر بوو بە بەهێزترین دامەزراوەی خوێندکاری دژ بە دەسەڵات، لەو دەیەیەدا تەنیا نەخشی تەئییدی سیاسەتەکانی حکوومەتی نوێی هەبوو. دەیەی حەفتا هاوکات لەگەڵ هاتنەسەرکاری دەوڵەتی ڕێفۆرمخوازی "محەممەدی خاتەمی" دەیەی گەشەی وردە بزووتنەوەی خوێندکاری بوو. ئەم وردە بزووتنەوەیە واتا سەرەکییەکانی گوتاری خۆی لە چەمکە نوێیەکانی کەڵان بزووتنەوەی دێموکراسیخوازیی ئێرانییەکان کە خەباتی مەدەنی، چاکسازی سیاسی و لیبرالیسمی فەرهەنگی بوو، وەردەگرت.
بە نیسبەت کوردستانیشەوە بەردەوام ئەو پرسیارە لە ئارادا بووە، کە ئایا سەربەخۆ و جیا لە ناوەند بزووتنەوەی خوێندکاری هەیە یا نا؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە پێشتر ئاوڕێکی خێرا لە لایەکەوە لە کاریگەریی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی ناوەند و دەرەوەی کوردستان لەسەر خویندکاری کورد و لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەریی ئەم خوێندکارانە لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بدەینەوە.
لە ڕێبەرانی کورد کە جیلی یەکەمی ئەو کەسانەن کە لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوە خوێندکارییەکاندا بیریان گەشەی کردوە و دواتر لەسەر بنەمای ئەو کاریگەرییە بوونەتە ڕێبەری سیاسیی کوردستان دەتوانین باسی ئەم سێ کەسە بکەین: "دوکتور قاسملوو"؛ هاوڕێ لەگەڵ "نوورەدین زازا" و "عیسمەت شەریف وانلی" کە لە دامەزرێنەرانی "کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا" لە ساڵی ١٩٦٤دا بوو، و دواتریش بە تێکەڵبوون لەگەڵ "کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ئێران لە ئورووپا" و بە کاریگەری لە فەزای سیاسیی جیهانی و بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان دەگەرێتەوە کوردستان و "حیزبی دێموکراتی کوردستان" نوێژەن دەکاتەوە و ڕێکی دەخاتەوە، بە جۆرێک کە هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ئەو حیزبە بە ڕێبەرایەتیی ئەو دەبێتە جەماوەریترین حیزبی کوردستان.
"سمایلی شەریفزادە"؛ خوێندکاری کۆلێژی فەننیی زانکۆی تاران، لەژێر کاریگەریی دۆخی سیاسیی ئێران و ئەوسەردەمی بزووتنەوەی خوێندکاریی ناوەند و بزووتنەوە چریکییەکانی ئامریکای لاتین کە ڕێبەرانیان زۆرتر خوێندکارانی زانکۆکانی ئەو وڵاتانە بوون، دەبێتە یەک لە ڕێبەرانی "کومیتەی ئینقلابیی حیزبی دێموکرات" و شۆڕشی چەکداریی ٤٧-٤٦ ڕێکدەخا. "فواد مستەفاسولتانی"؛ خوێندکاری زانکۆی فەننیی تەورێز لەژێر کاریگەری گوتاری چەپ و وردە بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا شێوە ڕوانینە سیاسییەکەی شکڵ دەگرێ و دەبێتە ڕێبەری یەک لە حیزبە گرینگەکانی کوردستان.
وێرای ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاوی ئەم جیلە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا کە لەژێر کاریگەریی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی سەردەمدا بوون، بەڵام تا دەیەی حەفتا هیچ خەبەرێک لە شکڵگرتنی بزووتنەوەیەکی خوێندکاریی جیاوازی کورد نیە. لە دەیەی حەفتا بەولاوە بە گۆڕانی دۆخی ئێران و زانکۆکان لەژێر کاریگەریی گوتاری ئیسلاحتەڵەبی و زۆربوونی ڕێژەی خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران و بەهۆی پەرەسەندنی گوتاری "ئاپۆئیزم" و نفووزی "پ ک ک" لەو زانکۆیانە، دۆخێکی جیاواز بۆ خوێندکاری کورد هاتە ئاراوە. پەرەسەندنی ئەو ڕۆحە کوردانەیە و ئەو هەستە نۆستالیژیکەی خەباتی چەکداریی "حیزبی دێموکرات" و "کۆمەڵە" لە دەیەی شەستدا کە لە زەینی خوێندکاری کورددا سازی کردبوو، جموجۆڵێکی تایبەتیی فەرهەنگی و سیاسی خستە نێو خوێندکارانی زانکۆکانی ئێرانەوە، بە چەشنێک کە کەم زانکۆی ئێران هەبوو بڵاڤۆکێکی کوردی لێ دەرنەچێ و چالاکییەکی کولتوری لەلایەن ئەو خوێندکارە کوردانەوەی لێ بەرێوە نەبردرێ. گۆڤاری "ڕۆژەڤ" لە زانکۆی تاران، "زایەڵە"، "ڕوانگە" و "کازیوە" لە زانکۆی تەورێز، "هەژان" لە زانکۆی کوردستانی سنە، "پەیژە"، "ڕۆژانۆ"، "مانا"، "چیا"، "ژیوار"، "ئاشتی" و...هتد لە زانکۆکانی دیکەی ئێران، و دامەزراوەی "ڕۆنان" کە لە زۆر زانکۆی ئێران بنکەی هەبوو هاوڕێ لەگەڵ ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی زانکۆکان ببوونە مەکۆی کوردایەتی و گەشەی بیری سیاسیی کوردی، بە جۆرێک سەرلەبەری ئەو گوڤارانە باسی "مەسەلەی کورد" و کێشە و داواکارییە نەتەوەییەکانی کوردستانیان دەکرد. لە ڕاستیدا گوتاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی و وێژمانی ڕێفۆرمخوازی وەک بەستێنی ئەم جموجۆڵە فەرهەنگی و مەدەنییە کە بۆخۆی لەژێر سێبەری کەڵان گوتاری دێموکراسیخوازی ئێراندا پێک هاتبوو ئەو گوتارانە بوون کە ببوونە هۆی شکڵگرتنی وردە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی. ئەم وردە بزووتنەوەیە ئەگەر لە دەیەی حەفتادا لەژێر کاریگەریی گوتاری "پ ک ک" دا بوو لە سەرەتای هەشتاوە، ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتیی ئەو بەشەی کوردستان بنەمای سەرەکیی فکر و وێژمانەکەی پێک دێنا.
خویندکارانی دەیەی حەفتا و هەشتای زانکۆکان دواتر کە گەڕانەوە کوردستان بوونە مامۆستایانی قوتابخانەکان، کارمەندانی سیستمی ئیداریی شارەکانی ڕۆژهەڵات، بەڕێوەبەران و دامەزرێنەرانی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزی، بنکەکانی فێرکردنی مۆسیقای کوردی، مامۆستایانی فێرکردنی زمانی کوردی و ...هتد. لە ڕاستیدا بەرهەمی پێکهاتنی وردە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی گەشەی ئێستای کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەو خەباتە مەدەنییەیە کە لە سەردەمی خوێندکارییەوە هێماکانی بیری خۆیان لە سیمبولە نەتەوەییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێری کورد وەرگرتوە، لە ڕاستیدا ئەوانە کۆڵەکەی کۆمەڵگەی هەستیار و وشیاری ڕۆژهەڵاتن.
وەک باس کرا وردە بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردی لە حەفتاکان بەولاوە لە ژێر گوتاری ڕێفۆرمیستی ناوەند وەک بەستێنێکی گونجاو بۆ چالاکی و گوتاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد وەک سەرچاوەیەکی جیاواز پێک هات کە هەر ئەوە بووە هۆی جیابوونەوەی لەو وردە بزووتنەوەیە. وردە بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردیش وێڕای ناوەند بە درێژایی دەیەی نەوەد بە هۆی سەرکوتەکانی دوای بزووتنەوەی سەوز کپ کرا، ئەگەرچی کاریگەرییەکەی بەسەر کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دیار بوو، بەڵام لە "بزووتنەوەی ژینادا" وێڕای وردە بزووتنەوەکانی دیکەی ئێران وەجووڵە کەوتنەوە و لەژێر کاریگەریی گوتاری ڕێفۆرمخوازی دەرباز بوون، لە بزووتنەوەی ژینادا ئەو وردە بزووتنەویە لە ناوەند، تووشی "شیفت پارادایم"ێکی بنەڕەتی لە گوتاری ڕێفۆرمخوازییەوە بۆ گوتاری شۆڕشگێرانە بوو، لە کورستانیش ئیدی ئەوە گوتاری نەتەوەخوازی و کەڵان گوتاری نەتەوەیی کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتیی دەکرد بنەمای سەرەکیی گوتاری ئەو وردەبزووتنەوەیەی پێک دێنا. ئەوە ڕاستە کە کاریگەرییەکانی گوتارەکانی دەیەی حەفتا و هەشتا بووە هۆی شکڵگرتنی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی، بەڵام لە ڕەوتی گەشە و پێشکەوتنی خۆیدا تووشی ئەم جۆرە لە شیفت پارادایم بوو کە هەم زیاتر لە کەڵان گوتاری نەتەوەیی نزیک بۆوە هەمیش لە هاوڕێیەتی لەگەڵ وردە بزووتنەوەی ژنان و وردە بزووتنەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات سیمایەکی سەردەمیانەتری بە خۆیەوە گرت. ئەگەر دەیەی نەوەد دەیەی چنینەوەی میوەی وردە بزووتنەوەی دەیەکانی حەفتا و هەشتای خوێندکاری و خەباتی چەکداری دەیەی شەست بوو، دەستپێکی دەیەی یەکەمی چوارسەد بووە سەرەتای ڕەوتێکی نوێ بۆ وردە بزووتنەوەی خوێندکاری و جۆرێکی دیکە لە خەبات کە سیمایەکی نوێ و جیاوازی بە ڕۆژهەڵات بەخشیوە، بە چەشنێک کە دروشمی ئەمرۆی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی ئەو چەمکانە لە گوتاری سیاسیی کوردن کە نزیک لە نیو سەدەیە وێردی سەرزمانی کوردە.
جێی ئاماژەیە وێڕای کاریگەریی وێژمانی نەتەوەیی لەسەر وردە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی، ئەم وردە بزووتنەوەیە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی بە نیسبەت ئەو گوتارەوە هەیە کە دەکرێ لە فایلێکی جیاوازدا باسی بکرێ.